به‌ڵێ ڕاپەڕین، ڕاپەڕین بۆ ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتیی خۆسه‌پێنه‌ر

Saturday, 08/05/2010, 12:00

1830 بینراوە


دەسەڵاتی كوردیی پێکهاتووه‌ له‌م تاوانبار و تیرۆریستانه‌ی که‌ وڵات به‌ڕێوه‌ و میلله‌ته‌که‌مان به‌ره‌و نه‌هامه‌تیی ده‌به‌ن، وا هه‌موو رۆژێک رووداوێکی ناخۆش له‌ کوردستاندا ده‌قه‌ومێ، که‌س له‌ پاشه‌ڕۆژیی خۆی و منداڵ و خێزانه‌که‌ی دڵنیا نییه‌.
هەر كوردێك گەر ویژدانی خۆی نەفرۆشتبێ، تەواو دەزانێ، که‌ به‌رپرس و سه‌رانی ئه‌م دەسەڵات و دوو حزبە، چه‌ند ناپاک و خائینن، ده‌زانێت  چین و مەعدەنەكەیان چییە؟
هەتا بەعس له‌و وڵاته‌دا فه‌رمانڕه‌وا بوو، یەكێتی و پارتی له‌ ئامێزیی مەلاكانی ئێران و باوه‌شی به‌عسییه‌کانی سوریادا دانیشتبوون. چاوه‌ڕوانی فه‌رمانیان ده‌کرد، هەر كاتێكیش پێویستییان هەبووبێ، ئاخوندەكانی ئێران چەكیان پێده‌دان و بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان ده‌یانناردن، تا شەڕ لە گەڵ سوپای عێراقدا بكەن. لە پەنا ئەمەشدا، پارتیی و یەكێتیی ئازادیی تەواویان هەبووە بۆ تەقەكردن و په‌لاماردانی یه‌کتر و کوردکوشتن، بێ گوێدانه‌ بەرژەوەندی كورد و حیسابكردنێك بۆ ئاساییشی خەڵكی ڕِەش و ڕووتی ئه‌م وڵاته‌!
ئەم جاشایەتیە سووكەی، که‌ ئەم دوو حیزبە بۆ ئێران پیاده‌یان ده‌کرد، بووە هۆکاریی كیمیابارن، ئەنفال و خاپوركردنی هەزاران گوندی كوردستان و كردنی وڵات بە دۆزەخێكی ڕاستەقینە.
یەكێتی و پارتی، كە چەند هەزار كەسێكی كەمبوون، خۆیان و خێزانەكانیان دوور لە كیمیاباران، دوور لە ئەنفالکردن، دوور لە ترس و تۆقینی ئەمن و ئیستخباراتی بەعس، لە ئۆردوگاكانی ئێران و شارەكانی ئەوروپا، ژیانی ئاسودەیان بە سەر دەبرد، له‌و لاشه‌وه‌ حکومه‌تی به‌عس ئازاری خزم و که‌سوکاری ئه‌وانه‌یشی ده‌دا، که‌ به‌ ئاسته‌م له‌ پێشمه‌رگ‌ نزیکایه‌تییان هه‌بووایه‌، که‌چی بۆ نموونه‌ شێخ حیسامه‌دینی باوکی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ که‌رکووک به‌بێ ترس هاتووچۆی ده‌کرد و له‌ گوڵ کاڵتری پێنه‌ ده‌گووترا.
گێلی سەددام و پلانی نێو دەوڵەتیی، دوای جەنگی كوەیت، عێراقی لاوازكرد. خەڵكی ڕاپەڕینی كرد، كەچی "خەباتكاران"ی نێو كۆشی مەلاكانی ئێران، هاتنەوە و لنگیان خستە سەر پشتی ئەو ڕاپەڕینەی، که‌ جه‌ماوه‌ر خوێنی خۆی تێدا ده‌ڕشت. ئیستا ده‌می هه‌ر هاوڵاتییه‌ک ده‌که‌یته‌وه‌، له‌ بری ناوی راپه‌ڕین ده‌ڵێت: "سەهوەكە". واته‌ هه‌ڵه‌یه‌ک بوو ئه‌و خه‌ڵکه‌ کردی.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی، که‌ پارتیی و یه‌کێتیی به‌ڕیوه‌ی ده‌به‌ن، بێ ویژدانانە وەك پیشەی هەمیشەیی، هەرچی موڵكی كورد بوو وەك ئاوبەندی بێخمە، تەل و عامودی كارەبا، شۆڤڵ و گرێدەر، كارخانەو چەك و كەلوپەل ...هتد، هه‌موویان بە پارەی كەم ئاودیووی ئێران ده‌کرد و به‌ ئاغاكانی ئێرانیان ده‌فرۆشته‌وه‌، بەڵام بۆ دەوڵەمەندكردنی گیرفانی خۆیان، پارەیەكی زۆر بوو. ئیتر هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە، لە سەر گومرگەكەی براهیم خەلیل و بە پێی دوژمنداری كۆنی نێوانیان، پارتی و یەكێتی بۆ لەناوبردنی یەكتر، هەرچی تەور و چەقۆ و گوللە بوو وەشاندیانە پشت و مل و باسك و قاچی كورد. هەر بە زۆری، زۆرداره‌کیی، بە خۆ سەپاندن، بە فرۆشتنەوەی "خەبات"ی ئۆردوگای ئێرانی و كۆشی ئایەتوڵلا و قەسابخانەكانی هەكاری و پشتئاشان و قەندیل و سەدان سەر شۆڕیی تری جاشایەتی، ڕوویدا.
ئەم هەموو جاشایەتی و خیانەتە، که‌ ئه‌مڕۆ بە ناوی خەبات بە ئێمه‌ی کوردیی ده‌فرۆشنه‌وه‌، هه‌مووی جاشایه‌تیی بوو، هیچی بۆ کورد نه‌بوو. هێنانی سوپای دوژمنی كورد بۆ هه‌ولێر، کۆیه‌ و ناوچه‌کانی تر، کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی میت و ئیتیڵاعات و موخابه‌راتی وڵاتانی تر لە شارەكانی كوردستان، بەعسئاسا ئازاردانی لاوانی كورد لە زیندانەكانی خۆیان لە هەولێر و سلێمانی و ئاكرێ. كوشتن و دزین و بڕین،  هه‌موو ئه‌مانه‌یان بە پاداشت و پیاوه‌تیی به‌ کورد ده‌فرۆشته‌وه‌. ئه‌وان پێشمه‌رگه‌ و ئێمەیش نا "پێشمەرگە"  بووین، گوایە ئەوان "خەبات"یان دەكرد، "پێشمەرگە" بوون، بۆیه‌ هەقیان  به‌ سه‌ر کورده‌وه‌ هه‌یه هەرچی بیانەوێ بیكەن.
گومرگ دزرا، سەروەت و سامانی كورد قڕ كرا، خوێنی كورد ڕژا، سوپای بەعس هێنرایەوە كوردستان، پاسدار و تۆپی ئێران ڕاكێشرا بۆ كوردستان، میت و سوپای تورك هێنرا بۆ سەر پشتی كوردستان و ماڵوێرانی و كارەسات و كوشتن و بڕینیش، هه‌موو ئه‌مانه‌ش هەر بەشی ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌بوو. بۆیه‌ تا ئیستاش کورد ده‌بێت خۆی به‌ (قه‌رزداری) ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ بزانێت و کورد قه‌رزێکی زۆری له‌سه‌ر ماوه‌، که‌ ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ی پێ مه‌ره‌خه‌س بکات، چونکه‌ پارتی و یەكێتی ئێمەیان لە ده‌ست بەعس "ڕزگار" كرد، هەر لە بەر ئەمه‌یه‌، مەسعود بارزانی و سەرانی یەكێتی بە ڕاشكاوانە گوتیان: (ڕاستە لە ژیان جیاوازی بەدی دەكرێ، ئێمە ژیانمان خۆشترە لە ئێوە، بەڵام ئەمە هەقی خۆمانە، چونكە لە شاخ خەباتمان كردووە) ئیتر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ کورد له‌به‌ر ده‌ستیایه‌ هه‌ر هه‌مووی  بەروبوومی ئەم خەباتەی ئه‌وانه‌‌، که‌"شەرعیەت"ی داوه‌ بەم چەتە و ڕێگر و جاش و خائینانە، كە بێ لێپیچینەوە، بێ دادگا، بێ هەق، خه‌ڵکی بكوژن، هاوڵاتیی ئەشكەنجە بدەن و ڕۆژنامەنووس و نووسەران تیرۆر بكەن.
هیچ میلله‌تێکی زیندو ئه‌م ناهه‌قییانه‌ قبووڵ ناکات، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ  پارتیی و یه‌کیتیی به‌ کوردی ده‌که‌ن، گه‌یشتۆته‌ سه‌ر ئێسقان و که‌پوو، خه‌تای خۆشمانی تێدایه‌، چونکه‌ سنوور بۆ ده‌ستدرێژیی و تاوانه‌کانی ئه‌مانه‌ دانه‌نراوه‌، ئه‌وان هێڵی سووریان هه‌یه‌، لێ ئێمه‌ هێڵی سوورمان نییه‌ بۆ ئه‌وان، ئێمە نە هاتینە سەر جادە، تا وەك میللەتێك که‌رامه‌تی خۆمان بپارێزین، نه‌هێڵین له‌وه‌ زیاتر خیانه‌ت و سووکایه‌تیمان پێ بکرێت ، وەك یەك جەستە، پارێزگاریی له‌ دەنگ و لە مافی خۆمان بکه‌ین، نه‌مانکرد بڕژێینە سەر شەقام، نه‌مانکرد بە چەپڵە ئەم پیسیی و خیانەت و تاوانە بگێڕینەوە بۆ كۆشی ئاغاكانیان لە تاران و له‌ ئەنقەرە.
ئێمە نه‌ماکرد بۆ مافی خۆمان دژ بەم خائینانە ڕاپەڕین، بۆیە سۆرانی مامە حەمه‌یان كوشت، ستار تاهیر شەریف كوژرا، سەردەشت عوسمان فڕێندرا، به‌ کوژراوی لاشه‌که‌یان فڕێدا و دەیان و هەزاران لاوی گەلەكەمان تەفروتونا كران و به‌ سه‌دانیشیان له‌ کوونی زیندانه‌کاندا ئاخاند.
ئێمە نه‌ک سامان و پاره‌ و خاک، به‌ڵکو خۆشمان دزراوین، مافمان پێشێل كراوە، خوێنمان حەڵاڵ كراوە. چونكە جاشەكانی تاران، ئەنقەرە، دیمەشق و بەغدای به‌عسیی، ئێمە بە موڵكی هەرە هەرزانی خۆیان دەزانن، كە تەنها شایەنی ئەوەین خوێن و گۆشت و ئێسقان و سامان و ڕەنجمان، بکه‌نه‌ بەردی بناغەی كۆشك، تەلار، خانوو، سەیارە، گەشت، گوزار، خۆشگوزەرانی خۆیان و منداڵه‌کانیان.

ئیستاش بۆ کۆتایی هێنان به‌م سته‌م و تاوانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیی کوردیی، هاوارده‌که‌ین ده‌ڵێین:
ئیدی كاتی ڕاپەڕینە، كاتی ڕژانە سەر شەقامه‌کانه‌، كاتی داماڵین و پاكکردنەوەی كوردستانە لەم میكرۆب و پیسایی و تاوان و خوێنڕشتنه‌.
با ڕۆژنامەنووس، خوێندکار، قوتابیان بڕژێنه‌ سەر شەقام بۆ پاراستنی که‌رامه‌ت و که‌سایه‌تیی مرۆڤی كورد. ئەمە تەنها چارەسەرە، نه‌ک ئه‌م چه‌ند دێره‌ی که‌ ده‌ینووسین و بۆ ساتێک ده‌سه‌ڵاتی پێهه‌راسان ده‌که‌ین.
به‌ڵێ ڕاپەڕین، ڕاپەڕین بۆ ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتیی خۆسه‌پێنه‌ر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە