گۆران دوکانى: ڕۆژنامەى ئەهلى هیچ پێویستیەکى بەکۆبونەوەى داخراو نییە لەگەڵ سیاسییەکاندا

Saturday, 21/07/2012, 12:00

4274 بینراوە


ئامادەکردنى :ناسح عبدالرحیم - هەڵەبجەى شەهید

گۆران دوکانى کە پێشتر یەکێک بووە لەو رۆژنامەنوسە ئەهلییانەى کە لە رۆژنامەکانى هاوڵاتى و ئاوێنەو گۆڤارى لڤین کارى کردووە کە ئەو سێ دەزگایە بە دەزگاى راگەیاندنى ئەهلی لە کوردستاندا ناسراون لەم چاوپێکەوتنەى گۆڤارى تاکدا، رەخنە لە بەشێک لە شێوازى کارکردنى ئەو دەزگایانە دەگرێت، بەتایبەتى مامەڵەى سەرنوسەرەکانیان لەگەڵ بەرپرساندا کە پێیوایە هیچ رۆژنامەنوسێکى ئەهلی مافی ئەوەى نییە کۆبونەوەى نهێنى لەگەڵ بەرپرساندا بکات.

پ: سەرنوسەرانى میدیاى ئەهلى چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى و پارتى کۆبوونەتەوە وەک چاودێریکى بوارى رۆژنامەنووسى ئەم کۆبوونەوانە چۆن هەڵدەسەنگێنى؟
گۆران دوکانى: هەموو ڕۆژنامەنوسێک مافى خۆیەتى بگاتە لاى سیاسیەکى باڵاو چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەوانى لەگەڵ ئەنجام بدات، لەڕاستیدا ئەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانى ڕۆژنامەنوسى ڕاستەقینەیە هەر بۆیە ئەو حەقە بەڕۆژنامەنوسانى کوردیش دەدەم.

پ: ئایا هیچ کەسێک مافى ئەوەى هەیە بەناوى ڕۆژنامەنووسان و میدیاى ئەهلیەوە کۆبوونەوەى نهێنى لەگەڵ سیاسیەکاندا ئەنجام بدات؟
گۆران دوکانى: هیچ ڕۆژنامەنوسێک یان سەرنوسەرى میدیایەک بۆى نیەو خاوەنى ئەو مافەش نیە لەگەڵ بەرپرسێکدا کۆبونەوەى نهێنى بکات بەناوى میدیاو ڕۆژنامەنوسى سەربەخۆوە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانى خۆى، ئەوە لەئیتیک و مەهامى ڕۆژنامەوانى دەچێتە دەرەوە، ئەگەر ڕۆژنامەنوسەکە بەو پەڕى شەفافى و ڕاستگۆییەوە هۆکارى ئەو کۆبونەوەیە ئاشکرا نەکات من بەهەمان شێوەى دانیشتنى نێوان دوو سیاسى بزنسمان دەیبینم کە لەژورەتاریکەکاندا بزنس وتیجارەت بەسەروەت و سامانى میللەتێکەوە دەکەن!

پ: ئایا لەدونیاى دەرەوەدا شتێک هەیە بەناوى کۆبوونەوەى نهێنى سەرکردە سیاسەکان سەرنوسەرانى میدیاى ئەهلى و ئازاد؟
گۆران دوکانى: ئەم کارەش وەکو هەموو ئەو شتگەلە سەیروسەمەرانەى کە لەهەرێمى کوردستان ڕوودەدەن شتێکى نامۆیە، من لە هیچ کونجێکى ئەم دونیایەدا نەمبینیوەو نەمبیستووە سەرنوسەرى میدیایەک لەگەڵ بەرپرسێکى باڵادا کۆبونەوەى نهێنى ئەنجام بدات، لەڕاستیدا بەهیچ شێوەیەک ئەوە کارى سەرنوسەر یان خاوەن ئیمتیازى میدیایەک نیە بچێت چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسێکى باڵادا بکات، ئەوە کارى ئەو ڕۆژنامەنوسەیە کە لەو میدیایەدا کار دەکات، بەپێچەوانەوە لەکوردستاندا سیاسیەکى باڵا کە چاوپێکەوتنى لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت حوکمە سەرنوسەرى میدیاکە چاوپێکەوتنى لەگەڵدا سازبکات، هەروەک چۆن دەبینین کە باسى میدیاو ئازادى ڕادەربڕین دەکرێت لەهەر تەلەفزیۆن و ڕادیۆو ڕۆژنامەو گۆڤارو کۆڕو کۆبونەوەو دانیشتنێکدا بۆتە حوکم کە دەبێت یەکێک لە سەرنوسەرەکانى (لڤین و هاوڵاتى و ئاوێنە) وجودیان هەبێت، لەکاتێکدا دەیان ڕۆژنامەنوسى دیکەى بەتواناش هەیە کە لەناو ئەو سێ میدیایەداو لەدەرەوەى ئەوانیش کاردەکەن، لەڕاستیدا دەبوایە ئەگەر سەرنوسەرەکانى میدیاى ئەهلیش مواجەهەى بەرپرسێکى باڵا وەربگرن خۆیان ڕۆژنامەنوسێک بنێرن بۆ لاى ئەو بەرپرسە چاوپێکەوتنى لەگەڵدا سازبکات، نەک سەرنوسەرەکە خۆى بچێت ئەو شتە بەس لەناو ڕۆژنامەنوسانى کورددا بەدیدەکرێت، بەبڕواى من مەرج نیە ئیدى کە کەسێک سەرنوسەرى میدیایەک بوو لەهەموو کارەکتەرەکانى ناو ئەو میدیایە پرۆفیشناڵتربێت، من ڕۆژنامەنووس دەزانم مواجەهەى بەرپرسێکى باڵاى وەرگرتوە موقابەلەى بکات بۆ یەکێک لەڕۆژنامە ئەهلیەکان سەرنوسەرەکە نەیهێشتووە چاوپێکەوتنى لەگەڵدا بکات، کەچى دواى ماوەیەک سەرنووسەرەکە خۆى چاوپێکەوتنى لەگەڵدا ساز کردووە، ئەمە کارێکى زۆر ناشرینە من دووشت لەپشتەوەى ئەمەدا دەبینم، یان سەرنوسەرەکە لەبەغیلى و حەسودیە ڕێگە بەو ڕۆژنامەنووسە نادات بۆ ئەوەى دەرنەکەوێت، یانیش لەئاستى تواناى ڕۆژنامەنوسەکە ڕانابینێت خۆ ئەگەر خاڵى دووەمەو قسە لەسەر تواناى ڕۆژنامەنوسەکەیە پرسیار ئەوەیە بۆ ڕێگە بەو ڕۆژنامەنووسە دەدەیت لە ڕۆژنامەکەتدا کاربکات؟.

پ: ئەگەر بەگشتى چاوپێکەوتنەکانى ئەم دوایەى تاڵەبانى و نێچیرڤان بارزانى و کۆسرەت ڕەسوڵ و د.بەرهەم و عیماد ئەحمەد....تاد بەنموونە بهێنینەوە لە هەرسێ میدیا ئەهلیەکە بەتایبەتیش ڕۆژنامەى هاوڵاتى و ڕۆژنامەى ئاوێنە دەبینین هەموو چاوپێکەوتنەکان لەلایەن سەرنوسەرەکانەوە ئەنجام دراوە بەڵام ناوى خۆیان نەنوسیووە، راى تۆ لەسەر ئەو بابەت چییە؟
گۆران دوکانى: من هەر نموونەیەک لەسەر خۆم دێنمەوە ئینسان بە ویژدانەوە قسە بکات ئەم ڕێگریکردنە لەڕۆژنامەنوسان بۆ چاوپێکەوتنى بەرپرسە باڵاکان لەناو گۆڤارى لڤیندا کەمتر دەبینرێت وەک لەڕۆژنامەى هاوڵاتى و ئاوێنە، ئەوکات لەکوردستان بووم چاوپێکەوتنم لەگەڵ عەدنان موفتى سەرۆکى خولى دووەمى پەڕلەمان، عیماد ئەحمەد، قادرى حاجى عەلى و چەند بەرپرسێکى دیکەى باڵادا کرد بۆ گۆڤارى لڤین بەبێ هیچ ڕێگریەک و تەنانەت برادەرانى لڤینیش دەستخۆشیان لێکردم، بەڵام ساڵى (2007) یەکەمین ڕۆژنامەنوسی میدیاى ئەهلیبووم کە لەهاوینەهەوارى دوکان چاوپێکەوتنم لەگەڵ د.بەرهەمدا سازکرد بۆ ڕۆژنامەى ئاوێنە، بەڵام بەداخەوە شوان محەمەد کە ئەوکات جێگرى سەرنوسەرى ئاوێنە بوو نەیهێشت ئەوچاوپێکەوتنە بڵاوبکرێتەوە کە تاکو ئێستاشى لەگەڵدابێت نازانم هۆکارەکەى چیبوو، هەر ئەوەش بووە هۆى ئەوەى لەڕۆژنامەى ئاوێنە دەستلەکار بکێشمەوە، بەڵام کاک شوان کە بوو بە سەرنوسەرى ڕۆژنامەى ئاوێنە زۆربەى زۆرى بەرپرسەباڵاکان خۆى چاوپێکەوتنی لەگەڵدا سازکردوون، لەکاتێکدا خۆدەکرێت ئەو مافە بەخۆمان بدەین لەڕۆژنامەى ئاوێنەدا زۆر کەسى بەتوانا هەیە کەدەتوانێت ئەو چاوپێکەوتنانە ساز بکات، بۆچى کاک شوان لەبرى خۆى ئەوان نانێرێت؟. بەهەمان شێوە لە ڕۆژنامەى هاوڵاتیش دواى ئەوەى کە مواجەهەم لە عیماد ئەحمەد و د.بەرهەم وەرگرتبوو بۆ چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەوانى، بەڵام بەداخەوە سەرنوسەرى هاوڵاتى نەیهێشت ئەو چاوپێکەوتنانە ئەنجام بدەم، کەچى حەفتەیەکى بەسەردا تێنەپەڕى سەرنوسەرى هاوڵاتى بۆخۆى چاوپێکەوتنى لەگەڵ عیماد ئەحمەد سازکرد!. مەرج نیە ئەوەى سەرنوسەر خۆى بۆئامادە دەکات و دەیڵێت ڕۆژنامەنوسێکى لەو باشتر نەبێت بیڵێت، ئەگەر چاوپێکەوتنى ئەم دوایەى سەرنوسەرى هاوڵاتى لەگەڵ تاڵەبانیدا وەک نموونەیەک بهێنینەوە لەڕاستیدا زۆر پرسیارى جەوهەریتر هەبوو دەکرا لەتاڵەبانى بکرایایە، دەکرا سەرنوسەرى هاوڵاتى بوێرانەتر پرسیارى لەتاڵەبانى بکردایە. زۆر تەوەرو پرسى هەستیارتر هەبوو دەبوایە روبەڕووى تاڵەبانى بکرایەتەوە، کەچى بەداخەوە لەهەندێک دێڕى ئەو چاوپێکەوتنەدا هەمووکەس بەساناى درک بەوە دەکات لەوچاوپێکەوتنەدا تاڵەبانى لەوەڵامى بەشێکى پرسیارەکان لایداوە بۆ شتێکیتر کەچى دەبینین بڵاوکراوەتەوە، دەبوایە لەو کاتەدا موقاتەعەى تاڵەبانى بکرێت داواى لێبکرێت قسە لەسەر شتێکیتر نەکات و پڕاوپڕ وەڵامى پرسیارەکە بداتەوە کەچى بەداخەوە دەبینین بڵاویشکراوەتەوە، من دڵنیام ئەوە بەمەبەست کراوە دڵنیاشم ئەگەر بەرپرسێکیتر بوایە نیوەى قسەکانى لادەبرا، بەڵام بۆ وەڵامێک کە هى پرسیارێکى ڕۆژنامەى هاوڵاتى نیەو تاڵەبانى لێى لاداوە کەچى هاوڵاتى بڵاوى دەکاتەوە؟ بۆ لەو کاتەدا سەرنوسەرى هاوڵاتى قسەکانى بەتاڵەبانى نەبڕیووەو داواى لێنەکرد بێتە سەرئەسڵى وەڵامى پرسیارەکە؟.

پ: ڕۆژنامەى ئەهلى چ پێویستى بە کۆبوونەوەى داخراو هەیە لەگەڵ سیاسیەکاندا ؟
گۆران دوکانى: لەڕاستیدا ڕۆژنامەى ئەهلى هیچ پێویستیەکى بەکۆبونەوەى داخراو نیە لەگەڵ سیاسیەکاندا، ڕۆژنامەى ئەهلى و ڕۆژنامەنووسى سەربەخۆ سیاسى نین، بزنسمان نین تا لەگەڵ سیاسیەکیتردا کۆبونەوەى داخراو نهێنى ئەنجام بدەن، ئەوان هەمیشە قسەیان لەسەر ناشەفافى کۆبونەوەى سیاسیەکان کردووە لەژوورە داخراوەکاندا، پێم سەیرە ئەگەر ئەمڕۆ کەسێکى ناو میدیاى ئەهلى بێت کۆبونەوەى داخراو لەگەڵ سیاسیەکدا بکات. یاخود دەبینین لە چەند مینبەرێکەوە باس لەسەرنوسەرەکانى میدیاى ئەهلى دەکرێت و تۆمەتباردەکرێن بەوەرگرتنى ئیمتیازو بەڵێنى بەرپرسە باڵاکان، بەتایبەتى لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا دەنگۆى ئەوە بڵاو بۆوە کەیەکێک لەسەرنوسەرەکانى میدیاى ئەهلى لەکاتى دیمانەیدا لەگەڵ یەکێک لەبەرپرسە باڵاکان بەڵێنى ئیمتیازێکى گەورەى پێدراوە، بەداخەوە دەبوایە ئەو میدیایەو سەرنوسەرەکەى ڕونکردنەوەیان بڵاوبکردایەتەوەو قسەى خۆیان بکردایە، نەک لەم نێوەندەدا بێدەنگى هەڵبژێرن، بەبڕواى من هەر ڕۆژنامەنوسێکى میدیاى ئەهلى ئیمتیازێک وەربگرێت یان داواکاریەکى شەخسى لەبەرپرسێک بکات بەهۆى قۆزتنەوەى ئەوهەلەى کەبەبیانوى چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەوانیەوە بەو بەرپرسە گەیشتووە ئەمڕۆ بێت یان سبەى هەر ئاشکرادەبێت و وێڕاى لەکەداربونى سومعەى ئەو ڕۆژنامەنوسە دەبێتە پەڵەیەکى ڕەش بەنەوچەوانیەوەو هیچى کەمتر نیە لەتاوانى ئەو بەرپرسانەى کەتۆمەتبارن بەدزین و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى میللەت.

پ: هیچ ڕۆژنامەنوسێک لە کۆبوونەوەکەى مەسعود بەرزانیدا باسى لە تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان و بەتیرۆرناساندنى سەردەشت عوسمان نەکردووە تۆ پێتوایە بێدەنگى ڕۆژنامەنووسان لەو کۆبوونەوەیە بۆچى دەگەڕێتەوە؟
گۆران دوکانى: ئێستا بۆتە مۆدێل کاتێک کەمیدیایەکى ئەهلى بانگێشتى هەر شوێنێک بکرێت حوکمە دەبێت سەرنوسەر ئامادەبێت وەک بڵێیت جێگرى سەرنوسەرو سکرتێرى نوسین و دەستەى نوسەران تەنها بۆ ڕۆتین ناویان لەسەر ئەو میدیایانە بڵاوبکرێتەوە، ئەمساڵیش هەمان دەموچاوى پارمان بینیووە کەسەردانى بارزانیان کرد بەهەمان شێوەى چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ تاڵەبانیدا لەهاوینەهەوارى دوکان میدیاى ئەهلى و ئەو کەسانەى بەنوێنەرى میدیاو ڕۆژنامەنوسى سەربەخۆ بەشدارى هەردوو کۆبونەوەکەى تاڵەبانى و بارزانیانکرد ناشەفافیەک بەدیدەکرا وەک پێویست کرۆکى کۆبونەوەکان قسەیان لێوە نەکرا پرسیارى جەوهەر ئەوەیە ئایا ئەو برادەرانە چیان بۆ میدیاى ئەهلى و ڕۆژنامەنووسانى سەربەخۆ بەرهەم هێنا لەدەرەنجامى ئەو کۆبونەوانە؟ مەگەر بەس خۆیان بزانن دەنا کەس نازانێت مەبەستى ئەو کۆبونەوانە چیبووە تەنانەت من زۆرم لا سەیر بوو لەکۆبونەوەکەیان لەگەڵ بارزانیدا هیچکام لەو برادەرانە باسی دۆسیەى شەهید سەردەشتیان نەکرد، لەکاتێکدا شەرمە بۆ کەسانێک خۆیان بەخاوەنى دۆسیەى ئەو ڕۆژنامەنوسە بزانن و پێشتر میدیاکانیان گەرموگوڕکرد بوو بە بابەتەکانى سەردەشت عوسمانەوەو مۆمیان بۆ دادەگیرساند کەچى لەبەردەمى سەرۆکى هەرێمدا یەک حەرفیان لەسەر دۆسیەى ئەو ڕۆژنامەنوسە باس نەکرد، خۆ ئەگەر باسیشیان کردوەو تەلەفیزیۆنەکانى پارتى قسەکانیان لابردوون دەبوایە خۆیان بەتەواوى ناوەڕۆکى ئەو کۆبونەوەیان باس بکردایەو لەمیدیاکانى خۆیانەوە بڵاویان بکردایەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە