دوای ھەڵەبجە ڕانیە و پرسی بە پارێزگاربوونی

Thursday, 06/06/2013, 12:00

1839 بینراوە




ھەوڵەکانی بە پارێزگارکردنی ھەڵەبجە سەرەرای بوونی کۆسپێک و تەگەرەیەکی زۆری سیاسی و ئیداری خەریکە دەگەنە بنبەست، لەڕووی جیۆگرافی و ئیداری و سەکەنیشەوە ھەڵەبجە ئەو حەقەی ھەیە کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەس دەبێت، بەدەر لەوە ھەڵەبجە مۆرکێکی نیشتیمانی و سیمایەکی جیھانیە و نازی بەسەر ھەموو کوردێکەوە ھەیە، بەڵام لەسەر دەسەڵات و حکومەت و ھەموو لایەکی ئەوە پێویست دەکات کە لەڕووی ئیداری و خزمەتگوزاری و لایەنەکانی ترەوە پەرە بەو شارە بدرێت و وابکرێت کە بنەماکانی پاریزگابوون تێدا پڕ بکرێتەوە.
لەدوای ھەڵەبجە پێویست دەکات کار لەسەر ڕانیە بکرێت و ڕێکخراوە مەدەنی ، حکومیی و لایەنە سیاسیەکان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان دەسەوەستان نەبن بەڵکو ھەر لە ئێستا پڕۆژە و ئامادەکاری بۆ بەپارێزگارکردنی ھەڵەبجە بکەن.
لەڕووی ھەندێک سیفاتەوە ھەڵەبجەو ڕانیە لەیەک دەچن و ھەردوو شارەکەش ڕووداوێکی گرنگی مێژوویان لە خۆ گرتووە.
بەھۆی بوونی چەند سیفەتێک ھەوڵەکانی بە پارێزگارکردنی ڕانیە مەنتیقیەتی دەبێت:
١- جیۆگرافی و ھەڵکەوتی ناوچەکە کە نزیک سنورەو لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانیەوە دوورە.
٢- ژمارەی دانیشتوانی رانیەو دەوروبەری کە بۆ ٣٠٠ ھەزار نزیک دەبێتەوە.
٣-ئەگەر قەڵادزە بێتەوە سەر ڕانیە ئەوا ناوچەکە زۆر فراوان دەبێت سەرەرای ئەوە ڕانیە چەندین ناحیەی لە خۆ گرتووە کە ژمارەی دانیشتوانیان لە ٥٠ ھەزار تێپەڕیوە لەوا چوارقوڕنە و حاجیاوا.
٤- رانیە ناوچەیەکی گرنگی بەرخۆدان و شۆڕش بووە دەسپێکی ھەڵگیرسێنەری ڕاپەڕینی ١٩٩١ بووە بەوش لە ڕووی نەتوەیی و خەباتی نیشتیمانیەوە ئەو نازەی بەسەر ھەموو کوردێکەوە.
٥- ڕانیەو دەوروبەری یان دەڤەری بیتوێن ناوچەیەکی گرنگی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزاریە بە بایەخدان بەو کەرتانە ناوچەکە دەبێتە نموونەی گرنگی بەرھەمھێنان لە کوردستان و بگرە خۆرھەڵاتیش.
٦- رانیە شارێکی مێژوویی ناوەندێکی گرنگ بووەو لە ساڵی ١٧٨٩ ەوە لەسەردەمی عوسمانیەکان کراوەتە قەزا، چەندین شوێنی بەناوبانگی مێژووی لێیە وەکو: گردی شمشارە ، باسموسیان، گردە دێمە، کامەم ، کامەریان و گردی بۆسکێن.
بەھۆی بوونی ئەو ڕەگەزانەو چەندین لایەنی تر حەق وایە خەڵک و ھەموو جیھەت و ڕێکخراوەکان کار لەسەر پڕۆژەیە گرنگە بکەن و دڵسۆزانەو خۆبەخشانە بکەونە خۆ لە پێناو بە پارێزگاریکردنی ڕانیە.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە