دێینەوە مەیدانی ئازادی

Friday, 22/04/2011, 12:00

1424 بینراوە






لە کاتێکدا مەیدانی ئازادی دەبێت بە سەربازگەیەکی نامۆ بە خەڵکی ئەم شارە، ساتی ئەوە دێت بە هەموومان بیر لە نزیکترین داهاتوو بکەینەوە. هەموو دەزانین مومکین نیە ئەم هێزە تۆقێنەر و گەورەیە تێکەڵ بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەم شارە و هەموو شرۆچکە و ئاوەدانییەکان بکرێت، وەکو چۆن خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خەڵک لە سەرای ئازادیەکان وەک پیشەیەکی ڕۆژانەی بەردەوام جێگای باوەڕی هیچ کەسێک نیە و ڕۆژێک هەیە کە ژیانی ئاسایی خەڵک دەستپێبکاتەوە و هەموومان بگەڕیینەوە بۆ سەرکار و پیشە و بەردەوامیدان بە ژیانێکی ئاسایی.
بە بڕوای من لە ئێستادا چۆڵکردن و بەجیهێشتنی مەیدانەکان لەلایەن خەڵکەوە زیانێکی گەورە بەم ئەزمونە نوێیەی خەباتی گەنجانە و ڕۆشنبیرانەی گەلەکەمان دەگەیەنێت. لەباربردنی ئەم ئینتیما گەرموگوڕەی لە ناخی زۆرینەی گەنجانی خوێندەوار و ڕۆشنبیری ئەم نیشتیمانەوە سەوزبۆتەوە و ئەو گیانی ڕاپەڕین و بەرخودانەی لە خوێنی هەمواندا دەسوڕێ، گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژگارە تاڵەکانی دەسەڵاتدارێتی دوو خانەوادە کە هەموو بەها و سەروەری و خاوەندارێتییەکی ئەم وڵاتەیان قۆرخ کردبوو. سەرگرتنی ئەم هەوڵەی یەکێتی بۆ دەمکوتکردن و ڕامکردنی خەڵکی ئازا و ناڕازی بە زەبری هێز، ئەم دەسەڵاتە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگوازێتەوە بۆحوکومرانییەکی عەسکەریانەی توندوتیژ، کە هیچ سیمایەکی مەدەنیانە بە هەیکەلی فەرمانڕەوایەتییەوە ناهێڵێت لە داهاتوودا. کۆڵدان لەم ڕاپەڕین و خۆپیشاندانانە لە ئێستادا بەیانکردنی شکستێکی مێژووییە کە براوەکان دەکاتە دیکتاتۆرێکی ڕاستەقینەی دیار و وادەکات بەئاشکرا پڕۆژەی دەسەڵاتە گومڕاکان لە هەرێمەکەدا دووبارە بکەنەوە و حیزبەکانیان دەبنە ڕێخراوی موخابەراتی و هێزە چەکدارەکانیان وەک هێزێکی سەرکوتکەر بە داپڵوسینی خەڵک ڕادێنن. پاشان هەڵمەتی تۆڵەکردنەوە لەو دەنگانەی ڕۆژانێک بە دلێری ئەم ڕاپەڕینەیان دەژیاند و دەیانپاراست دەست پێدەکاتو قەڵاچۆکردنی بیرە ئازادەکان دەبێت بە پیشەیەکی نوێی دەسەڵات. پەرتەوازەبوونی ئەم هێزە خۆڕسکە لەبننەهاتووە نەژمێردراوە لە جەماوەر، هەڵوەشانەوەی دیزاینی ئەو بینا تۆکمەیەیە کە بیرە نوێ و پاک و دڵسۆزەکان بە ماندووبونێکی جوانەوە شەو و ڕۆژیان بەیەکەوە گرێدەدا بۆ نوسینەوە و هێڵکاری و ئامادەکردنی.
بە بڕوای من چۆکدادان بۆ ئەم هێزە چەکدارە نایاساییە، زیانێکی گەورە دەگەیەنێت بە هەر هەوڵێکی جدیی بۆ پراکتیزەکردنی ئازادی و دیموکراتییەکی تەندروست لە ناوچەکەدا، جێهێشتنی ئەم ئەرکە بە تەواو نەکراوی نائومێدی و بێهیوایی دەگێڕێتەوە بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراو و هەڵەبجە و گشت شەهیدانی گیانبەختکردووی کوردستان
لەم پەڕەیەدا داوا لە هەموو هاوڕێ و کەسوکار و هەموو هاونیشتیمانانم لە هەر کوێیەکی ئەم دەڤەرە دەکەم، ڕێگا بە خۆیان نەدەن ڕازیبکرێن بە ژیانێک کە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤبوونی تێدا نابینرێت. ئەرکی ئێوە چۆکپێدادان و ملکەچکردنی ئەو حاکمانەیە ساڵانێکە بە سامانی ئێوە خۆیان پڕ دەکەن و لێدەگەڕێن ئێوە بە بەتاڵی بژین، لێپرسینەوەیە لەو دەسەڵاتەی تاوانبارە بە شەڕی براکوژی و نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی شارەکاندا و دەیان تاوانی بێسەروشوێنکردنی هاوڵاتیان و شەهیدکردنی ڕۆژنامەوانان و ئازاردانی خەڵکانی ڕۆشنبیر و خاوەن هەڵوێست. وە هەروەها چەندان تاوان و سەرپێچی تر کە لێرەدا جێگایان نابێتەوە.
پێشنیاری من بۆ ئێستە بەدواوە ئەوەیە، پێویستە ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی بە جۆشەوە ئاکتڤتر لە ڕۆژانی ڕابردوو لە هاندان و بانگکردنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان لە کاردا بێت، ئەوانە لە ڕابردوودا جێگای بڕوا و متمانەی خەڵک بوون لەبەرئەوە پاراستنی ئەو یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییە لە غیابی ئایدۆلۆژیا و فکردا لە ئێستادا گرنگترە لە هەموو کاتەکان. پێویستە ئەم ئەنجومەنە بیر لە شوێن و رێگای نوێ بکاتەوە بۆ بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایی، ئەو شارە دنیایەک پانتاییە بۆ گردبوونەوەی خەڵک، بیرکردنەوەکانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە خۆبەخشەی پێشڕەوی ئەو جەماوەرەیان دەکرد دەریایەکە و دەکرێت دەیان ئایدیا و هەنگاوی نوێ بدۆزنەوە بۆ داواکردنی داخوازییەکان.
ئەو مرۆڤانەی لەناو هێزە چەکدارەکاندان و هێنراونەتە شارەکان و خەڵک دەتۆقێنن، دڕندەکان نین، ئەوانە کە بژێوی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان مەجبوری ئەو قەبوڵکردنەی کردوون، بە فەرمانی گەورەکانیان دەجوڵێنەوە. ئەوانە هەموو کوڕی ئەم میللەتەی ئێمەن، پێویستە هەرچی زووە کار بۆ ئەوە بکرێت ئەو هێزانە ئاشتبکرێنەوە بە خەڵک، هەنگاو بۆ هۆشیارییەکی ساغ بنرێت و ئەو پەتی تێگەشتنە لە نێوان ئەو هێزە و هاوڵاتیدا دروست بکرێت. لە نەبوونی هەوڵێکی لەو شێوەیەدا ئاسانە دەسەڵات بۆ پارێزگاریکردن لە هەیمەنەی سەپاویان بیانکەنە ئەو دڕندانەی کارەساتەکان بەرپا دەکەن. ئەوەی هەتا ئێستا دەیبینین دەسەڵات کەمتەرخەم نەبوون لەو هەوڵەدا، بینیمان کار گەشتۆتە ئاستێک وێنەی شەهیدانیان پێ دەدڕێنن، باوکی شەهید سورکێو و ڕێبینی ئەحمەد هەردی و چەندان کەسایەتی دیار و پاکی تر دەدرێنە بەر شەق.
پێویستە ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی سودێکی بەرچاو لە راگەیاندن و تۆڕەکانی پەیوەندی ببینێت، چاک وایە یەکە یەکە هەموو ئەندامەکان بێنە سەرخەت و ڕۆژانە وەک بەشێک لە پیشەکە هاندان و بۆچونەکانی خۆیان بە دنیا بگەیەنن. لە ئەگەری کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندان دەکرێت ئەمانە بکرێن بە توێشووی زۆر گرنگ بۆ بەردەوامی بە خۆپیشاندان لە ماڵەکانی خۆمانەوە، لە ناو مۆبایل و لە کۆمپیتەرەکانمانەوە.
ئەگەر هەموومان بە توندگیری کار بۆ سەرخستنی داخوازییەکانی خەڵک بکەین، دەتوانین سەرەتای دروستبوونی ژیانێکی نوێ بخوڵقێنین. دەسەڵات توانای ئەوەی نیە هەموومان زیندانی بکات، ناتوانێت هەموومان شەهید بکات. بەڵام هەموومان پێکەوە دەتوانین دەسەڵات ناچار بکەین ملکەچی داوا ڕەواکانمان ببێت.


www.hemnrauf.kurdblogger.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە