ده‌قی یاداشته‌که‌ی فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌خوێننه‌وه‌: یاداشتێك له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌ما

Tuesday, 18/05/2010, 12:00

1057 بینراوە


بۆ به‌ڕێزان/

- سه‌رۆكی‌ه‌رێمی‌ كوردستان- عیراق
- سه‌رۆكی‌ په‌له‌مانی‌ كوردستان- عیراق
- سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
- ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عیراق
- سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
- سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق
- رێكخراوی‌ چاودێریكردنی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌
- په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپا
- نوێنه‌رایه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق (یونامی‌)
- سه‌فاره‌ت‌و كونسوڵگه‌رییه‌كان له‌ به‌غدا‌و هه‌ولێر
- داموده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنی‌ ناوخۆ‌و جیهانی‌
- رای‌ گشتی‌ كوردستان‌و عیراق‌و جیهان

بابه‌ت/ ته‌عبییه‌ی‌ ئیعلامیی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان
دژی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان

ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و راگه‌یاندنی‌ نزیك له‌و پارته‌، بێ‌ گوێدانه‌ به‌رپرسیارێتی‌ یاسایی‌‌و ئێتیكی‌ رۆژنامه‌وانی‌، هه‌ڵمه‌تێكی‌ ئیعلامیی‌ توند‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كه‌رتێكی‌ سیاسی‌‌و مه‌ده‌نی‌‌و رۆشنبیریی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌لی‌ كوردستان، له‌ نێویاندا فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌شێكه‌ له‌و هه‌ڵچوونه‌ كتوپڕ‌و سه‌یره‌ی‌، كه‌ پاش جوڵه‌ی‌ شه‌قامی‌ كوردیی‌‌و گروپه‌ مه‌ده‌نی‌‌و رۆژنامه‌وانییه‌كان ده‌ستی‌ پێكرد بۆ شه‌رمه‌زاركردنی‌ تیرۆركردن‌و شه‌هیدكردنی‌ رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان‌و دوای‌ پشتیوانیكردنی‌ فراكسیۆنه‌كه‌مان بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ كه‌ له‌ ئارادان بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ تاوانكاران‌و ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ شه‌فاف بۆ ئه‌و كه‌یسه‌. ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ دووره‌ له‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی‌ گشتی‌، لێوانلێوه‌ له‌ داتاشینی‌ تۆمه‌ت‌و به‌خشینه‌وه‌ی‌ بوختان‌و قسه‌ی‌ نابه‌جێ‌‌و په‌لاماردانی‌ چه‌ندین لایه‌نی‌ سیاسی‌‌و مه‌ده‌نی‌‌و رۆشنبیریی‌‌و رۆژنامه‌وانیی‌ جیاواز له‌ كوردستاندا.

ئه‌وه‌نده‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌ جۆرێك له‌ ئیرهابی‌ فیكریی‌ له‌پشت ئه‌و ته‌عبییه‌ ئیعلامییه‌وه‌ به‌دیده‌كه‌ین كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ بێده‌نگكردنمانه‌ وه‌ك هێزێكی‌ ئۆپۆزیسۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا، وه‌ك هێزێك كه‌ داوای‌ لیژنه‌یه‌كی‌ ته‌حقیقی‌ په‌رله‌مانیمان كردووه‌ بۆ به‌دواداچوونی‌ ئه‌و كه‌یسه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌و شه‌فاف. ئه‌وه‌ی‌ له‌پشت ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ ئیعلامییه‌وه‌ ده‌یبینین په‌رۆشیی‌ نییه‌ بۆ گه‌ڕان به‌ دوای‌ سه‌ره‌داوه‌كانی‌ تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسماندا هێنده‌ی‌ جۆرێكه‌ له‌ كۆشش بۆ شێواندنی‌ ره‌وتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌‌و تێكه‌ڵكردنی‌ وه‌ره‌قه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ به‌لادا بردنی‌ سه‌رنجی‌ هاوڵاتیان‌و پێڕه‌وكردنی‌ جۆرێك له‌ ئیرهاب بۆ ترساندنی‌ هه‌موو ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ داوای‌ به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ عادیلانه‌‌و شه‌فاف بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌كه‌ن.

ئێمه‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌، رای‌ گشتیی‌ كوردستان‌و عیراق‌و جیهان، هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ ناوخۆیی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ مه‌ترسیی‌ پاشهاته‌كانی‌ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌‌و ئیرهابه‌ فیكرییه‌ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌. هاوكات خه‌ڵكی‌ كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتیمان به‌ هه‌مان نه‌فه‌س‌و به‌ ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێزتره‌وه‌ درێژه‌ ده‌ده‌ین به‌ جێیه‌جێكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانمان.
فراكسیۆنی‌ گۆڕان هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ به‌ كراوه‌یی‌‌و زیندوویی‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ پاراستنی‌ ژیان‌و ئاسایشی‌ ئینسانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا، له‌پاڵ‌ هه‌موو ماف‌و ئازادییه‌كانی‌ تری‌ مرۆڤ، كه‌ دیاترینیان له‌م سیاقه‌دا ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌‌و قسه‌كردن‌و جوڵه‌ی‌ مه‌ده‌نییه‌ له‌ كوردستاندا. فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ئاشكراكردنی‌ مۆڵگه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و پنته‌كانی‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵات، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌و كۆششانه‌ی‌ كه‌ له‌ گه‌ڕدان بۆ تاریكاندن‌و شاردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌یسانه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت روون‌و ئاشكرا شه‌فاف بن بۆ رای‌ گشتی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.


فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
هه‌ولێر 18/ 5/ 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە