هاتنەدەرەوە لە ناو حزبدا لە نێوان نەوشیروان مستەفا و مەلابەختیار

Saturday, 19/09/2009, 12:00

1553 بینراوە


كۆی ئەم نوسینە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە؟
نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی هاتەدرەوە، مۆدیلێكی نوێی سیاسی خوڵقاند، توانی رێژەیەكی بەرچاو لە دەنگەكان بەدەست بهێنێت كەدەشێت بوونی ئۆپوزیسۆنێكی كارای لێ ڕەچاوبكرێت، بهێنەرە بەرچاوی خۆت ئەگەر مەلا بەختیار لە یەكێتی بێتە دەرەوە چی دەكات؟
بێگومان سیاسەت لە وڵاتی ئێمە بووەتە پیشە، بە دیاریكراوتر بووەتە كەسابەت، سیاسەت ئەگەر چانسی ئەوەت پێ ببەخشێت ببیتە ئەندامی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسی یەكێك لە دوو حزبەكە دەسەڵاتدارەكە، ئەوا دڵنیابە بە تەنیشتیەوە رستێك بەرژەوەندی ترت بۆ مسۆگەر دەبێت، كۆمپانیا، زەویوزار، پارەی كاش، پشك لە گرێبەستەكان، سەرمایەگوزار..... دەیان كەناڵی تری كۆكردنەوەی سامان.
ئەم لۆژیكە بێبەریە لە هەر جۆرە تەفسیرێكی ئەقڵانی بۆ چەمكی سیاسەت، واتە لەم رووبەرەدا سیاسەت نە بریتیە لە هونەری بەدیهێنانی مەحالأ، نەبریتیە لە چاكەی گشتی، نە بریتیە لە ئیدارەدانی جیاوازیەكانی ناو كۆمەڵگا، وە نە بریتیە لە رێكخستنی دەسەڵات و دامودەزگاكانی..، سیاسەت لەم رووبەردا دەبێتە نەخشەیەكی دڕندانەی پەلاماردانی كۆمپانیا زەبەلاحەكان كە قەپ بە هەموو شتێكدا دەكەن. بریتیە لە هێرشێكی ترسناك بۆ سەر سامانی گشتی و نیشتمانی، ترسەكە لەوەدا ئەم جۆرە هێرشە لەسەر بنەمای دڕندانە بەرێوەدەچێت، واتە هێرشێك نییە چاوەروانی ئەوەی لێبكرێت وەبەرهێنانی لێوە سەرچاوەبگرێت یان هەر نەبێت سودێكی لاوەكی بۆ خەڵك هەبێت، تەماشاكەن بانقەكانی ئەوروپا چ بازرگانیەك بە سامانی ئەم میللەتەوە دەكەن، تەماشاكەن سەركردە سەربازی و سیاسیەكانی شاخ بونەتە چ دەوڵەمەند و ملیاردێرێك، بەری ڕەنجی چەند ساڵ (خەبات)یان چیان لێ چنیەوە؟
ئەگەر ئەمە سروشتی سیاسەت بێت، كە كار لەسەر سامان و گرێبەستەكان بكات، واتە كار لەسەر ئەو سەرچاوانە بكات كە پەیوەندی ئابوری و سامان و دەسەڵات دەخاتە ناو یەك هاوكێشەوە، هەڵبەت كێشەیەكی ئاڵۆز رووبەری پرسەی سیاسی دەبێتەوە لەم هەرێمەدا.
بەپێ سەرەتایترین لێكدانەوەكان، نەوشیروان مستەفا لە سەر ئەم لۆژیك و بیركردنەوە و مومارەسەیە لە یەكێتی هاتە دەرەوە، یەكێتیەكانی ناو یەكێتی بە نمونە بەرزان ئەحمەدی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی پێی وابوو نەوشیروان مستەفا لە دەروەی یەكێتی هیچی پێ ناكرێت و چارەنوسی لە هەڵبژاردنەكانی ناو یەكێتی خراپتر دەبێت، كەسێكی تری وەك مەلا بەختیار پێی وابوو نەوشیروان بە یەكێتیەوە شتە دەنا ئەو سەركردایەتی پێ ناكرێت، یەكێكی تر لەسەر كردەكانی یەكێتی پێی وابوو لیستەی نەوشیروان لە وانە بتوانێت 3 تا 5 كورسی پەرلەمان بە دەست بهێنێت.... بەهەر حاڵ هەموو ئەم بۆچونانە كورتیان هێنا، بوونە بڵقی سەرئاو، هەموو ئەم بۆچونانە چونكە لە كەسانی سیاسەتمەدارەوە سەرچاوەی نەگرت، چونكە لە كەسانی كاسبكارەوە هاتبوو، راست دەرنەچوو، نەشیروان مستەفا توانی هەموو هاوكێشە سیاسیەكانی هەرێم بگۆرێت و بە بارێكی تردا قڵپیان بكاتەوە، هەندێك پێی وایە نەخشەی سیاسی عێراقیش دەگۆرێت بە تایبەت كە هەڵبژاردنی عێراقمان لەبەردەستدایە.
با بهێنینە بەرچاوی خۆمان ئایا ئەگەر مەلابەختیار هاتە دەوەرە لە یەكێتی توانای چی دەبێت؟ ئەم كەسە پێشتر لە یەكێتی جیابۆتەوە و لە ئاشدا رۆڵی بینیوە، هەتا ئەو ماوانەی لە ئاشدابووە هیچ كەس لە هیچ معادەلە و گۆرانێكدا نەیخوێندۆتەوە، لە دوای راپەرین كە هێشتا نەهاتبۆیەوە ناو یەكێتی ، لە هیچ سوچ كەلەبەرێك ناوی نەبوو، ئەگەر ئێستاش بێتەدەرەوە چی دەگۆرێت، دەتوانێت چی بكات؟
مەلابەختیار بە هاتنەدەرەوەی لە یەكێتی لە رووی داراییەوە تووشی قەیران دەبێت، ئێمە ناڵێین تووشی ئیفلاسی چونكە بای ئەوە سامانی كۆكردۆتەوە كە وا زوو نەكەوێت، هەوەها لە رووی یاساییەوە بێ پشت و پەنا دەبێت، دیارە لە رووی سیاسیەوە ئیفلاس دەكات، چونكە ئەم كەسە هیچ بنكەیەكی جەماوەری نییە، تەنانەت بۆچونێك لەناو یەكێتیەكاندا هەیە كە لاوازی و پەرتەوازەبوونی یەكێتی بەشێكی بۆ بەرپرسیارێتی ئەم كەسە دەگەرێتەوە،
زۆر كەس پێی وایە یەكێتی بە مەلابەختیارەوە گیری خواردووە، واتە ئەوەندەی كاریگەری سلبی بۆ سەر یەكێتی هەیە، نیو هێندە سودی بە یەكێتی نەگەیاندووە، دروست رەفتاری ئەم كەسە ئەوەیە كە شەر بەكۆنەقین ئەنجامدەدات، رۆشنبیرەكانی شار لەسەر دەستی ئەم لە یەكێتی زوویر بوون، كادرە جدیەكانی یەكێتی لەسەر دەستی ئەم لە یەكێتی هاتونەتە دەرەوە، بەهەرحاڵ، ئەگەر وێنای ئەوەمانكرد مەلابەختیار لە یەكێتی هاتە دەرەوە، ئەو كات لەوانەیە وەك ئەزموونێك وابێت بۆ ژیانی سیاسی ئەو، ئایا دەتوانێت لە دەوەی حزب سیاسەت بكات، یان راستر ئایا كەسایەتی خۆی دەتوانێت لە دەوەی یەكێتی بدۆزێتەوە، یاخود ئایا بای ئەوە ئیشیكردووە كەلە دەرەوەی یەكێتی وەك كەسێكی سیاسی پشتگیری بۆخۆی بدۆزێتەوە؟
وەڵامی ئەم ئەگەرانە ئەوەیە، كە ناتوانێت لە دەرەوەی یەكێتی بینای كەسایەتی خۆی بكات، لە كاتێكدا لە ناوەوە بینای یەكێتی رووخاندووە!
بۆیە ئەم ئەگەرە لەبەرامبەر حەتمیەتێكی تردا راماندەگرێت، ئەویش ئەوەیە كە مەلابەختیار هەرگیز لە یەكێتی نایەتەدەرەوە, چونكە لە دەرەوەی ئەم حزبە هیچ پێناسەیەكی سیاسی ئەم كەسایەتیە نایگرێتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە