گۆڵێک بەرامبەر بە سفر(0X1) نەوشێروان مستەفا بە جەلال تاڵەبانی دۆڕاند

Monday, 23/01/2012, 12:00

3391 بینراوە


بەرنامەی (سوێندە کەوتووەکەی) کەناڵی کەی ئێن ئێن، گێژەنێکی ئاڵۆزو گوماناوی سیاسی، خستۆتە ناو شەقامی کوردی و ناو ڕەوتی گۆڕانخوازان و سەر گۆڕەپانە سیاسیەکە، هەروەها پرسیار گەلێکی گەورەشی دروستکردوە، لە سەر خودی بزوتنەوەی گۆڕان و فکرو سیاسەت و ئەلتەرناتیڤیەتەکەی. ئەو بەرنامەیە، هەڵپەیەکی نەزانەو هەڵەیەکی گەورەی سیاسی چاوەڕواننەکراویش بوو، لە بزوتنەوەی گۆڕان، کە بێجگە لە زەرەرو زیان بترازێت، هیچ قازانجێکی تیادانیە. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت بە هەندی، وەربگرێت و زۆر بە جددیانەش، چارەسەریبکەن.
بۆ زیاتر ڕونکردنەوەو تێگەیشتنیش، بە پرسیارێک دەستپێدەکەین، کە لە بابەتێکی پێشووتردا کردبووم، لێرەشدا دووبارەی دەکەمەوە. ئەویش ئەوەیە: ئایا بزوتنەوەی گۆڕان وەکوو ئۆپۆزسیۆن، ئەلتەرناتیڤی دەستەڵاتی جەلالی و مەلاییەکانە، یان تەنها ئەلتەرناتیڤی جەلالیەکانە؟! گەر بێت و هەر یەکێک لە ئێمەمان، بەرنامەکەی کەی ئێن ئێن، بکەینە گوێچکەو زمانمان، بۆ وەرگرتن و، وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، ئەوا بە بێ ئەملاو ئیملا وەڵامەکان، بەڵێ بزوتنەوەی گۆڕان، تەنهاو تەنها، ئەلتەرناتیڤە بۆ یەکیەتی نیشتمانی!
سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان،(دوفاقیەکی) زۆر گەورەشی تیایە، کە بەداخەوە تا ئێستا بە سەر، هەر هەموو جەماوەرو ڕەوتی گۆڕانخوازاندا، تەنانەت، بەسەر خودی بزوتنەوەی گۆڕانیش تێدەپەڕێت، بە بێ ئەوەی درکی پێکرابێت. دوو فاقیەکەش ئەوەیە: بزوتنەوەی گۆڕان، کاتێک کە باسی یەکیەتی و پارتی دەکات، بە دوو حزبی"شمولی" ناویان دەبات. پاشان دەڵێن: "کێشەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ڕوخساری کەسەکاندا نیە" هەر بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر، زاراوەی شمولی، واتە دیکتاتۆریەتی ڕەها، ئەو زاراوە، بۆ هەموو دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر و ڕێکخراوو حزبە دیکتاتۆرەکان، بەکار دێت. پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەوەیە: باشە چۆندەکرێت بزوتنەوەیەکی سیاسی ئازادیخوازو دیموکراتی و گۆڕانخوازی وەکوو بزوتنەوەی گۆڕان، کە دەیەوێت، گۆڕان و چاکسازیبکات، لە پێناوی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و مۆدرێن، کە مافی مرۆڤی تیا دەستەبەر بکرێت و یاساش سەروەربێت تیایا. بە هەموو شێوەیەک دژی فکرو سیستەم و دەستەڵاتی حزبی شمولی بێت، بەڵام لەگەڵ (روخساری کەسەکان) کە سەرکردەو نوێنەری ئەو جووت حزبە شمولیەن، کێشەیان نەبێت؟ ئەمە ڕێک وەکوو ئەوەی کورد وتەنی:" گۆشت ناخوات، بەڵام گۆشتاوەکەی دەخوات" بەو سیاسەتە دووفاقیە دەیانەوێت، بڕوامان پێبێنن، لەوەی کە جیاوازی لە نێوانی مێشک و ئەقڵیەت و ڕوخساری مرۆڤەکاندا هەیە، دەیانەوێت بەوە هەڵمانبخەڵەتێن و بڵێن: گەر کەسێک بە فکرو مێشک و ئەقڵ و سیاسەت و کردەوەکانی، دیکتاتۆر بوو، شەرت نیە بە ڕوخساریش دیکتاتۆر، یان شمولی بێت. ئەم سیاسەتە لە تەڵکەبازی و هەڵخەڵەتاندو دووفاقیەت بترازێت، شتێکی ترنیە. چۆندەکرێت لە کاتێکدا، تێکڕای سەرۆک و سەرکردەکانی مەلاییەکان و جەلالیەکان، بە دیکتاتۆر دادەنێن، یەکیەتی و پارتیش، بە دوو حزبی دیکتاتۆر دادەنێن، کەچی بە ڕوخساریان، پێتانوایە ئەوانە دیموکراسین و کێشەتان نیە لە گەڵیاندا؟! ئەو مەتەڵە گاڵتەجاریە هەر بۆ خۆتان بێت. دڵنیاشبن ناتوانن لە خۆتان زیاتر، هیچ کەسێکی گۆڕانخوازی، وشیارو بە ئاگای پێهەڵبخەڵەتێنن.
جا با بێینەوە سەر بەرنامەی سوێندە کەوتووەکە، گەر لە ڕووی کات و سیاسیەوە، وە لە ڕووی پیشەییەوەش (میهەنی) شرۆڤەو لێکدانەوەیەکی ساکارانەی، بۆ بکەین، زۆر بە ئاسانی دەگەینە ئەو ئاکامەی، لەوەی کە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان، بە تەواوەتی و زیاتر دژایەتی یەکیەتی دەکات، وە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش دۆستایەتی و پەیوەندی لە گەڵ بنەماڵەی بارزانیدا، هەر لە کۆبونەوە گوماناویەکەی نێوانی، نەوشێروان مستەفاو مەسعودی سەرۆکی پارتی، تا ئێستا، بەرە بەرە لە هەڵکشاندایە. پێشموایە بەرنامەی، سوێندە کەوتووەکە، لە تەوقیتێکی نەخشە بۆ کێشراوی گوماناوی خراپدا پەخشکرا، بۆ دروستکردنی ئاژاوەو شەڕێکی ڕاگەیاندن، لە نیوانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکیەتیدا، کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەکیاندا نیە، بە تایبەتیش لەو کاتەی ئێستادا. لە لایەکەی تریشەوە، ڕێکلامێک و بەخێرهێنانێکی گەرم و گوڕە، بۆ هاتن و سەردانەکەی، نێچرڤان ئیدریس بارزانی (بە ڕوخسار دیموکراتی) بۆ گردەکە!
بەرنامەی سوێندە کەوتووەکە، لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی بارزانی، هەر لەو ڕۆژەی، تێوەگلانیان، بە بڕیاری ئێران، لە داوای ڕادەستکردنەوەی حکومەت لە یەکیەتی بە خۆیان، پاشان هێرشپێکردنیان بۆ سەر بارەگانی یەکگرتوو، هەروەها بوونە تەرەفی سەرەکی لە شەڕی شیعەو سووننەدا. ئەمانە وایکرد، کە لە هەموو ڕووێکەوە، سیاسی، حزبی، جەماوەری، کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی... توشی گەورەترین تەنگژەو تەڵزگەی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکیانە ببن. کە ئەمجارە دەرباز بوونیان، نەوەک هەر ئاسان نیە، بگرە مەحاڵیشە. کێشەی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوانی بە هێزیش، بنبارو سەرباری هەموو تەنگژەو تەڵزگەکانیانە. ئایا لەمکاتەدا، لە وەزعێکی ئاوای بنەماڵەی بارزانیدا، پەخشی بەرنامەی سوێندە کەوتووەکە، سودو قازانجی بۆ کێ هەبوو، وە لە خزمەت و بەرژەوەندی کێدا بوو؟!
دووەم: لە ڕووی پیشەییەوە (میهەنیەوە) کەی ئێن ئێن، بە قسەی خۆی کەناڵێکی ڕای ئازادو سەربەخۆیە، وە پەیڕەوی سیاسەتێکی، بێ لایەن و پیشەیی و بابەتیانەشدەکات. بەڵام بەرنامەی سوێندە کەوتووەکە، ڕێک و ڕاست پێچەوانەکەی سەلماند. کەی ئێن ئێن، لە هەڵسەنگاندن و باسکردنی کابینەی شەشەمی بەرهەم ساڵحدا، هەروەک ئەم وتە ئیسلامییەی لێکرد، گەر هاتوو بە نیواو نیوی، باسی بکەیەت، دەبێتە شەرعیەت و فەتوایەکی، زۆر ڕاشکانەوەو ڕوون، بۆ دوورکەوتنە لە نوێژو کردن. من بە کوردیەکەی دەیڵێم:" نزیک مەکەونەوە لە نوێژکردن، لە کاتێکدا کە ئێوە سەرخۆشن". ئەو بەر نامەیە، بە باسکردنی نیوەی کەمتری، ڕاستی و هەقیقەتەکانی کابینەی شەشەم. لەکەیەکی ڕەشی زۆر گەورەی نووساند، بە میسداقیەتی پیشەیی خۆی و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆران. لێرەدا چەند پرسیارێک دەکەین، کە ئێستاکە هەموو کەسێکی بەئاگاو خاوەن ئەقڵ ئەم پرسیارانە دەکەن. ئایا بەرهەم سالح لە سەرۆکایەتیکردنی حکومەتەکەیدا، هێزو دەستەڵاتی، سیاسی و ئیداری و ئابووری سەدەر سەدی هەبوو؟! ئایا حزب بەتەواوەتی دوورکەوتبەوەو، هیج دەستکاریەکی نەدەکردە ناو کاروباری بەڕێوە بردن و بڕیارەکانی حکومەت؟ ئایا حکومەتەکەی بەرهەم ساڵح دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری تەواوی هەبوو لە هەردوو زۆنەکەدا؟ ئایا لە زۆنی زەرد دەستەڵاتی مێشوولەیەک و دەستەڵاتی بەرهەم ساڵح، کامیان زیاتر بوو؟ ئایا کابینەکەی شەشەمی بەرهەم، یەکەم کابینەی حكومەتی هەرێم بوو؟ بزوتنەوەی گۆڕان، وەکوو تەواوی خەڵکانی کوردستان بینیان، کە چۆن هەر لە سەرەتاوە، خانمی یەکەم، لە سلێمانی، بەرەیەکی شەڕو ململانێی لە بەرهەم ساڵح کردەوە، بە مەبەستی زیاتر لاوازکردن و فەشەل پێهێنانی، پاشان لە بیرمان نەچێت، لەوەش گرنگتر، کابینەی شەشەم لەسەر بناغەی هەر هەموو گەندەڵی و دزی و تاڵانی و پۆخڵەواتەکانی، هەردوو کابینەکەی چوارەم و پێنجەمی، نێچیرڤان دامەزرا، کە کلیلەکانیشی، تەسلیم بە بەرهەم ساڵح نەکردبوو. ئەمە بە هیج شێوەیەک مانای ئەوە نیە کە بەرهەم ساڵح پەپولە بێت و گەندەڵ نەبێت وەکوو ئەوانی تر. بەڵام کاتێک، کە، کەی ئێن ئێن، دێت بەسەر هەموو ڕاستیەک و هەقیقەتێک بازدەدات، دێت سێ لەسەر چواری زیاتری، ڕاستیەکان و هەقیقەتەکان دەپەڕێنێت، بەرنامەیەک بۆ ورژاندی سیاسی و خزمەتکردنێکی بە بەرنامەش، پێشکەش بە بنەماڵەی بارزانی دەکات. دەپرسین کوانێ پیشەیی و بابەتیەکەت کەی ئێن ئێن؟! من لێرەدا بە تەحداوە دەیڵێم و بەرپرسیشم لەو قسەیەم: ئەگەر نەوشێروان مستەفاش لە شوێنی بەرهەم ساڵح بوایە، بەقەد یەکتۆزقاڵیش، چاکترو زیاتری پێنەدەکرا لە بارو دۆخە حزبیە سیاسیە سەقەتەدا.
سێیەم: لە ڕووی سیاسیش، بەرنامەکە،ڕاوە ماسی و مەلەکردن بوو، لە گۆمێکی گەناوی شێلودا، بۆ لە ڕێگەلادان و چەواشەکردنی خەڵکانی کوردستان و خەریکردنیان. بۆئەوەی چاوەکان لەسەر بنەماڵەی بارزانی لابچن و لە بیربکرێن. تا بە ئاسانی و ئیسراحەتی خۆیان حکومەتەکەیان، بە یارمەتی و هاوکاری ژێر بە ژێری، بزوتنەوەی گٶڕان پێکبهێنن.
ئەگینا لەمکاتەدا، بزوتنەوەی گۆڕان، چ پیویستیەکی بە ململانێ و شەڕی ڕاگەیاندن هەیە، لە گەڵ یەکیەتیدا؟ باشە کاتێک گٶڕان و یەکیەتی بکەونە شەڕی یەکتری، بێجگە لە قازانجی بنەماڵەی بارزانی دزو تاڵانچی زیاتر، لە قازانجی کام لایاندایە؟ کەی بنەماڵەی بارزانی جیاوازی لە نیوان یەکیەتی و گۆراندا کردووە؟ ئاخر ئەوە چ کارەساتێکە لەو کوردستانەی ئێمەدا، کە، کەسێکی وەکوو نەوشێروان مستەفا دێت، بە یارمەتی و هاوکاری و پاڵپشتی ئەقڵی خێڵ، دەیەوێت پاشماوەی ئەو حزبە سۆسیال دیموکراتەی کە خۆشی دامەزرێنەری بووە، لە ناوی ببات؟ ئاخر ئەوە چ ڕیسوایی و کارەساتێکە، ئەوانەی کە بە قسە خۆیان، بە مرۆڤی پێشکەوتنخوازو دیموکراتی و چەپ و لیبڕاڵ دادەنێن، کە چی بەکردەوەش خزمەتکارو گوێڕایەڵێکی بە ئەمەکی ئەقڵی خێڵن؟!
بەو بەرنامەی، سوێندە کەوتووەکە، نەوشێراون مستەفا، زەرو زیانێکی زۆر گەورەی دا، لە سیاسەت و مسداقیەت و ڕاستگۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، وە چاکترین و زۆرترین خزمەت و قازانجی بە خۆڕاییشی گەیاند بە بنەماڵەی بارزانی، بۆ بەهێزکردنەوەو ڕزگارکردنیان. یەکیەتیشی، لەوەی کە هەیە لاواز ترکرد. نەوشێروان مستەفا بەم سیاستەی، بزوتنەوەی گۆڕان و یەکیەتی کردە قوربانی زیندوو بونەوەی بنەماڵەی بارزانی. بەڵام جەلال تاڵەبانی، بەو نامەی، کە لە ئەڵمانیاوە ناردی، گۆڵی خۆی کرد. جا ئەو نامەیەی لە ژێر، هەر کاریگەریەک و بە هەر بیانۆیەک و هەر مەبەستێکی تایبەتی خۆی و ناوو نیشانێک ناردبیت، کارێکی باشیکرد، کە نەیهێشت، ئەو بەرنامەیە، وەکوو کڵپەیەکی ئاگر، ببێت بە گڕێکی گەورەی، شەڕێکی بێ سوودی، نێوان یەکیەتی و بزوتنەوەی گۆڕان، کە بێجگە لە بنەماڵەی بارزانی زیاتر بترازێت، هیچ کەسێکی تر قازانجی لێناکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە