وه‌ڵامێكی‌ دره‌نگ وه‌خت بۆ حاكم له‌تیف

Monday, 05/07/2010, 12:00

2408 بینراوە


ئه‌م نووسینه‌و، نووسین‌و دیداره‌كانی‌ دیكه‌م، خوانه‌خواسته‌ هه‌وڵێك نییه‌ وه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ حورمه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌، ناشیرین كردنی‌ چه‌هره‌ی‌ خانه‌ی‌ دادی‌ سلێمانی‌‌و ئه‌وانی‌ دی‌، به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ له‌شكری‌ یاسا په‌روه‌ران‌و عه‌داله‌ت خوازان، به‌مه‌به‌ستی‌ چاكسازی‌‌و پاكسازی‌ له‌نێو هه‌ناوی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریدا. ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حیزب‌و حكومه‌ت، بێ‌ سڵه‌مینه‌وه‌ دان به‌په‌تای‌ گه‌نده‌ڵیدا له‌نێو دام‌و ده‌زگاكانیاندا ده‌نێن، كه‌ ئه‌مه‌یان جێگه‌ی‌ دڵخۆشییه‌. ئه‌دی‌ بۆ ئێمه‌ی‌ پیاوانی‌ قه‌زاو پیاوانی‌ پیاده‌كردنی‌ یاسا دان به‌و راستییه‌دا نه‌نێین كه‌ شانبه‌شانی‌ دوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ دیكه‌ ڤایرۆسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ گه‌رای‌ له‌نێو سییه‌كانی‌ دادوه‌ریشدا داناوه‌، قسه‌كردن‌و ده‌ستنیشانكردنی‌ خاڵه‌ ڕه‌شه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌داو كۆشان بۆ له‌ناوبردنی‌ نه‌ قیبله‌ی‌ پێكه‌چ ده‌بێ‌ كه‌ مه‌سجیدول ئه‌قسای‌ پێكه‌چ ده‌بێت.
له‌و مانگرتن نامه‌یه‌و ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕینه‌ی‌ كاتی‌ خۆی‌ له‌م رۆژنامه‌ ئازیزه‌دا بڵاوم كرده‌وه‌، ناوی‌ به‌ڕێز كاك حاكم شێخ له‌تیف شێخ مسته‌فا هاتبوو، كه‌ تیایدا گله‌یی‌ ئه‌وه‌م له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دادگای‌ سلێمانی‌ كردبوو، كه‌ نه‌ده‌بووایه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ دادگای‌ نه‌وجه‌وانانی‌ سلێمانی‌ بدرێت به‌و به‌ڕێزه‌و من له‌و شوێنه‌دا هه‌ڵكه‌نن، چونكه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ پۆسته‌كه‌ وه‌رگرێت، وه‌ك كاندیدی‌ لیستی‌ گۆڕان ناوی‌ له‌زۆربه‌ی‌ گۆڤارو رۆژنامه‌كاندا په‌خش كرابوو، كه‌ ده‌بووایه‌ راسته‌وخۆو له‌به‌ر رۆشنایی‌ مادده‌ی‌ (52)ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ ده‌ستی‌ له‌كاری‌ دادوه‌ری‌ هه‌ڵگرتایه‌، دیاره‌ كاك حاكم له‌تیف هه‌ر له‌م رۆژنامه‌یه‌دا وه‌ڵامێكی‌ ئێمه‌ی‌ دابووه‌وه‌و په‌ی‌ بۆ زۆر مه‌سه‌له‌ی‌ دیكه‌ی‌ لاوه‌كی‌ هاویشتبوو. ئه‌و ده‌مه‌ له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ بێوه‌ڵامیم هه‌ڵبژارد، پێم ناخۆش بوو له‌گه‌ڵ‌ هاوپیشه‌یه‌كی‌ خۆمدا یه‌خه‌ گیری‌ هه‌ڵبژێرم، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌قازانجی‌ هیچ كامێكمان نه‌بێت. به‌ڵام هه‌نووكه‌ كاتی‌ هاتووه‌ ناچارم ئیدی‌ بێده‌نگ نه‌بم‌و یه‌ك دوو قسه‌ له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌كه‌ بكه‌م، نه‌بادا به‌ر حوكمی‌ ئه‌و بنه‌ما یاساییه‌ بكه‌وم: (السكوت فی معرچ الحاجه‌ الی‌ البیان، یعتبر قبولا).
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر یاسای‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان- عێراق ژماره‌ (33) ساڵی‌ 2007 له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بڕیاری‌ ژماره‌ (30)ی‌ ساڵی‌ 2007 دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، له‌دانیشتنی‌ ژماره‌ (10) له‌ڕۆژی‌ 3/10/2007 ده‌ریكردووه‌.
فه‌سڵی‌ چواره‌م: ئه‌ركه‌كانی‌ دادوه‌ر: مادده‌ی‌ (52)دا هاتووه‌: (دادوه‌ر بۆی‌ نییه‌ هیچ ئیشێكی‌ حیزبی‌ بكات‌و ناشبێت له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان‌و ده‌سته‌ محه‌لییه‌كان‌و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كاندا خۆی‌ كاندید بكات، به‌ر له‌ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی‌). واته‌ ده‌بێت ئیستیقاله‌ بكات.
به‌داخه‌وه‌ به‌ڕێزتان كاك شێخ، ئێوه‌ نه‌ك ته‌نیا دادوه‌رو یاساناسن، به‌ڵكو له‌پاڵ‌ ئه‌مه‌شدا بڕوانامه‌ی‌ دكتۆراتان به‌پله‌یه‌كی‌ به‌رز له‌بواری‌ یاسادا وه‌رگرتووه‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ نوێنه‌رانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقیشدا كه‌ كاندیدی‌ لیستی‌ گۆڕان بوون (92) هه‌زار ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ ره‌ش‌و رووتتان به‌ركه‌وتووه‌، كه‌ به‌شی‌ شێره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ پێشتر چه‌ند پۆستێكی‌ حیزبی‌‌و ئیداریشتان له‌ئیداره‌ی‌ ئه‌وسای‌ سلێمانیدا وه‌رگرتووه‌، ئیدی‌ پیاو له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌موو مه‌سئولیه‌ته‌ میهه‌نی‌‌و ئه‌خلاقی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌...هتد، دا بێت، چۆن ده‌بێت جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ بكات مادده‌ی‌ (52)ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ به‌عاله‌می‌ ئاشكرا پێشێل بكات. كه‌ ره‌نگه‌ خۆتان یه‌كێك بووبن له‌دانه‌ران‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ خۆی‌.
رووبه‌ڕوو له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌م رۆژنامه‌ ئازیزه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێین: نه‌خێر تا نووسینی‌ ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ش ئیستیقاله‌تان نه‌كردووه‌و به‌فه‌ڕمی‌ ده‌ستتان له‌كاری‌ دادوه‌ری‌ هه‌ڵنه‌گرتووه‌. واته‌ ئێوه‌ به‌هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ ئیستیئنافی‌ سلێمانی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ له‌هه‌ولێر به‌رده‌وامن‌و سوورن له‌سه‌ر یاسا شكێنی‌. سه‌رۆكی‌ ئیستیئنافی‌ سلێمانی‌ راسته‌وخۆ به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ لێپرسراوی‌ دارایی‌ دادگای‌ ناچار كردووه‌ كه‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ (3، 4، 5، 6)تان بۆ سه‌رف بكات، كه‌ ئێوه‌و سه‌رۆكی‌ دادگای‌ سلێمانی‌‌و لێپرسراوی‌ دارایی‌ فه‌قیر باش له‌وه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ ئه‌و (ده‌ پانزه‌) ملیۆنه‌ی‌ له‌و چوار مانگه‌دا وه‌رتان گرتووه‌ ناشه‌رعی‌‌و نایاساییه‌. دیاره‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و چوار مانگه‌شدا، ته‌نانه‌ت بۆ له‌حزه‌یه‌كیش ده‌وامتان نه‌كردووه‌.
پێم سه‌یره‌ له‌كاتێكدا ئێوه‌ی‌ به‌ڕێز ئه‌وسا كاندیدو ئێستاش په‌رله‌مانتاری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانن، چۆن رێگه‌تان به‌خۆتاندا به‌ئاقاری‌ یاسا شكێنی‌‌و مووچه‌ وه‌رگرتنی‌ ناشه‌رعی‌ گوزه‌ر بكه‌ن، چۆن توانیتان چاو له‌ئامانجی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دابخه‌ن، كه‌ یه‌كه‌م شه‌ڕی‌، شه‌ڕی‌ له‌نێو بردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و گێڕانه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسایه‌. ئه‌ی‌ نه‌تبینی‌ هاوڕێكانتان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا له‌سه‌ر ناشه‌فافیه‌تی‌ بودجه‌ چ هه‌رایه‌كیان نایه‌وه‌، ئه‌دی‌ هه‌ر دوێنی‌ هاوبیرانت نه‌بوون، چوار ده‌فته‌ری‌ خێرو سه‌ده‌قه‌ی‌ په‌رله‌مانیان ره‌تكرده‌وه‌و هاواریان كرد با ئه‌و گوژمه‌ پاره‌یه‌ بچێته‌ سندوقی‌ دامه‌زراندنی‌ سه‌دان گه‌نجی‌ ده‌رچووی‌ كۆلێژو په‌یمانگاكان كه‌ بێئیشی‌‌و بێده‌رامه‌تی‌ تیره‌قی‌ پشتی‌ شكاندوون. چۆن گۆڕانخوازانی‌ هاوبیرت ئه‌وه‌یان بۆ هه‌رس ده‌كرێت، كه‌ دكتۆرێكی‌ یاساناس سه‌رۆكێكی‌ دادگای‌ نه‌وجه‌وانان‌و په‌رله‌مانتارێك پێچه‌وانه‌ی‌ بیرو ئامانجی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌ڵسوكه‌وت بكات‌و به‌ئه‌نقه‌ست‌و به‌سووربوونی‌ پێشینه‌ (سبق الاسرار)ه‌وه‌، یاسا شكێنی‌ بكات‌و چوار مانگ مووچه‌ی‌ ناشه‌رعی‌ بخاته‌ ته‌نكه‌ی‌ گیرفانییه‌وه‌.
به‌ڕێز كاك حاكم، ئێوه‌ ده‌یان وتاری‌ به‌پێزو ده‌یان دیداری‌ رۆژنامه‌ییتان ئه‌نجامدا، كه‌ سه‌رتاپای‌ ده‌رهه‌ق به‌په‌تای‌ گه‌نده‌ڵی‌ بوو، ته‌نانه‌ت له‌هێندێ‌ گوتاردا سه‌ركرده‌ دیارو ناسراوه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تیتان به‌تاوانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ گوناهبار ده‌كرد، پێم ناخۆشه‌ سه‌رۆكی‌ دادگای‌ ئیستیئنافی‌ سلێمانی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ خوانه‌خواسته‌ ئێوه‌یان ته‌فره‌ دابێت‌و به‌لاڕێیاندا بردبێت‌و به‌ئه‌نقه‌ست په‌لكێشیان كردبێت بۆ شكاندنی‌ په‌رژینی‌ یاسا، بۆ چه‌قی‌ چڵپاوی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ له‌وه‌ ناچێت هه‌رگیز بیر له‌رۆشنكردنی‌ كرابێته‌وه‌.
هێندێ‌ جار بیر له‌بێگوناهی‌ ئێوه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، بیرم به‌لای‌ ئه‌وه‌دا ده‌چێت كه‌ ئه‌م كاره‌ ناله‌باره‌ پیلانێكی‌ داڕێژراوی‌ ئه‌وان بێت به‌مه‌به‌ستی‌ گلان‌و نسكۆ پێبردرنی‌ به‌ڕێزتان كه‌ ده‌نگی‌ نه‌وه‌دو دوو هه‌زار كه‌ستان له‌ئه‌ستۆدایه‌.
نازانم بۆ سه‌رۆكی‌ ئیستیئنافی‌ سلێمانی‌ به‌ڕێز حاكم له‌تیف عوسمان، به‌ڕێز ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ ئه‌وه‌نده‌ موته‌عاتیفن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێزتان‌و رێنماییتان ده‌كه‌ن بۆ یاسا شكێنی‌‌و مووچه‌ی‌ ناشه‌رعیتان پێده‌به‌خشن‌و خه‌ڵاتیشتان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌دا، كه‌ نایاسامان شكاندووه‌و نه‌ مووچه‌ی‌ حه‌راممان وه‌رگرتووه‌، ئه‌وه‌نده‌ دڵڕه‌ق‌و بێبه‌زه‌یین!
كاتێك رێگه‌شت ده‌كه‌وێته‌ لای‌ هه‌ر به‌رپرسێكی‌ گه‌وره‌ی‌ حیزبی‌‌و حكومی‌‌و ده‌ست ده‌خه‌یته‌ سه‌ر خاڵه‌ ره‌شه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌رییه‌وه‌، ته‌نیا گوێت له‌وه‌ڵامێك ده‌بێت (ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێك ته‌داخولی‌ قه‌زا ناكه‌ین)، ئه‌وه‌یان بیر ده‌چێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌دادوه‌ران له‌ناو گریزی‌ حیزبدا هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌فلته‌ری‌ حیزبدا تێپه‌ڕیون.
بێئومێدم له‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ به‌ڕێز‌و سه‌رۆكی‌ دادگای‌ ئیستیئنافی‌ سلێمانی‌ به‌ڕێز، به‌به‌ڕێز كاك له‌تیف بڵێن پشتی‌ چاوت برۆیه‌، چونكه‌ خۆیان كاره‌كته‌رێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و دراماكتیكه‌ن. ناشمه‌وێت سه‌ركرده‌ به‌ڕێزه‌كانی‌ گۆڕان دڵیان له‌كاك حاكم له‌تیف كرمێ‌ بكه‌ن به‌ڵام له‌وه‌ دڵنیام كه‌ ده‌زگا چالاك‌و چاونه‌ترسه‌كه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ ئاڵای‌ پاكسازی‌‌و چاكسازی‌ راسته‌قینه‌یه‌، وه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چاوی‌ له‌هیچ گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت نه‌پۆشیوه‌، ئاواش چاو له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ زه‌ق‌و له‌و یاسا شكێنییه‌و له‌و به‌هه‌ده‌ردانی‌ ماڵ‌و سامانی‌ میلله‌ت بنوقێنێت.
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Babet&Cor=Birura&jimare=1438

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە