سی و یەكی مانگ

Tuesday, 31/08/2010, 12:00

1453 بینراوە


ئەو دارەی دەمێك بوو هەزارانی هەرێمی قەرقستان هیوای خۆیانیان پێ هەڵواسی بوو و بەتەما بووم چرۆ دەربكات و لەبەر سێبەرەكەی بحەسێتەوە. لەپڕ توشی دەردێك بوو 1996 گەڵای زەردی وەری. ئێستاش هەرچی پیری مەتیقە هەیە نەیانزانی ئەو هەموو گەڵا زەردەی ئەم پیرە دارە بۆ وەری. هەندێك ئەو دارەیان بە پیرۆز دەزانی و پەڕۆی سەوزیان پێ هەڵواسی بوو. هەندێك كە ددانیان دەهێشا دەچوون بزمارێكی ژەنگاوییان لێ دەدا بەهیوای چاكبوونەوە.
ئەوەی گاڵتەی بەم هەڵاو بەزمە دەهات مام لوقمانی پور حەلاو بوو. مام لوقمان رۆژێك تەنیا وتبووی ئەو پیرە دارە خێری نییە، ئێستاش نەمانبینیوە. ئەوێ رۆژێ چەند هەنگاوێك لە دووری ئەو پیرە دارەوە منداڵێكی ژیكەڵانەم بینی بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە پاڵی بە تاشە بەردێك دابوو، لەبەرخۆیەوە دەیگوت"ئاخر پیرۆزی ئەم پیرە دارە رووتە لە كوێیە خودایە! بابم تەنیا گوتبووی ئەو دارە پیرۆز نییە، ئێوارەیەك حەسحەسەكان هاتن و لەماڵ بردیان، هەتا ئێستاكێ نەماندیتەوە"
خوا پێم نەگرێ لە هەندێكم گوێ لێبووە رۆژێك خاوەنی دارەكە كفرێكی زۆر گەورەی كردووە، بۆیە خواش لە تۆڵەی ئەو كفرە وای لێ كردووە. ئاخر ئەوەی ئەو خەڵكەی توشی سەرسوڕمان كردووە ئەوەیە خاوەنەكەی ئێستاش پێیوایە وەرینی ئەو هەموو گەڵایە سەروەرییەكی گەورەیە بۆ بنەكاڵەكەیان، چونكە هەر لە كۆنە داپری باپیری ئەو پیرە پیاوەی ئێستا خۆی بە خاوەنی دەزانێ ئەو دارەی رواندووە.
رۆژێك بە سودفە رێم كەوتە هەرێمی قەرقستان وبەلای ئەو دارەوە گوزەرم كرد. پیرە پیاوەكەم بینی لەولاوە دەسەسڕێكی دانابوو دەرۆزەی دەكرد. ئەو ئاماژەی بە پیرە دارەكە دەكرد و دەیگوت "ئەوە نیعمەتێكی گەورەی خودایە و نیعمەت بەخشیشە، ئەوەی شتێك لەسەر ئەم دەستەسڕە دانێ خوا نیعمەتی بەسەردا دەبارێنێ!"من ئێستاش نەمبینی كەسێك بەهۆی ئەم پیرە دارەوە نیعمەتێكی بەسەردا باریبێ، كەچی ئەو خەڵكە هەموو رۆژ وەكو شانە هەنگ دەورەی ئەو پیاوەیان داوە و گوێی بۆ ئەگرن.
ئای لەودارە شومە ئاااای. وای لە گەمژەیی ئەم هەموو خەڵكە وااای. هەرچی داری دونیا هەیە خەڵك میزی لەژێر دەكا، كەچی لەم هەرێمی قەرقستانە خەڵك ئەو پیرە دارە بێخێرە دەپەرستن. ئاخر دارێكی بێبەری رووتوقوت كوا شایانی تەماشا كردنیشە نەك پەرستن؟! خۆ ئەو دارە هێندە رووتە سێبەر لە لقەكانی خۆشی ناكات. هەر رێبوارێك بەو هەرێمەدا تێپەڕیبێت گاڵتەی بەو خەڵكە كردووە كە بە سالأ بەدیار قسە هەڵەقومەلەقەكانی ئەو پیاوە دەوەستن و بەبێ جوڵە گوێی بۆ دەگرن، پێیانوایە ئەوە كەشتیی نەجاتیانە. كەچی هەرچی جوانی هەیە فەرامۆشیان كردووە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە