حوسێن سۆران لە جیاتی نووسین، بوختان بە خەڵكیدا دەكات

Thursday, 21/10/2010, 12:00

1112 بینراوە


بەر لەهەر شتێك نووسین: پرۆسەیەكی مەعریفی زانستی رەوشتییە، هەر كەسێك ئەو سێ لایەنەی تێدا نەبوو، ئەستەم و تاوانێكی گەورەیە دەست بۆ قەڵەم بەرێت و لاپەڕە رەشبكاتەوە. حوسێن سۆران، یان روونتر بڵێم (حوسێن عەلی خەلیفە) لەو سێ كوچكەیەی پرۆسەی نووسیندا خاوەنی هیچیان نییە، چونكە لە رووی مەعریفەوە، كەسێكی كۆڵەواری بێسەوادەو تەنها چەند رستەیەكی شۆڕشگێڕانەی ئەزبەرەو تووتی ئاسا چەندبارەی دەكاتەوە، لە ڕووی زانستی راگەیاندنو پرۆسەی نووسینیشەوە، ئەوا بوختاننامەو جنێونامەكەی كە لە دووتوێی كتێبێكی (224) لاپەڕەییدا بەناونیشانی (ژەنیارەكانی پێدەشتی تەقوا) بڵاوی كردۆتەوەو بە وێنەی كۆمەڵێك قارەمان و تێكۆشەری گەلەكەمان رەنجاندوویەتی، نەك رەنگاندبێتی، راستی كۆڵەواریی ئەو كابرایەمان بۆ دەردەكەوێت، هەروەها لە رووی رەوشتی نووسینیشەوە، ئەوا با خودی خوێنەر خۆی دادوەربێت و بڕیاری خۆی بدات. بەتایبەتیش كاتێك شۆڕشگێڕو پێشمەرگەیەكی شیوعیی عەرەب بە (لووسكە) ناو دەبات!!!!.. خەمی ئەوەیشمە كە لەوانەیە ئەم چەند دێڕەی من ببنە هۆی ریكلام كردن بۆ بوختاننامەو جنێونامەكەی ئەو.
بەهەرحاڵ، ئەوەی من مەبەستمە لەم كورتە وەڵامەدا ئاماژەی پێبكەم، ئەو بوختانانەیەتی كە بەتایبەتی لە لاپەڕە (100-101)ی بوختاننامەو جنێونامەكەیدا هەڵیڕشتووەو كۆنەقینی خۆی بەسەر بنەماڵە تێكۆشەرو شۆڕشگێڕەكەی ئێمەدا باراندووە!!. ئەو هاتووە لە باسكردنی چۆنیەتی كوشتنی (عەزەدین)ی برای بەدەستی (سەلاح)ی ئامۆزای كۆمەڵێك بوختان و قسەی ناڕاستی بۆ مامی خۆی (رەشید خەلیفە) هەڵبەستووە كە بەهیچ شێوەیەك راست نییەو قابیلی قەبوڵ كردنیش نییە، چونكە ئەوەی لە نزیكەوە (رەشید خەلیفە)ی خوالێخۆشبووی ناسیبێت، شایەدی ئەم راستییە دەدات. ئەو رووداوەی كە حوسێن سۆران ئاماژەی پێكردووە، ئەوە هەموو خزمان و دۆست و ناسیاوان و خەڵكی ناوچەكە دەزانن كە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی رەوشتیی نێوان هەردووكیان بووەو هیچ زێدەڕۆییەكی دیكە هەڵناگرێت و لە ئەنجامی ترسانی لایەكیان لە ئابڕووچوونی خۆی لەناو خەڵكی كێشەكەیان گەیاندە كوشتن و بەوجۆرەی لێكەوتەوە.
سەبارەت بەو بوختانەی كە گوایە (سەلاح) دوای كوشتنی (عەزەدین) چۆتە نەوجول و لەوێ لەلایەن (رەشید خەلیفە)وە كە دەكاتە مامی هەردووكیان دەستخۆشی لێكرابێ!!، نازانم ئەمە چ ئەقڵ و مەنقێك ئەمە قەبوڵ دەكات؟! من دەپرسم: دەبێ سوودی (رەشید خەلیفە) لە كوشتنی عەزەدیندا چی بووبێ؟ وەڵامەكەی بۆ خودی حوسێن سۆران جێدەهێلم، بەڵام با راستگۆیانەو راستودروست وەڵامبداتەوە، نەك وەك بوختانەكانی دیكەی جارێكی دیكەش بوختان هەڵبەستێتەوە!! ئەو بێڕەوشتییەی ئەو بەرامبەر (رەشید خەلیفە)ی مامی كە دەڵێ: (ئەو بێ شەرەفەی مامم لە نەوجول دەستخۆشی لێ كردبوو بەناوی رەشید خەلیفە)، زۆر بەداخەوە كە كەسێك خۆی بە شۆڕشگێڕو نووسەر بزانێت كە بەدڵنیاییەوە حوسێن سۆران لەهەردووكیان بەرییە، بۆیە جنێوو بوختانی رووزەردانەی وا ناشیرین تۆمار دەكات. من وەكو كوڕی رەشید خەلیفەی خوالێخۆشبوو هەرچەندم كرد زاخی ئەوەم نەكرد جنێوێكی نیوهێندەی ئەوەی حوسێن سۆران لەم نووسینەدا بەدەممدا بێت، لەوانەیە ئەگەر رووبەڕوو بوایە هێندە كێشەم نەدەبوو، چونكە مادام نووسینەو خەڵكانی دیكە دەیخوێننەوە، مرۆڤ پێویستە مۆراڵی كەسێتی و مرۆیی و بریندار نەكردنی هەستی خوێنەر رەچاو بكات.
دیسانەوە بەهەرحاڵ، من لێرەدا نامەوێ رجاو تكاو پاڕانەوەكانی حوسێن سۆران دەربارەی جنێوو بوختانەكانی بەرامبەر باوكی رەحمەتیم (رەشید خەلیفە) وشە بە وشە تۆمار بكەم، چونكە خۆی دەزانێت چۆن پاڕاوەتەوەو چۆنیش پاكانەی كردووە، ئەوە با بۆ نێوانی خۆمان بمینێت.
زۆر بەداخەوە راگەیاندنی كوردی و پرۆسەی نووسین لەم كوردستانەی ئێمەدا گەیشتۆتە ئاستێك هەموو سنوورێكی بەزاندووەو هیچ چاودێری و سانسۆرێك لەسەر ناوزڕاندن و سووكایەتی كردن و بوختان هەڵبەستین بۆ خەڵكانی بێتاوان نییە، ئەگینا هەرگیز حوسێن سۆران و هاوشێوەكانی بوێریی ئەوەیان تێدا نەدەبوو، بەوجۆرە بەناوی كتێب دەركردنەوە كۆنەقینی خۆیان بەسەر خەڵكیدا ببارێنن. ئەمە تەنها روونكردنەوەیەكی كورت بوو، ئەگەرنا زۆر زۆر لەوە زیاترمان لەبەردەستدایە بەرامبەر حوسێن سۆران كە ئاشكرای بكەین، بەڵام ئەوەیان با بۆ نێوانی خۆمان بمێنێت و سەری خوێنەری پێوە نەئێشێنین.
بنەسڵاوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە