نەوشیروان مستەفا

Monday, 08/04/2013, 12:00

2449 بینراوە


پیاهەڵدان یان بە تۆبزی گەورەکردنی کەسایەتیەک کە لە قەبارەی خۆی زیاتر بەسەریدا شیعرو شانامەی بۆ بهۆنرێتەوە لەلای هەرکەسێکەوە بێت دەبێتە ماستاوکردن و دەم پانکردنەوە هەر کەسێک ئەم نۆرمە پیادە بکات هەم نرخی خۆی زەڕبی سفر دەکات و کەسی پیاهەڵدراویش دەخاتە کونە نادیارەکانی مێژوەوە و لای زۆرینەی خەڵک نابووتی سیاسی دەکات گەرچی کەسەکەش لەبزاڤی بەرەنگاربوونەوەدا لەبەرامەبەر داگیرکەردا ڕۆڵی سەرکردەیەکی بزێوی کەلەڕق و گەردن پاکیشی پیشان دابوبێت.

بۆ ئەوەی کەسایەتی خۆمان وەک خۆی ڕابگرین مەجبوکراوین خۆمان لەو هەرچی و پەرچیانە جودا بکەینەوە کە شەوڕۆژیان خستۆتە سەریەک و خەریکی نووسینی بابەت و ووتارن بەسەر ئەو سەرکردە نابوتە خیانەتکارانەدا کەوەک قارەمان پێناسەیان دەکەن ، ئەو قەڵەم نابوتانە لەبەرامبەر بڕێک دۆلاردا خائین دەکەنە شۆڕشگێڕو ، ئاشبەتاڵت لێدەکەنە هەرەس و سەرکردەی گەندەڵیشت لێدەکەنە مەسیحی عەزرا ، برادەرێک بۆی گێڕامەوە و ووتی ئەوانەی بە شانوباڵی ئەو سەرکردانەدا شانامە دەنووسن لە ماڵپەرو ڕۆژنامە حیزبیەکاندا وا دەزانن دوای ١٠ دەقە لە بڵاوبونەوەی بابەتەکەی کەسی مەبەست کلیک لەسەر نوسینەکەی دەکات ، بێ خەبەرن لەوەی پیاهەڵدراوەکە شەوانێکی درەنگ بە مەستی دەگەڕێتەوە و هێندە نامۆیە بەدنیای ئەنتەرنێت یەکێک لە منداڵەکانی ئەنتەرنێتەکەی بۆدەکاتەوە .

بەدەیان جار لەشاخدا نەوشیروان مستەفام بینیوە ، من پێشمەگەربووم و ئەویشم تەنها و تەنها وەک پێشمەرگە سەیر کردوە و لە هیچ ساتێکیشدا نە ئەو خۆی وەک سەرکردە نمایش کردوە و نە پێشمەرگەکانیش تووشی دەم لەرزین بوون لە ئاستیدا خۆشی ئەوەی قبووڵ نەکردوە جا هەر پێشمەرگەیەکیش توشی هێستریابووبێت خۆی کەسایەتیەکی لەرزۆک بوەو و ئەوی وەک بت تەماشا کردوە. ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ پێشمەرگەیەکی برادەرمدا چووین بۆلای نەوشیروان مستەفا، ناوەندی کۆمەڵە لە بەرگەڵووبوو ، لە تەنیشت مقەڕی پێشمەرگەکانی ناوەندی ، نەوشیروان مستەفا ژورێکی گچکەلەی بە پانی و درێژی ٢ مەتری هەبوو کە بەتەنها خۆی لێی دادەنیشت ، لەناوەڕاستی ژوورەکە زۆپایەکی داری بچووکی تێدا بوو ، قۆریەک چای دەم نابوو لەسەر زۆپاکە ، لەسەر بابەتێک قسەمان

لەگەڵ کرد و ئەویش ٢ چای بۆ تێکردین ، پاش ئەوەی وەڵامێکی کورت و پوختی داینەوە ووتی کە چاکەتان تەواوکرد خواتان لەگەڵ.

نەوشیروان مستەفا هەمان ئەو پیاوە کورت بێژەی جارانە وەک لە چاوپێکەوتنەکەی لە بەرنامەی ڕووبەڕووی کەناڵی کەی ئێن ئێن ڕۆژی ٢ شەمەی ١-٤ -٢٠١٣ پەخش کرا، ئەوەی کە لای زۆرێک لە نوسەرە بوێرەکان جێی سەرنج بوو نەوشیروان مستەفا لەبری خیانەتی مێژوویی دەستەواژەی هەڵەی مێژووی بەکار هێنا وەک زاراوەیەک بۆ ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ و ٣١ ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ کە بنەماڵەی بارزانی لەدوو زەمەنی جیاوازدا بەسەر خەڵکی کورستانیاندا هێنا ،هەڵەی مێژوویی وەک نەوشیروان مسەتەفا درکاندی : هەڵەی ململانێی نێوان دوو کەسی بازرگان نیە لەسەر دابەشکردنی قازانج ، دیسانیش هەڵەی شەری نێوان دوو خێل نیە لەسەر قەیاغەی دارودەوەنی دوو شاخ یان دوو پارچە زەوی ناو گوند ، هەروەها هەڵەی نیوان دوو برا نیە لەسەر میرتاگری ، تا بە نێوانگری دوو پیاو چاکی خاوەن پلەوپایە لە کۆمەڵگای کوردیدا هەموو ئەم هەڵانە ساڕێژبکرێن و لە دیوەخانێکدا دوو تەرەفی ململانێکە ماچومووچی یەکتر بکەن.

ئەوەی نەوشیروان مستەفا باسی کرد هەڵەی مێژوویە ، هەڵەی مێژوویش تایبەتە بە مێژووی نەتەوەیەک کەئەم هەموو خیانەتانەی بەرامبەرکراوە ، زاراوەی هەڵەی مێژووی بەبەرداکردنی کاڵای شەرمەزاریە بۆ ئەو هێزانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دەربازکردنی بنەماڵەکەیان سازشیان بۆ دوژمان و داگیرکەرانی کوردستان کردوە تا بنەماڵەکەیان ببنە سەردارو سەرۆکی کورد وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین لە باشووری ووڵاتدا ، ئەوەی هەڵەی مێژووی ١٩٧٥ی کردووە لەبری ئەوەی لە ووڵات دەربەدەر بکرێت بۆتە سەرۆک و گەمە بەچارەنووسی هەموومانەوە دەکات ، ئەوەی هەڵەی مێژووی هێنانی سوپای داگیرکەری بەعسی کرد لە ٣١ ئابدا بۆتە مۆتەکە و بڕیار لەسەر چارەنووسی هەموومان دەدات.

خۆ هێنانی هێزی زێرەڤانی بۆ داگیرکردنی گردەکە لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتدا درێژکراوەی هەمان هەڵەی مێژوویی ساڵی ١٩٧٥ و ٣١ ئابی ١٩٩٦ بوو ، بەس چونکە نەوشیروان مستەفا خۆی لەگردەکە بوو لە چاوپێکەوتنەکەدا هەر باسیشی نەکرد .

ڕزگار ساڵح

هۆڵەندا ئەنیشخەدە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە