پەکەکە دەوڵەتی ڕاستەقینەی لە قەندیل هەیە

Sunday, 07/04/2013, 12:00

1729 بینراوە







پێش ناوەرۆك:
زۆرجار لەناو کۆڕو کۆبونەوە کوردیەکان، لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن، لە جێگەی تری جیاواز وەك ڕۆژنامەنووسێك و مامۆستای زانکۆ ئەم پرسیارەم لێکراوە:
ئایا کەی هەرێمی کوردستان دەبێت بە دەوڵەت؟ وەیان کەی دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنرێت؟
هەمان وەڵام لەم ووتارەشدا بۆ ڕای گشتی دووبارە دەکەمەوە.
(هەرکات هاوڵاتی هەستی یەکسانی بەهاوڵاتی بوونی خۆی کرد ئەوکات دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنرێت، وەیان بە شێوەیەکی تر هەرکات تاکی کورد لە ناخەوە هەستی کرد ئەم پارچە زەویەی کە ئێمە لەسەری دەژین و یەکیەتی و پارتی لە ئێستەدا حوکمڕانی دەکەن وڵاتە ئەوکات دەوڵەت بوون زۆر ئاسان دەبێت).
بەڵام ئایا ئەو دوو هەستە لە ئێسەدا بوونی هەیە؟ ئایا ئێستەش ئینتیمای حیزبی زاڵ نی یە بەسەر تاك بە تاكی ئەوەی پێی دەوترێت وەزارەت؟ ئایا هاوڵاتیان لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون مامەڵەیان بۆ ڕای دەکرێت؟ ئایا هاوڵاتیان حیزب و حکومەتیان پێ لەیەکتر جیا دەکرێتەوە؟ ئایا چەند بەناو بەرپرسێك یەك بگرن حساب بۆ حیزبەکەی خۆشیان و حکومەت دەکەن؟! ئایا بەرژەوەندی گشتی کوردستانی گەورە لە چەند باخەڵێکدا کورت نەکراوەتەوە؟ ئایا فکر نەبووەتە ڕێگر لە دوور کەوتنەوەی ئەو ڕاگەیاندنە؟ ئایا هۆشیاری خەڵکی لەو ئاستەدایە وەك گەورەی وڵات بیر بکاتەوە؟ ئایا بەرژەوەندی تاك بە تایبەتی هەندێك لە سەرکردەکان نەدراوە بەسەر وڵات و هەتا ویژدان و کەرامەتی خەڵکیدا؟!
ئێستەش کۆمێنێك لەسەر ٣١ی ئاب بنوسی سەدان کەس بە گژتا دەچێت و جوێنی پیس و ناشرین دەدەن، هەروەك چۆن پاساویش بۆ ئەو خیانەتە گەورەیە دەهێنرێتەوە. وەیان ٦٦و هاوشێوەکانی، یانی هێشتا کەسانی حیزبی کە پانتایەکی گەورەی جەماوەری گرتۆتەوە لەسەر بنەمای کوردستانی بوون پەروەردە نەکراوە، کوردستان بە قوربانی مام جەلال دەکەن! عەقڵی بارزانی لەسەروی پەرلەمانیشەوە دەبینن!!! هەربۆیە بە ڕوونی دەگەین بەو بڕوایەی هێشتا ئەقڵیەتی دەوڵەتداری لە باشوردا بوونی نی یە، ووڵات دابەشکراوە بەسەر دوو حیزبدا، هەر ئەو دوو حیزبەش هەموو شتەکانیان بەستووە بە دوو کەسەوە، باشە مام جەلال وا ئەم جارەش گەڕایەوە، چەند ساڵێکە بە گۆچان دەڕوات بەڕێوە وا چەند ساڵێکی تریش بە دارشەق ڕۆیشت خۆ هەر دەبێت بمرێت... چۆن دەکرێت چارەنووسی گەلێك بە کەسێکەوە ببەسترێتەوە؟! وا بارزانیش بە زەبری زێرەڤانی و زەبری پارە چەند ساڵێکی تریش بەردەوامی هەبوو...چۆن دەکرێت تۆ گەلێك بە قوربانی چەند کەسێك بکەیت!!! عەقڵیەتی دەوڵەتداری کەی وا دەبێت، ناتوانم ئەو وتەی باپیرم ئەحمەد هۆرێنی لەبیر بکەم لە کاتی هێرشی ڕاگەیاندن و سەروبەندی ناکۆکیەکان لەکاتی هێزی دیجلەدا لێم پرسی باوە ئەحمەد بۆچونی تۆ چی یە لەسەر ئەو هێزە؟ ئەویش ووتی بە بڕوای من گەر بێت و ئەوان هێرش بهێنن ئێمە بە ئاسانی دەیان شکێنین چونکە کورد لە شۆڕشدا زۆر زیرەکە بەڵام دواتر کە شۆڕشەکەشی بردەوە نازانێت بەڕێوەی ببات!.
کورد لە ئێستەدا عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی پێویستە نەك تەنها هێزی چەك و ئەویش دابەشکراو بەسەر پارتی و یەکیەتیدا!.
لەسەرەتای حوکمڕانی تۆنی بلەردا ئێمە لە بەریتانیا بووین تا لەسەر حوکمیش لابرا باشترین خزمەتگوزاری هەبوو، لە بوارەکانی ژیاندا، تەنها هەڵەیەك کە کردی شەڕی عێراق و ئەڤغانستان بوو، گەلەکەی پاساویان بۆنەهێناوە! ناچاریان کرد دەربچێت پێش تەواوکردنی وادەی خۆی! کە بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی بەریتانیادا سەرۆکێك بەبێ هەڵبژاردن بچێتە سەر حوکم کە ئەویش گۆردن براون بوو، بەهۆی دەرکردنی تۆنی بلەرەوە، دواتریش تۆنی بلەر تا ئێستەش کیشەکەی لە دادگادایەو حیزبەکەشی بەو هۆیەوە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا...
بۆ تەنها هەڵەیەکی تۆنی بلەر کە زۆر پاساویشی هەبوو بۆی...خۆ ئەو دەستی لەگەڵ دوژمنیشدا تێکەڵ نەکرد! بەڵام ئەو شەڕە لە بەرژەوەندی گەلی بەریتانیدا نەبوو، کەچی هەندێك لە سەرکردەکانی ئێمە ئەوەی لە خوێنماندا بە دوژمنی کوردی ناسراوە دەستی لەگەڵ تێکەڵ دەکات گەنجی خوێن گەرمی وڵاتەکەی خۆی پێ دەکوژێت، سەروەتەکەشی دەداتێ، کەچی هەر چەپڵەی بۆ لێ دەدەن!!! باسکردنی تاوانە بەڵام کردنەکەی شانازیە! دەبێت ئێمە ژمارەی ٦٦ لەناو بیرکاریدا دەربهێنن و مانگی ٣١ لە ساڵی میلادیدا.
ئەوە دوو ژمارەن کە لەگەڵ خوێنی هاوڵاتیدا تێکەڵ بوون، بەڵام بە بڕوای ئێمە تاوانەکانی دوای ئەو بەروارانە زۆر لەو بەروارانە گەورەترن.
هەربۆیە تا هاوڵاتی هۆشیاری نەگاتە ئەو ئاستەی بەرژەوەندی گشتی پێش شەخسی بخات و لەو پێناوەدا هەوڵی نەدا ئیتر دەوڵەتی چی، لە باشوردا زۆر بەداخەوە دەڵێم عەقڵیەتی ٩١ زۆر لە پێشتر بوو لە ڕووی دەوڵەتداریەوە تا ئێستا، چونکە تا ئەو کاتە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژیاین پێی دەوترا عێراق بەڵام دواتر خۆمان لە ژێر سەوزو زەردا دەبینیەوە.
ئەوەی سەدام بەناوی حکومەتیشەوە دروستی کردبوو بەو دیکتاتۆریەی خۆشیەوە، کەچی لەژێر ناوی دیموکراتی و نیشتیمانی بووندا بەسەر کەسانی حیزبیدا دابەشکرا...
لە سەدا پێنجێك بەشی هەمووی عێراقی دەکرد ئێستە لە سەدا حەڤدە تەنها بۆ کوردستان بەس نی یەو هیچ کەناڵێك نی یە بە گریانی هەژارەکان ڕۆژانە نەمانگرێنن.... جگە لە سەروەتی ناوخۆی و کاری ئازادی هاوڵاتیانیش ئەگەر ئەمە قۆرخکاریەکی زۆر بێ ئینسافیانە نیە چ لێکدانەوەیەکی تری هەیە...
ئێستە من لەسەر کۆمپیوتەر دانیشتووم ئەم ووشانە تایپ دەکەم بەبێ ئەوەی پێشتر نوسیبێتم، گەر لەبەرکات کوشتن نەبێت دەتوانم بەقەدەر یەك دکتۆرا نامەی لەسەر بنووسم تەنها ئەوەندەی لە مێشکمدا گەڵاڵە بووە بەبێ سەرچاوەش...
هەربۆیە بە کورتی و کوردی و پوختی ئەم ئەقڵیەتە حیزبیە تەسکەی ئێستە لە باشوردا هەیە ئەقڵیەتی دەوڵەتداری نی یە، تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی و سەروەریە گشتیە نەتەوەییەکان لە کەسەکان جیا نەکرێتەوەو ئاستی بەڕێوەبردن و یەکسانی لە دام و دەزگاکاندا پەیڕەو نەکرێت.

پەکەکە دەوڵەتی ڕاستەقینەی لە قەندیل هەیە
دەوڵەت بەبڕوای من تەنها بەخاك دیاری ناکرێت، چونکە زۆر خاك هەیەو دەوڵەتیش نی یە هەتا کەسیشی لەسەر ناژی.
بە مرۆڤەکانیش دیاری ناکرێت، چونکە مەلاین مرۆڤ هەیەو دەوڵەتیشی نی یە.
بە ئاڵاش دیاری ناکرێت، چونکە زۆر ئاڵای بێ دەوڵەتیش هەیە.
بە زمانیش دیاری ناکرێت، چونکە زمان هەیەو خاوەنیشیان بێ دەوڵەتن.
بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش ناکرێت، چونکە زۆر وڵات نەتەوەیەکگرتووکانیش دانیان پێدا ناوەو زۆر لە ئاستی جێگەی تر کەمترو ناشایستەترن، کەواتە ئەمەش زیاتر سیاسیە وەك لەوە دادگەری و ستاندارد بێت.
دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتای ئەم ووتارە کە ووتمان:
(هەرکات هاوڵاتی هەستی یەکسانی بەهاوڵاتی بوونی خۆی کرد ئەوکات دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنرێت).
لە قەندیلدا ئەو یەکسانیە زۆر بە ئاشکرا ڕەچاو دەکرێت، هەمووی گەریلایەو شێوە جلێکی لەبەردایە، جیاوازی لە نێوان بەرپرس و گەریلایەکی ئاسایدا نی یە، لە جلدا یەك شێوازن، لە هەڵسوکەوت و خزمەتکردندا یەك شێوازن، لە هیمەت و کارکردندا یەك شێوازن، هەمووی لە کارەکانی خۆی بەرپرسانە مامەڵە دەکات، ئەوەی ئەرکی پاسەوانی پێ سپێردراوە خاڵەکەی خۆی بەجێ ناهێڵێت و بە ووریایەوە پاسەوانی خەڵکەکە هەمووی بە گشتی دەکات، نەك تەنها بەرپرسێکیان بەڵکو هەمووی دەکات، ئەوان زۆر پرۆفیشناڵانە کارەکانیان بەجێ دەگەیاند، هەر لە خاڵی دەستپێك و چوونە ناو سنوری من بە دەوڵەت ناوی دەبەم دەوڵەتی قەندیلەوە، پرسگەکان داوای کارتی ناسنامەیان لەکەس نەدەکرد بەڵام بە ڕێزەوە پرسیاریان دەکرد، لەبری خوێندنەوەی ناسنامە دەموچاوی کەسەکانیان دەخوێندەوە، بەڕێزەوە فەرموویان دەکرد لەگەڵ خەندەدا، پۆلی پێشوازی هەریەك وا هەستی خۆی دەردەبڕی وات دەزانی تەنها بۆلای ئەو ڕۆشتوویت، دواتر تەنزیم و کاری ڕێکخراوەییان زۆر پێشکەوتوانە بوو، هیچ شتێکیان لە حیزبە کوردیەکانی باشوور نەدەچوو پرۆفیشناڵی بە کارەکانەوە بە ڕوونی تێبینی دەکرا، بە شێوازێکی سادەو دڵخۆشکەر، هیچ پێداویستیەك نەبوو لەو شاخەدا دەستەبەر نەبوو بێت، شارەوانیەکی زۆر پاك و کارایان هەبوو، هەموو ئەو خەڵکە بەبێ کێشەو باشترین نانیان پیشکەش کرا، نەتدەزانی تۆ میوانی پەکەکەی یان یەك بە یەکی گەریلاکان، ئەوە نەبوو مەسول پێش خەڵکی نان بخوات یان جێگەی جیاواز بێت، هەروەك چۆن لە جلەکاندا یەك پۆش بوون لە کارەکانی تریشدا بەهەمان شێوە، کارەکان هیچی دوانەدەخراو لە کاتی خۆیدا دەکرا، ڕاگەیاندنێکی زۆر کاریگەری و خێرایان هەبوو، جگە لە کەناڵە ئاسمانیەکان ئەو ووشانەی کە دەوترا کەسێکیان بە خێرای و ڕاستەوخۆ لە کۆمپیوتەردا دەینووسینەوە، کاری هونەریان ڕێکخستنێکی کارای پێوە دیار بوو، هەریەکەو ناوی خۆی هەبوو لە کاری خۆیدا ئامادەی سەر تەختی پێشکەش کردن دەبوونەوە، هەربۆیە زۆر جێگەی خۆیەتی ئەو کەسانێك لە باشور بەناوی هەم هونەرو کوردایەتیەوە زیانی گەورەیان بۆ دۆسیەی کوردو کورد خۆشی گەیاندووە، نەیان توانیووە هونەرەکەیان بەشێوەیەکی ئوسوڵی و ڕەچاوکردنی ئەو کەلتورە جوانەی کە کورد هەیەتی بپارێزرێت.
ئەوەی خەڵکی خەمی دەخوا لە ڕۆشتنی بۆ شاخ و پیداویستیەکانی هیچ شتێك نەبوو لەوێ جێگەی خەم بێت و هەمووی بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە ئامادەکرابوو.
ئێمە ئێستە لەناو شارداین و ڕۆژانە کارمان بە فەرمانگەو زۆرجێگە دەکەوێت بەڵام ئەو هەستی دەوڵەتداریە من خۆم بۆ خۆم نیمە،ئەویش لەبەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە باسمانکرد.
بەڵام لەوێ هەستم دەکرد مامەڵە لە گەڵ ووڵاتیدا دەکەم نەك چەند گەریلایەك و لە قەندیلدا.
ئەو ئەقڵیەتەی لە قەندیلدا هەیە ئەقڵیەتی دەوڵەتداریە جگە لەوەی قەندیل خۆی بۆ خۆی دەوڵەتە.
لێرەدا وەك بەرپرسیاریەتیەکی وێژدانی ئەو ووشانە دەنووسم و لەگەڵ هەندێك ڕەخنەشم لە پەکەکە کە تا ئیستە ئەو فەراغەی تێدایەو کە ئەویش لاوازی ئینتیمای دینیە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشایەدان و ئەزموونی ڕابردوو بۆی دەرخستوون کە ئەم گەلە ناکرێت لە دین دابڕنرێت و لە کاتێکدا ئیسلام بە ئارەزوومەندانە لەلایەن کوردەوە هەڵبژێردراوەو ئێستە لەگەڵ ئەو هەموو چەوسانەوەو دژایەتی کردنی دینەش خەڵکی لە پێشی هەموو شتێکیەوە دادەنێت و ئەوەی پێی دەوترێت کوردایەتی ئەوان بە بەشێك لە دینەکەشی دەزانن.
بەبڕوای من ئەم بۆشایە گەر بەچاکی پڕبکرێتەوە ئەو دەوڵەتە چەندجار بەهێزتر دەبێت و ئاوی دڵی زۆرینەش دەداتەوە.
هەندێك کەسی نەفام و کاڵ فامیش لەژێر ناوی کوردایەتیدا بە دژایەتی کردنی دین بەبڕوای من زیانی گەورەیان لە دۆسیەی کورد داوە، چۆن چاوەڕێی خەبات لە کەسانێك دەکەیت و دژی بیروباوەڕیشیان ببیتەوە.
هەربۆیە من ئومێد دەکەم ئەو ئەزموونەی حیزبەکانی باشور لە ژێرناوی عەلمانیەت و دژایەتی کردنی دین و ڕێگریەکان کردیان پەکەکە هەر لە ئێستەوە حسابی بۆ بکات.
ئەوکات چ کێشەیەك دەبێت لەوەی دەوڵەتێکی مەدەنیەت دابمەزرێت، وڵاتانی تری ئیسلامی کەی ئیسلام ڕێگر بووە لە نەبوونیان بە دەوڵەت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو ڕۆحیەتە گەورە دینیە لەناو ئەندامەکانیدا هەیە لەبەرەو پێشچوون و بوون بە دەوڵەت بەهیچ هێزێك ناپسێت و مێژووش گەواهی ئەو ڕاستیەی داوە.
کۆتای بەوە دەهێنم هیوادارم هەروەك چۆن هاوڵاتیان بەسەر حیزب و ئینتیمای شەخسدا دابەشکراوە هەموو ئەمانە ئەزموون بێت بۆ پەکەکە، بۆ من لێرەدا ئەمە دەڵێم چونکە زۆر لە پێشچاوم ڕوونە ئەو دەوڵەتەی کە پەکەکە لە قەندیل هەیەتی بە گشت پارچەکانی کوردستاندا تەشەنە دەکات و ئەم ئەقڵیەتە تەسکەی ئێستەی هەیە لەگەڵ مردنی چەند کەسێکدا ئەوانیش لە چاڵ دەنرێت.

عومەر عەلی/قەندیل
www.omarali.co.uk


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە