چارەنووسی راپەرین لە نیوان گۆڕان و دەستەلاتدا

Tuesday, 01/03/2011, 12:00

1451 بینراوە


ئەم بانگەوازە بانگەوازی ژمارەیەكە لە (كۆمەلە) ییەكانی سالانی حەفتاكان و (كارگەران) ی سالانی حەفتاكان و چەند دەستەیەكی تر لەوانەی كە هەر لە سەرەتاوە، هەموو جۆرە جیاوازیەكی ئایدیۆلۆژییان وەلا نابوو لە پیناوی یەكخستنی ریزەكانیاندا نەك هەر دژی دەستەلات، بەلكو دژی ئایدیۆلۆژیاو كرداری (پارتی) و(یەكیتی) و(حیزبی شیوعی عیراق) كە هەمیشە لە سەرەدا وەستابوون بۆ مفاوەزە لەگەل درندەكانی بەعس.
وە هەر لیرەوە داوا لە هەموو ئەو كۆمەلەیی و كارگەران و دەستانە دەكەین كە لە هیچ زروف و سەردەمیكدا لەكەی دەستەلاتیان بەر نەكەوتووە، بە یەكیك لەو ئیمەیلانەی خوارەوە، پەیوەندیمان پیوە بكەن.
Email: [email protected]

سەرەتا:

رووداوەكان بە خێرایی تیدەپەڕن و جەماوەریش لەبەردەم میكرۆفۆنیكدا ڕاگیراون بۆ گوێ گرتن لە ووشەی جوانی چەند ئەفەنیەك، یان ووشەی چەند شۆرشگیریك كە بە ئاستەم دەنگیان دەبیسترێت. وە هەولیكی گەورەیش هەیە بۆ تێكەڵاو بیستنی ئەو دەنگە جیاوانە لە منبەری ئازادی راپەرینخوازانەوە. بۆیە ئیمە لیرەدا ئەركە بەپەلەو دەستوبردەكانی ئیستا دەخەینەوە روو، وە داوا لە دەنگە نەبیستراوەكانیش دەكەین، هەر بەزوویی هەول و كۆششیان لە پشت ئەو دەنگانەوە یەكبخەن. وە ئیمە لیرەدا رای خۆمان دەربارەی داهاتووی راپەرین و ئالترناتیڤەكانی بەردەمی روون دەكەینەوە بۆ هەمووان و داواش دەكەین شەرەفی بەشداربوونمان پێ ببەخشن لە ڕیزەكانیاندا.

ئالترناتیڤی یەكەم:

تا ئەمرۆ 8 شەهید و 200 بریندار بەسە بۆ ئەوەی تیبگەین دەسەلاتداران هەرگیز بەنیاز نین لە كورسیەكانیان دابەزن و بریاری چارەنووسی كۆمەلانی خەلكی كوردستان بگیرنەوە بۆ جەماوەر خۆی. وە لە هەموو سەردەمیكیشدا، تاكە چەكی بەهیزی جەماوەر، یەكگرتوویی ریزەكانی بووە.
وە بۆ ئەوەی یەكخستنی ئەو ریزانە بكەینە كردار، پیویستە لیژنە نا حیزبی و نا پەرلەمانیە ئازادو سەربەخۆكانی خۆمان بكەینە بنچینە بۆ گرد بوونەوە لە دەوری ئامانجەكانی راپەرین.
وە ئیمە هەر لە سەرەتای راپەرینەوە ئەم پیشنیارەی خوارەوەمان خستە بەردەم جەماوەری شۆرشگیرو ئیستایش لیرەوە ئاگادارتان دەكەینەوە كە: بەبێ خۆڕێكخستن تێشكان چارەنووسمانە!

لە رۆژی 23 / 2 / 2011 لە بەردەركی سەرا (گۆرەپانی ئازادی) لە بەردەم جەماوەری راپەڕیوی شاری سلیمانیدا، لە منبەری ئازادی شۆرشگیرانەوە، ئەو دروشمانە لە ئیمەوە وەك یەكێك لە لیژنەكانی ڕاپەرین راگەیەنرا:

- بەرەو پێكهینانی لیژنە میللیەكان وەك ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ ڕێكخستنی مانگرتن وخۆپیشاندانەكان!
- نا بۆ گۆڕینی دەم و چاوەكان!
- بەڵێ بۆ لەناوبردنی مشەخۆریی!
- بەڵێ بۆ لەناوبردنی هەموو جۆرە ئیمتیازاتێك!

وە رۆژی دواتر لە گۆرەپانی ئازادی ئەم چەند دیرەمان بلاو كردەوە:
"ئَیمە وەك لیژنەیەك لە لیژنەكانی راپەڕین، ئامانجی ڕاستەوخۆمان لیرەدا ڕادەگەیەنین:
بەبێ ئیرادەی یەكگرتووی كۆمەلانی خەلكی كوردستان لە لیژنە هاوبەشەكانیاندا، تێشكان چارەنووسمانە. بۆیە دەبێت بەزوویی هەموو شارو شارۆچكەكان لیژنەكانی خۆیان دیاری بكەن، لیژنەیەكی باڵا لەو لیژنانە پێكبهێنن، كاری ئەو لیژنە باڵایە ئامادەكاریی بێت بۆ رێكخستنی كۆنگرەیەك كە تاووتوێی تەواوی داخوازیەكانی خەلكی كوردستان بكەن. ئەو كۆنگرەیە نوێنەری جەماوەری راپەڕیوی كوردستان دەبێت تا كۆنگرەی داهاتوو. وە هەركات پێویست بوو، دەبێت خەلكی خۆیان، لیژنەكان هەڵبوەشێننەوەو لیژنەی نوێ بخەنە جێگایان بە لیژنەی باڵایشەوە".
Email: [email protected]

بیگومان دەبێت ئەو لیژنانە ئیختیاری بن و هیچ جۆرە ئیمتیازاتیك بەكەس نەدات نەئیستاو نەداهاتوو. وە پیویستە لەو كەسانە پیكبهینرین كە بەنیازی داگیر كردنی كورسیەك لە پارلەمان یان وەزارەتەكاندا نایەنە ریزەكانی جەماوەرەوە.

ئالترناتیڤی دووهەم:

بەبێ یەكخستنی دەستوبردو بەپەلەی ئیرادەی جەماوەری راپەریو لە لیژنە ئازادەكانیاندا، هەموو لایەنەكان، چ دەسەلات چ گۆران، لەپشت پەردەوە هەموو شتیك كۆتایی پێ دێنن و بەگۆرینی چەند دەم وچاویكی ڕەزا قورس بە چەند دەم و چاویكی ڕەزا قورستر، خەلكی دەنیرنەوە مالەوە تا لە بارو زروفێكی تێكشاوی تردا وەك كەشتیەكی تێكشكاوی ناو دەریایەكی ئاڵۆسكاو، بەشەكەتی، لە بن دەریاوە سەر دەر بێننەوە.

دەرئەنجام:

ئیمە دلنیاین كۆتایی هاتنی راپەرین بە گەرانەوەی جەماوەر بۆ مالەوە، یانی سەرلەنوێ گەرانەوەی خەلكی بۆ سەر شەقامەكان بە چەكەوە لە فرسەتیكی تردا. بۆیە زۆر گرنكە ئەمرۆ بە مناوەرەی سیاسی نەخەلەتێین و دووربینانە بروانینە چارەنووسی راپەرین و ئەم هیزە لەبن نەهاتووە جەماوەرییەی ئیستا لە ریرەوە واقیعیەكەی خۆیدا بهێلینەوە، راپەرینیك كە لە میژووی كوردستاندا بێ وێنەیەو لە هیچ ئاستیكیشدا لەخوار راپەرینەكانی تونس و میسرەوە نیە.
ئەمرۆ تیكرای مفاوەزەچیەكان بەبێ جیاوازی، لە هەوڵی هیلاك كردنی جەماوەردان لەسەر شەقامەكاندا. وە دەیانەویت تۆوی دوودڵی و مەئویسی لەریزی راپەرینخوازاندا بچێنن. مانەوەی جەماوەریش بەم جۆرە لە گۆرەپانی ئازادیی شارو شارۆچكەكاندا، یانی تەسلیم كردنی جەماوەر بە ئیرادەی دەستەلات. بۆیە لیرەوە بانگ لە هەموو شۆرشگیران دەكەین: لەناوبردنی مشەخۆری، بەر لە هەرچی، یانی گیرانەوەی مولك و زەوی و گردو سامانە داگیر كراوەكان بۆ خەلكی. وە هەرچی ئیمتیازاتیشە، هەر دوینێ خویندكارە شۆرشگیرەكانی زانكۆی سلیمانی دەرسێكی گەورەیان پیشكەش كردین، ئەو شۆرشگیرانە بە داوا لە سەرۆكی زانكۆ بۆ دەسكێشانەوە لە پۆستەكەی، فێری ئەوەمان دەكەن كە دەبێت هەمان كردار بنوێنین بەرامبەر هەموو خاوەن پۆستە بالاكانی تری ناو هەموو فەرمانگەكان. بەلام دەبێ لە هەمان كاتدا داوا بكەین هەموو ئەو پۆستانە چۆڵ بكرێن بۆ ئەو كەسایەتیانەی دوورو نزیك پەیوەندییان بەو هیزانەوە نیە كە لە پارلەماندان، وە دەبێت ئەو پۆستانە هەلبژێردراو بن لە جەماوەرە نەك تەعین كراو. وە ئەوە هەنگاوی یەكەمە بۆ ئازاد كردنی ئیدارە لە حیزب و حیزبایەتی.
بۆیە بەر لەوەی ئەم هەلە میژووییەمان لەدەست بچێت، داوا لە راپەرینخوازانی هەموو شارو شارۆچكەكان دەكەین، هەر لە سلیمانیەوە تا بە هەلەبجەو هەلەبجەی شەهیدو سەید سادق و دەرەبەندیخان و كەلارو چەمچەمال و چوارقورنەو رانیەو قەلادزێ و هەموو جیگاكانی تر دەگات، لیژنەكانیان پیكبهینن و پەیوەندی نیوانیان دروست بكەن بۆ پیكهیانی لیژنەیەكی بالا بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی بەر فراوانی جەماوەریی ئاشكرا كە خواستەكانی كۆمەلانی خەلك لە بەرنامەیەكی واقیعیدا بخاتە روو.
وە ئەگەر شەرەفی بەشداریی كردن بە ئێمەیش ببەخشن لەو لیژنانەدا، ئەوا پەیوەندی بە ئیمەیشەوە بكەن. بە پیچەوانەیشەوە، ئیمە وەك پاسەوانی بەردەرگای كۆنگرەكەتان دەبین و هەركاتیش جەماوەر سەركەوتنی وەدەستهینا، ئیمە وەك پاسەوانی دەستكەوتەكانی ئیوە دەمینینەوەو هەرگیزاو هەرگیزیش چاوەرێ نابین بمانخەنە پشت مێزەكانی پارلەمان و وەزارەتەكانەوە.

بەرەو پێكهینانی لیژنە میللیەكان وەك ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ ڕێكخستنی مانگرتن وخۆپیشاندانەكان!
بەرەو پێكهینانی لیژنە میللیەكان بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ كۆنگرەیەكی جەماوەریی بەرفراوانی ئاشكرا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە