مەلابەختیار لە زیندانەکەی گوندی یاخسەمەر (بەشی شەشەم)

Thursday, 02/02/2012, 12:00

2495 بینراوە


هەر وەک لەبەشی پێنجەمدا ئاماژەم پێکرد، بارەگای یەکێتی نووسەرانی کوردستان کرایە دوا مەنزڵگای زیندانی مەلا بەختیار لە سنووری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گوندی یاخسەمەر تا کاتی گواستنەوەی بۆ دەشتی کۆیە و تەسلیم کردنی بە بە تیپی ٩٣ کۆیە و پاشان بردنی بۆ مەڵبەندی سێی هەولێر.

پێش ئێمە مەلا بەختیار گوازرابوویەوە بۆ زیندانە نوێیەکەی واتە بارەگای یەکێتی نووسەرانی کوردستان، کاتێک گەیشتینە بارەگاکە بەرپرسی زیندانەکە، کە ناوی وەستا لەتیف بوو نەخشەی ژوورەکەی مەلا بەختیار و شوێنی خواردن و خەوتنی پێشمەرگەکان و نوقتەی حەرەسیاتی ڕۆژانە و شەوانەشی بۆمان داڕشتبوو بێ ئەوەی پرسە گورگانەشمان پێبکات.
ژیانی ئەم بە ناو نووسەرانەی یەکێتی نووسەران لە شاخ، کە بە خەیاڵی خۆیان نووسین و شیعر و بلاڤۆک و پەخشانیان بەسەر پێشمەرگەی کۆمەڵە و توێژی زەحمەتکێش و ڕەنجدەراندا دەهۆنیەوە، خۆشتر و شاهانەتر بوو لە ژیانی ئەو پێشمەرگانەی بۆ دەیەم جار گیرفان و ناولنگی قاتە کەتافییەکەیان بەدەرزی و دەرزوو دەدووریەوە.
لە دوا ویستگەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بارەگای شیعر و نووسین و ڕۆمانی نووسەرانی شاخی کردە زیندان و نووسەر و شاعیرەکانیشی لە گوندەکاندا فێری بەخێوکردنی مریشک و قەل و کەروێشک کرد، نموونەی حەمەی حەمە باقی لە گووندی (مێوڵاکە).

زیندانە نوێکەی مەلا بەختیار لە ناوەوە سێ ژوور و هۆڵێکی درێژبوو، لە دەروازەی دەرەوە، لە پێشەوەی بارەگاکە بەلای چەپدا وەک چەترێکی ئاسمان داپۆش حەمام و مەتبەخێکی تێدابوو، پێنج مەتر لەلای چەپەوە بە گونییەکی سادەی سپی لە شێوەی کارتۆنێکی لاکێشەی ستونیدا شوێنی دەستبەئاوگەیاندنی تێدا بوو، لەگەڵ یەک مەسینەدا، ٢٠ مەتر لەولاوە کونە تەیارەیەکی تێدا بوو، کە بە پیتی () ئینگلیزی دروست کرابوو، دیوارەکانی ئەم کونە تەیارەیە بە بلۆک هەڵچنرابوو، پاشان بە بارتەقای نیوە شاخێک بە شۆفل گڵڕێژکرابوو بۆ ئەوەی گولە تۆپ و ساروخی فڕۆکە کاری تێنەکات.
لە ناو قەدی سێ ژورەکەدا، تەسکترین ژووریان کردبووە نسیبی مەلا بەختیار، خۆ ئەگەر مەلا بەختیار خوازیاری هەڵهاتن بوایە، وەک جاری پێشوو دەبوو بەسەر دوو ژوور و هۆڵی نووستنی پێشمەرگەکان و حەرەسی بەردەم مەقەڕەکەدا بە بەرگی سپی کاسپەڕەوە خۆی دەرباز بکات.
بێجگە لە وەستا لەتیفی مەسئولی مەقەڕەکە هیچ کەسێک بۆی نەبوو ژەمی خواردنەکان ئامادەبکات، هەر کەسێکیش خواستی لێنانی ژەمێکی خواردنی جیاوازی هەبوایە، وەستا لەتیف چاودێر بوو بەسەریەوە، دیارە ئەمە بۆ سەلامەتی ئێمەی پێشمەرگە و بۆ مەلابەختیاریش گرنگی خۆی هەبوو.

بێجگە لە حاڵەتی لە ناکاوی چوون بۆ سەر ئاوبەدەست گەیاندن، مەلا بەختیار تەنها ٢ جار مافی چوونە دەرەوەی هەبوو، پێش نیوەڕۆ بۆ ماوەی یەک کاتژمێر، پاش نیوەڕۆش بە هەمان شێوە، ئەم پرنسیپە لە زەوتکردنی ئازادیی مرۆڤێکی زەلیلی بەندکراودا، هەمان کەسی زیندانییەکەی یاخسەمەری وەک پەچەکردار تۆڵەی لە کۆی گشتی کۆمەڵگا کردەوە، وەک ڕق و تۆڵە، وەک بونەوەرێکی کاتی دەسەڵاتدار و ووتەبێژی پارتێکی دەسەڵاتدار .

لەم زیندانەدا لە کاتی پشوو و نانخواردندا هیچ پێشمەرگەیەک بۆی نەبوو پێی بڵی مەلا بەختیار، ئەم نازناوە لەلایەن تاڵەبانییەوە قەدەغە کرابوو، نیوەڕۆیەک سفرە درێژەکەمان داخست بۆ نان خواردن، بواریان بە مەلا دا بە کۆمەڵ نان بخۆین، مەلا بەختیار لە نێوانی من و شەهید عوسمان جەریدەدا دانیشت، پاش نان خواردن من پەڕتوکی (نەزەریەی نسبی) ئەنیشتاینم بۆ هاتبوو، مەلا بەختیار داوای لێکردم کتێبەکەی بدەمێ، گەرچی قەدەغە بوو بێ پرسی مەسئولی مقەڕەکە، بەڵام سەرکێشیم کردوو پێم دا، ڕۆژی دوایی پاش نان خواردن پێی وتم: ڕزگار، هەتا ئێستا کتێبی وا قورس و ئاڵۆزم نەخوێندۆتەوە.
من پێم وابوو مەلا بەختیار وەک نوێنەری ڕەوتێکی سیاسیی جوودای بەرخۆدانکەر لە زینداندا دەبینم، بەو پێیەی بانگەشەی تۆخکردنەوەی ڕادیکاڵترین ئایدۆلۆجیای مارکسیزیم لینینیزمی دەکرد لە ناو کۆمەڵەدا، کە ناویان لە خۆیان نابوو (ئاڵای شۆڕش)، دەبوایە مەلا بەختیار لە زینداندا گاڵتەی بە لێدان و ئەشکەنجە، تەنانەت بە ڕۆحکێشانیش بهاتایە، پێش ئەوەی باسی هات و هاوارەکەی مەلا بەختیار بکەم لە زیندانی یاخسەمەردا دەمەوێت نموونەی بەرزترین گیانی بەرخۆدان و بەرگریی هاوڕێیەکی کۆمەڵەتان بۆ بکەم، کە ساڵی ١٩٨١ پێکەوە کاری ڕێکخستنمان کردوە و ناوی (ڕەسوڵی مام برایمە)، ئەم مرۆڤە نەبەزە وەک پیرەمەگروون بڵندە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن (عومەری حمە عەلی) جاش و خیانەتکارەوە دەستگیر دەکرێت، پاش ئەوەی لە ئەمنی سلێمانی لە ژێر سەخترین ئەشکەنجەدا ئیعتراف ناکات، جەلادەکانی بەعس لە ئەمنی خاسەی کەرکوک دوو بتڵ غاز دەبەستنەوە بە هەردوو هێلکەی نێرینەوەی و دەیخەسێنن، بەوەشەوە دەم لە هاوڕێکانی نادات لە ڕێکخستنەکانی شاردا، کەچی دەمە و نیوەڕۆ بوو، کاتێکمان زانی مەلا بەختیار لە ژوورەکەیدا کردی بە قیژە و هاوار و ووتی: فریام کەون! من و هاوڕێم (م . ج) چوینە ژوورەوە تا بزانین چییە؟! بە مەلا بەختیارمان ووت: چییە بۆ هاوار دەکەیت؟! مەلا ووتی: ئەها ئەو دووپشکە بە دیوارەکەیەوە! پاش کوشتنی دوو پشکەکە پێمان ووت: گەر تۆ دوو پشکێکت بۆ ناکوژرێت چۆن ئیدعای هەڵگری دروشمی (ئەی کرێکاران و گەلانی زۆرلێکراوی جیهان یەکگرن) بڵند دەکەیت؟!.
بێجگە لەو مەفرزەیەی ئێمە هیج پێشمەرگەیەکی تر بۆی نەبوو پێ بخاتە ناو مەقەرەکەمانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەس نەیدەزانی ئەم مەقەرەی ئێمە چیە و کێی تێدا دەژی، ئەوەندەی من لەوێ بووم، دوو جار مولازم عومەر و سامان گەرمیانی هاتن بۆ لامان، هەر جارەی دوو بەرخیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، دیارە هەر دوو جارەکەش بە ئیزنی مام جەلال هاتبوون، بەو پێیەی مولازم عومەر و سامان گەرمیانی ئاوەڵزاوای مەلا بەختیار بوون، دوا سەردانیان مەلا بەختیار ووتی: کوڕینە گۆشتی بەرخەکان خۆشکەن خۆم بۆتان دەکەم بە کەباب، ئێوارەی کەبابەکە هێندە کەشێکی ئازاد و خۆش بوو، گەر مەلا بەختیار بوێر بوایە بە سانایی هەڵدەهات.

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا _ ئەنیشخەدە
٢-٢-٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە