بارزانی عاتفیانە بیر دەکاتەوە؟

Thursday, 13/03/2014, 12:00

1627 بینراوە




گومان لەوەدا نییە هەمووتاکێکی کورد لەهەر گۆشەو نیگایەک بێت خەون بە ئاواتی بەدیهاتنی دەوڵەتێکی کوردییەوە دەبینێت و هەردەم لەچاوەڕوانیدان ئەوەش لە کام بەشی کوردستاندا زووتر سەرهەڵبدات گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە دروستبێت هەروەک یەک ئاواتی بۆ دەخوازین.

مەسعود بارزانی سەرۆکی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی باشووری کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە لە کاتی تازە بوونەوەو سەرهەڵدانی ناکۆکیە سیاسییە شەخسی و حزبیەکان لە نێوان مالکی و حکومەتی مەرکەزی و لایەنەکانی باشووری کوردستان و حزبەکەی بارزانی سەرهەڵدەداتەوە، بەردەوام بە لێدوانی جۆراوجۆر بەناوی زیاتر لە پێنچ ملیۆن هاوڵاتی کوردستانی، بەشێوەیەکی عاتفی و دوور لە هیچ بەرنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراو هەڕەشەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی دەوڵەتی کوردی دەکات.

بارزانی پێش ئەوەی عاتفیانە بیر بکاتەوەو لێدوانی جۆراوجۆرو کاتی بدات ئەبێت سیاسییانە بیربکاتەوە هاوکات هەرێمی باشووری کوردستان و زیاتر لە پێنچ ملیۆن هاوڵاتی کوردستانی بەتەنها مۆڵکی بنەماڵەی بارزانی نییە. بۆ دەبێت سەرۆکی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی باشووری کوردستان هەرکاتێک بییەوێت ڕقووکینەی شەخسی خۆی لەگەڵ مالکی یان هەر لایەنێکی دیکە بەتاڵ بکاتەوە بەلێدوانی عاتفیانەی جۆراوجۆر، بەناوی زیاتر لە پێنچ ملیۆن هاوڵاتی کوردستانی وەکوو کارتێکی سیاسی و شەخسی و بنەماڵەی حزبەکەی بەکاربینێت هەروەها بەشێک لە جوغرافیای کوردستان بکاتە قوربانی.

ئەم جۆرە لێدوانانەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی باشووری کوردستان لە کاتێکدایە قەیرانی سیاسی و ئابووری و نەمانی پارە لەبانگەکانی هەرێم گەیشتووەتە ئاستی شەرم، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک باس لە نەهاتنی موچە دەکرێت لە حکومەتی مەرکەزیەوە بۆ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان هاواری بێ مەعاشی و بێ پارەی کارمەندان بەرزەدبێتەوەو بەرپرسانیش حکومەتی ناوەندی تۆمەتبار دەکەن. لەلایەکی تریشەوە سەرۆکی حکومەتی کار بەڕێکەر نێچیرڤان بارزانی کاتێک لە شاشەی میدیاکان دەردەکەوێت و باس لە ناردنی نەوت دەکات بۆ تورکیاو باس لە ناردنی چەندەها هەزار بەرمیلی نەوت دەکات کەوا ڕۆژانە بەڕێ دەکرێت بۆ تورکیا، لەبەرامبەریشدا سەیر ئەوەیە داهاتەکەی ڕۆشن و شەفاف ناخەنە ڕوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەک تەنها ئەو داهاتە ناخرێتە ڕوو بەڵکوو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هیچ ئاگایەکیان لەو داهاتەو هیچ داهاتێکی دیکە نییەو نازانن چی بەسەردێت. کاتێکیش بەرمیلێک نەوت دابەش دەکرێت بەسەر هاوڵاتیانی خاوەن نەوت، کەچی دەبینین هاوشێوەی ئەو هەناردەکردنە پارە لە هاوڵاتیان وەرد دەگیرێت.

ئایا بارزانی لە لێدوانە عاتفیە جۆراوجۆرەکانیدا ڕۆژێک لە ڕۆژان بیری لەو ڕەوشە تەموومژاویە کردووەتەوە بزانێت لە هەرێمی کوردستاندا چ باسە؟ ئایا مەسەلەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی لە قۆناغی ئێستادا لە هەرێمی باشووری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێك کەوا بە ئاسانی مەسعود بارزانی باسی بکات و خۆی بۆ ئامادەکردبێت؟ باشە سەرۆکی ماوە بۆ درێژکراو لە کوردستاندا ژیان دەکات یان لە ئەمەریکای لاتین؟ بۆ ئاگای لە هیچ کاروبارێکی وەزارەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نییە؟ ئایا دەوڵەتی کوردی بە بێ بوونی هێزێکی نیشتمانی و یەکگوتاری لایەنە سیاسییەکان ڕادەگەیەنرێت و سەرکەوتوو دەبێت؟ دەپرسین ئاخۆ دەڵەتی کوردی ئەرکی ڕێوەبردنی گرانە یان هەرێمێکی سێ پارێزگای؟ ڕەوشی ڕێوەبردنی هەرێمێکی سێ پارێزگای ناتوانرێت بەڕێوە ببرێت، تیایدا هەر پارێزگایەک کراوە بە موڵکی حزبی. دەپرسین لە مەسعود بارزانی مەبەستی لەو لێدوانە عاتفیانە چییە؟ ئایا بیری لەو هەموو پرسیارە بێوەڵامانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە کە ڕۆژانە هاوار دەکەن و دەناڵێنن بە دەس دەیان قەیرانەوە.

ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت بەڵام ئەمە خستنە ڕووی چەند ڕاستیەکە، لێرەوە داواش لە سەرۆکی ماوە بۆ درێژکراو مەسعود بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتە کات بەڕێکەرەکەی هەرێمی کوردستان دەڵێم تکایا با چیتر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەدەس قەیرانی بێ بەرنامەی و ئابووریەوە نەناڵێنن و وڵاتیش بە لێدوانی عاتفی بەڕێوە ناچێت، دەوڵەتی کوردیش بەم حاڵە جوانە کە هەمانە پێویست بە ناوهێنانی ناکات.

بەهمەن ژاوەرۆیی/ ١٣. ٣. ٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە