زیادبوونی کورسیە ساختەکانی پارتی" مەترسی گەورەی هەیە بۆ سەر دۆزی کورد

Saturday, 19/10/2013, 12:00

1839 بینراوە






لە مەیدانی سیاسی هەرێمی باشوری کوردستان لەم ساڵدا، لە کاتی بانگەشەکردن و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان، سەرجەم ئەو هێزو قەوارە سیاسیانەی هەریمی باشور کە خۆیان پاڵاوتبوو بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢١ی ٩. ٣٠١٣ خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم، لە مەیدانە سیاسیەکەدا کەوتنە ڕکابەریکردن لەنێوان یەکتری و بانگەشەکردن بۆ لیستەکانیان. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمان لە هەرێمی باشور شێوەی دیموکراسیەتی پێوە دیار نەبوو. بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بەشێوەیەک بوو شێوازی لەو جۆرە پرۆسەیە لە خولەکانی ڕابردوودا هیچ جۆرە جیاوازیەکی تیادا بەدی نەدەکرا. بەپێچەوانەشەوە بگرە پڕۆسەی هەڵەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم، لە خولەکانی پێشووتردا زیاتر ساختەکاری و ئاڵۆزی و گەندەڵی تیادا ئەنجامدرا لەلایەن هەندێک حزب و قەوارەی سیاسی، بەڵام دەتوانین بڵێین ساختەکاریەکانی پڕۆسەی خولی چوارەمی پەرلەمان بە شێوازێکی ئاکادیمی بە چەندین مانگ پێش دەستپێکردنی پڕۆسەکە ئامادەکاری و کاریان لەسەر کردبوو ئەو لایەنانە. لە هیچ وڵاتێکی پاشکەوتووی دنیاشدا پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی وەها ئاڵۆز و نادیار و گەندەڵ و نا شەفاف هاوشێوەی باشور نمونەی نەبوە. هەروەها چەند قەوارەیەکی سیاسی جیاواز لە قەوارە سیاسیەکانی دیکەی هەرێمی باشوری کوردستان دەستیانکرد، بە دژایەتیکردنی یەکتری و هاوکات شەو ڕۆژی کاروچالاکی ڕاگەیاندنەکانیان خستبووە خزمەتی کاری دژایەتیکردنی یەکتری و چەواشەکردنی کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی باشوری کوردستان بۆ وەدەست خستنی بەرژەوەندی تاکڕەوایەتی و بیری تەسکی حزبایەتی خۆیان. لێرەدا دەمهەوێت سەبارەت بە هەڵە سیاسیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم، خوێندنەوەیەک لەسەر ئەو هەڵە سیاسیانە بخەمە ڕوو، هاوکاتیش دەمهەوێت پێناسەکردنی " پارتی دیموکراتی کوردستان" و سیاسەتەکانی لە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرجەم خولەکانی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان لە چەند خاڵێکی گرنگدا شرۆڤە بکەم، زۆرێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆشەنبیران و نوسەرانی هەرچوار بەشی وڵات دوور یا نزیک ئاشنان بە مێژووی ئێستا و ڕابردووی پارتی دیموکراتی کوردستان. بەڵگەنامە مێژوویەکان هەمیشە ئەو ڕاستیانەیان هێناوەتە زمان کەوا "پارتی دیموکراتی کوردستان" لەسەرەتای دروستبوونیەوە مێژوویەکی خاوێن و نەتەوەیی نەبووە. بە پێچەوانەوە سەبارەت بە پرسی نەتەوایەتی هەرچواربەشی وڵات "پارتی" مێژوویەکی ڕەشی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکە لە سەر ئەساسی فکرو ئایدیۆلۆژیکی عەشیرەتی و بنەماڵەگەرای دروست بووە و پێکهاتەوە، هەمیشە هەوڵکانی "پارتی" لە چوارچێوەی بنەماڵەگەرای (قەتیس) کراوەتەوە. پارتی دیموکرات" بە درێژای میژووی دروستبونیەوە هیچکات هەوڵی چارەسەرکردن و پێشخستنی دۆزی پرسی نەتەوایەتی گەلی هەرچواربەشی وڵاتی نەداوە. بە پێچەوانەوە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوە هێزی هەژمونگەرایی و پاوانخوازی عەشیرەتی و بنەماڵەگەرای بارزانیەکانی پارتەکەی بەسەر بەشەکانی دیکەی وڵاتدا بسەپێنێت. بەڵام لەبەرامبەر بەدینەهاتنی ئەو خەونە پڕوپووچە ڕەشانە خەمووخەفەت بوەتە بەشە خوانی ڕۆژانەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی. با بچینە سەر شرۆڤەکردنی پرسی سیاسەتی هەژموونخوازانەی پارتی دیموکراتی کوردستان" لەمەیدانی سیاسی و پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای ئازادکردنی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ وە هەمووکات ویستوویەتی هێزی هەژموونگەرایی و بنەماڵەگەرایەتی پارتەکەی بەسپێنێت بەسەر هەموو هێزە سیاسیەکانی دیکەی باشوری کوردستان بەڵام پارتی" ئەمەی بۆ نەلواوە. لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دیموکرات یەکەمین هۆکار و سەبەبی هەڵگیرسانی مێژوویەکی ڕەش بوو، لە باشوری کوردستان کە پێی دەوترێت شەڕی (براکوژی)، هاوکات پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەوەش ڕازی نوبون، هەمیشە لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی هەریمی باشوری کوردستان درێخییان نەکردوە لە کاری ساختەکاری و ئاژاوەگێڕیی و دووبەرەکی دروستکردن لەنێوان هێزە سیاسیەکانی دیکەی هەرێمی باشوری کوردستان. هەڵە سیاسیە کانی، یەکێتی نیشیمانی کوردستان و بزووتنەوەیی گۆڕان، زۆرجار هەڵەی سیاسی قەوارەیەک یان چەند قەوارەیەکی سیاسی ئەبێتە هۆکار بۆ بەرژەوەندیەکی باش بۆ حزبێکی هەژموونخواز و پاوانخواز. شیمانەی باسە لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٢١ی ٩. خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم، چەند حزب و قەوارەیەکی سیاسی لە کاتی بانگەشەکردن بۆ لیستەکانیان لە ڕێگای میدیاو ڕاگەیاندنەکانیانەوە کەوتنە دژایەتیکردنی یەکتری و چەواشەکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پارتی دیموکراتیش وەکوو تەماشاکەرێکی ئەو لایەنانە و ژێر بەژێر هەوڵەکانی خستبووە گەڕ بۆ نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی لە نێوان لایەنەکان و ئاستەنگی دروستکردن بۆ هەندێک قەوارەی سیاسی هاوکاتیش سەرپەرەشتی ئەو لیستە سێبەرانەی دەکەرد کەوا سەربە پارتی و بارزانی بوون، کەوا پارتی خۆی دروستی کردبون بۆ بەشداری کردنیان لە پڕۆسەکە. ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی کەوا لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا و بانگەشەکردن بۆ لیستەکانیان دژایەتییان برامبەر یەک ئەنجامدا، بە قازانجی پارتی" تەواو بوو. هەڵە گەورە سیاسیەکانی ئەو لایەنانە کەوا لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٢١ی ٩.خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم، ئەنجامیاندا و پارتی دیموکراتی کوردستان،یان پێ بەهێز کرد لەبەرامەبەر خۆیاندا لە پڕۆسەکەدا. ئەو لایەنانە کەوا هەڵەیەکی سیاسی گەورەیان ئەنجامدا، هەردوو لایەنی سەرەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەیی گۆڕان بوون. سیاسەتی دەیان ساڵەی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەیی گوڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٢١ی ٩. خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان نیشانیاندا کەوا هەردوو لایەنی سیاسی نەیانتوانی لە پڕۆسەکەدا سەرکەوتن بەدەست بێنن. پێناسەی سیاسەتەکانی پارتی" لە پڕۆسەکەدا و زیادبوونی کورسیە ساختەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان مەترسی نەتەوەیی هەیە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری سیاسەتەکانی هەرچواربەشی وڵات و دۆزی گەلی کورد. مێژووی ڕەشی دەیان ساڵەی ڕابردووی "پارتی دیموکرات" ئەو ڕاستیانە مان پێدەڵێت کەوا هیچکات پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو دۆزی گەلی کوردی هەرچواربەشی وڵات کاری نەکردوە، بەپێچەوانەوە هەمیشە هەوڵی دەستێوەردانیداوە لە کاروباری سیاسی بەشەکانی دیکەی وڵات و هەوڵی چەسپاندنی هەژموونگەرای عەشیرەتی و بنەماڵەگەرای داوە لە بەشەکانی دیکەی وڵات. چەند نمونەیەک لەوبارەوە.. لە کاتی دەستپێکردنی نائارامیەکان لە سوریا و سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پارتی " بەهەموو شێوەیەک هەوڵی دەستێوەردانیداوە بۆ ئامانجی لاوازکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هاوکات ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لەژێر سێبەری پارتی دیموکراتدا، چەند کەس و گروپێک پەروەردە کراون بەردەوام ئەو کەس و گروپانە گروپ، گروپ، لەماوەی ئەم دوو سێ ساڵەدا ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کراون بۆ ئەوەی ئەو کەس و گروپانە کاربکەن بۆ نانەوەی ناکۆکی و شەڕ لە نێوان هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرو هەموویانەوە ئامانجی ئەو کەس و گروپانە دەستێوەردان بوو، لە کاری تێکدەرانە لە ناو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یە پە گە) شەڕکردنی ئەو کەس و گەروپانە لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یە پە گە) و دام ودەزگای ئەمنیەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستەی باڵای کورد لەو بەشەی وڵات ڕۆژئاوا. نمونەیەکی دیکەی گرنگ، هەر لە بارەی دەستێوەردانەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە دۆزی گەلی کورد، دوای ئەوەی بەدەیان ساڵە تەڤگەری بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد و ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالان و چەند کەسایەتییەکی دیکەی سیاسی کورد هەوڵیانداوە بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردان کەوا ببێتە ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرچواربەشی کوردستان و چارەسەرکردنی دۆزی گەلی کورد و دروست بوونی یەکێتی نەتەوەیی کورد. شایانی باسە لەسەرەتای دەستپێکردنی کۆبونەوەکان لە نێوان سەرجەم لایەنەکانی هەرچوار بەشی وڵات. بۆ سازدانی یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی هەرچواربەشی کوردستان، "پارتی دیموکراتی کوردستان" بەهاوکاری دەوڵەتی "تورک" و نەیارانی گەلی کورد و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردانی هەرچواربەشی وڵات، هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ دواخستنی سازدانی یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی هەرچوار بەشی کوردستان لە باشوری کوردستان لە شاری هەولێر هەروەها پارتی" هەوڵی دروست بوونی ئەو ناکۆکیانەی داوە کەوا لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبونەوەکانی ئامادەکاریەکانی کۆنگرەدا بەڕێوەچووە، هەموو ئەمانە و هتد... کە ئاماژەمان پێدان ڕاستین و حاشا هەڵنەگرن. بۆیە من پێم وایە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای زیادبوونی کورسیە "ساختەکانی" لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کورستان دەبێتە هۆکار بۆئەوەی پارتی" هەوڵی هەژموونگرای و پاوانخوازی و دەستێوەردانی زیاتر بدات لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان. هاوکاتیش پێکهێنانی بەشێکی زۆری کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە لایەن پارتی دیموکراتەوە ، لە پەرلەمانی هەرێمی باشور، مەترسیەکی گەورەیە بۆ پشتگوێخستنی(دۆزی گەلی) هەرچوار بەشی کوردستان و بێدەنگ بوونی پەرلەمانی هەرێمی باشور لە بەرامبەر قەتڵ و عامکردنی کوردانی بەشەکانی دیکەی وڵات، بەدەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە