سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


كوردستان پێویستی بەشۆڕشی هوشیاركردنەوەی كۆیلەكانە

Friday, 03/02/2012, 12:00

1287 بینراوە






سەركردەكانی یەكێتی و پارتی بوونەتە كۆیلەی داگیركەرانی وكوردستان و هێزە سەرمایەدارەكان، زۆربەی هەرەزۆری سەركردەكانی هێزە ئۆپۆزسیوێنەكان وەكو كۆیلەیەك خۆیان ئەبیننەوە لە بەرامبەر سەركردە كۆیلەكانی یەكێتی و پارتی ، زۆرێك لە نوسەران و شاعیران و هونەرمەندان و رۆژنامەنوسان و مەلاكان و ریكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هتد.. بوونەتە كۆیلەی سەركردە كۆیلەكانی حزبەكان وخەریكی بەخوداوەندكردنیانن، پەرلەمانتارەكان و وەزیرەكان و بریكاری وەزارەتەكان بوونەتە كۆیلەی سەركردە كۆیلەكانی حیزب، فەرمانبەرەكانی حكومەت كراون بە كۆیلەی وەزیرە كۆیلەكان و سەركردەی حیزبە كۆیلەكان، كارگوزارەكان كراون بە كۆیلەی فەرمانبەرە كۆیلەكان و وەزیر و سەرۆك و سەركردە كۆیلەكانی حیزب، ژنان كراون بە كۆیلەی پیاوە كۆیلەكانی سەرۆك و سەركردەی حزبەكان و وەزیرە كۆیلەكان و ئەندام پەرلەمانە كۆیلەكان و فەرمانبەرە كۆیلەكان و كارگوزارە كۆیلەكان، منداڵانیش لەلایەن دایكیانەوە كۆیلەكراون، پەتای كۆیلەبوون چووەتە نێو هەموو مالأ و گەڕەك و شار و حیزب و جومگەكانی ژیانی مرۆڤ لە كوردستاندا، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئێستا كوردستان وڵاتێكە پڕە لە كۆیلە، وەكو چۆن تەزبیح هەموو بەدوای یەكدا ریزبوون و سوجدە بۆ ئیمامەكە دەبەن و تەزبیحەكەش بە هەموو دانەكانیەوە و بە ئیمامەكەشیەوە بوونەتە كۆیلەی پەنجەكانی دەست و بە كەیفی خۆی یاریان پێوە دەكات. مرۆڤی كوردی وەكو ئەو تەزبیحەی بەسەر هاتووە.
ئەم هەستی خۆ بەكەم زانینە لە ناو كۆمەڵگاكەماندا، وایكردووە كوردستان وەكو باڵەخانەیكی بە مقەوا دروستكراوی لێهاتووە، هەرچی دوژمن و هێزێكی سەرمایەداری هەیە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بیخاتە ژێر چنگی خۆیەوە و داگیری بكات، ئەم نەخۆشی خۆبەكەم زانینە زۆر ترسناكە و لە نەخۆشی شێرپەنجە و ئایدز خراپترە بۆ كۆمەڵگاكەمان، دوژمنانی گەلەكەمان بەدرێژای مێژوو خەریكی ناشتنی تۆی كۆیلەبوونی مرۆڤی كوردبوون بە زەبری هێز و پارە و پلە و پۆست، لە زۆر شوێن كوردستاندا ئەو تۆوی كۆیلەبوونە هیچ بەرهەمێكی بۆ داگیركەران نەهێنایە بەرهەم، بەڵام ئەوەی داگیركەران دەیان ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن كە كوردستان بەكۆیلە بكەن و بۆیان نەهاتە دی، ئەوە ئێستا لەماوەی 21 ساڵی حوكمی سەركردە كۆیلەكانی یەكێتی و پارتی و حزبۆچكەكانی دەوروپشتیان، توانیان زۆر بە ئاسانی كوردستان بە كۆیلە بكەن و دڵی داگیركەرانی كوردستان و حكومەتە سەرمایەدارەكان خۆش بكەن،لە ئێستادا هەرچ هێزیكَی سەرمایەداری و دوژمنانی گەلەكەمان هەوەسیان لێبێت بە تۆزێك پارەی زیاترەوە دەتوانن كوردستان داگیر بكەن.
ئەپرسم ئەگەر هاونیشتمانیانمان بە كۆیلە نەكرابێتن، چی عەقڵ و مەنتقێك هەڵی دەگرێت دوو سەرۆكی حزبی كۆیلە و خائینی و تاڵانچی وەكو تاڵەبانی و بارزانی و ماوەی 21 ساڵ حوكمی بكات؟ئەگەر ئەم وڵاتە پڕی نەبێت لە كۆیلە چی عەقڵ و مەنتقێك ئەوە هەڵدەگرێت سەرۆكی هەموو حیزبەكان بە خوداوەندكراون و هەتا مردن هەر سەرۆكی حزب دەبن؟ ناوهێنانی هەركەسێك لەو سەرۆك حزبانە بە خراپە هێڵی سورە، لەلایەن كۆیلەكانیانەوە دەكەویتە ژێر هەڕەشەی مەرگەوە. بۆیە بەڕاستی كوردستان ماڵێكە لە مقەوا دروستكراوە، ئەو شتەی پێی دەگوترێت گۆڕانكاری روویداوە و خەڵك هوشیار بووەتەوە، من نایبینم و بەدرۆیەكی گەورەی دەزانم، بۆنمونە ئێستا لەكوردستان سێ هێزی ئۆپۆزسیۆن هەیە، ئەگەر بتەوێت ڕەخنە لە سەرۆكی ئەو سێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنە بگریت، یەكسەر لەلایەن كۆیلەكانیانەوە دەخرێیتە خانەی خیانەتكاران و نۆكەران و هیچ نەزانان و شێتیەوە، هەروەكو چۆن كۆیلەكانی یەكێتی و پارتی بەناوی هێنای سەرۆكە خیانەتكارەكانیان یەكسەر دەست بۆ چەك و كوشتن و هەڕەشكردن دەبەن. بۆیە ئەو هێزانەی بەدیلی ئەو دەسەڵاتە كۆیلەیەن جێگای ئومێدێك نین كە مرۆڤ بتوانێت دڵیان پێ خۆش بكات، چونكە ئەمانیش هەوڵی زیاتر كۆكردنەوەی زۆرترین كۆیلە دەدەن لەدەوروپشتی خۆیاندا، لە بری ئەوەی ببنە فێرگەیەك بۆ پێگەیاندنی مرڤی ئازا و چاونەترس و سەربەرز و ڕەخنەگر و هوشیار و زانست پەروەر هتد... بۆ ئەوەی هیچ داگیركەرێك نەتوانێت بە ئاسانی وڵاتەكەمان داگیر بكات، كەچی ئەمانیش دەورپشتی خۆیان پڕكردووە لە مرۆڤی كۆیلە كە زۆر خۆیان بەبچوك دەزانن و خۆیانیان زۆر پێكەمە. بۆیە ئەگەر هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشیە كوشندەیە نەدرێت، ئەوە درووست بوونی دەوڵەتی كوردی دەبێتە خەونی شاعیرانەكەی لای جەلال تاڵەبانی.
بۆخۆم ماوەیكە بیر لەوە دەكەمەوە كە پێویستە بۆ لەمەودوا دەست بكەم بە هەڵسانەوەی ئەو هەموو كۆیلەیەی كە كڕنۆشیان بردووە بۆ بتە بێڕوحەكانی وڵاتەكەم، راستە ئەمە كارێكی زۆر سەخت وپڕ لە مەترسیە و تروسكایكی زۆر بچوكە، بەڵام لە ئایندەدا ئەو تروسكایە دەبێتە خۆر و وڵاتمان بۆ رۆشن دەكاتەوە و لە خەو رامان دەچەڵەكێنێت و لەو تاریكایەی شەودا رزگارمان دەكات كە هەموومانی خەواندووە، بە بۆچوونی من كوردستان پێویستی بە رزگاركردنی تاكی كوردە لە كۆیلەیەتی، چونكە ئەگەر كۆیلەكان كەم ببنەوە، ئەوە هێزی زۆرداران و ستەمكارانیش دادەڕوخێت و لە ناو دەچێت، بەڵام ئەگەر هەقمان بەسەر كۆیلەكانەوە نەبێت و رزگاریان نەكەین، ئەوە خودا درۆینەكانی كوردستان كە كۆیلەكان گەورەیانكردوون و بە ئاسانی ناڕوخێن، ئەگەریش بڕوخێن خوداوەندیتر لە جیگای ئەو خوداوەندە درۆینانە درووست دەبنەوە و هەم دیسان وەكو میزی حوشتر بەرەوە دواوە دەڕۆین. بۆیە پێویستمان بە شۆڕشێكی هوشیاریە دژ بە مرۆڤە كۆیلەكراوەكانی دەستی خودا درۆزنەكانی حیزبی كوردی.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە