سەوزە" فرۆشەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە (حدک و حدکا)ی ئەم سەردەمە چالاک ترن؟

Saturday, 28/12/2013, 12:00

2075 بینراوە


حدکا و حدک، دەبێت چیدی لەو ڕاستییانە خۆیان حەشار نەدەن و خۆیان بەکۆبونەوەکانی ژوورە گەرم و تاریکەکانەوە سەرقاڵ نەکەن و ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرانە بزانن کە وا بەشێکی زۆری کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی لەت بوونی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە) بەسەر (دوو) باڵدا واتا لەو کاتەوە کە لە ساڵی 2006 وە ناکۆکی لە نێوان ئەندامانی دەفتەری سیاسی " حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" دروست بوو دواجار ئەو حزبە بۆ جارێکی دیکە و بەچەند پاساوێکی سیاسی بوو بە دوو بەشەوە لەو کاتەوە زۆربەی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوەڕیان بە سیاسەتەکانی هەردوو بەشی دیموکرات و دیموکراتی ئێران نەماوە بەڵگەشمان بۆ ئەم ڕاستیانە ئەوەیە بەشیکی زۆری کوردانی ڕۆژهەڵات لێرەو لەوێ دەنگ و ڕەنگیان دەبیسترێن و دەبینرێن لە هەمبەر نیشاندانی ناڕەزایەتیەکانیان چ لەڕێگای دنیای مەجازییەوە" هاوکات لە ڕێگای میدیاکانەوە هەروەها بەشێکیشیان لە ڕێگای سەردانی کردنیان بۆ باشووری کوردستان ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر سیاسەتەکانی بەشێک لە حزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندەدەن بەتایبەتی ئەو ناڕەزایەتیانە زیاتر ڕوویان لە هەردوو بەشی حزبی دیموکراتی کوردستان و کوردستانی ئێرانە .


دەمهەوێت لەم بارەوە شرۆڤەیەک بخەمە ڕوو لە ناوەڕاستی ساڵی 2010 وە گۆڕانکاریەکی سیاسی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و ناوچەکەدا هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا چەند گەلێکی وڵاتانی عەرەبی توانییان بەمافەڕەوا مرۆیەکانی خۆیان بگەن و دەسەڵاتە دیگتاتۆرەکان لەسەر کار لابەرن ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانە لە ناوچەکەدا بەردەوامن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە هەردوو باڵی دیموکراتەکان لە 2006 وە واتا لەو کاتەوە لە یەک جیابوونەتەوە. دەیان کۆڕ کۆبوونەوەیان لە ژێر ناوی یەک خستنەوەی نێوماڵی حزبەکەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ژورە گەرم و تاریکەکاندا بەڕێوە بردووە بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی تیادا نەبووە کە بەرژەوەندی گەشتی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا بەدیبکرێت. لەبەرامبەردا دتوانین بڵێین ئەندامانی ڕێوەبەرایەتی هەردوو باڵی دیموکراتەکان تەنها کاتەکانیان بەڕێکردووە لەبەر ئەوەی ساڵ و مانگ و ڕۆژیان زووتر لێ بڕوات بۆ ئەوەی بڵێن ئەوا تەمەنی خەباتی سیاسی حزبەکەیان ساڵێکی دیکە درێژکرایەوە تەمەنی حزبەکەیان درێژتر بوو ناوی ئەچێتە مێژووی حزبە بەتەمەنەکان.

زۆربەی کاتەکان کاتێک گەشتی ڕۆژنامەوانی دەکەم بەنێو سەرجەم هەواڵە جیهان و کوردستانیەکاندا دەبینم لە چەند سایت و ماڵپەڕێکدا باس و چاوپێکەوتنەکانی هەردوو لایەنی دەفتەری سیاسی (حدکا و حدک) دێتە بەرچاوم کاتێک کلیک لەسەر زانیاریەکان دەکەم و دەیان خوێنمەوە دەبینم دیسان ئەو بەڕێزانەی ئەندامانی دەفتەر سیاسیەکانی هەردوو باڵی حدکا و حدک، لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا تەنها کاتیان بەڕێکردووە و قاوە و نسکافەیان نۆش کردووە. ئیدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێ دەستبەسەر دەکرێت و کێ دەگیرێت و کێ ئیعدام دەکرێت ئەوا لای ئەو بەڕێزانە بابەتێکی ئاسایە. هەربۆیە بەخوێندنەوەی بەندە، لەسەر ئەم ڕاستیانە بڕوام وایە دوکان دارو سەوزە فرۆشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات لەم دۆخەی ئێستادا و لەم هەلو مەرجەدا زۆر لە حدکا و حدک،ی ئەم سەردەمە باشترن بەو پێیە هەمووکات ئەوە ئەو دوکان دارو سەوزە فرۆش و هاوڵاتیانەن کە وا ڕۆژانە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە هۆکاری فشاری ئابوری و سیاسی لە ئێران ڕوو بەڕووی ئاستەنگیە سیاسیەکان دەبنەوە. نەوەک ئەو بەڕێزانەی ئەندامانی دەفتەرسیاسی هەردوو باڵی حزبی دیموکراتی کوردستان و کوردستانی ئێران، کە وا بەردەوام خەریکی ململانێی سیاسین لە ژوورە گەرم و گوڕەکانیان و بەردەوام خەریکی قاوە و نسکافە خواردنەوەن و دەیان هەوێت سبەی ڕۆژیش بچنە سەر سفرەی حازر.
خوێنەرە ئازیزەکان ئەم بابەتە زۆر هەڵ دەگرێت ڕەنگە بە چەند دێڕو وتارێکی دیکەش شرۆڤەکردن لە دەرخستنی ڕاستیەکان لەسەر ئەم مەسەلەیە کۆتای بە بابەتەکە نەیەت، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی دەرفەت و ئیمکان ناوە ناوە ڕاستیەکان لە سەر ئەم جۆرە بابەتانە بۆ ئێوەی ئازیز بخەینە ڕوو.
هیوادارم هەموو ئەو بەڕێزانەی کە وا ئەم وتارەم دەخوێننەوە بە ویژدانەوە خوێندنەوە بکەن بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان لەسەر ئەم بابەتە پێشم وایە هەر خوێنەرێکی بەڕێز پێناسەی سیاسەتەکانی هەردوو باڵی حدکا و حدک،ی لا بێت و بتوانێت ڕاستیەکان بخاتە ڕوو ئەوا خاوەنی ویژدانی نەتەوەیی و ئیخلاقی سیاسیە بۆ ئەوەی ڕاستیەکان بهێنێتە زمان.

بەهمەن ژاوەرۆیی / ٢٧ی ١٢. ٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە