باكگراوندەكانى پێكنەهێنانى حكومەت لەماوەى شەش مانگ دا ؟!

Sunday, 16/03/2014, 12:00

1882 بینراوە






هەموو ئەو كیشە وگرفتانە كەلەحاڵى ئێستادا یەخەى دەسەڵات وكۆمەڵگەى كوردى گرتووە چ لەڕێك نەکەوتنى نێوان دەسەڵاتداریتى كورد ومالكى وپەسەندكردنى بودجەى عێراق بەبێ ئامادەبوونى كورد ومانەوەى كێشەكانى ناوچە دابڕاوەكان بەهەڵواسراوى یاخود دەركەوتنى ناكۆكى وناتەبایى نێوان لایەنە وهێزە سیاسیە كوردییەكان لەسەر دابەش كردنى پۆستەكان ووزارەتەکان لەلایەكى تر دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتى چەوتى هەردوو پارتى دەسەڵاتدارى كورد لەماوەى بیست وسێ ساڵى حوكمرانى كردنیان دا ، كەلەم ماوەیەدا وبەتایبەتى لەدواى سالى دوو هەزار سێ وە وبەتایبەتى پاش ڕووخانى حكومەتى بەعس نەیانتوانى لەرووى ئابوری وكشتوكاڵى وپیشەسازییەوە تەكانێك بەجەستەى بریندار كراوى كۆمەڵگەى كوردى بدەن ، نەیانتوانى گرفتى بێكارى وهەژارى ونادادپەروەرى لەکۆمەڵگادا كەم بكەنەوە ، نەك نەیانتوانى بەڵكو هەردوو ئەم پارتە بەداخەوە ڕێگەخۆشکەر وبەرنامەدارێژى بەشێك بوون لەگرفتەكان بۆنموونە دیاردەى واسیتەگەرایى ومەنسوبیەت ومەحسوبیەتیان لەنیو پێكهاتەى حكومەت دا پەرە پێدا وقەبەتریان كردەوە ، كۆمەڵگەى كوردى لەژێر سایەى ئەم دوو ئەمارەتە حیزبیەدا تووشى خوێن بەربوونێكى ئابورى وكشتوكالى وپیشەسازى وپەروەردەى وتەندروستى گەورە بوو تائاستیك كەئێستا باجى ئەو هەڵە سیاسیە گەورانە رۆژ بەرۆژ دەداتەوە تەنانەت خودى سەرۆكى هەرێم (بارزانى) لەم ماوەیەدا دانى بەو هەڵە سیاسیانە پارتەكەى ویەكێتى دا نا ، ئەمە ئەوە دەگەیەنى كەئەوان ریگرى سەرەكى بوونە لەبەردەم گەشەكردن وپێشكەوتنى كۆمەڵگەى كوردى لەهەموو ڕوویەكەوە ، لەڕووى سیاسیەوە ئەم دوو هێزە وەكو ئاشكرایە لەمێژووییاندا چەند جاریك شەڕى چەكدارییان لەگەڵ یەكدا كردووە ونەیانتوانى ئەمیان بەسەر ئەوى دییان دا زاڵ بێت واتا هەردوولایان تائەندازەیەك وەكو یەك بوونە هەروەكو نووسەر (بەختیار عەلى) لەم بارەیەوە دەلێت " پارتى ویەكێتى لەبەر ئەوە دژایەتى یەكیان نەگرتووە كەوەكو یەك نین بەڵكو هاوشێوەى یەكن " واتا دوو هیزن بۆیەك مەبەست وئامانج هەول دەدەن بەلام نایانەویت یەك كەسیان ئەو مەبەستە لەئەستو بگریت، شەڕى ناوخۆ وانەیەكى گەورە بوو كەدەبوایە چۆكى بەو دووهیزە بدایە كەچیدى ناكرى لەڕێگەى جەنگ ویەكدى تۆمەتباركردنەوە میللەت پێش بخەن بەڵكو دەبێت جیاوازییەكان وبۆچوونە لەیەك نەچووەكان لەچوارچێوەیەكى دیموكراسى ویاسایى دا كۆبكرێنەوە ، ئەوەى كەبووە هۆى قەبەبوونى دەسەڵاتى پارتى وگەورەكردنى هێزە تۆتالیتارییە بنەماڵەیى وتاكڕەوییەكەى ، بوون بەپارتى بوونى یەكێتى بوو كەلەسەروبەندى هەڵبژاردنەكانى 2009ى پەرلەمانى كوردستان دا ، یەكێتى زیاتر دەنگى بۆ دۆستەكەى كۆدەكردەوە ودەیویست بەشداربیت لەقەبەكردنى دیكتاتۆریەتى بنەمالەیى بوونى پارتى دا ، دیارە بەهۆى دەركەوتنى بزووتنەوەى گۆڕان كە بزووتنەوەیەكى جەماوەرى فراوان بوو لەو ماوەیەدا كارییگەرى گەورەى لەسەر ئەدا وپەیوەندى ومیكانیزمى كاركردنى سیاسى ئەم دووپارتە بەجیهیشت ،چونكە هێزى جەماوەری هێنایە نێو هاوكیشە سیاسیەكانەوە وهەردوو پارتى دەسەلاتدارى ناچار كرد كەمل بەداواكارییەكانى هاوڵاتیان بدەن وحیسابیكى تایبەتى بۆ ئەم بزووتنەوەیە بكەن ،بەداخەوە ڕۆژبەڕۆژ ئەوەى كەڕۆل وپێگەى لاواز دەبیت لەنێو هاوكیشە سیاسیەكان وململانێی سیاسیەكانى نیوان یەكێتى وپارتى لەلایەك وبزووتنەوەى گۆڕان وئۆپۆزیسیۆن لەلایەكى تر بوونى جەماوەر وهاوڵاتیانە ، كەویستیانە لەوریگەیەوە نەمەت وڕووخسارى سیاسەت لەكوردستان دا بگۆڕن ولاى كەمێكەى بەرگێكى نوى سیاسى بەجەستەى كومەڵگەى كوردى بپۆشن ، ئاشكرایە كەتاكو ئیستا ماوەى شەش مانگە هیچ ئومێدێك نیە بۆ پێكهێنانى حكومەت ؟! دیارە ئەمەش هۆكار وپاڵنەرى سەرەكى خۆى هەیە لەوانە هۆكارى ناوەكى ودەرەكى ، لەناوخۆدابەهۆى دەركەوتن ولەدایك بوونى دەنگى شەقام وقورسایى جەماوەر وپێخستنى بزووتنەوەى گۆران بۆ نێو دەسەڵات دەبینین دۆخى دروست كردنى حكومەت بووەتە گرفت وكیشەیەكى گەورە لەلایەن هەردوو پارتى دەسەلاتدارەوە چونكە ئەم دووپارتە وەك دەزانین خاوەن دوو سیفەتى ناسیاسین كەبوارى ئەوەیان پێنادات لەگەڵ هێزى نوێ وشەقامى نوێ دابگونجێن ئەویش سیفەتى بنەماڵەیبوون كەرۆژ بەڕۆژ سنورى دەسەڵاتیان بەرتەسكتر وتوندتردەكاتەوە وهێڵى زەق لەنیوان خۆیان وجەماوەردا دروست دەكەن وسیفەتى دووەمیش پەیوەندى بەومیژووە شاخاوییە وپێشمەرگایەتى وكۆنەپەرستیەوە هەیە كەدوورو نزیك هیچ پەیوەندییەكى بەفەزاى دیموكراسى ومودێرنەوە نیە ، بۆیە لیرەوە دەردەكەوێت كەئەم دوو پارتە بەزۆر خۆیان بەسەر ئیرادەى ئینسان وتاكى كوردى دا سەپاندووە ، لەناوخودا خالیكى تر كەببیتە هۆى پێكنهینانى حكومەت نەبوونى عەقلیەتى سیاسى تەندروستە كەمەبەستم لەم عەقلیەتە هەموو ئەو جۆرە بیركردنەوانەیە کە دەسەڵاتدارانى كورد وبەشێكى زۆرى بەرپرسە سیاسیەكان ئامادەى دەستاودەستكردنى دەسەڵات ویەكدى قبوڵكردن و دان نان بەشکست بوونى هەڵبژاردن وسەرکەتنى هێزە سیاسیەکانى بەرامبەر دا تێدا نیە ، تەنانەت ئێستاش شکست لەهەڵبژاردن وبوون بەئۆپۆزیسیۆن لاى هەردوو پارتى دەسەلاتدار بووەتە عەیبە یەکى سیاسى وگرییەکى دەروونى کەناتوانن خۆیان تێی بخزێنن ، یەکێکى دیکە لەوخاڵانەى کەگرێى پێکهێنانى حکومەتى ئاڵۆزکردووە مەسەلەى پۆستە دارایی وسەربازییە وئابورییەکان (سامانە سروشتیەکان) وئەمنیەکانە کەبەداخەوە کورد تاکو ئەم ساتەش بەتایبەتى دەسەڵاتى سەرکردایەتى یەکیتى وپارتى بەچاوێکى دیکتاتۆرییانە وعەقلیەتیەکى شەرانگیزییانەوە دەرووانننە دەسەلات وهەمیشە پارە وهیز وەکو دوو وەسیلەیەى بەرچاو بەکاردەهێنن لەپێناو دەستەمۆکردنى هاولاتیان وبەزۆر سەپاندنى دەسەلاتیاندا ، لەکاتێکدا بەشیکى زۆرى ئەو وەزارەتەناش هەرلەتەندروستى وگەشت وگوزار وپەروەردە ئەگەر لەو وەزارەتانە کەمتر نەبیت زیاتر نیە ، بۆیە دەتوانین ئەوە بڵیین کەروانگەى هەردوو پارتى دەسەلاتدار هەمیشە روانگەیەکى تاکرەوانە ودیکتاتۆرییانە ومۆنۆپۆلکارییانەبوو بۆ دابەش کردنى پۆستە سیادییەکان ، بەداخەوە لەناوخۆدا هیچ هیوایەک نەماوە بۆ پیکهینانى حکومەت بۆیە هەر لەم ماوەیەدا خودى ریکخەرى بزووتنەوەى گۆڕان (نوشێروان موستەفا) ئەوەى راگەیاند کەئەگەر پارتى ویەکیتى ریز لەئەنجامى دەنگدان وراى هاولاتیان نەگرن ناچارین بیر لەبەدیل وئەلتەرناتیڤى تر بکەینەوە واتا بیئومیدییەک وجۆرێک لەڕەشبینى رووى کردووەتە هاولاتیان تەنانەت ملا کریکار کەلایەنگریکى زۆرى هەیە وبەشیک لەووتەکانى بەهەند وەردەگیریت لەبارەى ئەم گرفتانەوە دەڵێت (گۆرین دەسەلات لەڕێگەى دەنگدانەوە خەونێکى حوشتریانەیە) هەموو ئەم ووتانە وچەندین ووتەى دیکەش وامان لیدەکان کەلەچوونمان بۆسەر سنوقەکانى دەنگدان ساردببینەوە وچیدى ئەو خەونە لەمیشکمان دا بمریت کەباوەرى وایە ئەم دوو پارتە بنەمالەپەرستى وتوتالیتارییە لەریگەى ێنوقى دەنگدان وهەلبژاردنەوە بگۆردرێن ، هەربۆیە لەناوخۆدا دەبنیین خەلکیکى زۆر تاکو ئیستا پیشوازییەکى واگەرمیان پیوە دیار نیە لەوەرگرتنى کارتى دەنگدان دیارە هەموو ئەمەش دەگەریتەوە بۆ بیئیرادەى کاراکتەرە سیاسیەکانى کورد لەبارەى پیکیهینانى حکومەت .
لەدەرەوەش دا حکومەتى کوردى بەسەرپەرشتى هەردوو پارتى دەسەلاتدار روویەکى جوانیان پیشکەشى خەلکى کوردستان نەکرد بەلکو بەسەر هاولاتیانى کورد بازێکى ناعەقلانەیان دا وروویان کرد وولاتە ئیقلیمیەکان وەکو ئیران وتورکیا تاکو بەپیى عەقلى سیاسى ئەوان حکومەتى کوردى پیکبهینن لەکاتیکدا کورد نزیکەى سەدساڵە بەدەستى ئەو دوو دەوڵەتەوە لەژیر ناوى تەتریک وتەفریس دا قڕدەکرین ولەناودەبرین ومالویران تۆپیاران دەکرێن ..
بەداخەوە دەسەلاتى کوردى لەئیستادا هیچ شەرعیەتیکى نەماوە وهیچ پاساویکیش نەماوە بۆ پێکنەهێنانى حکومەت لەئیستادا ، دۆخەکە تائەندازەیەک جۆریک لەجەقبەستووى ونابەرپرسیاریتى بەخۆوە دەبینیت ؟ تاکە بەرپرسیش لەدروست بونى ئەم قەیرانە سیاسیە وتەلەزگە چارەسەرنەکراوە تەنها هەردوو پارتى دەسەلاتدارە کەئەوەندەى خەمى مانەوەیان لەسەردەسەلات وئیمتیازى شەخسى وبەرژەوەندى پلەوپایە وقۆرغکردنى داهاتى نەوتە نیوە ئەوەندە خەمى نیشتمان ودەنگى خەلک ووولاتیان نیە ؟!!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە