چ سیناریۆیەك بۆ ڕاوكردنی ڕاپەرین لەئارادایە؟ دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی تونس و میسر و كوردستان

Tuesday, 01/02/2011, 12:00

1517 بینراوە


ڕاپەڕینەكانی جەماوەری تونس و میسر و ناڕەزایەتیەكانی ووڵاتانی تری عەرەبی و كوردستانیش لەپشتی كامێرا و بۆمبارانی میدیای غەرب و سەرانی ئەم دەوڵەت و هێزە بورژوازیە حاكم و ئۆپۆزسیۆنانەوە سەیری بكەیت سیناریۆ وقەفەزێكی ڕاوكردنی ئەو ڕاپەڕینانە كراوەتە چوارچیًَوەی ئەو وێنە وقسانەی بەناوی ڕاپەڕین و خواستەكانی ناڕازیەوە دەكرێ. جەماوەر لە دەست بێكاری و گرانی و سەركوت و بێمافی ڕاپەڕیوە و داوای نان و ئازادی دەكا و خەریكی لەگۆڕنانی دیكتاتۆرەكان و دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس و زیندانە بەڵام ڕیزی ئەحزابی بورژوازی بەدەسەڵاتدار وئۆپۆزسیۆنیانەوە ڕاوەستاون لەسەرەی دابەشكردنەوەی دەسەڵاتی حكومەتی و سازدانی سیناریۆی بەخشینەوەی دەسەڵاتدا. لە تونس تەنها سەری بن علی دیكتاتۆر لابراوە و هەمان سیستەمی پێشوو بە سەرێكی چەند حزبیەوە خراوەتە جیگای و لە چاوەڕوانی هەلبژاردنی "ئازاد"ی دوای 6 مانگدا خواستەكانی ڕاپەڕین موسادەرە كراوە. لە میسر خەریكن جێنشینی مبارك بە زەمانەتی پارێزراوی دەسەڵاتی سوپا و حكومەتێكی فرەحزبی كە بتوانێ خەڵكی ڕاپەڕیو كۆنترۆل بكا و ئاگری ئەم ڕاپەڕینە ناوچەییە خامۆش بكاتەوە ساز دەكەن. لە كوردستانیش دەسەڵات پاكانە لە دیكتاتۆربونی خۆی دەكا وهەڕەشە لەدەستبردن بۆشەرعیەتی حاكمیەتی دەكا و ئۆپۆزسیۆنی گۆڕانیش چارۆكەی هەڵكردوە و چاوەڕوانی هەوای ڕاپەڕینێكە تا جەماوەر بیگەیەننە دەسەڵات. نهێنی ئاشكرانەبونی ئەم دزیە ئاشكرایەی ئەحزابی بورژوازی لەبەرهەمی قوربانی دانی ڕاپەرینەكانی خەڵكی كرێكار وزەحمەتكێش چیە؟ ئەم كڵاوە چۆن دەنرێتە سەر ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیەكان و ئەم هونەری فێڵ وبەلاڕێدابردنی خواستی خەڵكە لەچیدایە؟ سیناریۆسازانی دەسەڵات لە كۆشكی سپی و یەكێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل و توركیا وئیران و كوردستان چ یاریەك بەم ڕاپەڕینانە دەكەن؟ دەستكەوتی كریكاران و ئازادیخوازان چی دەبێ لەم حەرەكەتانەدا؟
گۆڕینی سیناریۆ
سەیر لەوەدایە لەلایەك شۆڕشی تەكنەلۆژی یارمەتیەكی زۆری خەڵكی كرێكارو ئازادیخوازی لە تونس ومیسر و كوردستان داوە كە خێرا بتوانن هێزی جەماوەریان كۆبكەنەوە كە دەسەڵاتدارانی میسر بۆ بەرگرتن بە ڕاپەڕینی ئەم جەماوەرە دەستی دایە بڕینی وەسیلەكانی كۆمینیكەیشن و پەیوەندی گرتن، بەڵام ئەم شۆڕشی تەكنۆلۆژیایە سەرەڕای بڵاوكردنەوەی هەوڵەكانی بورژوازی لە كۆشكی سپی و یەكێتی ئەوروپا ولە تونس و میسر بۆ گۆڕینی دەموچاوی دیكتاتۆرەكان لوغزی سەركەوتنی ئەم هەوڵانە دەرناخەن . دەتوانن جەماوەر فریوبدەن و لەجیاتی نان وئازادی و دەسەڵات رژێمێكی تر لە ئەحزابی قەومی و ئیسلامی و "ئیسلاحی " كە هەمان دەستور و سیاسەتی برسیتی وبیكاری و هەمان دەزگای پۆلیس و ئاسایش و سوپای پێشوو بەناوی گۆڕانەوە دەرخواردی خەڵك دەدەن. هونەری ئەم شۆڕشی تەكنەلۆژیایە لەلای بورژوازی ئەوەیە كە دەتوانێ سیناریۆكە بگۆڕێت وبەخێرایی سیناریۆی راپەرین بكات بە سیناریۆی هەلبژاردن. سیناریۆی ڕاپەڕینی سەرجادە بۆ ئازادی لەدەست سیستمێكی دیكتاتۆری سەرمایەداری لە چاوی كامێرا و میدیای "BBC"و"CNN"ومیدیاكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بكات بە سیناریۆی ڕاپەڕینی ویژدانی دیموكراسی پەرلەمانی لە ڕۆژهەڵاتدا. لەتونس هەمان دەستەی دەسەڵاتداری پێشوو و هەمان حزب و سوپا و دەستوری پێشوو ئیدعای ڕاوەدونانی دیكتاتۆریەت و بەنەماڵەی دیكتاتۆری دەكا. تا دوێنێ بەشێكی زۆری ئەم میدیاو دەوڵەتە زلهێزە بورژوازیانەی غەرب باسیان لە هاوپەیمانی و دۆستایەتی ئەم دیكتاتۆرانە دەكرد ئیستا كاتێ خەڵك لە دیكتاتۆریەتی بورژوازی ڕاپەڕیوە كۆشكس سپی بوەتە ژووری عەمەلیاتی پرۆسەی جیبەجێكردنی دیموكراسی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی و فرەحزبی لەمیسردا. لەكوردستانیش دەسەڵات كەوتۆتە ڕەخنە لەخۆگرتن و باس لە ڕێگای یاسایی بۆ نەهێشتنی "كەموكوڕی!" لە سیستەمی میلیشیایی عەشیرەتی دەسەڵات دەكەن و شانازی بەجیاوازی خۆیان لە تونس ومیسر بەوەوە دەكەن لەڕێگای سیناریۆی هەڵبژاردنەوە هاتون نەك كودەتا وشەڕی ناوخۆ وسەركوتی ئازادیەوە . ئۆپۆزسیۆنی گۆڕانیش سیستمی حزب سالاری بەسەرچاوەی قەیرانی بێبەش بوونی خۆی لەدسەلات دەزانێ و سیناریۆی هەلبژاردنێكی ئازاد بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی خۆی بەپشت بەستن بە پێشمەرگە و ئاسایش وزانیاری و دینی ئیسلام كردۆتە سیناریۆی دەرچوونی كوردستان لەقەیرانی گەندەڵی و دیكتاتۆری. ئەوەی خاڵی هاوبەشە لەم بەدیلانەی حزب و هێزە ڕەنگاوڕەنگەكانی بورژوازییە گۆڕینی سیناریۆی ئیستای ڕاپەڕینە بە سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و حكومەتی فرەحزبی .ئەسڵی مەسەلەكەیان زۆرشارەزایانە گۆڕیوە.لەجیاتی هەواڵی راپەڕین چی گۆڕیوە و چ دەسەڵات و دامودەزگایەكی ڕوخاندوە و خەڵك چ ماف وئازادیەكی بەدەست هێناوە،باس باسی ئەحزابی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە حكومەتی كاتی و هەلبژاردنی داهاتو چی دەكەن؟ ئەم سیناریۆیە كراوەتە قەفەزێك تا ئەو هێزە یاخی بوەی جەماوەری كریكار و ئازادیخوازی پێ ڕاو بكەن و سیناریۆی سەركەوتنی دیموكراسی پەرلەمانی بەسەر دیكتاتۆری تۆتالیتاریدا بكەنە ئەو عەقدەی جەماوەر ئازادی خۆی پێ دەفرۆشێ. یەكەم سەركەوتنی هێزە بورژوازیەكان لەبەلاڕیدابردنی ئەم ڕاپەڕینانە لە گۆڕینی سیناریۆی ڕاپەڕیندایە بە سیناریۆی دابەشكردنەوەی دەسەڵات لەنیوخۆیاندا و سڕینەوەی سیناریۆی نان وئازادی و دەسەڵاتداریتی كریكاران وخەڵكی ستەمدیدە. هەركات بورژوازی توانی سیناریۆی ڕاپەڕین بكات بەسیناریۆی حكومەتی فرەحزبی و هەلبژاردنی پەرلەمانی بەمانای شكستی ڕاپەڕین و خواستی ئازادی و یەكسانی یە. بەمانای سازدانەوەی سەرلەنوێی دەسەڵاتداریتی كەمایەتیەكی بورژوازیە لەژیرناوی دیموكراسی پەرلەمانی و خستنەوەكاری بازاڕی كاری هەرزان و بیكاری و چەوسانەوەیە. ئەوەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا چ لەووڵاتانی غەرب و چ لە هەلبژاردنی پەرلەمانی توركیا وئیران و كوردستاندا بینیومانە نمونەی جۆراوجۆری ئەم دیموكراسیەی چینی دەسەلاتداربوە كە لەشوێنێك بەرژەوەندیە ئابوریەكانی و ڕاگرتنی پایەكانی دەسەڵاتی پێویستی بەسەركوت وشەڕ و پیشیلی مافی مرۆڤ بوبێت بێشك و بێگەڕانەوە بۆ ئەو خەڵكەی كە لەڕێگەی پەرلەمانەوە نوینەرایەتی دەكا كاری خۆی ئەنجام داوە. پەرلەمان وهەلبژاردنی پەرلەمانی نەك لە تیوردا بەڵكو بەعەمەلی دوو سەدەیە بورژوازی تەنها شەرعیەتی دەولەت كردنی خۆی پێوەردەگرێ و ئیرادە و نوینەرایەتی خەڵكی پێ تەزویردەكا وهیچی تر . هەربۆیە خەڵك ڕێگای ڕاپەڕین دەگرن و بەدیار ئەفسانەی پەرلەمانی بورژوازیەوە دانانیشن. خەلك بۆ دوبارەكردنەوەی هەلبژاردنی پەرلەمان ڕانەپەریون لە تونس و میسر و شوینەكانی تر و ئەمە سیناریۆی راپەرین نیە بەڵكو سیناریۆی ئەو بەشەی لە بورژوازی كە لەدەسەڵاتدا نیە یاخود ئەو هێزانەی دەیانەوێ زیان بە بنەما ستراتیژی و پایەكانی دەسەڵاتداریتیان لە تونس و میسر و كوردستاندا نەگات هەلبژاردنی ئازادی پەرلەمانی دەكەنە سیناریۆی چارەسەری قەیرانێك كە سەرمایەداری و دەسەڵاتی ئەحزابی بورژوازی ئیستا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و كوردستان ڕوبەڕویان بۆتەوە.
دیوی ناوەوەی ڕوداوەكان
ئەگەر سینایۆسازانی دەسەڵات لە تونس ومیسر و هەموو ئەو ووڵاتانەی ئەمڕۆ جەماوەر دژ بە سیستەمە دیكتاتۆریەكان ڕاپەڕیون خەریكی بەلاڕیدابردنی خواستی ئازادی ویەكسانی بن بێگومان ڕاستیەكانی ئەم ڕوداوانە و هۆیەكانی سەرهەڵدانی و چارەسەریشی گوزارشت ناكەن. ئەگەر ئەم سیستەمانە لە سەدەی ڕابردوودا توانیویانە بە توندكردنەوەی دەسەڵاتێكی موتڵەقی عەسكەری و كۆنترۆلی دەوڵەتی ڕەها هێزی كاری هەرزانی كریكاران بۆ بازاری جیهانی دابین بكەن و چینی كریكار لە بیمافی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا ڕابگرن و ئیسلام وەك چەكێكی ئایدیولوژی دژ بە كۆمۆنیزمی كریكاران بەكاربهێنن و دەزگای وەكو ئەزهەر و مەرجەعی جۆراوجۆری دینی تیكەڵ بەدەسەڵات بكەن. ئەم سیستەمە دیكتاتۆری تاك حزبی و تاكەكەسی و ئەم حكومەتەی جەنرالەكان كاتێك لەخوارەوە كریكاران چیتر تەحەمولی ناكەن و لەدژی بیكاری وبرسیەتی وسەركوت ڕادەپەڕن ئیتر بۆ چینی بورژوازی خۆشی دەبێتە جێگای ڕەخنە و كرانەوەی بازاڕ و كەمكردنەوەی دەخالەتی دەوڵەت لەسەرمایەی خسوسی و ئازادی ئەحزابی بورژوازی لە نوینەرایەتی كردنی بەشەكانی سەرمایە و سەرمایەداران و لابردنی ڕوخسارە ئیستفزازیەكانی بورژوازی لە سەركوتدا و شاردنەوەی دیكتاتۆریەتی بورژوازی لەڕیگای شەرعیەت وەرگرتن بەدەنگدانی خەڵك بە دەسەڵاتەكەیان و ڕیگاگرتن لە شۆڕش كردن ،ئەمانە لە پاڵ هێشتنەوەی دەسەڵاتی سوپا وپۆلیس وئاسایش دەتوانن وەڵامدەرەوەی ئیستای بورژوازی بن. تەنانەت لەترسی ڕادیكال نەبونەوەی خواستەكانی كریكاران وخەڵك لە تونس ومیسر بورژوازی دەتوانێت بە قەیدوبەندیكەوە تەحەمولی هێزە ئیسلامیەكانی وەك "ئیخوان المسلمین" بكات.
لە كوردستانیش هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەلومەرجێكی لەباریان بۆ بورژوازی كورد دابینكردوە و ئەگەر بێزاری خەڵك گەیشتنە ڕادەی ڕاپەڕین ئەوا دەسەڵات مل بەبەشێك لەداواكانی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان وئیسلامی دەدات. جیاوازی كوردستان لە تونس و میسر لە جێگیرنەبونی كوردستانە وەك بازارێكی هەمیشەیی بۆ سەرمایە و نادیاری ئایندەی سەرمایەیە لەم بازارە كتوپڕ دەوڵەمەند بوەدا.هەربۆیە مەیلی بورژوازی كوردی بۆ بەسیستماتیك كردنی دەسەڵاتەكەی و ڕێكخستنی دەسەڵاتداریتی لەسەر بنەمای بازار و بەشەكانی سەرمایە ناتوانێ هاندەری فیعلی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی _حزبی_عەشیرەتی بێت هێندەی شەڕێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ دابەشكردنەوەی دەسەڵات لەناو چینی بورژوازی كوردا. گریانی گۆڕان بۆ وەزارەتێك لە حكومەتی تەقسیمی قەومی و دینی مالكیدا نیشانەی ئەو نەبونی جیاوازیە لە بەرنامەی ئەم حزبەدا بۆ گۆڕینی وەزعی سیاسی و بنەمای دەولەت بون لە كوردستاندا .
هەربۆیە ئەگەر لە تونس ومیسر و ووڵاتانی عەرەبی لابردنی ڕیگریەكانی بەردەم بورژوازی لەمەیدانی سیاسەت و بازاردا لە ڕێگای گۆڕینی شیوازی دیكتاتۆریەتی حوكمی تاكڕەوی حزبی و عەسكەری بە سیستەمی فرەحزبی و هەلبژاردنی پەرلەمانی و بازاری ئازاد كراوەتە چوارچێوەیەك بۆ لەقالبدانی ئەو گۆڕانانەی كە ڕاپەڕینەكانی ئیستا دەیەوێ . لەكوردستان لابردنی سیستەمی حزب سالاری لەڕێگای هەلبژاردنی ئازاد و سەربەخۆكردنی دەزگای ئاسایش وزانیاری و پاراستن و پێشمەرگە و دانانی یاسا بەپێی بنەماكانی ئیسلامەوە ناكرێ وەك ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان ئیدعای دەكا. لە كوردستان دەبێت دەوڵەتێك هەبێ تاكو سیستەمێكی مەدەنی هەبێ . هەلبژاردنی داهاتوو ئەگەر گۆڕان زۆرایەتی بێ ، حكومەتێك دروست دەكا كە چاوەڕێی بودجەیە لەبەغدا و مامەڵە لەسەر داهات و وەزارەتەكان لەگەڵ مالیكی دەكا و بۆ هەر بریاریك كە چارەنوسی سیاسی كوردستان دیاری بكا بۆ دەستوری عێراق دەگەرێنەوە و ئەگەر لەگەڵ دەستور ناكۆك بوو كوردستان دەكەنەوە پاشكۆی عێراق .ئەو پەرلەمانە تازەیە بەقسەی نەوشیروان مستەفا " سه‌وابتێكی‌ تری‌ بۆ هه‌مو كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ رون بكه‌مه‌وه‌، ئه‌ویش سه‌وابتی‌ دینییه‌، هه‌رچی‌ شتێك نه‌گونجێت له‌گه‌ڵ سه‌وابتی‌ دینی‌ كه‌ دینی‌ ئیسلامه‌، دڵنیا بن كه‌ ئێمه‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ناده‌ین و ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆمان بكرێت هه‌وڵده‌ده‌ین تێنه‌په‌ڕێت، چونكه‌ به‌لامانه‌وه‌ شتێكی‌ پیرۆزه‌."*یاسای فرەژنی ئیسلام و یاسای شەریعەتی ئیسلام بەسەر مافە فەردی وئازادیەكانی خەڵكدا جیبەجێدەكەن و سەرتاپای ساڵ وەكو لەمانگی ڕەمەزانی شاری سلێمانیدا ئەحكامە ئیسلامیەكانی بەسەردا فەرزدەكەن.هەروەها ئەو دەزگایانەی ئەندام وسەركردایەتی یەكێتی وپارتی بەڕێوەی دەبەن وەكو پاراستن وزانیاری و پیشمەرگە و ئاسایش دەیانكەن بەفەرمانبەری حكومەتەكەی خۆیان .كە بەپێی ئەم قسانەی خۆی كارنامەی تائیستای چ ئەو كات كە خۆی سەرپەرشتی كردوە و چ لەئایندەشدا دیارە چی دەبێ. " من نازانم هه‌ندێك جار موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر ئێمه‌دا ده‌كه‌ن و خۆیان هه‌ڵده‌كێشن، ئێمه‌ خۆمان له‌وانه‌ بوین كه‌ ده‌ستمان هه‌بوه‌ له‌ دروستكردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا، هه‌روه‌ها به‌درێژایی‌ نزیكه‌ی‌ 40 ساڵی‌ رابردودا ده‌ستمان هه‌بوه‌ له‌ دروستكردنی‌ ئاسایش و ...هتد، پێمان وایه‌ ئه‌م دامه‌زراوانه‌ واته‌ دامه‌زراوه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و زانیاری‌ و پاراستن، ئه‌مانه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ن كه‌ زه‌رورین بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد و میلله‌ته‌كه‌مان و بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ هه‌بن، ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ له‌ 20 ساڵی‌ رابردوی‌ حكومڕانیدا گه‌لێك كاری‌ وایان كردبێت كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا و مافی‌ مرۆڤ بێت، به‌هیچ جۆرێك ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ یان ده‌ستكاری‌ خراپی‌ بكرێت، حاڵی‌ حازر به‌هۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب به‌سه‌ر ئه‌م ده‌زگایانه‌وه‌ ته‌كلیفیان ده‌كه‌ن كه‌ بڕۆن جاسوسی‌ به‌سه‌ر حیزبه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن، له‌كاتی‌ ململانێی‌ سیاسیدا ئه‌م حیزب ده‌یكات به‌گژ ئه‌و حیزبدا و بۆ مه‌به‌ستی‌ تایبه‌تی‌ حیزبی‌ به‌كاریان ده‌هێنن، ئه‌مانه‌ كاره‌كه‌یان راونانی‌ خه‌ڵك و گرتنی‌ خه‌ڵك و حه‌پسكردنی‌ خه‌ڵك و تۆقاندنی‌ خه‌ڵك نیه‌، به‌ڵكو ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ن كه‌ زانیاری‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك خۆیان ببن نه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ هاوڵاتی‌ و حیزبه‌كان، به‌ مانایه‌كی‌ تر وه‌زیفه‌ی‌ ئاسایش ئه‌م ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ خه‌ڵك بگرێت، خه‌ڵگ راوبنێت، خه‌ڵك بترسێنێت و هه‌ڵبكوتێته‌ سه‌ر ماڵان، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ده‌زگای‌ زانیاری‌ و ده‌زگای‌ پاراستنیش، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نیه‌ له‌ كاروباری‌ ناوخۆدا ته‌ده‌خول بكات"*.ئایا بە گۆڕینی ژمارەی كورسیەكانی ئەم حزبانەی ئیستای پەرلەمان و بونی لیستی گۆڕان بەزۆربە لەو پەرلەمانەدا ،ئەم دەزگای سەركوتانە چۆن دەبنەوە بەفریشتە و ئەم بەرنامەیە چ گۆڕانێكی بنەڕەتی تێدایە تاكو خەڵكی كوردستان لەئێستاوە بیكەنە سیناریۆی ڕاپەڕینی داهاتووی خۆیان.
دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستان و تونس و میسر ئەو ڕاستیە دەردەخەن كە ئەحزابی بورژوازی لە فرسەتێكیش كە خەڵك لە دژی دیكتاتۆریەتیان ڕادەپەڕێ دەیانەوێت بیخەنە خزمەت شەڕی نێو باڵەكانی خۆیانەوە. هەربۆیە مەترسی نەك تەنها لە خۆسازدانەوەی ئەحزابی دەسەلاتداردایە بۆ ڕاگرتنی پایەكانی دیكتاتۆریەتیان بەڵكو لەو هەوڵانەشدایە كە ئۆپۆزسیۆنی بوژوازی بۆ پاراستنی ئەم دەزگای سەركوتانە بەناوی حكومەتی فرەحزبی و نوینەرانی هەلبژیردراوی خەڵكەوە ڕاپەڕینی كریكاران وئازادیخوازان موسادەرە دەكا.
سیناریۆی بەدیل
راپەرین وەسیلەی گۆرینی دەسەڵاتە لەلای كریكاران و جەماوەری چەوساوە. گۆڕٍینی دەسەڵاتە دیكتاتۆریەكان لەژێر ئەم هەڕەشەی ڕاپەڕینانەی خەڵكدایە. دەستە وئەحزابی دەسەڵاتدار لە تونس و میسر و كوردستان لەلایەك خەریكن لەڕێگای كوشتن وسەركوتەوە درێژە بەمانەوەیان دەدەن و لەلایەكی ترەوە شەرعیەتی ئەم سەركوتە لەوەدا دەبیننەوە كە هەڵبژیردراون یاخود هەڵبژاردنی تر ڕێك دەخەنەوە. ئۆپۆزسیۆنی بورژوازیش بۆ گرتنی بەشی خۆی لە تونس بوەتە شەریكی حكومەتی كاتی و بەشێكی زۆری بەمەرامی خۆی گەشتوە . لە میسر كە هێشتا موبارەك ئامادەی لاچون نیە ئەم ئۆپۆزسیۆنە هێشتا لەسەر جادەیە و چاوەڕوانی فشاری ئەمریكایە بۆ بەدەست هێنانی بەشە دەسەڵاتەكەی. لە كوردستانیش ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەشێكی لەپاڵ ڕەخنە دەسەڵات وبەشێكی بەفشارهێنان بۆ دەسەڵات دەیانەوێ سوود وەرگرن لە ترسی دەسەڵات لە پریشكی ئاگری ئەم ڕاپەڕینانەی ناوچەكەی هەژاندوە.
ئەم هاتنە مەیدانەی كریكاران و جەماوەری ئازادیخواز دژ بە دیكتاتۆریەتی حكومەتە بورژوازیەكان ترسێكی گەورەی لەدڵی ئەم نیزامە نەك تەنها لە باكوری ئەفریقا وخۆرهەڵاتی ناوەراست بەڵكو لە ڕۆژئاواش دروست كردوە. ئەم تەوژمە سیاسیە نوێیە چاوەڕوان نەكراوە بەدرێژەكێشانی ئاڵوگۆڕ لە تەوازنی هێز و وەزعی سیاسیدا بەدوای خۆیدا دەهێنێ. بورژوازی بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات كە ئەم وەزعەی لەدەست دەرنەچێ و خواستی گۆڕینی ڕژێم تەنها بەگۆڕینی دەموچاوەكان و ناوەكان بێت ودەزگا پاییەكانی سوپا و پەرلەمان و دین و دەستور نەچێتە ژێر پرسیارەوە. هەرچی گۆڕینی دەسەڵاتە لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوە وەسیلەی حزبە بورژوازیەكانە. كریكاران و خەلكی زەحمەتكێش ناتوانن لەڕێًگای پەرلەمانەوە دەسەڵات لەدەست حزبە بورژوازیەكان دەربێنن. پەرلەمان تەنها شوێنی شەرعیەت وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەو حزبانەیە نەك خودی ئەو دەسەڵاتە كە لەدەرەوەی پەرلەمان بەسوپا ودەستور و دەزگای سەركوت و كۆنترۆلی داهات پاریزراوە. گواستنەوەی وەسیلەی گۆڕینی دەسەلات لە راپەرینەوە بۆ پەرلەمان و هەلبژاردنی پەرلەمانی بەواتای سپاردنی دەسەڵاتە بە حزبە بورژوازیەكان و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە لەناو ئەو بنەماڵە چینایەتیەدا و هێشتنەوەی دیكتاتۆریەتی ئەوانە بەسەر كۆمەڵگەدا. هەربۆیە جەماوەر لە خوارەوە و لەسەر جادە نەك لە هۆڵی پەرلەمان داوای گۆڕینی ڕژێمێك دەكات و دەستی بردوە بۆ شێوازی جەماوەری بۆ پارێزگاری لەخۆی و شورای لەچەند شوێن پیك هێناوە و ریكخراوەی كریكاری و جەماوەری لە مەیداندان. ئەمانە وەسیلەكانی گۆڕینی دەسەڵات و دەزگای جەماوەری كریكار وزەحمەتكێشە بۆ دەسەڵات. هەرچەند ئەم بزوتنەوە كریكاری و جەماوەریەی ڕاپەڕیوە سیناریۆیەكی بەدیلی بۆ دەسەلات نەكردۆتە هێز، بەڵام ئەو هەوڵانەی دەتوانرێ بۆ جێگرتنەوەی ئەم بەدیلە بدرێ زەمینەی هەیە.ڕیزی سەربەخۆ و حزب و ڕێكخراوەی كۆمۆنیستی و كریكاری ئەمڕۆ لەدەوری بەدیلێك بۆ سیناریۆی سازدانەوەی دەسەڵات سەرچاوە دەگرێ. سیناریۆی كریكاران وكۆمۆنیستەكان بۆ سازدانەوەی دەسەڵات لە گرتنە دەستی خواستی ڕوخانی ڕژێمی دیكتاتۆری تونس ومیسر و دەسەڵاتە دیكتاتۆریەكانی تر دەبێت. ئەم خواستە ئیستا لەلایەن ئەحزابی بورژوازی ترەوە كراوەتە شیعاری لابردنی دیكتاتۆرێك و دروستكردنی حكومەتێكی كاتی لە نوینەرانی حزبە بورژوازیەكان بە سەرانی رژێمی پێشوەوە. رادیكال كردنەوەی خواستی وەلانانی تەوای سەران و حزبی دەسەڵاتداری پێشوو و درێژەدان بە خۆپیشاندان وڕاپەڕین بۆ چەك كردنی پۆلیس و سوپا و جیگرتنەوەی بە كریكاران و شورای چەكداری خەڵك و كردنی ئەو شورا ویەكیتیە كریكاری و جەماوەریانەی كە هەن بە دەسەڵاتی واقیعی دەتوانێت هێزی واقعی جەماوەر بۆ گۆڕانی ڕادیكال كۆبكاتەوە لەدەوری خۆی. ڕاگەیاندنی ناشەرعی بوونی حكومەتی كاتی تونس و داوای ڕوخانی و بەرپەرچدانەوەی هەوڵەكانی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی بۆ دەربازكردنی رژیمی دیكتاتوری عەسكەری میسر لەدەست ڕاپەرین و سەپاندنی حكومەتی كاتی میحوەری شەڕی ئیستای كریكاران و كۆمۆنیستەكانە و بە نەهێشتنی جێگیربونی ئەم حكومەتانە و هێنانەمەیدانی كریكاران و جەماوەری ئازادیخواز بەدەوری سیناریۆی دانانی حكومەت لە نوینەرانی یەكیتیە كریكاریەكان و شوراكان و حیزبە كۆمۆنیست و چەپەكان ئەو بەدیلەیە كە دەتوانێت خواستی خەڵك بۆ ئازادی و یەكسانی بەدی بێنێ. ڕیزی سەربەخۆی كریكاران و كۆمۆنیستەكان دەبێت ئەم سیناریۆیەی جێگرتنەوەی رژێمی دیكتاتۆری بەدەسەڵاتی خەڵكی ڕاپەڕیو بكەنە مەسەلەیەكی عەمەلی و هەموو هەوڵ و كۆششەكان لەدەوری سازدانی سیناریۆی ڕێكخستنی كریكاران وخەڵك بێت بۆ ئیعمالی دەسەڵات لە گەرەكەكان و كارگە و لەشارەكان ولەئاستی سەراسەریدا. سوود وەرگرتن لە بۆشایی دەسەڵات بەپركردنەوەی دەبێ بەدەسەڵاتی ریكخراوی كریكاران و كۆمۆنیستەكان وخەڵكی ئازادیخواز . پروپاگەندە دژ بەسیناریۆی بورژوازی بۆ سازادنەوەی دەسەڵات كارێكی باشە بەڵام گرنگ سازدانی سیناریۆی بەدیلە بەرامبەری. كریكاران و كۆمۆنیستەكانی كوردستان دەبێ لەبەرامبەر سیناریۆی ئیرهابی پارتی ویەكێتی دژ بە ناڕەزایەتی خەلك بەرامبەر بەدەسەڵاتەكەیان یان یاخود سیناریۆی گۆڕان بۆ دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و بەدیهینانی خەونی زۆربەبونیان ،پیویستە سیناریۆی ئامادەكردنی ڕیزێكی سەربەخۆ بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات و بەدەوڵەت كردنی كوردستان بگرینە دەست. ڕیزێك كە لەگەڵ هەر ڕاپەڕینێكی خەلكی كوردستان دژ بە دیكتاتۆریەتی میلیشیایی لەكوردستان ئەمجارە بتوانێ شوراكان بكاتە حكومەتی هەڵبژیردراوی ڕاستەقینەی خەڵكی و بەرنامەی ئازادی ویەكسانی و مافی بەرابەری ژن وپیاو و سەربەخۆیی كوردستان و دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەران دەست بەجێ جێبەجێ بكا . ئەمە سیناریۆی واقعی كریكار و زەحمەتكێشی كوردستانە بۆ كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەكان و قەیرانێك كە دەسەڵاتی ئەوان توشی كۆمەڵگەی كوردستانیان كردوە.راپەرینی جەماوەر وەسیلەی گۆڕینی دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی حزبە ناسیونالیستەكانی كوردستانە بەدەسەلاتی شوراكانی خەڵكی كوردستان نەك وەسیلەی دوبارەكردنەوەی هەلبژاردنی پەرلەمانی بێت بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی حزبە ناسیونالیست وئیسلامیەكانی كوردستاندا. ئەحزابی بورژوازی وەسیلەی تری سیاسی و عەسكەری زۆرە بۆ ئەم شەڕی دەسەڵاتە و خەڵك نابێ بكرێتە قوربانی ئەم شەڕە وئەم سیناریۆی ڕاوكردنی ڕاپەڕینە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی گۆڕانەوە لەكوردستان كە دەبێ بۆ جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بە دیكتاتۆریەتی یەكیتی وپارتی ئاشكرابكرێ.

چاوپیكەوتنی تەلەفزیۆنی "KNN" لەگەڵ نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە" به‌یاننامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستای کوردستان ".

http://knnc.net/VideoPlayer.aspx?VideoURL=http%3A%2F%2Fprograms.sbeiy.net%2Frobaroo-30-1-2011.flv&ProgramID=1101&AspxAutoDetectCookieSupport=1


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە