ڕوونكردنەوەیەك لە ڕێكخەرانى گردبوونەوەكەى ڕۆژى پێنجشەممەى شارى هەولێر

Wednesday, 16/03/2011, 12:00

674 بینراوە



ئێمە كۆمەڵێك چالاكوانى كۆمەڵى مەدەنى و مامۆستاو خوێندكارانى زانكۆو پزیشك و خەڵكى شارى هەولێر بە واژۆى (40) كەس، بەشێوەیەكى یاسایی و مەدەنى داواى مۆڵەتمان پێشكەش بە نووسینگەى وەزیرى ناوخۆى حكومەتى هەرێم كرد, بە سیفەتى سەرۆكى لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر كە (دەسەڵاتى موڵەتدان لە پارێزگارەوە گوازراوەتەوە بۆ وەزیرى ناوخۆ بەپێى قسەى جەنابى پارێزگار كە پێشتر لە چەند كەناڵێكى میدیایی جۆراوجۆر ڕاى گەیاندبوو) بە ئامانجى سازدانى گردبوونەوەیەكى مەدەنى لەبەردەم پەرلەمانى كوردستان بۆ خستنەڕووى ئەم داواكارییانە:
1. ڕێگرتن لە لەتكردن و دوو كەرتكردنى شەقامى كوردى كە مەترسى بەگژاچوونەوەى ئەهلى لێدەكرێت و پێویستە چیتر ڕێگە نەدرێت شەقامى كوردى وەك دوو گروپ خەڵكى دژ بەیەك دابەش و پۆلێن بكرێن.
2. ڕێگرتن لە تەسكردنەوەى بەشدارى سیاسى وەك مافێكى بنەڕەتى هاوڵاتیان و پشتگوێخستنى شەقام كە بووە هۆى دەستگیركردنى چەند هاوڵاتییەكى شارى هەولێر لەلایەن دەزگاى ئاسایشى هەولێرەوە بە مەبەستى كپكردنى دەنگى ناڕەزایى و ئەگەرى خۆپیشاندان لەم شارەدا.
3. دیاریكردنى سەقفێكى زەمەنى بۆ وەڵامدانەوەو جێبەجێكردنى داواكارییەكانى خۆپیشاندەرانى بەر دەركى سەراى شارى سلێمانى.
4. لێپێچینەوە لە بەرپرسانى ڕاگرتنى دەوامى زانكۆو پەیمانگاكانى هەولێر.
5. ئاساییكردنەوەى بارودۆخى شارى هەولێر ئەویش بە دەستپێكردنەوەى دەوامى زانكۆو پەیمانگاكان و ئاساییكردنەوەى بازگەكان و پێشێل نەكردنى مافى خۆپیشاندان و ئازادى ڕادەربڕین.
بەڵام دواى (29) كاتژمێر داوكارییەكەمان لەلایەن وەزارەتى ناوخۆ ڕەتكرایەوە بە بیانووى ئەوەى كە گوایە بارودۆخى ئێستاى شارى هەولێر گونجاو نییە بۆ هیچ جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەك, بۆیە ئێمە ڕاى دەگەیەنین كەوا:
1- بەم ڕەتكردنەوەیە دەسەڵاتدارانى شارى هەولێر سەلماندیان كەوا دژى مافى ئازادى ڕادەبرین و خۆپیشاندان و هەموو جۆرە گردبوونەویەكن كە ئەم مافە لە ڕێكەوتننامەو جاڕنامە جیهانیەكاندا مافێكى نكۆڵى لێنەكراوو سەلمێنراوە.
2- بە كردەوە سەلمێنرا كە یاساى خۆپیشاندان بە ئامانجى قەدەغەكردنى گردبووەنەوەو خۆپیشاندان دەركرا نەك ڕێكخستنى خۆپیشاندان.
3- لێرەوە دەستخۆشى لە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكانى شارى هەولێر دەكەین كە ئامادەباشییەكى باشیان پیشاندا بۆ بەشداریكردن لەم گردبوونەوەیە, لێرەشەوە ئاگاداریان دەكەینەوە كە ئێمە لە هەوڵدان بەردەوام دەبین و هەموو ڕێكارێكى یاسایی دەگرینە بەر بە مەبەستى سازدانى گردبوونەوەكە لە كات وشوێنێكى دیاریكراودا.
4- پاساوى (نەگونجاوى بارودۆخى شارى هەولێر بۆخۆپیشاندان و گردبوونەوە) پاساوێكى زۆر بێهێزو لاوازە, چونكە ئێمە پێمان وایە دەسەڵاتدارانى شارى هەولێر خۆیان دەستیان هەیە لە خوڵقاندنى بارودۆخێكى وادا هەیە, ئەویش بە ڕاگرتنى دەوامى زانكۆو پەیمانگەكان و خوڵقاندنى بارودۆخێكى نائاسایی لە بازگەكان و دەستگیركردنى چەند هاوڵاتییەكى ئەم شارە, ئەم بارودۆخەش بە ڕێگرتن لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئاسایی ناكرێتەوە, بەڵكو پێویستە دەرفەتى گونجاو بە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكان بدرێت بۆ دەربڕینى بیروڕاو سازدانى چالاكى مەدەنى جیاجیا.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە