ئاپۆ بەهێزترین و كاریگەرترین كەسە لەسەر گەلى كورد و پەكەكە،

Saturday, 20/03/2010, 12:00

1788 بینراوە


لەبەشى سێەمى ئەم دیمانەدا بڕیار گابار ئەندامى كۆمیتەى سیاسى كۆماجڤاكێن كوردستان باس لەناردنەوەى گروپى ئاشتى بۆ توركیا دەكات و ڕایدەگەیەنێت ڕێبەر ئاپۆ كاریگەریەكى بەهێزى هەیە لەسەر پەكەكە و گەلى كورد ئەوەش ڕووندەكاتەوە كەبەهیچ شێوەیەك دژایەتى هەرێمى كوردستان ناكەن و پەیوەندیشیان هەیە لەگەڵ هەرێمدا بەڵام لەئاستى پێویستدانیە،
زۆر بیرو بۆچوون هەیە لەسەر ناردنەوەى گروپى ئاشتى دەكرێت بەڕاشكاوى پێمان بڵێیت ئەم گروپانە چۆن و لەسەر داواكارى كێ ڕەوانەى توركیا كرانەوە؟
بڕیار گابار:وەكو دەزانرێت گروپى ئاشتى لەسەر داخوازى و بانگەوازى ڕێبەر ئاپۆ ڕەوانەى توركیا كرانەوە پەكەكە بەپیرى بانگەوازەكەى ڕێبەر ئاپۆوە چوو ئەم گروپانەى ناردنەوە دیارە لەناردنەوەى ئەم گروپانە چەند مەبەستێكى سەرەكى هەبوو یەكەم ئەوەبوو كەئێمە لەمەبەست و ئامانجى توركیا بگەین،كەدەریشكەوت كەئەوان جگە لەسیاسەتێكى خەڵەتێنەر شتێكى تریان لەهەگبەدانەبوو چونكە ئەگەر مەبەستیان چارەسەرى كێشەى كوردبوایە ئەوا دەیانتوانى بەناردنەوەى ئەم گروپانە دەست لەشەڕ هەڵبگرن و سەرەتایەك بێت بۆ ئاشتى بەڵام وەكو دەركەوت ئەم كارەیان نەكرد هەروەها ئامانجێكى تر دووپاتكردنەوەى سیاسەتى ئاشتیخوازانەى ڕێبەر ئاپۆ و پەكەكە بۆ هەموو لایەك ئاشكرابوو چونكە پارتى داد و گەشەپێدان ماوەیەكى درێژە لەهەوڵى ئەوەدایە كەبەرپرسیاریەتى شەڕ لەكوردستان و ناو توركیا بخاتە ئەستۆى پەكەكە و خۆى لەبەرپرسیاریەتى سەرەكى هەڵدێت لەڕاستیدا بەرپرسیارى سەرەكى ئەوانن چونكە ئەگەر پڕۆژەیەكى ئاشتى هەبوایە بۆ چارەسەرى ئەوا هێزى گەریلا بۆ بەرەو پێشبردنى ئەم پڕۆژەیە ئامادەیە لەلایەكى ترەوە بانگەشەى ئەوە دەكرا كەپێگەى ڕێبەر ئاپۆ كاریگەرى لەسەر گەلى كورد و پەكەكە كەمبۆتەوە بەمشێوەیە دەیانویست كەئاپۆ بەكەسێكى بێئیرادە نیشان بدەن بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بەئاشكراكردنى ئەم بانگەوازە هەموو ئەم بانگەشانەى بەدرۆخستەوە و ئاشكرابوو كەڕێبەر ئاپۆ بەهێزترین كاریگەرى هەیە لەسەر پەكەكە و
گەلى كورد و ئیرادەى سیاسى گەلە هەروەها پێشوازى گەورەى گەلى كوردیش لەم گروپانە دەریخست كەگەل خۆى بەخاوەنى ڕێبەر ئاپۆ دەزانێت و پێچەوانەوەى ئەم بانگەشە ڕاست دەرچوو،
لەهەرێمى كوردستان چەند دەزگا و دامەزراوەیەك و چەندین كەسایەتى بەناوى پسپۆڕى دۆسیەى توركیاوە قسە دەكەن؟ڕاى تۆ لەمبارەیەوە چیە؟
بڕیار گابار:دیارە ئێمەش چاودێرى ئەم بارودۆخە دەكەین بەڵام پێمان وایە كاتى ئەوە هاتووە كەهەرلایەنێك بەچ ئاراستەیەك هەواڵ دەگوازێتەوە چۆن شرۆڤەى دەكات دەیەوێت چ كاریگەریەك لەسەر بزوتنەوەى ئازادیخوازى كوردى بكات بەرەو چ ئاراستەیە پەل كێشى بكات ئیدى پێویستە ناوى تایبەتى لێبنێرێت با هەروا نەمێنێتەوە بەڵكو ناوى خۆى لێبنێرێت نەك هەركەسێك توانى دوو قسە لەسەر ئاكەپە و توركیا بكات ناوى پسپۆڕ و شارەزاى لێبنرێت ئەتوانین لێرەوە دەستە بەندیەك بكەین كەبەشى یەكەمیان ئاشكرایە كەشێوەى گواستنەوەى هەواڵ و شرۆڤەى هەواڵیان لەبەرژەوەندى دەوڵەتى توركیایە بەبەڵگەى عاشا هەڵنەگرەوە و سیاسەتەكانى توركیا لەدژى كورد دەپارێزێت و بەشان و باڵیدا هەڵدەڵێن و ئیدى پێویست ناكات خۆى بشارێتەوە و بەناوى پسپۆڕ و شارەزاى نەتەوەیى قسە بكات بەڵكو پێویستە وەكو میدیا و كەسى لایەنگیرى سیستەمى داگیركەر پێویستە هەڵوێست وەربگیرێت و چیتر ئاو بەئاشى دوژمن دا نەكرێت،
بەشى دووەم جارێكیتر كۆمەڵێك شرۆڤە و گواستنەوەى سیاسى پێش دەخرێن لەمەشدا گەشبینى دەبینرێت بۆ هوشیاركردنەوەى گەلى كورد لێرەشدا كەم و كوڕى دەبینین بەڵام شارەزاییەكە نەگەیشتۆتە ئەوئاستەى كەبتوانێت كەلەهەموو ڕوویەكەوە سیاسەتەكانى دەوڵەتى توركیا بۆ گەلى كورد شرۆڤە بكرێت و لێكدانەوەى پێویستى بۆ بكرێت هەتا بۆ ئێمەش ئەگەر پێویست بكات ڕەخنەمان لێبگرێت و پێشنیارمان بۆبكات و ئەم بەشەش دیارە بەنیەتى باشە بەڵام بۆ گەلى كورد تێرى بارودۆخە نەكات بۆ بەرەو پێش چوونى ئەم بەشەش پێویستیان بەوە هەیە زیاتر بەدواداچون بكەن بەویژدانەوە بەئینسافەوە سەیرى بارودۆخەكان ناكەن هەروەها بەشێكى تر لەمیدیاكان ئەركى ناساندنى گەلى كورد لەهەموو ڕوویەكەوە بگرنە بەر و شرۆڤەى بكەن بۆ بەرامبەر ئەوە بسەلمێنن كەگەلى كورد چ گەلێكى ئاشتیخوازە،
میدیا لەم هەرێمە هەنگاوى باشى ناوە كەدیارە لەمێژوودا هەنگاوى واى بەخۆیەوە نەدیوە بەڵام بەگشتى كەم و كوڕى هەیە كەپێویستە هەنگاوبنرێت بۆ چارەسەرى،
ئێوە زۆر ڕەخنە لەهەرێمى كوردستان دەگرن ئەمە بۆچى؟
بڕیار گابار:دیارە ڕەخنەى ئێمە لەباشوورى كوردستان لەهەمانكاتدا لەهێز و لایەنە سیاسیەكان زۆریش هەوڵمان ڕەخنەى ناحەق و ناڕەوا نەگرین بۆ ئەوەى بابەتەكە زیاتر ڕوونبێتەوە بەچەند تەوەرێك شرۆڤەى دەكەین دیارە بەر لەهەموو شتێك باشوورى كوردستان دەستكەوتێكى زۆر گرانبەهایە زۆر بەدیلى بۆ دراوە بەئاسانى بەدەست نەهاتووە پێگەیەكى زۆر قورسى هەیە لەسەر ئاستى كوردستاندا پێویستە ئەوەش بزانرێت هەموو كوردێكیش چاوەڕوانى لێى هەیە دیارە ڕەخنانەش بەشێكى لەچاوەڕوانیەوە دێت و بەشێكیشى لەخاوەندارێیتەوە دێت ئێمە بەئاشكرا دەڵێین هیچ كەسێك بەقەد ئێمە خۆى بەبەرپرسیار نازانێت لەبەرامبەر پاراستنى دەستكەوتەكانى باشوورى كوردستان ناكات بەڵام وەك ڕاى گشتیش ئاگادارە ئەم ئەزموونە پێویستى بەبارودۆخێكى سیاسی و دیموكراسیە بەڵام ئەم كەم و كوڕیەى لەهەرێم هەیە ئێمە نیگەران دەكات بەو ئاراستەیە نا كەئێمە دژى هەرێم بین بەڵكو ئەم نیگەرانیەمان لەدڵسۆزیەوە سەرچاوە دەگرێت هەروەها چاوەڕوانی باشترمان لێیان هەیە تەوەرى یەكەم دەتوانین بەمشێوەیە ڕوونى بكەینەوە دیارە زۆر هەنگاونراوە كەلەبارەكانى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى بنێرێت بەڵام كەموڕى هەیە كەئەمەش نەبووە ئێمە ڕەخنەمان هەیە ئێمە هیوامان وابوو كەئەم هەرێمە ببێتە پاڵپشتێك بۆ پارچەكانى تر بەبڕواى گابار كلتورى بەرهەم هێنان لەم هەرێمە پشتگوێ خراوە لەڕووى مەدەنیەوە لەڕووى ئیدارییەوە ئەم كەموڕیانە هەوڵدراوە بۆ چارەسەریان بەڵام وەكو پێویست نیە گابار پێیوایە ئەنجامەكانى هەڵبژاردنەكانى 25ى 7 لەم كەم و كوڕیانەوە سەرچاوە دەگرێت پێدەچێت لەبارودۆخە جۆربەجۆرەكانى داهاتوو ئەنجامى زیاتر دەربكەوێت،تەوەرى دووەمیش نەبوونى هەستى نەتەوەییە بەبڕواى ئێمە هەرێمى كوردستان تەنیا هى ئەم هەرێمە نیە كەلەچوارچێوەى جوگرافیاى سێ پارێزگادایە بەڵكو هى هەموو كوردێكە لەسەر ڕووى ئەم زەمینە هەروەها چاوەڕوانى ئەوەشى لێیە كەببێتە پاڵپشتى بۆ ڕەخساندنى هەل و دەرفەت بۆ بەرەو پێش چوونى خۆى چونكە كەس ناتوانێت لەهەرێمى كوردستان كەس ناتوانێت بەكوردێكى كرماشانى و كوردێك كەلەبەر هەر هۆیەك بێت كۆچى كردووە بۆ هەندەران پێى بڵێت تۆ بۆت نیە لێرە قسە بكەیت مافت نیە ئێرە لەلاى ئێوە جیاوازە بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم سیاسەتە تاڕادەیەك لەسیاسەتى هەرێم جێگیربووە چونكە هەرێمى كوردستان ناتوانێت بەتەنیا داهاتویەكى گەش و ڕووناكى هەبێت،بابەتى تر پەیوەندى هەرێمى كوردستان لەگەڵ جیهانى دەرەوە كەوەكو پێویست بەكارنەهێنراوە ئێمە زۆر پێمانخۆشە كەپەیوەندى هەیە بەڵام ئەم پەیوەندیە بۆ نەتەوەیى بەكارنەهێنراوە بۆ ناسینى گەلى كورد و ناسینى گەلى كورد بەكارنەهێنراوە دیارە ڕەخنەكانى ئێمە زیاتر دەكەونە ئەم تەوەرە سەرەكیەوە،گابار دەڵێت زۆرجار كەهەندێ كەس بیانەوێت ئەم ڕەخنانەى ئێمەوە بەپێچەوانەى تر لێكبدرێنەوە ئەوە لەفەقیرى لایەنى بەرامبەرەوە دێت لەئەنجامى تێگەیشتنى كلتورى دیموكراسیەوە دێت ئەگەر ڕەخنەكان توندیش بن پێویستە لایەنى بەرامبەر وەكو پێویست پێشوازى لێبكرێت،
ئەى پەیوەندیتان هەیە لەگەڵ هەرێم؟لەگەڵ ئەوەى ئەم ڕەخنەشیان لێدەگرن؟
بڕیار گابار:بەڵێ پەیوەندى هەیە بەڵام لەئاستى پێویستدا نیە بەڵام لەدیموكراسیدا دژایەتى ناكەوێتە قالبى توندوتیژەوە لەئاستێكدا پەیوەندی و دانوسان بەڕێوە دەچێت بەڵام وەكو پێویست نیە هەر ئێمە ڕەخنە لەئەوان ناگرین بەڵكو زۆرجار ئێمە دەكەوینە بەر ڕەخنەى ئەوان و هەوڵیش دەدەین سوود لەم ڕەخنانە وەربگرین،
چۆن دەڕوانە ساڵى 2010؟
بڕیار گابار:ساڵى 2010 بۆ ئێمە بەتایبەتى و بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆر گرینگە بەتایبەتى بۆ دەستێوەردانى ئەمریكا بۆ ئەم هەرێمە هەروەها شڵەژانى ناوخۆى ئێران هەروەها بارودۆخى ناوخۆى توركیا لەمەڕ كێشەى كورد ئەگەرچى بارودۆخە زۆر بێناوەڕۆكە بەڵام بارودۆخە زۆر جدین و ڕووداوەكان بەخێرایى تێدەپەڕن و هەروەها لەباشوور و عێراقیش هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێراق بارودۆخەكە بەرەو گۆڕان دەبەن بەڵام پێویستە ئەوە بڵێین كەگۆڕانكارى لەهەموو بەشەكانى كوردستان كاریگەرى لەسەر بزوتنەوەى ئێمە دەكەن لەم چواچێوەیەدا ئێمە بۆ ئەم ساڵە چەند ئەركێكمان دیارى كراوە ئەویش بەهێزكردنى هەوڵەكانمان لەبارى ئاشتى و دیموكراسیدا لەناوخۆ و نێونەتەوەییدا هەروەها قورسایى بزوتنەوە لەسەر ڕووداوەكان زیاتر بكەین بەڕاستى ئێستا قۆناغ قۆناغى چارەسەرى كێشەى كوردە چونكە هیچ ڕێگەیەك نەماوە بگیرێتە بەر بەبڕواى گابار بەستنى كۆنفرانسێكى نەتەوەیى بەپێویست دەزانرێت ئەویش بەمەبەستى گەیشتنى ستراتیژێكى نەتەوەیى چونكە ئەگەر سیاسەتى نكۆڵى بشكێت ئەگەر ئێمە نەگەینە سیاسەتێكى یەكگرتوو ئەوا دەستكەوتەكانمان دەكەونە مەترسیەوە بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵى چڕوپڕمان لەپێشە و ئەم ئەركەش یەكێكە لەگرینگترین ئەركەكانى ئەم ساڵەمان لەهەموو ڕوویەكەوە پێویستە گەلى كورد سوود لەساڵى 2010 وەربگرین،
بڕیار گابار:زۆر سوپاس كە هاتن بۆ ئێرە،
تێ بى نى:بەپێویستى دەزانم زۆر داواى لێبوردن لەبەڕێز(بڕیار گابار)بكەم كەبڵاوكردنەوەى دیمانەكەى لەو گۆڤارەى بڕیاردرابوو تیایدا بڵاوبكرێتەوە گرفتێكى بچوك هاتە پێشەوە دواتر بەشى دووەم لەگۆڤارێكى تر بڵاوكرایەوە و بەشى سێیەمیش بڕیاربوو لەهەمان گۆڤار بڵاوبكرێتەوە بەڵام بەهۆى كەمتەرخەمى سەرنوسەرەكە بڵاوكردنەوەى دوادەكەوت بۆیە بەپێویستم زانى لێرە بڵاویبكەمەوە،
[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە