کێ هانیدان، وا نەبوایە وڵات وەکو ماستی مەیو وا بوو؟ ئەی ئیتر ئێستا چیبکەین؟

Saturday, 30/04/2011, 12:00

1321 بینراوە







ڕاپەڕین ڕویدا، دواتر گۆڕدرا بە خۆپیشاندان و ئنجا بە خەباتی ناتوندوتیژی و ئێستاش خەریکە دەبێت بە پاکانەخوازیی.

پارتی و یەکێتی خەڵکیان کوشت و ئێستاش شاریان تەنیوە بە جەیش، و بە رووکەش وادیارە هەمووشت تەواو بوبێت و بزاوتەکە تێک شکابێت و، کەچی بە شوێن تاوانباری پشت پەردەوە دەگەڕێن و تاوانبارەکانی خۆیان باسیش ناکەن.

هەڵویستەکان خەریکە نەرم و میانڕەو دەبن و بۆربۆڕێنەیە لەسەر خۆپەڕاندنەوە.

سروشتی شۆڕشەکان و وەرچەرخانەکان وایە، کە سەرکەوتن هەموو کەس خۆی دەکات بە خاوەنی و کە تێکیش شکان هەمووکەس بۆ خەتابارێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی خۆی دەربازبکات!

باشە کێ بوو خەڵکەکەی ڕاپەڕاند یان باشتر وایە بپسرین ئەوە کێ بوو ڕاپەریوەکانی هاندا؟

دیارە گرانە وەڵامی ئەو پرسیارە بدریتەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوە پارتی و یەکێتی بوون بە پلەی یەکەم، دوایی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان بوو بە پلەی دووەم، لە دوای ئەوانیش پێدەچێت ئێمەی نوسەران بوبێتین، چونکە وا دیارە قەڵەم ئاگردەکاتەوە.
لەبەر ئەوە پارتی و یەکێتی بە پلەی یەکەم دێن چونکە ئەوان سەرچاوەو هۆکاری نەهامەتییەکانن.

پێش ئەوەی بچینە قوڵایی لێکۆڵینەوە لەوەی بۆچی گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە، با باسی ئەوە بکەین سروشتی بکەرەکانی ناو شۆڕش و جمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان چۆنن!

بکەرەکان دەکرێن بە چەند پۆلێکەوە، لەوانە ڕابەرەکان و، دوای ئەوە حەشاماتەکە و ئەنجامدەرەکان و لە دوای هەمووشی تەماشاکەرەکان.

ئەوەی لێرەدا دەمەوێت زیاتر لێی بدوێم سروشتی ڕابەرەکانە. ڕابەرەکان ئەوانەن کە ڕێکیدەخەن و بەرنامەی بۆ دادەنێن و، هەندێکیشیان مەبەستی تایبەتی خۆیان لەو ڕاپەڕینەدا هەیە و دوای بەرژەوەندیی خۆیان دەکەون و، پێش ئەوەی بەڕاستی، دڵسۆزی ئەو مەراقە بن کە ڕوو لە حەشاماتەکەیە، واتە بۆ ئەوە لەگەڵدابن کە بڕێک لە ژیانی حەشاماتەکە چاکتربکەن و لەگەڵ دروشمەکانی راپەڕینەکە ڕاستگۆ بن، تەنیا بیر لە خۆیان دەکەنەوە.

جا گەر سەرکەوتن مەیسەر بوو ئەوا ئەو جۆرە کەسانە پەلاماردەدەن و هەزارویەک بەڵگە دێننەوە کە ئەوان نەبونایە و، ئەوان ڕاپەڕینەکەیان ڕێک نەخستایە ئەوا سەرکەوتن هەر بەدەست نەدەهات، لەلایەکی ترەوە گەر ئاسۆی سەرکەوتن لێڵ بوو هەرزوو دەکەونە هەوڵی زمان گونجاندن و خۆ پەڕاندنەوە.

زاراوەیەک هەیە کە بۆ ئەو جۆرە سروشتانە و ئەو جۆرە کەسانە زۆر گونجاوە ئەویش زاراوەی "هەلپەرست"ە.

هەلپەرست زۆربەی کات بە مانا نێگەتیڤەکەی دەوترێت، ئەگینا خۆ ئەوە زیرەکییە دەرفەت لەدەست نەدەیت.

لە حاڵەتی ئەم ڕاپەڕینەی حەفدەی شوباتدا، بەتایبەتی لەم ڕۆژانەدا هەندێک دەربڕین و پاساو‌هێنانەوە لەلایەن هەندێک لە کەس و لایەنە زۆر دەرکەوتووەکانی خۆپیشاندانەکانەوە دەبیستم کە شەرمم لە خۆم دێت.

گەر ناو نەبەم و بڵێم کە ئەوە ماوەی دووساڵە، واتە لە ٢٥ ی حەوتەوە هەندێک کەسی هەڵەوەڕ و هەلپەرست پەیدا بوون کە خۆیان بە تەلەفزیۆنەکەی گۆڕانەوە هەڵواسیوەو بە راست و بە چەپدا قسە بە دەسەڵات دەڵێن و هانی خەڵک دەدەن کە داوای گۆڕان بکات، تا وای لێهاتبوو گەر چەند رۆژێک لە تێڤێکان دەرنەکەوتنایە ناسیاوەکانم خێرا هەواڵیان دەپرسین کە بۆ دیار نین، وەکو ئەوەی کە ئەوانە زۆر بە هەڵوێست و ئازابن و ئەوان نەبن هیچ شتێک ناکرێت.

نامەوێت ناو بلێم بەڵام ئەوە کەسێکیش نییە لە گٶڕانەکان، بەڵکو زۆرجار لە تەلەفزیۆنی دوو حیزبە ئیسلامییەکەش دەردەکەوێت.

لەم خۆپیشاندانەشدا ببوو بە سووری بەرلەشکری خۆپیشاندەرانی زانکۆ و زۆر جار سەرپەرستیشی دەکردن.

لەم یەک دوو رۆژەدا لە تیڤییەکی ئیسلامیەکان بینیم لۆمەی نوسەرێکی دەکرد کە گوایە ئەو نوسەرە هاندەری گەنجەکان بووە و هانی ئاژاوە نانەوە و دوبەرەکێی داوە. ئەو کاکەیە هەرچی سیمبۆلە دژەکانە کردی بە سیمبۆلی نەتەوەیی و خەریک بوو لێم ببێ بە عیسای ئاشتیخواز.

ئەوەندەی من ئاگاداربم ئەو برادەرە چەند جارێک لە خوتبەکانیدا بەڵگە و ڕاڤەکردنەکانی ئەو نوسەرەی بەکار هێناوە و کردوویەتی بە بابەتی وتارەکانی بە بێ ئاماژە پێدان، کەچی ئێستا کە پێی وایە ڕاپەرینەکە شکستی هێناوە یان خەریکە شکست دێنێت دەیەوێت خۆی بپەرێنێتەوە و ئەو نوسەرە تاوانبار بکات بەوەی هاندەر بووە و دوبەرەکێی ناوەتەوە، وەکو ئەوەی ئەو نوسەرە لەوە بترسێت.

ئەمە تا ئێرە بەسە. لەوانەیە خوێنەر لە خۆی بپرسێت کە بۆچی ناوی ئەو "هەلپەرستە" ناهێنم و بۆ ناوی نوسەرەکەش ناڵێم! لە وەڵامدا دەڵێم لێرەدا کەسەکان گرنگ نین، بەڵکو گرنگ حاڵەتەکەیە وەکو دیاردە کە لە هەموو ڕابونەکاندا دووبارە دەبێتەوە.

با بێمەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە.

باشە بۆچی پارتی و یەکێتی بۆ سیرمەیەک دەگەڕێن بیکەنە تاوانبار، ئەی بۆچی موعارەزە دەیەوێت خۆی بپەرێنێتەوە، یان ئەی بۆ چەمەلغەکان هەر وا خێرا بایان دایەوە؟

دیارە پارتی و یەکێتی ئەوە بە تاوان دەزانن داوایان لێبکرێت دەستبەرداری کورسی و قوتی خەڵکیی ببن، کە ئێستاش خۆیان لێ بەهێز دێتە بەرچاو و وادەزانن سەرکەوتون و دەبێت بکەونە بیانوگرتن و تۆڵەکردنەوە، ئەگینا هەر دوینێ بوو مەسعود هەر ڕۆژەو بەڵێنێکی دەدا و جەلال خۆپیشاندەرەکانی دەکرد بە منداڵ و جگەرگۆشەی خۆی.

هەرچی موعارەزەشە لەگەڵ ڕێزمدا بۆ هەڵوێستی زۆر جوامێرانەی چەند کەسایەتیەکیان وەکو شاهۆ و عەبدوڵا و پێشەوا و عەدنان و بورهان و کاروان و هەندێک لە خوشکان و برایانی گۆڕان و دوو حیزبەکەی تریش کە ناوەکانیانم بیر نایەتەوە و کە ژیانی خۆیان چەند جار خستە مەترسییەوە بۆ خەڵکەکە و جەستەی هەندێکیان بوو بە ئامانج، ئەوا سەرکردەکانیان دەڵێن کە ئەوان لەپشتەوە نەبوون و هاندەر نەبوون.

ڕاستیش دەکەن کە ئەوان بەرنامەداڕێژەر نەبوون، لەوانەیە لەبەر ئەوەش بێت کە بە یەک دڵی و یەک دەستی نەچوونە پاڵ خۆپیشاندانەکە!

بەڵام جارجارە وەکو شانازیەکیش باسی ئەوەیان دەکرد کە پێشبینیان کردووە و تەنانەت لە بەیانە حەوت خاڵیەکەشیاندا باسیان لێکردووە.

دیارە پارتی و یەکێتیش هەر بەهۆی ئەو بەیانەوەیە کە ئەوان تۆمەتباردەکەن.

ئەی باشە برادەرەکانی تر بۆ؟
ئەوان ناوێرن موعارەزە یان دەسەڵات تۆمەتباربکەن و پەنا دەبەنە بەر کاکی نوسەر و دەستەڕەشەکە بەو دەسڕن، چونکە خۆ لە ئایندەشدا پێویستیان بەدەرکەوتن و خۆ بردنەپێشەوە لەناو کەناڵەکانی حیزبەکان هەیە.

من یەک تێبینیم لەسەر ئەو برادەرە هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە پۆشتەیە و، قاتەکانی چرچێکیان تیانییە و تۆزی پێوە نابینرێت! گەر ئەمە خۆی لە خۆیدا شتێکمان پێ بڵێت.

خاڵی گرنگ لێرەدا کە فەرامۆش دەکرێت میللەتە، داواکاریەکانێتی، ئەوەیە بۆچی هەستان!
ئەو مەسەلەیە خەریکە دەکرێت بە قوربانی ئەم چەلەحانێیە و لەبیر خەڵکی دەبرێتەوە.

لەولاشەوە یەکێتی کە کەسی ناوێرێت لە چاوبزکردنەوەی تاڵەبانی سەربەرزکاتەوە، هاتوون و دەڵێن کە ناوەندی بریاری هەیە!

واو!

دەیانەوێت بەو قسەیە خۆیان لەرێگەی باڵێکەوە بکەنەوە بە ناو میللەتدا!

لەملاوە تێی هەڵدەدەن و لەولاوە باڵی دەگرن بۆ ئەوەی نەکەوێت!

من قەناعەتی تەواوم هەیە کە ئەم ڕاپەڕینە تێک نەشکاوە، بەڵکو پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ وە، ئەویش ئەو قۆناغەیە کە لەلایەن میللەتەوە نەخوازراوە.
ئەو ڕاپەڕینە گەر داواکانی جیبەجێنەکرێت ئەوا دەچینەوە خاڵی سفر و ساڵ دەبێتەوە بە حەفتاوشەش!

ئەمجارە پیرەپیاوەکانی جەنگ ئەو لەشولارە سوکەشیان پیوە نەماوە تاکو وەکو ئاسک تێی تەقێنن و بۆی دەرچن.

جا پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت، داواکاریەکانی میللەت جێبەجێبکەن باشترە لەوەی خۆتان خەریک بکەن بەوەی خەتای کێ بووە یان خەتای کێ نەبووە!

تا کات درەنگ نەبووە!

چالاکەکانی سەراش پێویستە و لە هەموو کات پێویست ترە کە دەست بکەن بە خۆ ڕێکخستنەوە. بەندە هەر هەمان ڕۆژ کە سەرا داگیرکرا پیشنیاری ئەوەم کرد کە ئەنجومەنی کاراتر پێک بهێنرێت!

لەم ساتە وەختەدا زۆر گرنگە ئەنجومەنێکی نوێ بە ژمارەیەکی کەمتر لە ئەندام پێکبهێنرێت و نوێنەریشی لەدەرەوەی وڵات هەبێت، بۆ ئەوەی کە ئەو چالاکوانانەی لە ئەوروپا و لە ئەمەریکا و لە وڵاتانی ترن بتوانن هەماهەنگی باشتر لەگەل ئەنجومەنەکە بکەن و ئەو ئەنجومەنە ناو بنرێت ئەنجومەنی میللەت یان ئەنجومەنی گەلی کوردستانی باشوور و هەماهەنگیی لەگەڵ شاروشارۆچکەکانی تری هەرێمیش هەبێت!

گەر ئەوە ڕوونەدات ئەوا کیشەکە دەبێتە تۆپتۆپێنی نێوان پێنج حیزبە گەورەکە و، بەتایبەتی کە ئیستا لە میدیاکاندا دەیان بینین وەکو دۆستەکانی جاران خەریکی ئەهوەنکردنەوەی وەزعەکەن و خەریکن بە هەندێک چاکسازیی نیوە نا چڵ میللەت سەرگەردان دەکەنەوە.

میللەتی ئێمە چاکسازی ناوێت، گۆڕانی دەوێت. دەسەڵاتیش هەر دەبێت مل بدات گەر نا ئیتر میللەت ئۆقرەی نامێنێت!

من پێم وایە باشترین و بوێرانەترین بڕیارێک کە ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی دابێتی ئەوە بوو کە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی کرد. لەوە کەمتر مانای نەدەبوو، با کەمێک ناواقیعیش بووبێت بۆ جێبەجێکردن.
دەسەڵات لەو پەیامە زۆر باش تێدەگەیشت، کە ئیتر میللەت ئەوانی بەو مەرجە کۆنانە ناوێت!

من دڵنیام کار هەر دەگاتە ئەوەی بوترێت ارحل!
ئەم مانگی هەنگوینەی دەسەڵات و سوپاش هەر کۆتایی دێت و، ژێرەکەشی زبڵە کە دەبێت بینۆشن!

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە