ماڵەکەمان لە کانێسکان

Saturday, 19/01/2013, 12:00

1818 بینراوە


ئەمە ئەو ماڵە خنجیلانەیە کە باوکم بە کەناسی و کەوەرو کەرەوز و سڵق فرۆشتن خشت بە خشت و بلۆک بە بلۆکی بینا کرد تا خێزانەکەی تیادا بحەوێتەوە ، هەر ئەم ماڵە بچکۆلە هەژارنشینە بوو لەگەڕەکی کانێسکان لەو دەرگایەی کراوەتەوە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی تیا دەشاردرایەوەو نیوەی شەویش بە دیواری کونجو کۆڵانەکانی شاردا بە کەتیرەی گیراوەی عادی هەڵدەواسرا ، ئەو کەتیرەیەی ڕۆحمان دەردەچوو تا لەگەڵ ئاودا تێکەڵمان دەکردو دەمان گرتەوە ، ئەو غیرەت و جەربەزەییەی ئەو کاتە هەمان بوو تەنها بوێری خۆمان نەبوو ، ئەوە خوشکەکانمان بوو بە دزی باوکمانەوە ، بەیان نامەو پۆستەرەکانیان لە کەنتۆری جلەکانی خۆیاندا حەشاریان دەدا بۆمان ، ئەو کەنتۆرانەی لەو زەمەنەدا بڤە بوو باوک و برا دەرگاکانیشی بکەنەوە ، چونکە ئەو سەردەمە سەردەمی ڕێزگرتن بوو لە نهێنی کج و خوشک ، تەنانەت کچەکانی دراوسێشمان یارمەتیان دەداین بێ ئەوەی بش زانن سەر بە چ ڕێکخراو و حیزبێکین، سەردەمی ڕێزگرتن بوو لە جلی دەرەوەو ناوەوەی مێنیە ، نەک وەک ئێستا کەس زات ناکات بچووکترین نهێنی خۆی لای ئازیزترین کەسی خۆی بدرکێنێت.
میژووی ئەم وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ دوو خوشکە سەربەرزەکەمدا ،کە زۆر لە من زیاتریان کردوە بۆ کۆمەڵەو یەکێتی ، قەت ئەو لەحزەیەم بیر ناچێت شەهیدی نەمر ڕەسوڵی مام براهیم هات بۆ ماڵمان ، دەمانچەیەکی میکاریۆفی بۆ هێنا بووم ، هەردوو خوشەکەکەم لەدەستیان وەرگرت و لە کەنتۆرەکەی خۆیاندا لە ژێر جلی ژێرەوەی ژنانەی خۆیاندا حەشاریاندا .

ڕزگار ساڵح ئەنیشخەدە
١٣-١-٢٠١٣



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە