یاداشتێک لە ژمارەیەکی هاوڵاتی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بۆ وەزارەتی تەندروستی

Thursday, 08/08/2013, 12:00

1272 بینراوە


هاوڵاتی رۆژی شەممە بەرواری 3/  8 /2013 ژمارەیەک هاوڵاتی کە نەخۆشی درێژخایەنمان هەیە سەردانی نەخۆشخانەی شۆرشمان کرد بە مەبەستی بینینی وەزیری تەندروستی، بەڵام دوای چاوەڕوانیەکی زۆر نە وەزیرمان بینی و نە ئەو مەبەسته‌ی بۆی چووبووين جێبەجێکرا.
ئێمه‌ کە ژمارەمان نزیکی 200 نه‌خۆش بوو، لە چەند شوێنێکی دوورەوە بە گەرمای هاوێنی و هەندێکمان بە زمانی رۆژووشەوە، سەردانی شاری سلێمانيمان کرد بۆ ئەوەی وەکو پێیان ڕاگەیاندبووين وەزیری تەندروستی چاوی پێمان بکەوێت و بڕێک هاوکاری ماددیمان پێشکەشبکات. بەلام دوای چاوەڕوانیەکی زۆر ئەو چاوپێکەوتنە ئەنجامنەدرا و بە بیانووی ئەوەی وەزیری تەندروستی نەهاتووە، ڕەوانەی ماڵەوە کراين.
ئێمە وەکو ژمارەیەک لەو نەخۆشانە و کەسوکاریان، سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارە نەشیاوە ئەکەین و پێمان وایە کە بێڕێزیەکی گەورە بەرامبەر بە هەستمان کراوە و زەرەرێکی گەورە دراوە لە تەندروستیمان کە لە بارێکی ناسکدایە و زۆربەمان بەرگەی ئەو بارودۆخە ناهەموارە ناگرین کە بەسەرمان هات.
لە ڕاستیدا، هیچ پێویستی بەوە نەدەکرد کە وەزیری تەندروستی ئێمە ببینێی. چونکە ئەوەی بۆی چووبووین تەنها بۆ پێداچوونەوەی دەفتەری نەخۆشیە درێژخایەنکانمان و هەروەها سەیرکردنی ئەو ڕاپۆرتە پزیشکیانەی کە هێنابوومان. ئێمە بەلامانەوە جێگەی خۆشحاڵی بوو کە وەزیری تەندروستی ئامادەیی تێدایە بمانبینێت و پێداچوونەوە بە دەفتەرەکانماندا بکات و پێمان وابوو ئەوە نیشانەیەکی پۆزەتیڤە لەوەی کە خودی وەزیری تەندروستی گرنگی بە بارودۆخی هەستیاری تەندروستیمان ئەدات. بەڵام بەداخەوە ئەو خۆشحاڵیەمان زۆری نەخایاند و توڕەیی و بێزاری جێگای گرتەوە.
لە لایەکی ترەوە، چی پێویست بەوە ئەکات کە ئێمەی بەتەمەن و نەخۆش، بەم هاوینە گەرمە و بەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شۆرش بکرێین لە کاتێکدا کە لە شار و شارۆچکەکانی خۆمان نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و مەڵبەندی پزیشكیی هەیە. ئایە نەدەکرا لە باتی ڕەوانەکردنمان بۆ نەخۆشخانەی شۆرش کاری پێداچوونەوە بە دەفتەرەکانمان لە نزیک شوێنی دانیشتنی خۆمان کرابا؟
هەورەها، بۆچی دەبێت خودی وەزیری تەندروستی خۆی تەماشای دەفتەرەکانی ئێمە بکات و ڕەزامەندی بفەرمووێت لەسەر پێدانی ئەو بڕە هاوکارییەی بۆ ئێمەی، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنمان هەیە، خەرجبکەن. ئایە ناکرێت هەر پزیشکێکی پسپۆری تر ئەو کارە بکات؟ ئایە ئەمە دژ نیە بەو بەڵێنانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ شۆركردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ خوارەوە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستی و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیەکان.
لە کۆتاییدا، لەگەڵ سەرکۆنکردنی ئەم ڕەفتارە نەشیاوی وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسەکانی، بۆمان دەرکەوت کە ئەم هەڵسوکەوتە هەوڵێکی شکستخواردووبوو بۆ ئەنجامدانی بانگەشەیەکی پێشەوختی هەڵبژاردن. چونکە ناچارکردنی ئێمە بۆ سەردانی نەخۆشخانەی شۆرش، و بەڵێنی بینینمان لە لایەن وەزیری تەندروستیەوە و پێدانی بڕێک هاوکاری (کە بە مافی ئاسایی خۆمان ئەزانین و هیچ پێویست بە منەتکردن بەسەرماندا ناکات) هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسەکانی نەخۆشیەکانی ئێمە بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنن. بۆیە لێرەوە داوا لە وەزیری تەندروستی ئەکەین کە بە فەرمی داوای لێبوردنمان لێبکات و بەڵێن بدات کە بەهیچ شێویەک نەخۆشیەکانی ئێمە بۆ مەبەستی سیاسی بەکارنەهێنن و بە زووترین کات ئەو بڕە هاوکارییەی کە بۆمان دانراوە سەرفبکرێت بە بێ دواکەوتن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە