ژنانی کورد پێشه‌نگی تێکۆشانی ئازادی

Monday, 15/08/2011, 12:00

1452 بینراوە






سەرەڕای ئەوەی کە ژنی کورد وەکوو هەموو ژنانی دونیا چەوسانەوەی بینیوە و بێبەشی چێشتووە، بەڵام لە چەند دەیەی پێشووداو له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی گه‌لی کورددا، بە پێچەوانەی هەموو ژنانی دونیا پێشکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و ئەگەر بڵێین پێشەنگایەتی بۆ هەموو ژنانی دونیا دەکا شتێکی دوور لە ڕاستیمان نەکوتووە.
بۆ هەڵسانگاندی ئەو بابه‌ته‌ و بۆ لێکدانەوەی هەر پێشکەوتنێک، پێویستە مرۆڤ خاڵی دەستپێک، خاڵی کۆتایی و مەودای نێوانیان لە بەرچاو بگرێ. ئەگەر چاوێک بە سەر مێژووی ژنی کورد و پێگەکەیدا بخشێنین و لەگەڵ ئەو دەستکەوتانەی کە ئێستا ژنی کورد بەدەستی هێناوە، لێکی بدەینەوە و هەڵسەنگاندی بۆ بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ژنی کورد دەستێوەردانی هەرە مەزنی لە مێژووی خۆیدا کردووە و مێژوویەکی نوێی تۆمار کردووە.
کۆمەڵگای کوردەواری و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی یەکێک لەو دەڤەرانەیە کە ژن تێیدا زۆر بە توندی چەوساوەتەوە و ئێستاش ڕۆژانە دەچەوسێتەوە. لەو کۆمەڵگایانەدا ژن وەکوو نیوە پیاوێک و تەنانەت لەوە کەمتریش هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کراوە و بەو جۆرە کەسایەتی ژن بنپێ کراوە و لە جەوهەری خۆی دوور خراوه‌ته‌وە. ژن وەکوو کاڵایەک چاوی لێکراوە و وەکوو مرۆڤێک دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە کە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدار بێت و، دەرفەتی گەشەسەندنی تواناکانی لێ زەوت کراوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی پاشکەوتوویی ئەو کۆمەڵگایانەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ بێبەش کردنی ژن لە بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و هونەریدا. کۆمەڵگایەک کە لایەک لە لەشی پێوە نەمابێ یان لایەک لە لەشی فەلەج بێت، چۆن دەتوانێ بڵێ کە من تەواوم، چۆن دەتوانێ بەرەو پێشەوە بچێ و خۆی پێشبخا، چۆن دەتوانێ بە ڕێدا بڕوا و بە سەرمەنزڵ بگا؟ دیارە کە ناتوانێ پێبگا و هەر لە دەستپێکه‌وه‌ کێشەی بۆ دروست دەبێ و هەرگیز ناتوانێ کۆمەڵگایەکی بەرهەم هێنەر و پێشکه‌وتوو بێ!
کۆمەڵگای کوردەواریش بە پێی ئەوەی کە لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەڵکەوتووە، بواری بۆ خۆگوزارە کردنی ژنان نەڕەخساندووە و ژن تێیدا چەوساوەتەوە. ژن دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە کە تواناکانی خۆی بەرهەم بێنێ. بیرۆکەی پیاوسالاری و باڵادەستی پیاو ئەو بوارەی بۆ ژن نەڕەخساندووە کە گوزارە لە خۆی بکات و تواناکانی خۆی بخاتە گەڕ. تەنها بەشی ژن لە کۆمەڵگادا بێبەشبوون له‌ مافه‌کانی و لە پەڕاوێزدامانه‌وه‌ بووە. لە وەها دۆخێکدا نەتەنیا ژن، بەڵکوو هیچ بوونەوەرێکی تر گەشە ناستێنێ.
بەڵام ئەوەی کە جێگای ڕەزامەندی و خۆشحاڵیە ئەوەیە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ژنانی کورد توانیویانە قەڵەمبازێکی مێژوویی تۆمار بکەن و تەنانەت تا ئاستی پێشەنگایەتی بۆ هەموو ژنانی دونیا بڕۆن. باشترین بەڵگە بۆ سەلماندی ئەو بانگەشەیە ئاستی بەشداربوونی ژنانی کوردە لە تەڤگەری ئازادیخوازی کوردیدا. هەروەک دەبینین نزیک به نیوەی گەریلاکانی کورد ئەوڕۆ ژنن و ئەوەش دیاردەیەکی نوێیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و بە تایبەت لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناویندا!
لە دونیای ئەوڕۆدا بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپایی کە فێمینیسم، هەم وەکوو چەمک و هەم وەکوو بزووتنەوە لەوێوە سەریهەڵداوە، ژنان بەو ئاستە لە ئیرادە نه‌گەیشتوون کە ژنانی کورد لە شاخەکانی قەندیل پێی گەیشتوون. ژنانی کورد ئه‌وڕۆکه‌ پێشه‌نگایه‌تی ئیدۆلۆژی ڕزگاری ژن ده‌که‌ن، له‌ سایه‌ی ئه‌و ئیدۆلۆژیه‌دا تا ئه‌و ئاسته‌ خۆیان به‌ڕێکخستن کردووه‌ که ده‌بینین ڕێژه‌ی به‌شداربوونی ژنان له‌ چالاکییه‌ مه‌ده‌نییه‌کاندا له‌ باکووری کوردستان زۆر له‌ ڕێژه‌ی پیاوان زیاتره‌. ئاستی زانستی ژنانی کورد ئه‌وه‌نده‌ به‌رز بووه‌ که له‌ کاتی رێپۆرتاژ له‌گه‌ڵ دایکێکی کورددا ده‌بینین له‌سه‌ر ڕه‌وشی کوردستان له‌ ئاستی سیاسه‌تمه‌دارێکدا هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌کات. ‌ئەوڕۆکە ژنی کورد بەو ئاستە لە ئیراده‌ گەیشتووە کە ئەرتەشی تایبه‌تی خۆی هەیە. هیچ وڵاتێکی ئەوڕۆ ئەرتەشێکی ژنی نییە بەڵام گەلی کورد دوو ئەرتەشی ژنی ژەیە، (یەژا- ستار) ئەرتەشی ژنانی باکووری کوردستان، (ه.ژ.ر.ک) ئەرتەشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. واتە لە ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا گەلی کورد خاوەن دوو ئەرتەشی ژنە، ئێمە باس لەو وڵاتانه ناکه‌ین که بانگه‌شه‌ی پێشکەوتوویی ده‌که‌ن، باسی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکەین که ئه‌وڕۆ له‌ قه‌یران دایه‌!
لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئێستاش ژنان بەردەباران دەکرێن، لە هەندێک وڵاتانی وەکوو ئێراندا پیاوێک دەتوانێ هەتا ٤ ژنی هەبێ و لە هەموو ڕوویەکەوە ژن وەکوو نیوەی پیاو حیسابی بۆ دەکرێ و، لە پەڕاوێزخستنی ژنان تا ئاستێک ڕۆیشتووە کە خۆکوشتن و خۆسووتاندن وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی لێهاتووە بۆ ژنان. لە وڵاتانی وەکوو عەرەبستانی سعودی ژنان تەنانەت مافی ماشێن لێخورینیان نییە و هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتییان نییە. بەڵام هەر لەو ڕۆژهەڵاتی ناوینە و لە شاخەکانی کوردستاندا ئەوڕۆ ژن بەو ئیرادیە گەیشتووە کە ئەرتەشی بە هێزی خۆی هەیە و بەدەیان فەرماندەی ژن لە ناو ڕێزەکانی گەریلادا هەڵکەوتوون. لە هەموو بوارەکانی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و هونەریدا ژنان لە هێڵی پێشەوەدان و پێشەنگایەتی خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد دەکەن و لە دژی داگیرکەرانی کوردستاندا لە بەرخۆدان دان. نمونەیەکی هەرەبەرچاو هێرشی ئەم دواییەی ڕژیمی ئێرانە بۆ سەر باشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، هموو جیهان شاهید بوو کە سپای پاسدارانی ئێران لە بەرامبەر هێزی جەوانانی کورددا شکەستی خوارد. ئێران که لەو هێرشەدا بەتەمای سەلماندنی هێژەمۆنی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بوو له لایەن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە ژێر فەرمانداری گەریلایەکی ژندا تێکشکێندرا؛ واتە ژنێکی کورد فەرماندەی گشتی عەمەلیاتێکە کە تێیدا سپای پاسدارانی ئێران تێکدەشکێنرێ، ئەویش تێکشکانێکی مێژوویی.
ئەوە دەستکەوتێکی کەم نییە، بێ شک کار و خەباتی گەورەی بۆکراوە و هزرێکی بەهێزی لە پشتە. لە شاخەکانی کوردستاندا فکر و فەلسەفەیەک هەیە کە ئازادی ژنی بە بنەما گرتووە، ئیرادەیەک هەیە که هەموو ئەو دەرفەتانەی به درێژایی هەزاران ساڵ لە ژنان زەوت کراوە و ڕێگای پێشکه‌وتنی لێگرتوون، ئه‌وڕۆ سەرلەنوێ بۆیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ، لە ژێر ئەم فەلسەفەیەدا ژن توانیویەتی ئەسڵ و جەوهەری خۆی بناسێ و بەو ئاستە خۆی پەروەردە بکات که ئەوڕۆکە پێشەنگایەتی حەڕەکەتی ئازادیخوازی گەلی کورد دەکات. کچە کوردێکی کە لە ژێر گاریگەری کولتوری عەشیرەتی پیاوسالارانە تەنانەت دەرفەتی دەرس خوێندنی پێنەدراوە بەڵام ئه‌وڕۆ لە شاخەکانی کوردستاندا بەو ئاستە گەیشتووە که بە ساعەتها دەتوانێ لە سەر مێژووی ژن و پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا قسە بکات و ئاستی شرۆڤەکانی ببێتە هۆی سەرسوڕمانی ئاکادەمیسیەنەکان، نموونەی بەرچاوی ئەم ڕاستییە شەهید شیرین عەلەم‌هولی بوو.
شەهیدانی وەکوو بێریتان، زیلان، ڤیان و هتد گیانی خۆیان بۆ ئەو دەستکەوتانە لەسەردەست دانا و کوتیان "خۆزگە لە گیان شیرینتر شتێکمان هەبوایە کە پێشکەشمان بکردایە."
بە دڵنیاییەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیشدا لەو جۆرە کەسانە زۆر بەدەگمەن هەبوون و لە هەر شوێنێکیش دەرکەوتوون، شوێن پەنجە و بەرهەمی کارو خەباتیان زۆر ئاشکاراو ڕوون بووە. بەرهەمی بەرخۆدانی ئەو شەهیدانە ئەوەیە کە باسمان لێکرد و ئەوەیە کە دەیبینین: ئه‌وڕۆ ژنانی کورد پێشه‌نگایه‌تی تێکۆشانی ئازادی ده‌که‌ن!


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە