لەنێوان قەزافی و بارزانی و تاڵەبانیدا چی ؟

Wednesday, 09/11/2011, 12:00

1412 بینراوە






ئێمە سواری قیتاری دیموکراسی بووین ، بەگەیشتن بەئامانجمان دادەبەزین .
(ئۆردۆگان)

ئێمە خۆمان ناخەینە تۆڵەی خۆکوشتنەوە ، تاوانبارانی حوکمی پێشو ، ئەوانەی دەستیان سورە بەخوێنی خەڵکی یان گەمەیان بە دارایی گشتییەوە کردووە ؛ قبول ناکەین بهێنرێنە بەردەرگای (نەهزە) بەڵکو دەبێت ببرێنە بەردەرگای دادگاو لەوێ مافی خۆیان پێبدرێت (ڕاشت خەنوشی) ..
دەگێڕنەوە تاوانەکانی مێژووی دەسەڵاتی قەزافی تا مانگی فابریوەری ٢٠١١ لەکوشتار نەگەیشتۆتە ١٠٠ کەس و لە زیندانی سیاسی نەگیشتۆتە ٦٥ هەزارکەس .
بەڵام لەکوردستان لەژێر ڕکێفی پارتی و یەکیتی دا بەهەزاران کوژراوی سیاسی و بەهەزاران زیندانی سیاسیمان هەیە ، کەچی باس لەئازادی و مافی مرۆڤ و ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی ڕەها دەکرێت ...




زۆر بەڕێکەوت مرۆڤەکان لە شێوەدا لەیەک دەچن ، دەشێت لە بیرکردنەوەو ڕەفتاردا هاوتابن .
سەرئەنجامی بیرکردنەوەو کۆتایی ژیانی دیکتاتۆرەکان یەکن ، بەڵام زەمەن و شوێن ئاکاریان دەگۆڕێت . بیرکرنەوەو ڕەفتاری هەموو دیکتاتۆرەکان وابەستەن بە کورسی دەسەلات و کۆکردنەوەی زیاترو زیاتری سەرمایە ، لەم پێوانەدا خوێنڕشتن و جیهانی تۆقاندن و ژیانێکی تراژیدیا بنیاد دەنێن ، بۆیە دەسەڵاتەکانیان بە تراژیدیا کۆتایی دێت .. هەموو دیکتاتۆرەکان بە خوێن هاتوون و بەخوێن ڕۆیشتوون ، سەرئەنجام هەموو شتێک لەدەست دەدەن .
بن عەلی ڕۆیشت بەوهەموو جەبەروتەی دوایەوە، لەبەدەم هەڵمەتی ناڕازییەکان خەڵکداخۆی نەگرت و لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا ئەوەی لەسەریەکی نا ، بەجێی هێشت و بەتەماش نییە ئەوەی لەدەستیدایە بیخوات .
موبارەک ، لەکونجی زینداندا خزا ، ١٩٨ هەزار ئەمنی تایبەت و داڕشتنی دیوارەکۆنکرییەتییەکانی حیزبی سەرکردەو داراییەکی بێشومار فریادڕەسی نەبوون ، پێفرۆشتنەوەی سەروەرییەکانی ڕابردوی دادی نەداو لەبەردەمی دادگایەکی گەلدا چاوڕێی سزاکانێتی ..
قەزافی بۆ ماوەی چل ساڵ تەمەنی حوکم بۆ بنیادی خەونەکانی ، هەرەسی هێنا؛ خەونی سپی نەهاتە دی و توشی خەونێکی ڕەش هات و بەتراژیدا کۆتای بە جەستەشی هات ، قەزافی خاوەنی پەرتوکی سەوزو پڕۆژەی یەکێتی ئەفریکاو تەختی ئیمپراتۆری عەرەبی بوو ؛ بینیمان چۆن و بە چ شێوەیەک بەدەست جەند گەنجێکەوە گەمە بەجەستەی کرا .
لەکوردستان قەیرانی دیموکراسی و گەندەڵی وگەمەکردن بەدارایی گشتی و مۆڵدانی دەسەڵات لەلایەن دووخێزانەوە ، هاوتایە بەقەیرانەکانی وڵاتانی عەرەبی . قەیرانی سیاسی و ئیداری لە وڵاتانی عەرەبی تائێستا سێ دەسەڵاتی ڕاپێچی بەردەمی دادگاو چارەنوسێکی تراژیدیا کردووە ؛ لەمەڕ ئێمە هەستی هەڵسانەوەو بەرەنگاری و بەرگری کردن لەخود ، هەرەسی هێناوەو ئەوەی گەلانی عەرەب قبوڵیان نەکرد ، لای ئێمە مایەی شانازییە ..
هەست و جوڵە لەکۆمەڵگای ئێمەدا شکستی هیناوەو بەدوای قەیرانەکاندا وێڵ نییە ؛ مێژوومان پڕە لە شکستی تاکەکان لەئاست دەسەڵاتدا ، هەمیشە تاکی کورد چۆکدادەر بووە لەئاست دەسەڵاتی ڕەهادا ؛ دەسەڵاتەکان زۆر بەئاسانی توانیویانە پێوانەی مێشکی مرۆڤی کورد بکەن و دواتر بەپێی خواستی خۆیان کارکردەیان لەسەری هەبێت ؛ ئەم وانەیە بۆسەرانی کورد پێداویستییەکی ژیانییە ، ئەوان لەو شوێنەوە دەست پێدەکەن پایەکان دامەزراو و کەرەسەکان ئامادەو ؛ ڕێگایەکی دوریان بۆ نزیک بۆتەوەو فەرمان و وتارەکان دەگۆڕن ..
هەموو ئاوازە تۆتیالیتارەکان هاوچەشنن ، گلەیی و ناڕازییەکان لە یەک تەنگەوە هەڵدەکەن ؛ مرۆڤ و نەتەوەو دین و ڕەنگەکان وێنەی ناڕازی بونەکە دەگۆڕن ؛ ئەمەیان هی لیبیایە ئەوەیان هی میسرەو ئەمەیان هی کوردستانە ، بەڵام لەبنەمادا هەمویان هاوچەشنن و دەسەڵاتەکانیش نەوەی یەک تروکاندن .
کاتێک باس لە نەهامەتی گەلی لیبیا دەکرێت ، قەزافی وەک نمونەی دڕندە دێتەوە کاتێک باس لە دروشمی ڕابوونی گەلی میسر دەکرێت ، تەنها گەندەڵی و دەسەڵاتی تاکخێزان و پێشیلی ماڤی مرۆف دەکرێت ، کاتێک باسی هەرێمی کوردستان دەکرێت دروشمی ناڕازییەکانی میسر ئامادەیەو دەتوانین هیچ پشوویەک نەدەین و هەمان دروشم بەرزبکەینەوە .
لەوڵاتانی وەک تونس و میسرو لیبیادا خەڵکە ناڕازییەکە بۆ ئەوەڕاپەڕیی تا شەبەحی دەسەڵاتی دەستاودەست و گەندەڵی و پێشەلی مافی مرۆڤ نەهێڵێت ، ئایا دەسەڵاتی لا ئێمەش تاوانبار نییە بەم تاوانانە ؟ .
لای ئـێمە بۆماوەی چل ساڵ زیاتر لەنێوان دوو بەردەئاشی دوژمنەکانی دوێنێ و هاوپەیمانەکانی ئەمڕۆدا بەهەزاران کورد هاڕدران ، لەونێوەدا ململانێی نادروستیان بەسەدان کەس تیرۆرو بەهەزاران زیندان و بێ ڕێژەش دەربەدەرو خانە لێتێکچوکران .. لەمە ! تاوانتر چی هەیە ؟ ..
دوژمنەکانی دوێنێ و دۆستەکانی ئەمڕۆ پاش ئەوەی ڕێککەوتن مەدرەسەی گەندەڵی پێشکەشی ئیدارەی گەلی کوردبکەن و بۆخۆیان و دارودەستەکانیان بەملیارەها دۆلاریان سەریەک نا .. لەمەزیاتر چ گەندەڵییەکی تر هەیە ؟ ..
دوژمنەکانی دوێنی و دۆستەکانی ئەمڕۆ . شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان نەوەکانیان لەپاش خۆیان بێنە سەرحوکم و درێژە بەتەمەنی دەسەڵاتی دەستاو دەست بدەن .... ئایا لەمەزیاتر چ بەرەیەک ترهەیە بۆ ڕماندنی ستراکتور دیموکراسی؟ .
پێشێلەکان لە کوشتنی تاکێکەوە تا هەزاران ؛ ڕێژەی تاوانەکان یەکلایی دەکەنەوە نەک کاڵ بوونەوەی تاوان ؛ پارتی و یەکێتی بەهەزاران خەڵکیان لەسەر پارتی بوون و یەکێتی بوون کوشتووە ، واتە تاوانی نیشتمانیان ئەنجام داوە ، واتە تاوانبارن بەکوشتنی خەڵک ... واتە مافی مرۆڤ پێشەلکراوە ..
گەندەڵی قورگوراگەی هەموو گەلی گرتووەو بۆ خۆشیان دان بەگەندەڵیدا دەنێن و پاکانە بۆ چارەسەری دەدۆزنەوە و هەربۆخۆشیان بەشێکی گرنگی ئەو گەندەڵییەن ، واتە لێپرسراوی گەندەڵی هەرخۆیانن ..
سێبەری سەرۆک هەموو ڕۆژێک فەرمان دەردەکات و لەئاستێکی بەرزدا نمایش دەکرێت و هەموو چرکەساتێک لەئامادەباشیدایە بۆ جێگۆڕکێ ؛ ڕۆژ نییە کوڕانی سەرۆک لەسەر مێدیاکانی حیزبدا وەک سەرۆک نەبینرێت .. واتە گەوجاندنی دیموکراسی پرۆسەیە ..
ئەوەی گەلی کوردو گەلانی ڕاپەڕیوی عەرەب جیادەکاتەوە ، جگە لەناو و بەرگ و کلتورو نەتەوە تەنها هەستە ؛؛ هیوادارم هەستی کورد بگاتە ئاستی هەستی گەلانی عەرەب و ئێمەش بەهەمان تەوژم کۆتایی بەدەسەڵاتی گەندەڵ و دەستاو دەست و پێشەلکاری مافی مرۆڤ بهێنین ..

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە