مەلا بەختیار لە زیندانەکەی گوندی یاخسەمەر (بەشی دووەم)

Friday, 30/12/2011, 12:00

2367 بینراوە


مامۆستا جەمال تاهیر ناوی نهێنی ڕێکخستنی (سەرکەوت) بوو لە کۆنفرانسی دووەمی کۆمەڵەدا دەنگێکی زۆر دەهێنێ، تاڵەبانی لە کۆتایی کۆنفرانسەکەی کۆمەڵەدا بە  بە هێمنی و لەسەرخۆ دەمامکەکە لەسەر  مامۆستا جەمال تاهیر لا دەبات بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە بۆ شار، دەبێتە ئەندامی ناوەندی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان.
لە گوندی توتمێی دۆڵی بالیسان بووم، تازە خوا کۆڕێکی بە مامۆستا جەمال دابوو، خێزانەکەی لە سلێمانییەوە دەستێک جلی شاڵیان بۆ ناردبوو، وا بڕیار بوو خێزانەکەشی بگاتە لای و کۆرپەکەی ناو بنێ، من و شێخ بەکری ئامۆزام و نەهرۆی برای کاک بەختیار گەیشتینە گوندی تۆتمێی دۆڵی بالیسان، کاک بەختیار لە مەفرەزەکەی مامۆستا جەمال تاهیردا ناوی (دلاوەر) بوو، بەو پێیەی کاک بەختیار کە دەچێتە ناوەندی کۆمەڵە ساڵی 1981ڕوخساری لە شەهیدێکی کۆمەڵە دەچێت بە ناوی (دلاوەر) لەو ساتە وەختەوە کاک بەختیار بۆ پڕکردنەوەی ناوی ئەو شەهیدە ناو دەنێن (دلاوەر) .
ئەو کوڕەی مامۆستا جەمال چاوەڕێی دەکرد ناوی (کاروانە) گەر هەڵە نەبم بەداخەوە وەک بیستوومە ئیستا جێگری کەسێکی پارتییە لە دامەزراوێکی داتاشراوی حکومەتی هەرێمدا. هیوادارم، کە وانەبێت.
لە مزگەوتەکەی توتمێ سفرەیەکی نایابی خواردنی سلێمانی ڕازابوەوە، مامۆستا جەمال تاهیر بە زمانێکی کۆمەڵە ئاساوە باسی دواڕۆژێکی نزیکی سەرفرازیی و ئازادی گەلی دەکرد، کاک (مژدە) سایەقی سەیارەکەی مامۆستا جەمال تاهیر بوو، کۆڕیک بەنای جەبار داوای لە مامۆستا جەمال کرد ببێتە شۆفێری، پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی هەبوو لە مەڵبەندی 4 ی یەکێتی، مخابن مامۆستا جەمال لە توێتایەکی دەبڵ کابینەدا لە هەڵبەز و دابەزی جادەی بالیساندا وەرگەڕا، ئەرسەلان بایز و عەلی بچکۆل و جەمیل هەورامی، کە تازە موچەی مانگانەی نابیناکانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هێنابوو بە سووکی بریندار بوون، مامۆستا جەمال تاهیریش شەهید بوو.
لە مەراسیمی ناشتنی شەهید مامۆستا جەمالدا، تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و شەهید سەید کەریم و سالار عەزیز لەوێ بوون، ئەی مەلا بەختیار ئەو کاتە تۆ لە کوێ بوویت؟

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا ئەنیشخەدە
٢٩-١٢-٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە