رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


ترسی لە دەستدانی دەسەڵات دیکتاتۆرەکان کۆدەکاتەوە

Tuesday, 16/07/2013, 12:00

1843 بینراوە






ئەوەی کە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی یان ڕاستتر بڵێین بنەماڵەی بارزانی و سەرانی یەکێتی کۆدەکاتەوە زەرورەتە نەوەك ڕێکەوت.
بەدرێژایی حەڤدە ساڵی ڕەبەق یەکێتی و پارتی لە شاخ و  دژی ڕژێمی سەدام شەڕیان دەکرد، بۆ تەنها ساتێکیش لەگەڵ یەکتردا کۆك نەبوون. ئەی دەبێت هۆکاری چی بێت لە ساڵی ٢٠٠٠وە تاکو ئێستا بونەتە هاوپەیمان و موو بەبەینیاندا ناچێت؟
ئەگەر پەندی کوردی (کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە) ڕاست بێت ئاوا منیش دەڵێم (پارەی نەوت وشیرینیەکانی ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتییە) .
یەکێتی و پارتی بە درێژایی شۆڕشی شاخ و تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش خەریکی کورد کوشتن و شەڕی ناوخۆ بوون ئەو دوو حیزبە بە هەزاران گەنج و لاو ڕۆڵەی ئەم گەلەیان بەدەسەتی یەکتر شەهید کردووە چەندین کارەسات و قەیرانیان بەسەر ئەم نیشتمانە خێر لەخۆ نەدیوەدا هێناوە و خاوەنی چەندین خیانەت و لەشکر کێشی دوژمنان بوون بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەوانە ٣١ی ئاب و هێنانی لەشکری تورك و عەجەم بۆ سەر خاکی کوردستان ،ئەگەر لێ یان بپرسی بۆ لەوەڵامدا نازانن بڵێن چی. زۆر لە ڕۆشنبیران و بەشێكیش لە ئۆپۆزیسیۆن بە شتێکی سەیرو سەمەرەی دەزانن کەوا سەرانی یەکێتی چونەتە پاڵ پارتی و بەرگری لە بۆ چونەکانی سەرۆکی هەرێم دەکەن . بەڕای من ئەوەی کە یەکێتی و پارتی کۆدەکاتەوە زۆر لەوە گەورەترە کەوا لێکیان دەترازێنێت. بە بۆچونی من جیاوازی نێوان یەکێتی و پارتی تەنها جەماوەرەکەیانە ئەگینا زۆرینەی سەرانی یەکێتی و پارتی کۆپیەکن لەیەک واتە یەکێتی و پارتی لە دوای پەیمانی سترایتیژیەوە هیچ جیاوازیەک لەنێوانیاندا نەماوە.ئەوەتا ئەمڕۆ بەڕاشکاوانە ووتە بێژی یەکێتی نیشتمانی ئازاد جوندیانی لە ووتارێکدا دەڵێت ئۆپۆزیسیۆن دەیانەوێت دەسەڵات بگرنە دەست و سەرانی یەکێتی و پارتی دادگایی بکەن واتە سەرانی یەکێتی و پارتی ئەوەندە خۆیان بە تاوانبار دەزانن دەرهەق بەم گەل و نیشتمانە لەلایەن ڕوون و ئاشکرایە کەوا بەلەدەست دانی دەسەڵاتەکانیان ڕووبەڕووی دادگایی کردن دەبنەوە. کەواتە یەکێتی و پارتی کۆمەڵێك بەرژەوەندی دارایی و سیاسی وگەندەڵیەكی لەڕادەبەدەر پێکەوەی بەستوون ئەگەر بێت و پشتی یەکتر نەگرن ئەوا دەسەڵاتەکەیان لەدەست دەدەن.
یەکێتی و پارتی بەئاگرو ئاسن دەستیان بەدەسەڵاتەوە گرتووەونایانەوێت لەدەستی بدەن . بیست و دوو ساڵی ڕەبەقە ئەوان لە دەسەلاتدان هەرچی پایەو پرەنسیپی دیموکراتی هەیە ئەوان دژایەتیان کردووەو بنیاتیان نەناوە بە پێچەوانەشەوە هەرچی دام و دەزگاو دیارەدەی دیکتاتۆری و بنەماڵەیی هەیە کاریان لەسەر کردووە ، حیزبیان بردۆتە ناو هەموو دام و دەزگاکانی هەرێمەوە هەر لە باخچە ی ساوایانەوە تاکو زانکۆکان و تەواوی گەرمانگەو تەنانەت بازاڕو پیشەوەرەکانیش.
سەرانی یەکێتی لەو ڕاستیە تێگەیشتوون کە دوای دروست بونی گۆڕان و لەت بونی جەماوەری حیزبەکەیان ئیتر ناتوانن بۆ پارتی و خەڵکی کوردستانی بسەلمێنن کەئەوان یەکێتی یەکەی ساڵانی نەوەدەکانن. هەربۆیەشە پارتی زۆر بەچاوێکی سوك و بێ منەتانە سەریان دەکات . پارتی چاك دەزانێت ئەوانەی ئەمڕۆ کە هەڵسوڕێنەری یەکێتین لە غیابی تاڵەبانیدا کەسایەتیە مادی و چەموشەکانن ئەو کەسایەتیانەن کە بە پۆست و پشکی نەوت وچەند ملیۆن دۆلارێك وەلاو ڕەزامەندیان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشێت.پارتی ئیتر یەکێتی بۆ هاوپەیمانی ناوێت وجارێکی تریش وەکو شەریك کاری لەگەڵ ناکات بەڵکو پارتی تەنها بۆ بەڵانسی تەرازوەکە دەوێت واتە ئەو چەند کورسی یەی کەوا یەکێتی دەیهێنێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەخاتە سەر دەنگەکانی خۆی بەرامبەر چەند پۆستێکی حکومی و ئیداری ،ئەگینا ئەگەرسەیری خولی پێشووی حکومەت و پەرلەمان بکەین دەبینین یەکێتی تەنها وەکو ناو بەشداری حکومەت بووە ئەگینا تەنها پارتی حیسابی پاشکۆیەکی بۆ کردووە نەوەك شەریك.
یەکێتی و پارتی زۆر لەوە دڵنیان ئەگەر بێت و پێکەوە یەك نەگرن و داکۆکی لەگەڵ یەکتر نەکەن بۆ مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات بەدیلەکەی ڕاوەستانیانە لەبەردەم دادگادا بەرامبەر ئەو هەم و زوڵم و ستەمەی بە درێژایی ٢٢ ساڵە بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدەن.یەکێتی پارتی خۆیان یەکلا کردۆتەوە و بەتوندی سەنگەریان لە ئۆپۆزیسیۆن و جەماوەر گرتووە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ خۆی یەکلا نەکردۆتەوە ئۆپۆزیسیۆن و جەماوەرن تا ئێستا هەر چاوەڕێ ی کەرە می سەرۆکی هەرێمە کە بەشکو واز لە خۆکاندید کردنەوە ی خۆی بهێنێت یاخود دەستور بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان. پارتی بۆ ئەوە نەهاتووە کە بڕوات پارتی تەنها لەڕواڵەتدا حیزبی سیاسی یە ئەگینا لە ڕووی ستراتیژو ناوەندی بڕیار دانەوە بڕیار بڕیاری بنەماڵەو خێڵە بۆیە ئەگەر کەسێك یان حیزب و لایەنەکان پێ یان وایە پارتی بەدەنگدان و هەڵبژاردن کورسی دەسەڵات بەجێ دەهێڵێت بەدڵنیایی یەوە لە وەهمێکی گەورەدا دەژین.
بەڕای من ئۆپۆزیسیۆن کاتی زۆری بەچاوەڕوانی بەهەدەر داوکارتی زۆری لەبەر دەستدا بوو بەڵام بەداخەوە هەمووی سوتاند تەنها کارتێکی کاریگەر لەبەر دەستی ئۆپۆزیسیۆندا مابێت ڕابەرایەتی کردنی جەماوەرو جوڵاندی شەقامە بۆ ڕاپەڕین ،چونکە ڕابوردوو تەجروبەی ووڵاتانی ناوچەکە وبەهاری عەرەبی سەلماندی سیستەمە دیکتاتۆریەکان بە هیچ شێوەیەك ناتوانن چاکسازی بکەن و دەسەڵات دەستاو دەست بکەن تەنها ڕێگایەك بۆ ڕزگار بوون لە جۆرە سیستەمانە تەنها ڕاپەڕینی جەماوەرە دژیان. بۆیە وەکو پەیامێکی بەپەلە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و جەماوەر ڕایدەگەێنم کەوا هیچ ڕێگە چارەیەك نیە لەبەردەمماندا ڕاپەڕینی جەماوەری سەرتا سەری نەبێت کە لەهەولێرەوە دەست پێ بکات و دواتر هەموو شاروشارۆچکەکانی تری هەرێم بگرێتەوە. ئەگینا پێچەوانەکەی واتە بێ دەنگی هەڵبژاردن یان ڕەخنەگرتن بەزمانی گوڵ نەوەك ٢٢ ساڵی تر بەڵکو نیو سەدەی تر دەبێت چاوەڕێ ی وەرچەرخانێکی تری مێژووی وەکو ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ بین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە