گاڵتەجاڕی حکومەتداری و بێ ڕێزی بەرامبەر کورد، دوو بەڵگەنامەی ڕەسمی بە نموونە

Sunday, 23/01/2011, 12:00

1485 بینراوە


ئاشکرایە کە سیاسەت و چالاکی سیاسی، چالاکی یەکی باڵاو ئاستبەرزی مرۆڤە، سیاسەتیش بەوپێ یەی کایەی ڕێکخستنی هێز و هەوڵەکانە بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵات و کەم و زۆرکردنی وەک زانایانی ئەو بوارە پێناسەی دەکەن. سەرەنجامی ئەم چالاکی یانەش دەسەڵاتی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن وباشتر کردنی ژیانی کۆمەڵگا دێتە ئاراوە کە لە حکومەتدا خۆی دەبینێتەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێز دانانێکە بۆ مرۆڤ و پاراستنی مافە سەرەتایی یەکانی یەتی لەوەی مافی بەشداری سیاسی، گروپ دروستکردن، ئەنجامدانی چالاکی سیاسی، بوونە بەشێک لە دەسەڵات. دەسەڵات گرتنە دەست...وهتد بۆ دابین دەکات و ئاشنای دەکات بە یاساکانی گەمەی سیاسی لە ووڵاتدا کە لە ڕێ یەوە دەتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست یاخود هێز و قەڵەمڕەوی خۆی زیاد بکات- کە ئەمەش خۆی ئامانجی هەموو کارێکی سیاسی یە-.
دیارە حکومەتیش دەبێت ڕێز لەو خەڵکە بگرێت کە لێی دروست بووە و حوکمیان دەکات و ڕەنگدەرەوەی خواست و هیواو ئاواتەکانیان بێت و لەهەمان کاتیشدا ئەگەر ئاستی بەرزتر نەبێت لە ڕۆشنبیری گشتی، ئەوا لانیکەم دەبێت لە ئاستی کۆمەڵگاکەیدا بێت.

بێ ڕێزی دەسەڵاتی کوردستان لەوەوە دەردەکەوێت کە ئەم مافە سەرەتاییانەیان بە ڕەوا نەبینەوە بۆ خەڵکی کوردستان ، بەوەی تاوێک چالاکی سیاسی لێ زەوت دەکەن، سنوورداری دەکەن، یاساکانی گەمەی سیاسیان دیاری نەکردووە و ئەوەش کە هەیە یا دیاری کراوە سیاسەتی ڕۆژ و خێر بەخشینەوەی چەند سەرکردەیەکە لەملاو لا، و کەی بیانەوێت یاسا و هاوکێشەکانی گەمەی سیاسی دەگۆڕن بە ئارەزەوی هەڵچووی خۆیان، هەرکاتێکیش زانیان کایە و گەمەکە لەبەرژەوەندییان نی یە، ئەوا هەموو گەمەو کایەکا پیکەوە تێک دەدەن، بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی کە ئەوان خاوەنی کایەکە نین و تەنها گەمەکەرێکن، ئەوان شانۆ و تەماشاکەران و ئەکتەران هەمووی نین پێکەوە، بەڵکو چەند ئەکتەرێکن وەک ئەکتەرەکانی تر، هەربۆیە ئەگەر ڕۆڵەکەیان بەدڵ نی یە دەتوانن بیگۆڕن یا جێی بهێڵن نەک شانۆ و تەماشاکەران و ئەکتەران و دراماکەش هەمووی تێک بدەن و بیکەنە قوربانی ئارەزووی نادیاری خۆیان، هەروەک چۆن هێنانی سوپاسی ئێران و عێراق و تورکیا لەلایەن دوو حیزبەوە گەمەو کایەی سیاسی کوردستانی هەموو تێکدا بە ئەکتەر و تەماشاکەرانەوە. ئەمەش جگە لەوەی بێ ڕێزکردنی کایە و گەمەی سیاسی یە، لە هەمان کاتیشدا بێ ڕێزی یەکی گەورەیە بەرامبەر خەڵکی کوردستان..نەبوونی دەستور لە کوردستان دا کە ئەم مافانە دیاری بکات و هاوکێشە گشتی یەکانی گەمەسیاسی یەکە دیاری بکات، ئەمەش ڕێز نەگرتنە لە خەڵکی کوردستان و بە شایستە نەزانینی یەتی کە ببێتە خاوەنی دەستور و یاساو حکومەت، دواخستنی یەک لەدوای یەکی هەڵبژارن و تەزویکردنێکی زۆر سەرباری چاوسوورکردنەوە و بەکارهێنانی هێزو دەسەڵات و سەرچاوە سروشتی یەکانی میللەت و هەڕەشەکردن بە بڕینی ئازوقە و بژێوی ژیانیان، جگە لەمانە هەمووی هێشتا کۆمەڵی وەزارەت و دەزگا یەکیان نەگرتۆتەوە، واتە لەتکردنی حکومەتۆچکەیەک بۆ دووان، و تاجە گوڵینەی ئەمانەش دواخستنێکی زۆری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگاکانە، کە تا ئێستا هەر لە غەیب دایە.

ئەوەی دەمەوێ بیخەمە ڕوو ئەوەیە ئەم دوو حیزبە بە ڕەواو و شایستەی نابینین کە ئەم میللەتە حکومەتێکی هەبێت هەندێ لە تایبەتمەندی حکومەت بچێت، کاتێ داوای مافێکی میللەت، گەشەسەندنێکی سروشتی دەکەیت لێ یان، یا بەهانەی ئەوە دەهێننەوە کە ساوایە، یا خود تۆمەتی دەست لە پشت بوونت دەخەنە پاڵ.
لێرەدا ئاماژە بە دوو بەڵگەنامەی حکومی دەکەم کە هەردووکی لە سلێمانی دەرچوون . سلێمانی کە مەڵبەندی زانست و کوردایەتی و زمانپەروەی و شیعر و ئەدەب وبووە ساڵانێکە زۆرە، زۆربەی حیزبە سیاسی یەکانی کوردستان لێرە لەدایک بوون، ئێستاش زۆرترین ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەو گۆڤارو فەرهەنگ نووس و نووسەر لەخۆ دەگرێت، کە چی دوو بەڵگەنامەی ڕەسمی لێرە دەردەچێت پڕ لە هەڵەی زمانەوانی تێدایە لە ووشە و ڕستە و ڕێکخستن و داڕشتنی نووسراوەکاندا، ئەمە سەرەڕای ئاستی نزمی هونەری بەڵگەنامەکان
نووسراوی یەکەم : ئاگاداری یەکە لە پارێزگای سلێمانی یەوە بۆ ئەو کەسانەی داوای خۆ پیشاندانیان کردووە بۆ خەستەخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی
سەرەتا کە خوێندمەوە بەخێرایی چەند هەڵەیەکم بینی، بەڵام پێم وابوو تەنها یەک دوو هەڵەی چاپ و بژمێرە و هیچی دی، بەڵام کە لێی وورد بوومەوە تەنها لەلاپەڕەی یەکەمدا ١٥ هەڵەم گرت.
القسم الجمعیات
ئاگادرکردن
ئەنجا دانی
کۆبونەوەیەکی
مگابعەکردن
کۆمپایایەکی
مگابعە
کۆبونەوەکەتان
برگە
جۆڵان
بەرێزتان

ئەمانە هەندێکن لە هەڵەکان و لە وێنەکەدا ئەوانی تریش هێڵی سووری بە ژێردا هاتووە.
بڵاوکراوەکە مۆری پارێزگای سلێمانی/ کاروباری ناوخۆی بەسەرەوەیە
لێرەدا جگە لە ئاستی داڕشتنێکی لاواز، دیزاینێکی هونەری نا پیشەگەر، تیشک دەخەمە سەر چەند هەڵەیەکیان
بڵاوکراوەی ڕەسمی دەبێت بە ئاستێکی بەرزی داڕشتن و وێژەی ئەو زمانە بنووسرێت، سەرەڕاوی ئەوەی نابێت هەڵەی زمانەوانی تیانەبێت تەنانەت دەبێت هەڵەی چاپ و نووسینیشی تیادا نەبێت
القسم الجمعیات ئەوەی ئەلف و بێ بزانێت لە عەرەبی دەزانێت کە ئەلف و لامی سەرەتای القسم هەڵەیە
گریمان سلێمانی لە عەرەبی دا خراپە، بەڵام ئەی لە کوردی یەکەشدا؟
مگابعە کردن
لەگەڵ ئەوەدا ١٥ ساڵە لەگەڵ فەرهەنگ و فەرهەنگ نووسی دا دەژیم و چەندین فەرهەنگم نووسیوە، بەڵام ووشەی لەوجۆرە نەک هەر لە کوردی لە عەرەبیشدا بوونی نیە، نازانم ئەمە داهێنانی کوردە تا زمانی عەرەبی پێ دەوڵەمەند ببێت؟
هەڵەکانی تر بە گشتی هەڵەی نووسین و ڕێزمانن
بەڵام دوا ووشەی سەیرو سەمەرە
ووشەی جۆڵان کە لە هیچ فەرهەنگێکی کوردی و هیچ شێوەزارێکی کوردی دا بوونی نیە بەکارهاتووە.
ئەم هەڵانە جگە لە هەڵەی زمانەوانی و خاڵبەندی کە تەواوی پەخشانەکە یەک خاڵ یا فاریزە یا تەقەڵی تیادانی یە و هەمووی دراوەتە دەم یەک.

نووسراوی دووەم : وەلامی دادگای تێهەڵچوونەوەیە کە ئەویش کۆمەڵێ هەڵەی تیادایە
لە دوو لاپەڕەدا زیاد لە ١٠ هەڵەی تیادایە.

لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمە بەر دیدەی خوێنەران
ا١. ئایا بێ ڕێزی نەبێت بە خەڵکی کوردستان، نابێت حکومەت ڕێز لە بڵاوکراوە و بەڵگەنامەکانی خۆی بگرێت و بەشێوازێکی شایستە کە شایستەی ڕێزی خۆی و قەدری خەڵک بێت بڵاو بکاتەوە؟
ا٢. ئایا حکومەت ئەو هەموو مووچەخۆرەی هەیە، ناتوانێت هەڵەچن یا هەڵەبژێرێک دابنێت بۆ ئەو بڵاوکراوانە کە کاریان تەنها هەڵەگرتن بێت؟
ا٣. ئایا فەرمانبەران و بەرپرسانێک نەتوانن بە زمانێکی پاراو کە زمانی دایکیان بێت بنووسن و گفتوگۆ بکەن، ئەی چۆن چوونەتە ئەو جێگایە و بۆ جێی ناهێڵن؟
ا٤. ئایا حکومەت ڕێز لە دامەزراوەکانی خۆێ نەگرێت، چۆن چاوەڕووانی ڕێز دەکات لە هاوڵاتیان؟ یا لە ووڵاتانی تر؟
ا٥. ئەم برادەرانە لە کوردستان و بەکوردی ئەمە حاڵیان بێت، داخۆ لە دانوستانەکانیاندا لەبەغدا بە عەرەبی و لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی تر بە زمانی بێگانە چۆن بێت؟

ئەوەی من لەم شتە سادەو ساکارە دەیخوێنمەوە، جگە لە بێ ڕێزی بۆ خەڵکی کوردستان و بە شایستە نەزانینیان بۆ ئاستێکی بەرزی خزمەتگوزاری و حکومەتداری هیچی تری لێ ناخوێنمەوە
چونکە ئەمە نە پارەو بودجەی تێ دەچێت، نە خەتای ئێران و تورکیایە، نە مالیکی و نە سەدام


ئایا ئەمە هەر لەدەست دەرچوونێکی سادەیە؟ یا ڕەنگدانەوەی کەمتەرخەمی یە بەرامبەر بە دەزگایی کردن و پیشەگەرکردنی دەزگاکانمان؟
ئایا نامەی دیوەخان و سەرۆک عەشرەتەکانیش لەیەک لاپەڕەدا ١٥ هەڵەی تیادایە؟

فەرهەنگنووس: احسان علی، فێرخوازی ماستەری زانستە سیاسی یەکان، ئەمەریکا
بۆ بینینی به‌ڵگه‌کان ، تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن:
http://www.standardkurd.net/Direje.aspx?Cor=BirwrayNwseran&Jimare=2625





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە