لە ئەتاتورك تا ئەردۆگان: هەڵوێستی ئاراستەی ئیسلامی و عەلمانی لەسەر مەسەلەی كورد لەتوركیا

Tuesday, 14/06/2011, 12:00

1891 بینراوە


بەشی یەكەم (1918-1930)
دەستپێكی بزوتنەوەی كوردیی لەباكوری كوردستان
لەكاتی ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی، كورد یەكێك بوو لەنەتەوە جیاوازەكانی تورك كەلەپێناو مافەكانیدا خەباتی دەكرد، لەو قۆناغەدا (ڕاپەڕینی كوردستان) وەك بزوتنەوەیەكی كوردانە نوێنەرایەتی بزاڤی كوردیی لەباكور دەكردو ڕاستەوخۆ دوای جەنگی جیهانی یەكەم لەساڵی 1918 سەریهەڵدابوو.
ئەم بزوتنەوەیە هەڵوێستی میانڕەوانەی هەبوو، لەگەڵ هەردوو حزبی (حوڕیەو ئیئتیلاف) ڕێكەوتنی ئەنجام دابوو تاكو لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا حوكمی زاتی بدرێت بەكورد.
سەركردەكانی ئەم بزافە كوردییە دژی ئەوە بوون شۆڕشی چەكداری بەرامبەر تورك ئەنجام بدرێ، لەكۆبونەوەی ئەستەنبوڵ كە ساڵی 1919 ئەنجام درا گەنجەكانی ئەم بزوتنەوە كوردانە كە بنەماڵەی بەدرخانیەكان سەرپەرشتییان دەكردن داوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردییان بەرز كردەوەو داوای دەركردنی هەموو هێزەكانی توركیان دەكرد، بەڵام (سەعید عەبدولقادر) كە سەرۆكایەتی بزافە كوردییەكەی دەكرد دژی ئەم بڕیارەی گەنجەكان وەستایەوە، ئەوكاتە گەنجەكانی هاندا بچنەوە ناوچە كوردییەكان و شۆڕش و خەبات دەست پێبكەن دژی دروست بوونی حكومەتێكی نەتەوەیی بۆ ئەرمەنیەكان، ئەوكاتە سوڵتان بەڵێنیدا كە بەشی كوردەكان لەحوكمی زاتی بدات.
پاش جەنگی جیهانی یەكەم كۆمەڵەیەكی سیاسی نوێی كوردان دامەزرا بەناوی (كۆمەڵەی بەعسی كوردی) كادێرە دیارەكانی كۆمەڵەی (هێڤی) بەشێكی زۆری ئەم ڕێكخراوە نوێیەیان پێكدەهێنا، بنكەی سەرەكییان لە ئەستەنبوڵ بوو، لقیان لەدیاربەكرو بەتلیس و خەربوت هەبوو. ئەمان داوای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییان دەكرد بەچاودێری و پارێزگاری بیانیی. ئەوەبوو لە (پەیماننامەی سیڤەر) جەنەراڵ (شەری پاشا) نوێنەرایەتی كوردی كرد.

دۆستایەتی مستەفا كەمال لەگەڵ كورد
لەدەستپێكی جەنگی ڕزگاریدا كە سەرەتا بە كۆنگرەی ئەرزڕوم لە ساڵی 1919 دەستی پێكرد مستەفا كەمال جەنگی بەرامبەر یۆنانیەكان و فەڕەنسی و ئینگلیزی و ئیتاڵیەكان ئەنجامدا، لەوكاتەدا بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دەدا لەگەڵ كورد پەیوەندییەكانی باش بێت، تەنانەت لەوكاتەدا ڕێزی زۆری بۆ بەها ئیسلامیەكانی دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتان هەبوو، جلی كورد پۆشی، دەستی پیاوانی ئاینی ماچ دەكرد، نامەی بۆ سەركردەو كەسایەتییە كوردەكان دەناردو داوای لێدەكرد وەك كوردو تورك دژ بە دوژمنێكی هاوبەش بجەنگن.
ئەوەبوو لە كۆنگرەی ئەرزڕوم سەركردە كوردەكان بەشدارییان كردو بڕیاری هاوسۆزییان لەگەڵ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نوێی تورك دەركرد، ئەمەش لەبەرامبەر پێدانی حوكمی زاتیدا بوو بۆ كورد، ئەگەر سوڵتانیش ئەمەی ڕەد كردەوە ئەوا كۆنگرە داوا دەكات شۆڕش دژی سوڵتانی عوسمانی ئەنجام بدەن.
هەر لەو كۆنگرەدا سەركردە بەشداربووەكانی كورد باوەڕیان بەوە هێنا كە تورك دەوڵەتێكی نەتەوەیی بۆخۆی دروست بكات، بەمەرجی حوكمی زاتی بۆ كورد بەڕەوا ببینێ.
لەبەیانی كۆتایی كۆنگرەدا كە لە 10-23ی تەموزی 1919ی خایاند بڕیاردرا: ئەرزڕوم و دیاربەكرو خەربوت و وان و بەدلیس بەشێك نین لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. لەوكاتەدا مستەفا كەمال گرنگی بەوە دەدا كە ئیسلام لەژێر یەك بەیداخدا كوردو توركی كۆكردۆتەوە!
سەرهەڵدانی شۆڕشی چەكداریی كورد دژ بە تورك
دۆستایەتی كوردو تورك بەڕێبەرایەتی كەمال ئەتاتورك زۆری نەخایاند، پاش كۆتایی هاتنی كۆنگرەی ئەرزڕوم ئینگلیز دەوری زۆری بینی لەوەدا كە كورد هان بدات لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی تورك كە كەمال ئەتاتورك سەركردایەتی دەكرد، یەكەم هەڵگەڕانەوەی گەورەی كورد بەرامبەر مستەفا كەمال ئەوەبوو كەلە ساڵی 1919 پاش هەرەسهێنانی دەوڵەتی عوسمانی لەشاری مەلاتیەی نویك لە سیواس ڕویدا، كەتێیدا زۆرینەی ئەندامانی كۆمەڵەی كوردستان و ئەفسەرێكی بەریتانی بەناوی (نوئیل) بەپلەی ڕائید تێیدا بەشدار بوو، لەنامەیەكی نهێنیدا كە نوئیل بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانی نوسیوەو ئاشكرا بووە تێیدا نوسیویەتی ئامانجی سەرەكی ئێمە لەهاندانی كوردەكان بۆ دژایەتی كردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی توركە.
پاش ئەوە نوئیل لەگەڵ كوردەكان چوە مەلاتیەو لەوێ بەشداری كۆنگرەیەكی كرد كەلەگوندی شێرۆ ئەنجام دراو تێیدا خەلیل ڕەحیم بەگ كرایە حاكمی كوردستان، پاش ئەمە شۆڕشێكی سەرنەكەوتوو دژ بە تورك بەپلانی نوئیل سەریهەڵدا.
لەساڵی 1920 بۆ جاری دووەم شۆڕشێكی تر بەسەرۆكایەتی (عەقید خالید بەگ)ی كورد سەریهەڵدا، لەم شۆڕشەدا ئەندامانی كۆمەڵەی ڕاپەڕینی كوردستان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، ناوچەكانی دەرسیم و تونجلی گرتەوە، پاش ئەوەی لە ناوچەی ئیلیجە سەربەقەازی كەنغال كۆبونەوە سوێندیان خوار كەلەپێناو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیدا بجەنگن، دەستیان بە كۆكردنەوەی چەك كردو كۆمەڵەی ڕاپەڕینی كوردستان توانی ببێت بەخاوەنی (45) هەزار چەكدار.
پاش ئەمە شەڕی چەكداری لەنێوان كوردو تورك هەڵگیرسا، وەك سەرچاوە فەڕەنسیەكان ئاماژەی پێدەكەن، یاوانی سیخوڕی دەزگا هەواڵگریەكانی ئینگلیز لەشارەكانی دەرسیم و مەلاتیەو سیواس ڕۆڵی زۆریان هەبوو لەهاندانی كوردەكان دژ بەتورك.
بەڵام داگیركردنی ناوچەی ئەزمیر لەلایەن یۆنانیەكان و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەلایەن فەڕەنسیەكانەوە هۆكاری سەرەكی بوون بۆ ئەوەی بەشێكی زۆری كوردەكان لەژێر بەیداخە ئیسلامیانەكەی ئەتاتوركدا پێكەوە دژی دوژمن بجەنگن لەسەر داگیركردنی خاكەكەیان، لێرەوە مستەفا كەمال توانی كوردەكان لەخۆی نزیك بكاتەوەو لەو ئەنجومەنی نیشتمانیەی كەلە ئەستەنبوڵ دروستكرا كورد 72 ئەندامی تێیدا هەبوو! لەو ئەنجومەنی نیشتمانییە كاتێك حسێن عەونی هەستاو قسەی كرد وتی لەسەر ئەم مینەسەیە تەنها نەتەوەی كوردو تورك مافی قسەكردنیان هەیە، هەموو ئەنجومەنەكە چەپڵەیان بۆ لێدا.
ساڵی 1922 كێشەی تورك و بەیتانیەكان لەسەر ولایەتی موسڵ هاتەپێشەوە، لەوكاتەدا كورد بوو بەقوربانی ئەو ناكۆكییە ئیقلیمی و ناوچەییانە، وەك مستەفا كەمال لەگەڵ سەفیری ڕوسیا دانی بەوەدا نا كە هاوكاری كوردەكانی عێراقی بەچەك كردووە دژی ئینگلیز.
دەركەوتنی ئایدۆلۆجیای كەمالیی
لەكۆنگرەی حزبی گەلی كۆماریی كەلەساڵی 1931 ئەنجامدرا، مستەفا كەمال ئایدۆلۆجیای كەمالیی خۆی ئاشكراكرد كەلەبنچینەدا لەسەر شەش بنەما دامەزراوە، نەتەوەیی، كۆماریی، نەزعەی شەعبی، عەلمانیەت، تەدەخولی دەوڵەت و شۆڕش، مستەفا كەمال لە ساڵی 1937 بەتەواوی ئایدۆلۆجیای كەمالیی بردە نێو دەستوری توركیا.
ناوبراو لە 28ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1923 لەگەڵ عیسمەت ئینونو، تەعدیلی دەستوری توركیای پێشكەشی پەرلەمان كرد كەتێیدا توركیا لەمادەی یەكەمدا گۆڕا بە دەوڵەتێكی كۆماریی، لەمادەی دووەم هەموو كاروباری دەوڵەت و سەرۆكایەتی وەزیرانی خستە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكی كۆمار، لەمادەی سێیەم چاودێری ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەشی خستە ژێر كۆنترۆڵی سەرۆك كۆمار، لەمادەی چوارەم هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریشی گەڕاندەوە بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی گەورە بەهەموو ئەندامەكانیەوە، سەرۆك كۆماریش لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی دیاریدەكرێ بۆ هەڵبژاردن، سەرۆك كۆماریشی بە سەرۆكی دەوڵەت دانا، ئەگەر پێویست بوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی و سەرۆكایەتی وەزیرانیش دەكات، پاش ئەم تەعدیلاتانە مستەفا كەمال بەسەرۆك كۆماری توركیا هەڵبژێردرا، ئەویش لای خۆیەوە عیسمەت ئینونوی تەكلیف كرد بەدامەزراندنی یەكەم حكومەتی توركیاو 29ی تشرینی یەكەم كرایە ڕۆژی سەربەخۆیی توركیا.

دوژمنایەتی مستەفا كەمال بۆ ئیسلام
خەونی كەمال ئەتاتورك دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەرمایەداری بوو بەلایەنگری داگیركاران، كۆمارێكی عەلمانی پێكهێنا، خۆی و هاوڕێكەی لە 1923 تاكو 1950 ئەم حوكمەیان پیادەكرد، لە 3ی ئازاری 1924 نزیكەی 50 ئەندام پەرلەمانی لایەنگری مستەفا كەمال پرۆژەیەكیان پێشكەش كرد كەتێیدا خیلافەتیان هەڵوەشاندەوەو قەدەغەیان كرد خەلیفەو كەسوكارەكەی مافی ژیانیان هەبێت لەكۆماری توركیا و لەماوەی 10 ڕۆژدا ناچاریان كردن بەوەی توركیا جێبهێڵن و ڕەگەزنامەی توركییان لێ سەندنەوەو هەموو سەروەت و سامانی نەگوازراوەیان لەتوركیا دەستی بەسەردا گیراو ئەو موڵكانەی بەناویانەوە بوو وەك موڵكی سوڵتان ناچاركران بەوەی تاپۆی بكەن لەسەر گەل.
هەر لەو كۆبونەوەدا كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خیلافەت درا، بڕیاریش درا بە هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی شەریعەو ئەوقاف، بڕیاردرا بەدامەزراندنی بەرپرسی كاروباری ئاینی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ئەگەر سەرۆك وەزیران پێشنیاری كرد، ئەم دامەزراوەی كاروباری ئاینیە ڕاستەوخۆ خرایە سەر ئەنجومەنی وەزیران و هەموو مزگەوت و شوێنە ئاینیەكان خرایە سەر ئەم دامەزراوە، ئەمانیش لەدامەزراندنی مەلا قورئان خوێن بۆ مزگەوتەكان دەبوو بگەڕانایەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەرپرسی كاروباری ئاینی كرایە مەرجەعی دینی و موفتی وڵات، دادگای شەرعی هەڵوەشێنرایەوە، حوكمی شەرعی بەتەواوی لادرا لەدادگاكاندا، هەموو ڕێبازە سۆفیەكان و تەكیەكانیان لە 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1925 ئیلغا كرایەوە، بەتایبەت كاتێك زانی شێخ سەعیدی پیران پیاوێكی ئاینیەو پەیڕەوی لە ڕێبازی نەقشبەندی دەكاتـ تەنانەت پیاوانی ئاینی سنورداركرد، جلوبەرگی مامۆستای ئاینی دیاریكرد بە عەمامەی سپی و جبەی ڕەش، ڕۆژمێری ڕۆژئاوای داناو یاسای مەدەنی سویسری ڕاگەیاندو پاشان پیتی لاتینی دانا بۆ نوسین لەبری ڕێنوسی عەرەبی، هەموو قوتابخانە ئاینیەكان و كۆمەڵە دینیەكانی داخست، هەموو ڕەمزو ئاماژە ئیسلامیەكانی كرد بە ڕەمزی مەسیحی و ئەوروپی، ڕۆژی هەینی وەك پشوی مسوڵمانان لابرد بۆ ڕۆژی یەكشەمەی مەسیحیەكان، بەهەموو شێوەیەك قورئانی لە یاساو دەستور مەنع كردو یاسای مەدەنی سویسری كردە بەدلیل.

دوژمنایەتی مستەفا كەمال بەرامبەر بەكورد
لەگەڵ دوژمنایەتی مستەفا كەمال بەرامبەر بەئیسلام، هاوكات بەرامبەر بەكوردیش ئەو دوژمنایەتیەی دەست پێكرد، نوسەری كورد (موسا عەنتەر) بەڵگەنامەیەكی مێژویی ئاشكرا دەكات كە تێیدا ئاماژە بەوەكراوە مستەفا كەمال لە 16/17ی كانونی دووەمی ساڵی 1923 پێش ڕاگەیاندنی كۆماری توركیا دانی بەوەدا نابوو كە حوكمی زاتی بەكورد دەدات، بەڵام لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لەشاری ئەزمیت كە بەبۆنەی ڕۆژی ئازادكردنی ئەو شارەوە قسەی كردووە لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێكدا كە دەربارەی مەسەلەی كورد پرسیاری لێكردووە، لەوەڵامدا مستەفا كەمال وتویەتی "مەسەلەی كورد لەئێمە مەپرسە چونكە ئێمە توركین، ئەو كێشەیە زیان بە بەرژەوەندیمان دەگەیەنێت.
تۆفیق ڕەشید وەزیری دەرەوەی توركیا ساڵی 1926 بەوەزیری دەرەوەی بەریتانیای وتووە سەربەخۆیی نەتەوە بچوكەكانی توركیا مەحاڵە بەوێنەی كورد! ئاستی ڕۆشنبیریان زۆر لاوازە، عەقڵیەتیان زۆر دواكەوتووە، وەك هنودەكانی ئەمریكا! پێویستە بونیان نەمێنێ! ئەوەبوو لەڕێگەی (پەیمانگەی مێژویی توركیا) كە لەساڵانی سی لەلایەن مستەفا كەمالەوە دروستكرا باس لەوە دەكەن كە كورد بونی نیە! ئەوەی هەیە توركە، ئەسڵیان تۆرانیە، ماوەی 5 هەزار ساڵە لەئاسیای ناوەڕاستدا دەژین، بەزمانێك قسە دەكەن كەتێكەڵە لە فارسی و عەرەبی و توركی و ئەرمەنی و لەناوچە شاخاویەكاندا ژیاون!

بارودۆخی كورد لەكاتی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران
یەكەم شۆڕشی كوردی كە پاش ڕاگەیاندنی كۆماری توركیا بەرپاكرا شۆڕِشی ساڵی 1925ی شێخ شەعیدی پیران بوو كە تێیدا جیهاد دژ بە حكومەتی توركیای كافر ڕاگەێنرا، پاش دروست كردنی حكومەتی كۆماری توركیا لە 4ی ئازاری 1925 بۆ ماوەی 2 ساڵ ئەحكامی عورفی لەسەر وڵات ڕاگەێنرا، حكومەت لەوكاتەدا دەسەڵاتێكی تایبەتی پێدار بۆ سەركوتكردنی شۆڕش و جوڵانەوەی كوردیی، وەك مستەفا كەمال لەیەكێك لەوتارەكانیدا لەنێو پەرلەمانی توركی وتی : ماوەیەكە ئینگلیز سود لەكورد دەبینێ دژ بەتورك هانی دەدات، لەكاتی جەنگی جیهانی یەكەمدا سیخوڕێكی وەك (لۆرانس نوئیل)ی ناردە توركیا بۆ ئەوەی كوردەكان هان بدات بۆ شەڕ بەرامبەر بە تورك.
لە 4ی شوباتی 1925 یەكەم پێكدادان لەنێوان جەندەرمەی تورك و هێزی شێخ سەعیدی پیران لەگوندی پیران ڕویدا، پاش ئەوە شۆڕش سێ بەشی خاكی توركیای گرتەوە، ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنی لەوكاتەدا ئاماژەی بەوەكرد كە چەكدارەكانی شێخ سەعیدی پیران بە 25 هەزار چەكدار دەخەمڵێنرا، شێخ دەستیگرت بەسەر زۆر ناوچەدا، چەندینی لەتورك بەدیل گرت، حكومەتی توركیا دادگای سەربەخۆیی داناو سزای سێدارەی بۆ ئەو كەسانە دەركرد كەچەكیان دژی حكومەت هەڵگرتووە، بە 35 هەزار سەربازەوە پەلاماری ناوچە كوردییەكانیدا، پاش ئەوەی لەگرتنی دیاربەكردا 150 كوژراویدا شێخ سەعید نەیتوانی دیاربەكر بگرێت، لە كۆتاییەكانی نیسانی 1925 حكومەتی توركی بڵاویكردەوە هەركەس شێخ سەعیدی پیران بگرێ 1000 لیرەی ئاڵتونی پێدەبەخشرێ! وە 700 لیرەش دیاری پێدەدرێ ئەگەر بە زیندویی بیگرێ، لەوكاتەدا فەڕەنسا هاوكاری توركیای كرد بۆ بەكارهێنانی هێڵی ئاسنینی سوریا تاكو 25 هەزار سەرباز بگوازێتەوە بۆ سنوری سوریا بۆ دەستگیركردنی شێخ سەعیدی پیران و هاوەڵەكانی، لەوكاتەدا فەڕەنسا سوریای داگیركردبوو، شێخ و خاوەڵەكانی كەمترین ناوچەو دێهاتیان بەدەستەوەمابوو هەموو كوردستان كەوتبووە دەست توركیا، لەگوندی (دارەخانی) شێخ سەرپەرشتی قورسترین شەڕی كرد لەگەڵ توركەكان كەماوەی 5 كاتژمێری خایاند، كاتێك شێخ لەڕێگەی پردێكەوە دەیویست بگاتە خاكی ئێران لەگەڵ 9 لەسەرۆك عەشیرەتە كوردەكان و 25 چەكدارەوە لەلایەن توركەكانەوە دەستگیر كران! پاش گواستنەوەی شێخ سەعید بۆ دیاربەكر حكومەتی توركیا بڵاویكردەوە كە شۆڕش كۆتایی هات!
لە27ی ئایاری 1925 لەدیاربەكر حەوت لەسەركردە دیارەكانی كۆمەڵەی سەربەخۆیی كوردستان لەسێدارەدران لەوانە (د.فواد، پارێزەر كەمال فەوزی، شێخ عەبدولقادر نەهری) شێخ سەعید و 9 لەسەرۆك عەشیرەتە كوردەكان و 40 لە چەكدارە دەستگیركراوەكان لەلایەن دادگای سەربەخۆیی دیاربەكرەوە دادگایی كران و لە 28ی ئایاری 1925 بەشەو لەساحەی مزگەوتی گەورەی دیاربەكر لەسێدارە دران، كاتێك پەتی سێدارەیان خستە ملی شێخ سەعید پێكەنی و تەماشایەكی دادورەرەكەی كردو وتی "ئاواتی خێرت بۆ دەخوازم، بەڵام نیوەی حسابەكەمان لەگەڵت ماوە بۆ قیامەت!"

شۆڕشی چیای ئارارات 1927-1930
پاش دامركاندنەوەی شۆڕشەكەی شێخ سەعیدی پیران سەدان و هەزاران گوندی كوردنشین لەلایەن سوپای توركەوە وێران كرا، هەموو خەونێكی كورد بۆ سەربەخۆیی لەلایەن كەمال ئەتاتوركەوە لەگۆڕنرا، پاش ئەوە لە ساڵی 1927 لەپاریس كوردانی باكورو چەند سەركردەو سەرۆك عەشیرەتێك كۆنگرەی نیتشمانییان سازكرد كەماوەی مانگ و نیوێكی خایاند، بڕیاریاندا هەرچی كۆمەڵەو ڕێكخراوی كوردی هەیە لەناو وڵات هەڵوەشێننەوە و بڕیاری شۆڕش بدەن تاكو دواین سەربازی تورك لەكوردستان وەدەردەنێن، سەركردەیەكی گشتی شۆڕشیان دەستنیشان كرد، پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ وئێران بەست، پەیوەندی برایانەیان لەگەڵ ئێراق و سوریا گرێدا، لە 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1927 (كۆمەڵی خۆییبون)یان ڕاگەیاند و ئیحسان نوری پاشایان وەك سەرۆكی گشتی دەستنیشان كردو لە 28ی تشرینی یەكەم سەربەخۆیی كوردستانیان ڕاگەیاند وەك لەڕێكەوتننامەی سیڤەر هاتبوو، ئاڵای كوردستانیان لەسەر چیای ئاگری داخ لەسەر زنجیرە چیای ئارارات هەڵكرد.
پاش ئەوە چیای ئارارات بووە ناوەندی ئەم شۆڕشە، حكومەتی كەمالی نەیتوانی كۆتایی پێ بهێنێ بۆیە لەڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵی لێكنزیك بونەوەیدا، توركیا داوایكرد كۆتایی بەشۆڕش بهێنن و پۆستی باڵای حكومەتیان پێدەدرێ، بەڵام كوردەكان ئەمەیان ڕەدكردەوە، سوربون لەسەر ئەوەی پێویستە توركیا دان بەبونی كوردا بنێ وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆ بەڵام توركیا ئەمەی نەكرد.
لەساڵی 1930 ئیحسان پاشا وتارێكی لە ڕۆژنامەی (ئاغری) بڵاوكردەوە تێیدا داوای كردبوو كوردەكان هاوكاری شۆڕشگێڕانی كورد بكەن بەچەك، بانگەواز بڵاوكرایەوە بۆ كوردانی هەر چوار پارچە كە ئێوە نەتەوەیەكی گەورەی سەربەخۆن چیتر ڕازی مەبن وەك بەندە لەوڵاتەكانتاندا بژین و ژێردەستەی تورك بن، كاتی ئەوە هاتووە بەسەربەخۆیی بژین، شۆڕش دەستی پێكردەوەو حكومەتی توركیاش دەستیكرد بەدانانی خزمەتی سەربازی بۆ لاوازكردنی شۆڕش، تورك 60 هەزار سەربازی ناردە ناوچەكە بەڵام نەیتوانی كۆتایی بەو شۆڕشە بهێنێ، پاش ئەوەی بەهێزی ئاسمانی بەرەنگاری شۆڕشگێڕە كوردەكان بونەوەو لەپشتەوە بەسنوری ئێراندا هێزی تورك برایە سەریان فەڕەنسا هاوكاری ئێرانی كرد دژ بەكورد، ڕوسیا لەترسی هاوپەیمانی كوردو ئەرمەن پشتیوانی توركی كردو هەرەسیان بەو شۆڕشەش هێناو بەپێی ئامارەكانی توركیا 3 هەزار چەكداری كورد كوژرا تەنها لەشەڕی دۆڵی زیلان سەری 1550 كوردیان بڕی، لەناوچەی ئەرجەش 200 دێهاتیان سوتاند، پاشماوەی شۆڕشگێڕە كوردەكان بەبێ هاوكاری مانەوەو ماوەی 2 ساڵ لەدەریاچەی وان ئاڵای كوردستان هەڵكرا، جارێكی تر شەڕ هەڵگیرسایەوە سوپای تورك شكا، نیو ملیۆن كورد لەدێهاتەكانی هەڵكەنرا، لەوكاتەدا كەهەموو ڕۆژنامەكانی توركیا دەیانوسی (خەونی كوردستانی ئازاد لەگۆڕنرا) وەزیری دادی توركیا لە16/9/1930 لەڕۆژنامەی میلیەت وتی "ئێمە لەوڵاتێكدا دەژین كەلەهەموو دونیا زیاتر ئازادی تێدایە، لەوڵاتێدا دەژین كەناوی توركیایە... بۆ جگە لەتوركی ئەسڵی كەس بۆی نیە حوكمی تێدا بكات..!"
لەوكاتەداو لە 10ی ئابی 1930 ڕۆژنامەی حاكمیەتی میلەت نوسی "كەس گومانی نەبێت لەوەی كە وشەی (سەربەخۆیی كوردستان) پڕوپاگەندەیەكی وەحشیگەریانەیە، گەلێك داوای دەكات كە هەموو فەرهەنگەكەیان لە 1000 وشە تێناپەڕێ، ئەو ناوچەشی كە بۆ حوكمی خۆیی ئەمانە باشە ناوەڕاستی ئەفریقاو بیابانەكانە، كەتەنها هاوشێوەكانی ئینسان واتە مەیمونی تێدا دەژی!!

سەرچاوە:
موقف التیار الاسلامی والتیار العلمانی فی تركیا من القچیە الكردیە د.ولید رچوان- باحپ سیاسی خبیر بالشۆون التركیە والكردیە

چاوەڕوانی بەشی دووەم بن...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە