بۆ چى هەژارى دروست دەبێ ؟؟؟!!!

Wednesday, 08/02/2012, 12:00

1810 بینراوە



هەژارى لە هەر كۆمەڵگایەكدا هەبێ ئەوا نیشانەى ئەوەیە لەو كۆمەڵگایەدا دەسەڵات و حكومەتێكى چەوسێنەر و نادادپەروەر ناعادل ونا ئازاد هەیە كە سەرمایەى گشتى وڵات بە هەر چەشنە سەرمایەك و بنەمایەكى ئابوورى كە هەیبێت ,چ سەرمایەى سروشتى وەكو پترۆڵ و كەرەستە خاوەكانى ترى كە لە ژێر زەوى لەخۆ دەگرێ یاخود لە سەر زەوى ئەو كۆمەڵگایەدا وەدەست دەكەوێت یان ئەو بەرهەمانەى كە نا سروشتین لەلایەن مرۆڤەكانى كۆمەڵگاوە بەرهەم دەهێندرێن بە شێوازى جۆراوجۆر ئەو بەرهەمانەش ماددى بن یاخود مەعنەوى بن كە سوود بەخشبن بۆ كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى.ئەگەرچى پێویست دەكات دابەش كردنەوەى بەسەر كۆمەڵگادا بۆ ئەوەى مرۆڤەكان بەبێ جیاوازى سیاسى و ئایینى و نەتەوەیى و ...هیتد بە شێوازێك كە پێویست دەكات سوود لەو سامانە و ئەو داهاتە داراییە وەربگیرێت .ئەمە لەكۆمەڵگایەكدا دەبێت كە دەسەڵات و حكومەتێكى عادل و سیكۆلار و ئازادى هەبێ و دەسەڵاتەكەى لەخەمى چەسپاندنى دادپەروەرى كۆمەڵایەتى دابێت و هەمیشە دەرگاى ئازادییەكان فراوانتربكات و شەفافیەت بۆ سەرجەم خەرجییەكان و داهاتەكان و بەڕێوەچوونە كارگێڕێ یە ئیدارى یەكان بەبێ ترس و دوودڵى بكات.ئەلێرەوە تاكەكانى هاوڵاتى خۆشەویستیان بەهێز دەبێ بۆ چەسپاندنى مافەكانى مرۆڤ و چەسپاندنى سەرجەم یاسا شارەستانییەكان و مەدەنییەكان خەڵك هاوكارێكى بەهێزى دەسەڵات دەبن لەبەرەوپێشچوونى كۆمەڵگا بەرەو گەشەى ئابوورى باشتر و پڕ بەرهەمى هەمەچەشنەتر بۆ كۆمەڵگا .بەڵام لە كۆمەڵگایەكدا هەژارى و بێكارى و بێ خانەولانەیى و هەبوونى مرۆڤانێك تەنها شەقام و شوێنە گشتى یەكان و گۆڕەستانەكان و كەلاوە ڕووخاو و كەلاوەنیوە ڕووخاوەكان شوێنى گوزەرانى ژیانیان بێت بە زستانى سارد و سەرما و بە هاوینى گەرم و كەم ئاوى ڕۆژگارى خۆیان بەرنە سەر,هەبوونى ئەم جۆرە ژیانە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ ڕێژەى مرۆڤەكانى زیاد بكات نەك كەم بكات و بەرەو لە ناوچوون بچێتلەكۆمەڵگادا,ئەوە بۆ خۆى چەندین پرسیار دێتەكایەوە كە پێویستى بە وەڵامە لە بارەى بوارى كارگێڕى ئیدارى بۆ شێوازى چەسپاندنى دادپەروەرى و یەكسانى لە دەست ڕاگەیشتن بە سوود و نیعمەتەماددى و مەعنەوێ یەكان كە لەو كۆمەڵگایەدا هەیە,وجۆر و ئاستى ڕێژەى زۆرى ئەو داهات و سامانە ماددى و مەعنەوى یانە پاشان شێوازى دابەشكردنەكەى قەزاوەت لێدەدات لەجۆرى خەراپى و چاكى ئەو نیزام و حكومەت و دەسەڵاتە كەلەو كۆمەڵگایەدا وجودى هەیە نەك ڕازاندنەوەى دیوى دەرەوەى حكومەت و پەرلەمانەكەى بە ووشە و ڕستەى ئەفسووناوى گوڵ باران كرابێت .ئایا لە عێراق وكوردستان بە كام جۆرە سیستەمە فەرمانڕەوایەتى و حكومدارى دەكرێ (دیموكراتى ,سۆسیالیستى ,مەدەنى ,بیرۆكراتى ,دیكتاتۆرى ,ئایینى.........,.....,..هیتد).گومان لەوەدانییە قسە كردن لە هەریەكە لەم جۆرە سیستەمانە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ كە لە لێرەدا تیشكى زۆر كەمى دەخەمە سەر.هەر یەكەیان بە جۆرێك باسییان لە یاساكان و جۆرى حكومڕانى خۆیان كردووە وەكو فەلسەفەیەك و بنەمایەكى فكرى و ئەقڵانى و بیردۆزى حكومڕانى قۆناغى بەڕێوەبردنى هەیكەلى كارگێڕى باڵاى سیستەم و شۆڕبوونەوەى بۆ ناو واقیعى كردارى كۆمەڵایەتى و مامەڵەى تاكەكان لەگەڵ قۆناغى حكومڕانى ئەو جۆرە سیستەمە.پاشان كاردانەوە و دەرئەنجامەكانى كە لە ئەنجامى مێژووى جۆرى ئەو حكومڕانییە كاریگەرى كردارى خۆى نیشاندەدات لەلایەن تاكەكانى ئەو كۆمەڵگایەوە كە ئەو جۆرە سیستەمەى تێیدا بەڕێوەدەچێ حكومى خۆى وەردەگرێ بەمانایەكى تر ئەوە تاكەكان و هاوڵاتیانن قەزاوەت و قسەى خۆیان لە مێژووى فرمانڕەوایەتییەكە دەكەن مۆرى خۆیان لەو جۆرە سیستەمە دەدەن دەى ناسێنن ناوى دەنن بە فڵان سیستەم.گومان لەوەدانیە كە هەر بۆ چونێك دەرببڕِدریت لەسەر هۆكارى دروستبوون و هاتنەكایەوەى هەژارى پاشان ئەو دەر ئەنجامانەى بەهۆى هەژارێ وە دێتەكایەوە یاخود هەر جۆرە توێژینەوەیەك لەسەر هەژارى و نەدارى و برسێتى و بێ خانەولانەیى دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بە تەتەڵەكردن و لە بێژینگدانى ئەو جۆرە سیستەمەى كە لەو كۆمەڵگایە بۆتە چەترێك بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانى لە ڕووى كارگێڕى سەرجەم دامەزراوەكانى حكومى دا.لە عێراقدا جۆرە سیستەمێك پیادە دەكرێ بە قەولى خۆیان لە دەسەڵاتداران ئەو سیستەمە ئایینى و دیموكراسى یە بەڵام لە واقیعدا پاش چەند ساڵ خودى هێزە ئایینە جیاوازەكان كە سەرچاوەكەیان یەك ئایینە خەریكى یەكترى للوشدانن و پاش ماوەیەكى زۆر لە هەڵبژاردن كەمترین جیاوازى ئایینى و مەدەنى قبوڵناكەن لەو لاشەوە پروپاگەندەى دیموكراسى بوونى خۆیان دەكەن.ڕۆژنەش تەقینەوە و كوشتن و برینداركردن درێَژەى هەیە پلانێكى سەركەوتویان نییە بۆ پاراستنى ئاسایشى وڵات بەڵام بە ئارەزووى خۆیان پارە و سامانى نەوت بە شێوازى ناوى جۆراوجۆر بۆ خۆیان دەبەن بەتایبەت ئەوانەى لەسەرەوەى دەسەڵاتن لەو لاوە خەڵكیش لە ژێر هێڵى هەژارى دا ژیان دەگوزەرێنێت.ڕێژەیەكیش لە ئاوارەیى و بێ خانەولانەیى دەژیت.كەمى خزمەتگوزارى تەندروستى و پەروەردەوفێركردن و كەمى خزمەتگوزارى هاتوچۆ و پاراستنى ژینگە و كەمى كارەبا و كەمى ئاو و خەراپى ڕێگاوبان و ........و......هیتد سەرجەم كەمێ یەكان باڵى بەسەر تەواوى كۆمەڵگاى عێراقدا كێشاوە بە كوردستانیشەوە.بۆیە ناتواندرێت بەو جۆرە حكومەت و یاسایانە كۆمەڵگاى عێراق لە دەست ئەو كێشەو قەیرانانە ڕزگارى بێت بۆیە پێویستە كار بۆ دامەزراندنى حكومەت و دەسەڵاتێكى مەدەنى و ئازاد بكرێت.وەزعى كۆمەڵگاى كوردستان زۆر لە عێراق باشترنییە بەڵكو لە زۆر بواردا خەراپتریشە بەتایبەت لە بوارى گەندەڵى و بەفیڕۆچوونى سامانى گشتى و بەرتەسككردنەوەى ئازادییەكان,لە بوارى شەفافیەتى كارگێڕى ئیدارى و خەرجى گشتى و نەچەسپاندنى یاسا مەدەنییەكان و مافەكانى مرۆڤ كوردستانیش لە عیراق باشترنییە ئەوەتا ساڵێك بەسەر ڕووداوى 17ى شوبات تێپەڕى كەچەندین مرۆڤ لە ناویاندا منداڵیش هەبوو شەهید كرا بەڵام بكوژەكانیان هەتا ئێستا نەچوونەتە بەر دادگا و دادگاى نەكراون,هەر لە هەمان ساڵدا 2011لە بادینان و زاخو و چەندین شوێن چەندین دووكانى مەى فرۆشى و مەساج و شوێنى گەشتوگوزار سووتان هەروەها چەندین بارەگاى یەكگرتوویى ئیسلامى كوردستان لە بادینان سووتان كە ساڵانى ڕابردووش ئەم حیزبە بارەگاكانى سووتاون و بارەگاكانى گۆڕان لە هەولێر و چەند شوێنى تر سووتان و تەلەفیزیۆنى (NRT) و سوتا ئەمانە ڕۆژ لە دوایى ڕۆژ و ساڵ لە دوایى ساڵ ڕوویاندا هەموویان لە یەك ڕۆژدانەبوون ئەگەر حكومەت و دەسەڵاتى كوردى لە پێشلكردنى مافەكان و ڕووداوەكانى ساڵانى تر بەدواداچوونى بكردایە و ئیجرائاتى یاسایى وەربگرتایە و یاساكانى سەروەر بكردایە بۆ پاراستنى مافەكان و ئازادییەكانى خەڵكى كوردستان بەبێ جیاوازى ئەوا ئێستا ناڕەزایەتییەكان بەم شێوەیە نەدەبوو لە ئەداى حكومەت و پەرلەمان لە كوردستان. ئەگەر لە قۆناغى ئێستاش هەر ڕۆژ بەڕێكریت هیچ نەكرێت ئەوا لە داهاتوو هاوشێوەى نرخەكەى باجەكەى دەدرێت.كوا پلانى سەركەوتو بۆ لە ناو بردنى گەندەڵى؟ و كواگەشەى ئابوورى ؟و كواگەشەى بەرهەمهێنانى ناوخۆیى و بەهێز كردنى سامانى میللى لە كوردستان.كوا چەسپاندنى یاساكانى دادپەروەرى و كەم كردنەوە و هەنگاونان بۆ لەناوبردنى هەژارى ونەبوونى و بێ خانەولانەیى؟؟!!بە پێى یاساكانى ئابوورى گەشەى نابەرامبەر واتەگەشەى ناهاوسەنگ,لەڕاستیدا بە كردەوە دەبێتە یاساى گەشەى سەرمایەدارى لە هەموو كات و شوێنێكدا و لەبەرانبەریشدا,پاشكەوتن و كەڵەكەكردنى ئابوورى دروست دەبێت واتە ئەو ناهاوسەنگێ یە كە لە شێوازى كردارى دا هەم سەرمایەدارى گەورە دروست دەكات لە بەرامبەریشدا هەژاریش ڕێژەى زۆر دەكات لەبەرئەوەى دەست ڕاگەیشتن بە سامانە ماددى و مەعنەوێ كان نایەكسان و نابەرابەرە بۆیە هەژارى دێتە كایەوە نەك لەبەرئەوەى ئینسانە هەژارەكان ئیش نەكەرن یاخود ئارەزوویان لە تەمبەڵى یە یان بێ بەهرە و بێ ئەقڵن نەخێر هیچ لەمانە نییە تەنها ئەوەیە ئەو جۆرە دەسەڵات و حكومەتەى كە لەو كۆمەڵگایەدا هەیە ناعادل و نا ئازاد و چەوسێنەرە بۆ دەست ڕاگەیشتن بەسەرمایەى ماددى و مەعنەوى یەكانى وڵات و مافە ئینسانییەكان.
عبدالرحمن رسول
[email protected]
Abdulrehman

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە