پەرلەمان و ئەرسەلان و دوو لاقی مەزن

Wednesday, 06/03/2013, 12:00

1598 بینراوە








ساتیرە

سەرەتا رونکردنەوەیەک لە ئەرسەلانی ‌‌حەمامچی یەوە..
ئەوە لە جەلسەی بودجەی ئەمساڵیشدا، وێڕای ئەوەی لێنەگەڕاون کە هیچ میدیاو کامێرایەک بچێتە ناو هۆڵی پارلەمانەوە، شوشەو پەنجەرەکانی هۆڵەکەشیان رەش کردبوو. کە تەحقیقمان کرد، دەرکەوت لەبەر ئەوە نەبووە کە نەیەڵن کەس بزانێ لە ژوورەوە چی ئەگوزەرێ، وەکو هەندێ ناحەز دەیڵێن، نەخێێێر. رەئیس ئەرسەلان گێرایەوە، وتی: ئەوە لەبەر گەرموگۆڕی موناقەشاتەکان لە مەعبەینی ئەنداماندا، هۆڵەکە هەرعەینی (حەمام) دەکوڵا، فەلەبەر ئەوە زۆربەی ئەندامانی مەجبوور کرد کە بە دەرپێو فانیلەوە موناقەشات بکەن، خۆشتان ئەزانن کامیراش بۆ ئەو شوێنانە شەرعییەن جائز نییە، ئێ شوشەکانیش خۆیان تەمیان کرد بوو. ئەتوانن ئەم راستیەش لە هەندێ لەو سکێچانەدا ببینن کە کچەکەی خاڵە شیهاب وەکو رەسامێکی فاشیل، لە ئەسنائی جەلسەکانادا بۆ ئەندامانی کێشاوە.





دیکۆری ناقۆڵا و ئابڕو تکێن..
لە شەرقی ئەوسەت و لەو مەملەکەتەی لەمەڕ خۆمان، هەر بۆ رابواردن بە خەڵک، زۆر جار تەقلیدێکی سەقەتی وڵاتە غەربی و دیموقراتیەکان ئەکرێ. بۆ نومونە؛ گاڵتەبازی هەربژاردن دەکرێ، میدیای ئەهلی رێگە پێدەدرێ، پەرلەمان دادەمەزرێ، کە ئەمانە هەمووی دەزگایەلێکی (فلیم) کارتۆنین، نە هیچیان لە باردایە ونە لە دەسەڵاتدایە، تەنها دیکۆرن. کەچی ئەم جارە پارتی لە هۆڵی پەرلەماندا مافی (دیکۆرایەتی) لە ئەندامان سەندەوە (تەبعەن بەخۆشی خۆیان نەک بە تۆبزی). ئەگەر دیقەتی ئەم وێنەیەی پەرلەمان بەدەی، یەکسەر دیمەنێکی زەق وپەق وناهونەری سەرنجت بۆلای خۆی رادەکێشێ.. رەسمێکی بێتام زەبەلاح، ناوچەوانی هۆڵەکەی داگیر کردوە، تەبعەن بەچاووپۆشین لەوەی کە کەسایەتی ناو وێنەکە کێیە. بەڵام ئەم رەسمە ١٦ بۆ ٢٠مەتر مورەبەعەی مەلا بارزانی نەممر زۆر لەگەڵ زوقی نەدیتکەیەکی وەکو ئەو بنەماڵەیەدا دێتەوە، کە هەڵپەیەکی مەزنی پێوە دیارە بۆ نیەتێکی فرە خەتەر.





                 وینەی پەرلەمان و ئەرسەلان و دوو نائیب و دوو لاقی مەزن لەپشتەوە..


لە بیرمان دێت دوای دوانزە ساڵ کە بۆ جاری دووەم پەرلەمانیان هەڵڕشتەوە، وە لە کاتی سوێندخواردندا، هەندێ لە ئەندامانی پەرلەمان، لەبەرخراپی کوردیەکەیان وشەی "گەل" یان بە " گەڵ" گۆ کرد، کە ئەوە بۆ ماوەیەک بوو بە بابەتی رۆژو زۆری لە سەرنوسرا. ئەگەر دیقەتێکی ئەو وێنەیەی هۆڵی پەرلەمان بدەین، دەبینی ئەگەر بتەوێ وێنەیەکی رەئیسی پەرلەمان وئەو دوو بەشەرەی ئەملاو ئەولای، کە نازانم ناویان چییە،بگری، بە تابلۆکەی پشتی سەریانەوە، ئەوە دەقاودەق سەری ئەرسەلان دەکەوێتە بەینی هەردوو لاقی بارزانی نەمرەوە! جا ئیتر ئەمە یان بە ئەنقەستە، یان سەلیقەی ئەو زەوقە جوانەیە کە لە پشتی ئەم دیزاینە موهیمەوەیە. یانیش بە سودفەی فلیمی هندیە! من وەڵامەکەی بۆ ئەندامە دەستبەتاڵەکانی ناو هۆڵەکە بەجێ دێڵم. ئەگەر زاتیان کرد، با جەلسەیەکی لەسەر دامەزرێنن بۆمان. ئەی بۆنا؟ بەراستی من پێم وایە جەلسەیەکی ئاوا، زۆر موهیم ترە لەو جەلسە بێ کەڵک و بێ بەرهەمانەی کە بۆ بودجەو مودجە کاتی بۆ بە فیرۆ ئەدەن و جەماعەتی ئۆپۆزسیۆنیش رێک ئەزانن کە خۆشیان بێت یان ترشیان بێت، بە سەریاندا بێت، یان بەژێریاندا بێت هەر تێیدەپەڕێنن، دواتریش لەسەرمێزی خواردنەوە خۆگیڤ کردنەوەکانی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن، بەلەزترین بابەتی ڕابواردنە.
ئەم پۆستەرە ئیستفزازیە، بە چاووپۆشین لەوەی کە هی کێیە، پێش ئەوەی تەعبیر لە هەرشتێ بکات، یەکسەر تەعبیر لە زەوقێکی ترشاوو ناهونەری دەکات! جا کاتێ لە پێناوی هەدەفێکی سیاسیدا، تەواو کوێرایت دادێ و چاوت شتی قۆڵاو ناقۆڵای بۆ لێک جیا ناکرێتەوە، کاری دیزان و زەوقی هونەری جوان غائیب ئەبێ، ئەنجامەکەی ئەم کارە نەدیوبدیانەیەی لێ دەکەوێتەوە، کە هیچ، نە سیمایەکی شارستانی ونە مەدەنی پێوە دیارنییە. ئەمە نمونەیەکی باشە بۆ ئەوەی بزانین کە ئەگەر خۆت لەبارتا نەبوو، ئەوە هەموو سەمان و پارەی دنیا ودەسەڵات، ناتکات بە خاوەنی زەوق و سەلیقەی جوان. خۆ بە زۆر نییە گیانە! دوای ئەوە کەی خۆشیرینکردن بەم هەموو ناشرینیەوە دەکرێ؟ بۆیە ئەم هەڵپەکردنەی (بنەماڵە چەکدارەکە) تا ڕادەیەک جێی پێخەنینە هەتاکو رەخنەی جدی. ئەڵێی نازانن کە بەم کارە عەنتیکانەیان چەنی ترخۆیان ناشرین کردوە و خەڵکیشیان بێزارتر کردوە. دەکرێ بپرسین: باشە ئەی دوای ئەمە چی؟
لە وانەیە لە مەرحەلەی داهاتودا، پارتی هەر بە زەبری قۆناغ و شەق، هەر ئەندام پەرلەمانێک سەرو تیشێرتێکی بارزانیان لەبەر بکا! بۆنا؟ دەبا کەسێک پێم بڵێت کە چی مانعە و ناهێلێ ئەم کارەیەیان بۆ بچێتە سەر؟ ئەوە پەرلەمانەکە، کۆمەڵێ دەستبەتاڵ و بێ دەسەڵات کاتی تیا ئەکوژن ومەعاشی پێ وەردەگرن. ئۆپۆزیسوۆنەکانی ناو هۆڵەکەش!!! "جارێ.. مناڵیان وردە.."
وە ئەگەریش هەندێ کەسی تر پێیان وایە کە ئەو وێنە پان وبەرینەی مەلا بارزانی بۆ پێ رابواردن وئیستفزازکردنی ئەندامە ئۆپۆزسۆنەکانی ناو پەرلۆمانەکەیە، ئەوە بڕوابکەن ئەندامانی(ئۆپۆزسوێن) بە سوکایەتی وا زەبەلاحدا گوزەریان کردوە کە ئەو رەسمەی بارزانی لە چاویا رەسمی سەردەفتەر نفوسیش نییە. ئەوان وەها راهاتوون لەسەرئەو نەوعە ئستفزازانە، هەرسوایان بووەتەوە. ئەوە سێ ساڵە بودجە بەلایاندا تێدەپەڕێ، هیچ حسابێکیش بۆخۆگیڤ کردنەوەکانیان ناکرێ، دواجار خشپ دەچنەوە لەسەرکورسیەکانیان عاقڵ عاقڵ دادەنیشنەوە. هەتا سوکایەتیەکی تر، لەبەرخۆیانەوە، بەحەیران، دەڵێن "خۆ ئەگەرهیچ دیفاعمان لە سامانی دزراوی ئەو شەعبە مەزڵومەومەحرومە پێ ناکرێ، باهیچ نەبێ نانی خۆمان نەبڕین، ئاخر.. مناڵمان ووردە !!"
رەشۆڵ
[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە