عێراق دوای هەڵبژاردن و قۆناغێكی تری خەباتی نەتەوەیی كورد

Sunday, 21/03/2010, 12:00

1416 بینراوە


كاتێك لە منداڵیدا هەڵماتێنمان دەكرد زۆرجار ئەو كەسەی كە بیدۆڕاندایە دەیگوت گزیتان لێ كردووم و ئەگەر لە توانایدا بوایە مووشەكەی خۆی دەفڕاند و دەیگوت كۆستەڵەیە واتە حساب نیە، دیارە هەندێ جار شەڕ و ئاژاوەشی لێ دەكەوتەوە.
خۆ ئێمەش دەزانین برایانی عەرەب زۆریان گزی كەرن كەچی یاریشیان لەگەڵدا دەكەین.
ئایا كاتی ئەوە هاتووە بیكەین بە كۆستەڵە؟ یان جارێ هەر لەگەڵیان ڕێك بكەوین وەك دەڵێ مووشەو بەگیم بدەرێ هەڵدەستم واتە واز دێنم؟
ئەو فاكتەرانە چین كە دەتوانن ڕێساكانی ئەم یاریە بگۆڕن؟
من دەڵێم كورد دەتوانێت بە یەك بوون، بەزانست، بە ئابووری بەهێز و كاركردن ڕێساكانی یاریەكە بگۆڕێت.
ئادەمیزاد هەمیشە مەترسی هاوبەش یەكی دەخات و ئەو مەترسیە دەیكات بە هاوسەنگەر، لەلای كوردیش بەدرێژایی مێژوو هەروابووە، كاتێك تەیارە دەهاتە سەرمان هەموو لەیەك كونە تەیارەدا خۆمان دەشاردەوە و كاتێك هێرشیان دەهێنایە سەرمان هەموو بەیەك دەست بەرهەڵستیمان دەكرد بێ گوێ دانە حیزبایەتی و ئاین و بیرو بۆچوون.
من لێرەدا دەمەوێ بە كاندیدە كوردەكان بڵێم ئێوە لە بەغدا هاوسەنگەرن، نەكەن هیچ كەس و هیچ هێزێك كەلەبەر بخاتە نێوانتانەوە، كێشەی كورد لە بەغدا هەر كێشە نەتەوەییەكان و كێشە چارەنووسسازەكانن كە بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان هەمان كێشەن و بەرژەوەندی حیزبایەتی لەوێ لە بەرژەوەندی كوردایەتیدا دەتوێتەوە و هەستی پێ ناكرێت، بۆیە ئێوە دەبێت خەباتی كوردایەتی بكەن، ئێمەش لەپشتتانین.
ئێمەی كورد بە تەریبی بە دوو ڕێگادا دەڕۆین، لەهەڵبژاردندا بەشداریمان كرد و خەباتی پەرلەمانی دەكەین، لەهەمان كاتیشدا كار دەكەین بۆ دروست كردنی ڕێگایەكی پان و بەرین بۆ جیابوونەوە و دروست كردنی دەوڵەت ئیتر ئەو ڕێگایە كەی تەواو دەبێت؟ ئەوە بەڕادەیەكی زۆر لەسەر خۆمان وەستاوە كاری بۆ بكەین.
خوێنەری ئازیز دڵنیام تۆش دەتوانیت بە جۆرێك كار و خەبات لەم ڕێگایەدا بكەیت بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەییمان.


www.taher.org

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە