ئەى نانبڕاو و سزاى سیاسى یەكانى سەریەكگرتوو چى؟ نامەیەكى كراوە بۆ سەرۆكى هەرێم

Thursday, 22/04/2010, 12:00

1578 بینراوە


ئەم كاتەت باش...
نەم ویست ووشەكانم بە خۆرایى فرێبدەمە سەر كاغەز و لە سزادانى سیاسى خۆمەوە دەست پێ بكەم كاتێك دواى هەڵبژاردنى 25/7 بەهۆى یەكگرتوو بوونمەوە و هێنانى ژمارەیەك دەنگ لەو شوێنەى كە كارم لێدەكرد وەك مامۆستا لە شوێنى كاركردنم دورتان هێخستمەوە و پێشتان ووتم من مامۆستایەكى خراپم ، و چۆن دەبێت 116 دەنگ لە شوێنێك بۆ لیستێك بێت كە 16 ئەندام لایەنگرى لێ نەبێت، بەڵام ئێستا پاش تێ پەربوونى 8 مانگ بەسەر ئەم رووداوە رۆژانە ئەم فیلمە دووبارە دەبێتەوە بۆ یە حەزم كرد ئەم چەند پەیڤەت ئاراستە بكەم.
رەنگە من هەزارەهەمین كەس بم كە نامەت بۆ رەوانە بكەم و داواى لێپێچینەوەو لێپرسینەوە بكەم لەو كەسە دڵ رەق و مشە خۆرانەى كە بەناوى تۆ و لەژێر پەردەى حیزب و هەرێمەكەى تۆ وە رۆژانە خەڵك سزا دەدەن و نانبڕاویان دەكەن و سزاى سیاسى یان دەرهەق بەو كەسە گێرەشێوێنانە دەكەن كە راو بۆچوون و بیركردنەوەیان وەكو ئێوەو دەنگیان بۆ ئێوە نیە.
خەڵكى بۆ هەزارەهەمین جار داواى كرد لەبەرێزتان كەواز لە حزبایەتى بهێنن و ببنە باوك بۆ هەموومان، بەڵام ئێوە وەك بێگانە و بەگومانەوە سەیرى رۆڵەكان دەكەن و ئەوانەى كەلەگەڵ ئێوەنین و دەنگیان بۆ ئێوەنیە و رەنگ و بیركردنەوەیان جیاوازە بەراستى ئێوە بەجیاواز سەیریان دەكەن و نەتان توانى وەك سەرۆكێكى هەڵبژێردراو مامەڵەمان لەگەڵدا بكەن.
باشە من تاوانم چیە ئەگەر تۆم بەدڵ نەبێت و مامەڵەى حیزبەكەى تۆم بەدڵ نەبێت و پێچەوانەى بیركردنەوەى تۆ مامەڵە بكەم.
باشە ئەگەر وەكو تاكێكى ئەم كوردستانە و وەك هاوڵاتیەك بمەوێت بژیم و بەئازادانە بیر بكەمەوە هەر شتێك بمەوێت ئیختیارى بكەم دەبێت چ تاوانێكم كردبێت.
ئەرێ ئەگەر هەر جارەى هەڵبژاردن بكرێت دەبێت سەدان كەس ببنە قوربانى بریارێكى هەڵەى حزبەكەتان كە پێچەوانە و بە بیركردنەوەیەكى تر جگە لەبیركردنەوەى ئێوە نانبڕاوى بكەن و سزاى سیاسى بەسەر دا بچەسپێنن؟
هیچشتا فەوزاى هەڵبژاردنى 25/7 تەواو نەبوو چارەسەر نەكرا لەسەر نانبراوكردن و سزادانى سیاسى دەیان كەسى وەكو من جارێكى تریش هەڵمەتى نانبرَاوكردنى پێشمەرگەو كارمەندى حكومیتان دەست پێكردەوە؟
باشە ئەگەر وەڵامەكەت ئەوە بێت كە من ئاگادارى ئەو بابەتە نیم ئەى چۆن و چ كاتێك ئێوە ئاگادارى زولمە ئەستورەكانى دارودەستە داپلۆسێنەرەكان دەبن كە دەرهەق بە بیركردنەوەەى ئازادانەكان دەیكەن.

بانێكەو دووهەوا
بەرێزم رەنگە بەهۆى مەشغەڵى كاروبارى حزبى نەپرژێیتە سەر كاروبارى هەرێمەكەت كە بەرێزتان هەڵبژێردراوى هەڵبژاردنى سەرۆكایەتى هەرێم بوون، جارێكى تریش ئەوەتان لێ بەهەند وەرناگرم كە سیاسەتى حیزبەكەتان رەنگە ئەوە داوا بكات و بخوازێت كە دەبێت ئەوەى لەگەڵ ئێوە نەبێت دوژمنتان بێت و بەبەردەوام هەوڵى لەباربردن و دروست كردنى دەیان تۆمەتى نایاسایى و سیاسى بۆ هەڵبەبەستن و هەر كاتێكیش كارتان بەكەسێكەوە بێت بەرزى دەكەنەوە تا ئاسمان و رەنگە كەسە كە وا بەتەواوى لەخۆى حاڵى نەبووبێت.
جارێكى تریش رەنگە ئەو پرسیارە روبەرووتان ببێتەوە كە سەرۆكایەتى هەرێم بە ئیمكاناتێكى زۆر و بەژمارەیەكى كارمەندى خەیاڵى و وەهمى كارەكانى بەرێوەدەبات ،ئایا لێژنەیەك یان بەرێوەبەرایەتى یەك یان هەر شتێكى ترى نیە بەناوى ئەوەى كە بەدەواداچوون و سكالاى هاوڵاتیان وەڵام بداتەوە و موتابەعەى نانبراوكردنى خەڵك بكات.؟

سزاى سیاسى یەكگرتوو لە 1994 ەوە تا 2010
بەبیرتە ئەوكاتەى كە یەكگرتوو خۆى ئیعلانكرد و هەردوو حیزبە دەسەڵاتدار و شەركەرەكەى كوردستان دەستیان بەدژایەتى ئەندامانى ئەو حیزبەكرد؟
هەر لەخوێندنى باڵاو زانكۆكانەوە دەست پێ بكەین كە دەیان خەڵكى خوێندەوارى یەكگرتوو بە نمرەى بەرزو و رەوشت و زانستى بەرزەوە خوێندنیان تەواو كرد، بەڵام پارتەكەى ئێوە و دوژمنەكەى ئەوكات و هاوپەیمانەكەى ئێستاتان چۆن مۆدێلى مەحرومیەتتان بەرووى ئەواندا كردەوە و ماستەرو دكتۆراو دامەزراندن و ئیمتیازاتەكانتان هەمووى لێیان قەدەغەكرد و پرسى ئازادى و دیموكراسیەت و مافى مرۆڤ و فرەییتان بەرۆژى روناك لەباربرد و لە زبلدانى مێژوو ئەو مێژووە رەشەتان تۆمار كرد؟
گرتن و راوەدوونان و دروستكردنى تۆمەتى ئاسایشى كەبەردەوام بەرووى ئەندامانى یەكگرتووە و ە دەكرا تا ئێستاش هەر بەردەوامە و زیندانیەكانتان شایەتى پاكى و دەستى بەدەست نوێژى گیراوە یەكگرتووەكان دەدەن كاتێك بەدەستى قورئانەوە لەماڵەكان دەتان فراند و دواى چەند رۆژێك گرتن داواى لێبوردنیان لێدەكراو پێیان دەوترا كە بەهەڵە ئێوەمان گرتووە.
چ شەوێكى زیندانەكانى بادینان رۆژیان كردۆتەوە ئەگەر ئەندامێكى بەزوڵم گیراوى یەكگرتوویان بەمیوان بۆ نەهێنا بێت. چ دەزگایەك كەسێكى شارەزاى یەكگرتووتان لێ دورنەخستۆتە كاتێك بۆیان سەڵمێنردراوە كە كەسەكە یەكگرتووە و تۆمەتیان بۆ هەڵنەبەستوە.سەرەراى ئەمانەش دواجار پێشمەرگە و كارمەندى حكومى نانبراوو سزاى سیاسى بەسەر دەیان كەسى دەڤەرى ئامێدى و بادینان دەدەن بەبۆنەى ئەوەى كە دەنگیان لەبەرژەوەندى یەكگرتووە وە داوە.

سەرۆكى هەرێم چاوەرێى چیە
دواى 16ساڵ بەسەر نانبڕاوكردنى دەیان ئەندامى یەكگرتوو لەسەردەمى عەولەمەو بێ وەفایى دیموكراسیەتى كوردى ، سزادانى بەردەوامى سیاسى یەكگرتووەكان لەسەرتاسەرى كوردستان ئێستا بەرێزتان چاوەرێى چین..؟ تازە بەبەر گوێم كەوتووە كە بەدواى نانبراوەكانى گوڕان دادەكەون كە بەدەستى هاوپەیمانەكەتانەوە دەیانیان قەتعى موچەو كولێرەكراون، ئەى ئەوانەى كە بەدەستى حیزبەكەى ئێوە و لەژێر دەسەڵاتى هەرێمى زەردەوە سزادراون و نانبِراو دەكرێت لەماوەى 16 ساڵى رابردوو ، ئەرێ بەنیازى خۆشت سەرپەرشتى ئەو لێژنەیە بكەیت كە بە یەكگرتووە نانبراوەكان ناسراوە ،بەڵكو مافەكانیان بۆ بگەرێنیتەوە..؟
من هیچ كاتێك ئومێدم بەسەرۆكایەتى ئێوە نەبووە كە بتوانن نان بۆ نانبراو هەق بۆ هەق خۆراو و ماف بۆ مافخوراو بگەرێنیتەوە،رەنگە ئەم دەستەواژەیەشت لەلا قورس بێت ، بەڵام هەق رەقەو دەسەڵاتیش بەرامبەر هەق دەستى شكاوەو ناتوانێت هەزمى بكات. ئەگەر تۆ نەتوانیبێت لە ماوەى 16 ساڵى رابردوو و خولێكى سەرۆكایەتى هەرێمى رابردوو و تائێستا نانى نانبڕاو بگەرێنیتەوە ، چۆن دەتوانیت ئێستا بەڵێن بە گۆڕانەكان بدەیت كە بۆیان بگەرێنیتەوە.؟

بەڵێنە بەجێماوە جێبەجێنەكراوەكانى سەرۆكى هەرێم و ئایندەى (متمانە)
سەرۆكى هەرێم بۆ چەندین جار لەسەر پرس و ئەو كێشە ناوخۆیى یانەى كە دێتە بەردەستى نەیتوانیوە بەشێوەیەكى ئۆتۆماتیكى و بێ تەرەفى كێشەكان چارەسەر بكات و بێ لایەنى خۆى بسەلمێنێت، هەر لەروداوە خوێناوى یەكەى بادینانەوە بگرە كە چوار سەركردەو كادیرى یەكگرتووى لێ شەهید كراو نزیكەى دە بارەگاو چەندین ئۆتۆمبێلى یەكگرتووە كان لە بادینان و شەقلاوە تێكەڵ بەدوكەڵى گێرە شێوێنى و تیرۆرى كوردى كراو بە ئڵاى زەردو كوردستان خەڵكیان شەهید و بارەگایان تاڵان كرد و دواى دەرەنجامەكانى هەڵبژاردیش هەوڵى فەرهود كردن و تاڵانكردنى مەكتەب سیاسى و كەناڵە ئیعلامی یەكانى ئەو حیزبە دراوە بارەگاكانى ترى ئۆپۆزسیۆن روبەرووى تەقەو كوشتن و تیرۆر هاتنەوە دەیان بەلێنى بەسزا گەیاندنى ئەوانە درا كە دەستیان لە دواوەى ئەو گێرە شێوێنیانە هەبوو كە لەهەرێمى زەرد درا، كەچى نەمان بینى تەنها یەك كەسیش لێپرسینەوەى لەگەڵ بكرێت و بەسزا بگەیەنرێت و دەیان كەیسى لەم شێوەیە لە دادگا دەست بەسەر داگیراوەكانى كوردستان كەوتووە و تۆزیان لێ نیشتووە، ئێستاش سەرۆكى هەرێم هەر لێى بێ ئاگایە..؟

دواجار
داجار كاتى ئەوە هاتووە كە دواى هەزارەهەمین داوا لەسەرۆكى هەرێم بكەین كە چارەسەرى ئەو فەوزا سیاسى و ناقانونى یە بكات كە لەژێر دەسەڵاتى ئەوەوە ئەنجام بدرێت كە یان چارەیەكی لێ بكات ، وەیان واز لە پۆستەكەى سەرۆكى هەرێم بهێنێت و بۆیەكێكى تر بەجێى بهێلێ و چى تر پرسیار لەسەر خۆى و متمانەى لەلاى هاوڵاتى دروست نەكات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە