باڵى دەستڕۆیشتووى ناو یەكێتى درزی تێكەوت!

Friday, 09/01/2015, 12:00

1625 بینراوە


دواى ئەوەى مەلابەختیار لە شارۆچكەى دەربەندیخان لە میانى ووتەیەكیدا رایگەیاند یەكێتى لەگەڵ یەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگەى كوردستان نیە زۆرێك لە سەركردە و كادیرەكانى یەكێتى دژى ئەم لێدوانەى مەلابەختیار وەستانەوە، جگە لە باڵى (بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ) كە بەتوندى وەڵامیان دایەوە و (شێخ جەعفەر مستەفا)یان راسپارد لە دەزگاكانى راگەیاندن وەڵام بداتەوە (1)،
لە نێو باڵى دەسترۆیشتووى یەكێتیش بە هەمان شێوە كاردانەوەى لێكەوتەوە و
(لاهور شێخ جەنگى) پشتگیرى قسەكانى كرد و(قوباد تاڵەبانی)یش دژى وەستایەوە هەروەك(ئاڵا تاڵەبانى) ئەندامى سەركردایەتى و سەرۆكى فراكسیۆنى سەوز لە پارلەمانى عێراق لە پەیجى خۆى لە تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبووك نووسیویەتى :
" ڕاى تاكە كەسێك تەعبیر لە بیرو بۆچونى یەكێتى ناكات و ئێمە یەكەم هێزین لەگەڵ یەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگەین و ئەم پرسە راسپاردەى مام جەلالیشە ".(2)
بەڵام بێگەرد تاڵەبانى ئەندامى سەركردایەتى و سەرۆكى فراكسیۆنى سەوز لە پارلِەمانى كوردستان دەقى لێدوانەكەى لە پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆرى كۆمەڵایەتى فەیس بووك بڵاوكردۆتەوە و پشتگیرى قسەكانى مەلابەختیارى كردوە .
لە لایەكى ترەوە بە پێى زانیاریەكان (نێچیرڤان بارزانى) لە رێگەى (قوباد تاڵەبانیەوە) نیگەرانى (مسعود بارزانى) و پارتى گەیاندۆتە یەكێتى و راى گەیاندوە قسەكانى مەلابەختیار بە نەفەسى شەڕى ناوخۆ دەچێت و زیانى بۆ ئەم قۆناغەى ئێستاى هەرێمى كوردستان هەیە، دواى ئەوە (هێرۆ ئیبراهیم احمد) بە بیانووى كردنەوەى بالێوزخانەى چین سەردانى شارى هەولێرى كردوەو چاوى كەوتوە بە (مسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى) و دڵنیاى كردوونەتەوە كە ئەوان وەك یەكێتى لەگەڵ یەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگەدان و قسەكانى مەلا بەختیار ڕاى فەرمى حزبەكەى نیە و بە هەندى وەرنەگرن (3).
دوا بەدواى ئەم رووداوانەش نووسینگەى مەلابەختیار روونكردنەوەیەكى بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە قسەكانى هەڤاڵ مەلابەختیار شێوێندراون، بەڵام چونكە بەڵگەى ڤیدیۆیى هەبوون ناچار مەلابەختیار دواى چەند رۆژێكى كەم لە قسەكانى پێشووترى لە شارۆچكەى چەمچەماڵ لە چلەى شەهیدێكدا ووتى :
بێ تەم ومژ لەگەڵ یەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگەین، ئەمەش وەك پاشگەزبوونەوەیەك لە قسەكانى پێشووترى لە قەڵەمدران.(4)
لەسەرووتارى رۆژنامەى چاودێریشدا جارێكى دیكە مەلابەختیار گومانى خۆى لە یەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە نیشانداوە و بەپرۆسەیەكى سەرنەكەوتوى لە قەڵەمداوە .(5)
هەر تایبەت بەم پرسە ئەندامێكى چڤاتى نیشتمانى گۆران بۆ چەند میدیا و سایتێك لێدوانى داوە و رایگەیاندوە كە (نەوشیروان مستەفا) وەزیرى پێشمەرگەى راسپاردوەو كە میزانیە و نسریەوچەك بە هیچ هێزێك نەدات كەلەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە بن، هەر حزبێكیش هێزى هەبێت و نەیەتە ناو چوارچێوەى وەزارەت پێویستە خۆى میزانیە بۆ هێزەكانى دابین بكات.
چاودێرانى سیاسى پێیان وایە ئێستا ئەمریكاو هاوپەیمانان راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە دەكەن و چەندین مەرج و راسپاردەشیان هەبوە بۆ حزبەكانى هەرێمى كوردستان و سەرەكیترینیشیان بە سیستەم كردنى هێزەكانى پێشمەرگەو نەهێشتنى هێزى پەرش وبڵاوە لەژێر هەرناو نیشانێكدا بێت و فشارى زۆریان هێناوە تا زووترە هێزى پێشمەرگە یەكبخرێتەوە و بەراِشكاوى ووتویانەدەستورى ئەمریكا رێگا بە پرچەككردنى هێزى نا نیزامى نادات .
ئێستا لە نێو باڵى دەسترۆیشووى یەكێتى دوو راو بۆ چوون دروست بوە:
ڕاى یەكەمیان : پێیان وایە ئەم جۆرە لێدوانانە زیانى گەورە بە یەكێتى دەگەیەنێت و ئەگەر بۆ دروشمیش بێت پێویستە یەكێتى لەگەڵ یەكگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە بێت .
ڕاى دووەمیش: پێیان وایە ئێران هاوكارى و پاڵپشتى سەرەكى یەكێتى یە و هێزى پێشمەرگە یەكێتى نەخرێتە ژێر ركێفى وەزارەتى پێشمەرگەوە، ئەم پرسە دوابخرێت بۆ كاتێكى ترو نەبێتە دەستكەوت بۆ گۆران وپارتى، دەربارەى پارەو چەكیش هانا بۆ ئێران ببرێت وەك ئەلتەرناتیڤ .
هەرچى كادیرانى ئۆرگانەكان و مەڵبەندەكانیشە پێیان وایە مەلابەختیار هەركە چوە پشت مایك ئیدى دەست دەكات بەووتارى حەماسى و كات وشوێن لە بیر دەكات و سەرئەنجام دەكەوێتە هەڵەى زەقەوە، ئێستا رایەك دروست بووە دەیانەوێت مەلا بەختیار هیچى تر لێدوان نەدات و وەزعى ناخۆى یەكێتى و كوردستان بەرگەى ووتارى گرژو ئالۆز ناگرێت، چونكە لەماوەى كەمتر لە مانگێكدا بەرامبەر باڵێكى یەكێتى و گۆران و پارتى لێدوانى گرژى داوەو هەمووشى بە سازشى یەكێتى شكاوەتەوە ، هەروەها زۆربەى چاودێرانى سیاسى پێیان وابوو كە باڵى بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ درزیان تێبكەوێت؟! كەچى بە پێچەوانەوە باڵى (هێرۆ ئیبراهیم احمد) یەكەم جیاوازى سیاسى تێ كەوت و پەنچەى تۆمەتیش ئاراستەى مەلابەختیار دەكرێت .

1. لێدوانى شێخ جەعفەر بۆ كەناڵى روداو .
2. لاپەرەى ئاڵا تاڵەبانى لە فەیس بووك.
3. سایتى كوردسات نیوز هیرۆ برایم احمد لە كردنەوەى باڵیوزخانەى چین لە هەولێر.
4. سایتى چاودێرنیوز.
5. هەمان سەرچاوەى (4).

ئامادەكردنى : هێمن على

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە