مەلا مستەفا لە ژیان و لە مردندا هەر خێر وبه‌ره‌کەت بوو!!

Sunday, 10/02/2013, 12:00

1399 بینراوە







ئەوەی ئەگوزەرێ لە ئین ئار تی  NRT بە هەموو پێوەرێ کارەساتە ، کارەساتە بەو مانایەیی هیچ کایەیەکی مۆراڵی نایگرێتەوە ،پارتی لە مێژە بۆ هەلێکی وا دەگەرا کە هەڵکوتێتە سەر کەناڵی ئێن ئار تی .چونکە حەڤدەی شوبات نزیك بۆتەوە و نایەوێ ئەو کەناڵە خەڵکییان لێ هار بکات وبرینی سارێژنەکراوو دوو بارە بوکلێنێتەوە.
سەیر نەبێ لاتان پارتی خۆی سەرچاوەی زۆر روداوە لە کوردستان تا سینارێویەك دورست بکات ولە فشارێکی کاریگەرتر رزگاری بکات ، رەنگە سوتانی بەشی ناوخۆی کوران هەر تەنها روداوێك نەبێ کە تائێستا هۆکارەکەی نەزاندراوە ؟
لەم هەرێمە دا هەموو شت رێی تێئەچێ . لەدوای ئەوەی برادەرێ بەتەلەفۆن هەندێ ناسۆری و دەردە دڵی خۆی دەربری ،لایەنگرانی پارتی بە ئارەستەکراوی هەڵیان کوتایە سەر کەناڵەکە .
بەداخەوە بەرێوەبەری کەناڵەکە بەلاوازترین شێوە دەرکەوت کە بە جۆرێ لە جۆرەکان رەوایەتی دایە خەڵکی گێرەشێوێن و بێ سەرەو بەرە ، ورای جیاواز و ئازادی دوو هێندە تەسكتر کردەوە .
سەیر لەوەدا بوو ئەم خەڵکەی هاتبونە بەر دەرکی کەناڵەکە و ئەوانەی لە هەموو رووداوێکدا کە (بەعەقڵیەتی پارتێتی) بۆنی سوکایەتی لێبکرێ بە سەرکردەکانیان بێ ئەوەی مۆڵەت وەرگرن خۆپیشاندان ئەکەن و کەس نییە داوایان لێبکات و بڵێت بۆتان نییە خۆپیشاندان بکەن ، هەر چەند سوکایەتی و تانە دورە لە دەربرینێکی شارستانیەوە ، بەڵام هەرەشەی واڵاکردنی ناوی پەیوەندی گر کارێکی زۆر هەڵەیە لەوە هەڵەترە کە خەڵکانێ بەبێ مۆڵەت چونەتە سەر شەقام و بەر کەناڵەکەیان لێگرتوون ، چونکە ئەو مەسەلەیە بە تکا و داوا کاری دەبێ کە سوکایەتی بەکەس نەکرێ نەك بەهەرەشە،ئەمە ئەبێتە هاندەرێ بۆ ئەوەی خەڵکانی تر نەتوانن بە شێوەیەك لە شێوەکان رەخنەی جدیش بگرن یان باسی ژیان و نسکۆ وکەوتنەکان و باری سایکلۆجی کەسەکانیش بکەن ،
هەر بۆیە باشتر وایە توانا عوسمان دەست لە کار بکشێتەوە ، چونکە دڵنیای کردینەوە کە شیاوی ئەو شوێنە نی یە . ئاشکراکردنی ناوو زانیاری دەربارەی پەیوەندیەکان هەر چەند کێشەیەکی یاسایی یە ،بەرێگەی یاسایش بەرێوە دەچێ نەك بەوەی وەك هەرەشەیەك بڵاوبکرێتەوە، کارێکی ئەوەندە سادەش نییە کە ئەو زانیاریانە بە ئاسانی بدرێ بە لێپرسراوی ناوچەیەك یان لقێکی پارتی لە بەر ئەوەی کەوتنە دەستی ئەو کەسانە بە دەستی پارتی واتای مەرگیانە و ئەوەی کێشەی بۆ ئەمێنێتەوە بەرێوەبەری کەناڵەکەو خاوەنی کەسەکەیە .
پارتی وەك حزبی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەدزینی ئەو داهات و پەخشان و تەخشانکردنی بودجەی کوردستان بە سوکایەتی نازانێ ،ئەو هەموو بێرێزیە بەرامبەر بە مرۆڤەکان دەکرێ بە سوکایەتی نازانێ ،کوشتن و لێدانی چەندین رۆژنامە نوس و رۆشنفکر و ئازادی خواز بە سوکایەتی نازانێ ،دەرکردن ونانبراوکردنی فەرمنانبەر ومامۆستاکان ، بە سوکایەتی نازانێ، بۆ دەبێ کەسێ دەردی دڵی خۆی دەرببرێ بە سوکایەتی بزانن و بە کۆمەڵ بۆ سوتانی کەناڵێکی راگەیاندن بەرێکەون . هەر هەفتەی پێشوو ، خۆ هێشتا دەموو چاوی ئەو گەنجەی شاری کەرکووك ئاوساوی و شینبونەوەکەی پێوە دیارماوە ، ئەی بۆ کەسێ نەچوە بەر دەم ئەو بارەگایەیی پارتی و هەرەشەیان لێبکات و بڵێ بۆ سوکایەتی بە کەسێکی زیندوو دەکەن .
ئەم جەهالەت و دواکەوتویە مۆرکێکی کۆمەڵی عەشایەری یەو تایبەتە بە پارتی ، پارتی وەك خەسڵەتێ بەم شتانە دەناسرێتەوە . قبووڵ کردنی پارتی بەوەی یەکێ لە ئەندامانی بنەماڵەی بەرزانی ببێتە باوکی کورد ، شتێکی نوێ نییە ، چونکە هەرچی حوکمرانە دیکتاتۆر و دوور لە گەلەکان وویستویانە بە بەستنەوەی کۆمەڵگا بەو ووشانەوە هەستی دورەپەرێزی خۆیان نەهێڵن ، ئەوان بە وابەستەییان بەو زاراوەیەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە بەڵێ ئێمەش چ وەك پارت و چ وەك دەسەڵات دەسەڵاتی دیکتاتۆرین و هەر بەو رێرەوەشدا دەرۆین. نمونەی ئەم باوکانە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا زۆرن ،نزیکترینیان لە مێژودا بابە سەدام وبابە ئەسەد و قەزافییە .ئەگەر ئەمانیش بەو باوکایەتییە رازیین ،ئەوە با قبوڵی ئاکامەکەشی بن .
لەوانەیە سروشتی بێت ئەو کەسەی کە نە بەرزانی باوکی بینیبێ و نە بیناسێ و نە هاوتەمەنی بێت سوکایەتی پێبکات ،چونکە نەوەکانی ئەو زاتە موبارەکە ،خەڵکیان رسوکردوەو بەردەوام سوکایەتی پێدەکەن ولەوەش خراپتر ئەیانکوژن و تیرۆریان دەکەن ، قوتی ماڵ و مناڵیان دەبەن و گاڵتەشیان پێدەکەن ، مناڵان خەڵتانی خوێن دەکەن و بکوژەکانیشیان پلەی بەرزتر وەردەگرن ، لە کاتێکدا خەڵکی کێشمەکێشی ژەمێکی خواردن لە گەڵ دەوروبەردا دەکات ، نەوەکانی تەنها بۆ چاك کردنەوەی دەرگای ڤێلاکانیان بە مەلایین پارەی تیا سەرف دەکەن ، بەڵام ئەوی نا سروشتییە و پارتی ئەیەوێ لە رێی ئەم سینارێویانەوە یان ئەم هەلەوە ،دووپاتی بکاتەوە چەند شتێکن ،وەك نزیكبونەوەی حەڤدی شوبات و یادی جوانەمەرگانی و تێپەراندنی بودجەی ئەم ساڵ وپیشاندانی هێزی خۆیانە لە سلێمانی . من دڵنیام ئێستا مەسعود دانیشتووە و ئەڵێ ،من گەلێ مەمنوونێ بابێ خۆم مەرحوم بارزانی دەکەم ،بە زیندوویەتی خێر و بەرەکەت بوو بە مردوویەتیش هەر خێر وبەرەکەت . بۆیە لەکەسی قبوڵ ناکەین کە باوکی ئێمە بە باوکی خۆی نەزانێ !!!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە