نێچیرەڤان بارزانى، پارتى لە مۆمیاكردن رزگار دەكات؟!

Saturday, 19/12/2009, 12:00

1550 بینراوە


لێكدانەوەى: خێڵان بەختیار
مێژووى هەموو حیزبێكى سیاسیى هەر لە سەرەتاى لە دایك بوونەوە تا دەگاتە قۆناغى رزگارى، بەدەر نییە لە هەوراز و نشێوەكان، ئەمەش لە رووى پیلانى دەولى و ناوخۆیى، پارتیش وەك حیزبێكى كوردى گەر بڕوانینە مێژووەكەى هەر لە سەرەتاى (بارزانى) باوكەوە تا بەم قۆناغە دەگات، سەدان چیرۆكى ئەو هەوراز و نشێوەمان پێ دەڵێت. ئەوەى كە لەم لێكدانەوەیەدا دەمەوێت بیخەمە روو، گەڕانەوەى ئەو گەنجەیە (نێچیرەڤان بارزانى) كە بە كەلتور و رێبازى ئەو حیزبە پێگەیشتووە، كە لەم سەردەمەدا دەیەوێت حیزب بخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكى سەردەمیانە لە رووى پیادەكردنى ئەداى حیزب بۆ گۆڕانێكى نەوعى.

حیزب و ریفۆرم و گۆڕان!
گەر بڕوانینە هەردوو حیزبی دەسەڵات دەبینین گۆڕان و ریفۆرمیان پێ هەزم ناكرێت، پشتكردنە گۆڕان و ریفۆرم بە شێوە ئیجابیەكەى خۆى لە خۆیدا بێ ئومێدى دروست دەكات كە دواتر تەفریغى ئەو حاڵەتەش هەنگاو هەنگاو پوكانەوەى حیزبەكەى لێدەكەوێتەوە، سەرەنجام پاشەكشە لە رووى جەماوەر و دسەڵاتەوە دەبینن، گەڕانەوەى (نێچیرەڤان بارزانى) بۆ ناو حیزب و ریفۆرمكردن لە ناو حیزبدا، هەستكردنە بەو واقیعەى ئەمڕۆ كە دەبێت زەمینەسازى بۆ خۆ گونجاندنى بێتەدى، گەر بڕوانینە سەرەتاكانى پێگەیشتنى (نێچیرەڤان بارزانى) ئەوا دەتوانین بڵێین بۆ سەردەمى مامۆستاكەى دەگەڕێتەوە، كە بە كەسایەتیەكى سیاسیى ناسرابوو، ئەویش (ئیدریس بارزانى) باوكى كە بە ئەندازیارى ئاشتى ناسرابوو. هەرچەندە لە سەردەمى دوو ئیدارەییدا (نێچیرەڤان بارزانى) سەرۆكى حكومەت ئیدارەى هەولێر بوو. ئەو گەنجەى ئەمڕۆ كە بە جورئەتەوە پەنجە دەخاتە سەر ئەو كەموكوڕییانەى كە لە ناو حیزب و ئیدارەشدا هەیە، هەمیشە هەوڵدانیەتى بۆ بەرەوپێشخستن، تا گەیشتە ئەم ئاستەى كە توانى لەوكاتە بێ متمانەییەدا و یەكگرتنەوەى هەردوو ئیدارە، ئیدارەى كوردستان بەو شێوە بەڕێوە ببات.
نموونەى ئەنجامى هەڵبژاردنى 25_7 بەڵگەیەك بوو بۆ حیزبە كوردیەكان، بە تایبەت پارتى كە گۆڕان لە هەناوى كۆمەڵگا و ناڕازییان لە ئەداى حیزبەكانى خۆیان هاتە كایەوە، ئەمێستا ئەو هەوڵەى بۆ ریفۆرمى ناو پارتى دەدرێت قبوڵكردنى واقیعە لە لایەن (نێچیرەڤان بارزانی)ەوە دەیەوێت مامەڵەى لەگەڵدا بكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە پارتى لە داڕمان و مۆمیاكردنى بپارێزێت.

كاركردنى نەخشەى نێچیرەڤان و 63 ساڵ تەمەنى پارتى
دواى هەڵبژاردنەكەى ئەمجارە بە گشتى مشت و مڕێكى زۆر لە ناو ناوەندە جۆراوجۆرەكانى كۆمەڵگا و بە تایبەتى ناو خودى پارتى بڵاوە، كە گوایا پارتى بە تەواوى هەنگاوى گۆڕانكارى دەنێت و ئیدى ئەو پارتە دەست بەردارى تەواوى ئەو كەسانە دەبێت، كە لە رووى تەمەنەوە بوونەتە پیرى ئاخر شەڕى ناو دامودەزگاكانى پارتى و هەمیشە رێگرن لە ئاست هزرى لاوانى نێو ریزەكانى ئەو حیزبە. گەر بەم خوێندنەوەیە بێت دەشێت (نێچیرەڤان بارزانى) كار بۆ دامەزراندنى لە شێوەى ئەنجومەنێكى پیران بكات بۆ پیرەكان ناو پارتى، ئەمەش بەو پێیەى كە پارتى لە مۆمیاكردن بە دەستى پیرەكان بپارێزیت، هەرچەندە پیرەكان بەشێكن لە مێژووى هەوراز و نشێوى ئەو حیزبە، لێ ئەم سەردەمە پێویستى بە ئەقڵێكى سەردەمیانە هەیە و دەشێت پیرەكان لە دامودەزگا رەسمیەكانى حیزب دوور بخاتەوە، ئەمەش بەو مانایە نا كە ئیدى ئەوان لە نەخشە و رەسمى ئەو پارتە جێگا پەنجەیان نابێتەوە، بە پێچەوانەوە هەروەك حیزبەكانى ئەوروپا و ئەمریكا دەكرێت پیرەكان لە ناو پارتەكانیاندا هەمیشە دەوریان ببێت، زۆرجاریش باوە لە ناو حیزبە ئەوروپیەكاندا گەنجێك لە ناو دەسەڵاتى حیزبەكەى كارێك دەكات سەركەوتوو دەبێت، پاش ماوەیەك گەنجەكە دەزانێت كە ئەو كارە سەركەوتووە ئەقڵێكى پیرى لە پشتەوە بووە، ئەویش (فكرێكى سەلیم)، بەو واتایەى مەرج نییە هەموو پیرێكیش نەخشەى سەركەوتووى بۆ حیزب پێ بێت، كە زۆر جار لە ناو خودى پارتیدا هەندێ پیر جگە لە جێگرتن هیچ بەرهەمێكى بۆ حیزبەكەى پێ نەبووە و نەیانانتوانیوە وەك پیرەكانى ناو پارتە ئەوروپی و ئەمریكیەكان ببنە (مخەزرەم سیاسیى).
دواتر گۆڕانكارى لە ناو پارتیدا بەشێكى ترى كە ئەندامانى خوارەوە چاوەڕێى دەكەن ئەوەیە، كە ئەو نادادپەروەرییەى لە مووچەى ئەندامە باڵاكان و ئەندامەكانى خوارەوە هەیە، بە شێوەیەك لە شێوەكان نەمێنێت، خاڵێكى ترى چاوەڕوانى ئەندامان ئەوەیە كە ئەو رۆتیناتەى ناو دام و دەزگاى ناو پارتى هەیە نەمێنێت، هاوكات خاڵى سەرەكى تر و ویستى گشت ئەندامانى خوارەوەى ئەو حیزبەشە ئەو دیوارە پۆڵایینەى كە لە نێوان سەركردە و ئەندامانى خوارەوەدا هەیە، نەمێنێت، یاخود هەر نەبێ تەنك بكرێتەوە و بە ئاسانى داخوازى و رەخنەكانیان بگاتە شوێنى مەبەست بۆ چارەسەركردنیان.

مۆمیا دەكرێت، یا گەشە دەكات؟!
ئەو بەخۆداچوونەوەیەى هى پارتى كە چاوەڕوان دەكرێت لەسەر دەستى (نێچیرەڤان بارزانى) بۆ تەواوى دامودەزگا حیزبیەكان بێتە ئاراوە، لە دوورەوە بەدى دەكرێت كە جێگاى خۆشحاڵى زۆرینەى ئەمڕۆى هزرى گۆڕانخوازى فكرى سەردەمن، چونكە بە پێى كارەكانى چەند ساڵەى ناوبراولە بەڕێوەبردنى كارى ئیداری هەرێمدا، كە توانى ئەزموونێكى بێ وێنە بۆ خۆى تۆمار بكات، هەر لەم روانگەیەوەیە كە ئێستاكە لە دیدگاى ئەو هەنگاوانەوە كەسە حیزبەیەكانیش خوازیارن ئەو پەیامى گۆڕانە بێتە ئاراوە.

دواكەوتنى كۆنگرە و نەخشەى گۆڕان!
هەرچەندە ئەندامە باڵاكانى ناو پارتى هۆكارى دواكەوتنى بەستنى كۆنگرەى 13ى پارتى كە 10 ساڵە نەبەستراوە بۆ بوونى كێشە سەرەكیە نەتەوەییەكان دەگێڕنەوە، بەڵام ئەمەش نابێتە جێى رازیكردنى ئەو ئەندامانەى كە بە هیواى گۆڕان و ریفۆرمى سیاسەت و كەسە سیاسییەكانى ناو حیزبەكەیانن. مەفهومى گۆڕان و گۆڕانكارى لە سیاسەت و ئەداى كاركردن و داڕشتنى نەخشەى داهاتووى هەر حیزبێك، یاخود هەر سیستمێك خۆى لە خۆیدا كارێكى هێندە قورس نییە كە هەندێ لە حیزبەكان و زۆرینەى ئەندامە باڵاكانى ناو هەریەك لەو حیزبانەى كە وەك مۆتەكەیەك سەیرى دەكەن و پێیان وایە گۆڕان واتە نەمانى ئەوان! یاخود لەبار چوونى پێگەیان! بەڵكو گۆڕان بەشێكە لە نوێبوونەوە و پێداچوونەوەى ئەو كارە هەڵانەى كە پێشتر بە ناو هەندێ لە دام و دەزگا حیزبیەكاندا تێپەڕیوون.
بە گوتەى زۆرینەى كەسە حیزبیەكانى ناو پارتى بە حوكمى ئەوەى چاوەڕوانى كۆنگرەن بكرێت، بەڵام دیار نەبوونى وادەى دیاریكراوى كۆنگرە حاڵى ئێستاى پارتى بە جۆرێك لە مۆمیاكردن دەیبینن! ئەمەش بە وپێیەى كە بۆ ماوەى 10 ساڵ دەچێت ئەو حیزبە كۆنگرەى نەبەستووە و گۆڕانكارییەكى جەوهەرى لە ناو ئەو حیزبەدا رووى نەداوە، بە تایبەت لە ناو مەكتەبی سیاسیى و سەركردایەتى، واتە بە شێوەیەك لە شێوەكان وەك مۆمیاكراو لێى دەڕوانن، كە رۆژ بە رۆژ ئەم نا ئەومێدییە وا دەكات كە ئەو حیزبە بەرەو بێهێزى لێى بڕواندرێت، ئێستاش چ ئەندامان و لایەنگران و كۆمەڵگاش چاوەڕێى ریفۆرمێكن لە ناو ئەو پارتەدا كە لەسەر دەستى (نێچیرەڤان بارزانى) بێتەدى، كە ئەو كارانەش كورد واتەنى "چەپڵە بە دەستێك لێ نادرێت"، ئەوەى خوازیارە بۆ گۆڕانێكى فعلى و بەرەوپێشچوونى دامودەزگاكانى پارتى، دەبێت هەمیشە بە جورئەتەوە پاڵپشتى هەنگاوەكانى خودى (نێچیرەڤان بارزانى) بكات، نەك تەنها لە دوورەوە بڕوانێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە