دیكتاتۆریەت لە ژێر سێبەرى دێموكراسیەتدا

Tuesday, 17/02/2015, 12:00

1732 بینراوە




لەم سەردەمەى ئێستادا لە ئەگەر نەڵێم لە هەموو وڵاتانى جیهاندا ئەتوانم بڵێم لە زوربەى وڵاتاندا دوو جۆر سیستەمى حوكمڕانى پەیڕەو ئەكرێت ئەویش سیستەمى دێموكراسى و سیستەمى دیكتاتۆرییە . لە سیستەمى دێموكراسیەتیشدا دوو جۆر حوكمڕانى هەیە : یەكەمیان سیستەمى سەرۆكایەتى باشترین نمونە ئەمەریكاو فەڕەنسا و سیستەمى پەرَلەمانى لە زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپاو وڵاتانى ترى جیهان پەیڕەو ئەكرێت.
ئەوەى پەیوەندى بە سیستەمى دێموكراسیەوە هەیە بە هەردوو جۆرەكەیەوە سەرۆكایەتى و پەرَلەمانى ., سیستەمەكە تەوا دێموكراسییە, لە بەرژەوەندى كۆمەڵگادایە . . لە سیما دیارەكانى سیستەمى دێموكراسى ئەوەیە : لە كاتى خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام ئەدرێت كە دوورە لە هەموو دەست تێوەردانێكەوە . زۆر بە ئاشتیانە و بەبى كێشەو گرفت لە وادەى یاسایی خۆیدا دەستاو دەست كردنى دەسەڵات ئەنجام ئەدرێت .
یاسا سەروەرەو هەموو هاوڵاتیان یەكسانن لەبەر دەم یاسادا . ئازادى بیرو باوەڕ بۆ هەموان هەیە لە ئەولەویاتى كارەكانى حكومەت ئەوەیە پێداویستییەكانى ژیان بۆ هەموو هاوڵاتیان دابین دەكرێت و هەوڵى دۆزینەوەى هەلى كار بۆ هەموان ئەدرێت . سوپاو هێزە ئەمنیەكانى تر سەر بە هیچ حیزب و لایەنێك ٍ نین و تەواو نیشتمانین و ئەوان بێلایەنن و دەست ناخەنە كارو بارى سیاسیەكانەوە و فەرمان جێبەجێ ئەكەن.
بەڵام لە وڵاتانى دیكتاتۆریدا بارودۆخەكە تەواو جیاوازە هەمووى بە پێچەوانەى وڵاتە دێموكراسیەكانە .لەو وڵاتانە: لە هیچ بوارێكدا دێموكراسیەت نییە , سامانى وڵات لە دەستى بەرپرسەكاندایەو بە ئارەزى خۆیان و بۆ بەرژەوەندى خۆیان تەخشان و پەخشانى ئەكەن , یاسا سەرەوەر نییەو هاوڵاتیان هەمویان یەكسان نین لەبەر دەم یاسادا. هەموو یاساكان لە بەرژەوەندى دەسەڵاتدارانداییە. هەڵبژاردن هەر بە ڕوكەشەو بە ئارەزوى خۆیان ساختەكارى تێدا ئەكەن و هەمیشە براوەىٍ یەكەمن . سوپاو و هێزە چەكدارەكان بێلایەن نین و دار دەستى دەسەڵاتدارانن و بەردەوام سەرچاوەى هەڕەشەن بۆسەر هاوڵاتیان . دەستاو دەستكردنى دەسەڵات بە بە دێموكراسیانە ناكرێت و زۆر جار لە ڕێگاى كودەتاى سەربازییەوە ئەنجام ئەدرێت. بەڵام زۆر جار هاولاِتیان خۆزگە بۆ دەسلاِتدارانى پێشوتر ئەخوازن , چونكە كودەتا چییەكان زۆر خرابترن ئەبن لە دەسەلاتدارانى پێ خۆیان.ٍ
بۆ نمونە: وڵاتى تونس, لیبیا , سوریا , عێراق, یەمەن و زۆر وڵاتى تریش لە ٍ كیشوەرى ئەفەریقادا.ٍ بەڵام ئەوەى مەبەستمە لەم نوسینەدا سەرنجى خوێنەرانى بۆ ڕاكێشم ئەوەیە كە لە زوربەى ئەو وڵاتە دیكتاتۆرانەشدا هەڵبژاردن ئەكرێت و پەڕلەمان هەیەو بەناو یاساو دادگاش هەیە . پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن هەبێت و پەڕلەمان هەبێت و یاساو دادگاكانیش هەبن بۆچى بە ئاسانى دەستاو دەست كردنى دەسەڵات ئەنجام نادرێت و بە شێوازى دێوكراسیانە حوكمڕانى ناكرێت .
لە ڕاستیدا ئەم دام و دەزگایانە هەر بە ڕوكەش هەن و كاریان پێناكرێت و بۆ خەڵەتاندنى هاوڵاتیان دانراون . ئەم دەسەڵاتدارانە هاتون لە ڕێگاى ئەم دامو دەزگا كارتۆنیانەوە دیكتاتۆریەتیان بە بەرگى دێموكراسیەت مكیاج كردوە . واتە هاتون بەرگى دێموكراسیەتیان بە باڵاى دیكتاتۆریەتدا كردوە . هەڵ بژاردن هەیە بەڵام كە شكستیان هێنا دەستبەردارى نابن . پەڕلەمان هەیە بەڵام بڕیارى پێنادرێت , یاسا هەیە بەڵام دیكتاتۆرى وڵات لە سەروى یاساوەیە .
بۆ زیاتر ڕونكردنەوەى ئەم بابەتە بە پێویستى ئەزانم هەرێمى كوردستانى خۆمان بە نمونە بهێنمەوە كە ماوەى 23 ساڵە لە لایەن دوو حیزبى دەسەڵاتدارى كوردەوە بەڕێوە ئەچێت و بە قسەى ئەوانیش بێت دێموكراسیەتەكەیان لە ئاستێكدایە شایانى ئەوەیە دەرو دراوسێ چاوى لێبكەن . لە ساڵى وە 1992 لە هەرێمى كوردستان پەرَلەمان هەیە. لە خولى یەكەم و دوەمدا ئەندامانى پەڕلەمان سەر بە دوو حیزبى دەسەڵاتدار بون و ئۆپۆزسیۆن نەبوە و ئەندامانى پەڕلەمان خاوەنى بڕیار نەبون و فەرمانى حیزبەكانى خۆیان جێبەجێكردوەو هەموو بڕیارەكانیش لە بەرژەوەندى حیزبەكاندا بوەو بەرژەوەندى گشتى ڕەچاو نەكراوە
هێزى چەكدارى هەرێم تا ئێستا نیزامى نییە , واتە هێزى حكومەت نییە , بەڵكو مێلیشیاى هەردوو حیزبە . لە وەش خرابتر زۆرینەى بەرپرسە حیزبییەكان هێزى تایبەتى بە خۆیان هەیە . هەتا ئەم هێزانە نەبنە هێزى نیزامى وحكومى , مەترسى دووبارە بونەوەى شەڕى ناوخۆ بە دوور ناگیرێت . زۆر جار لە ڕوانگەى تێنەگەیشتنەوە هەندى پێشمەرگە بە وشەى مێلیشیا نارەحەتن و بە سوكایەتى ئەزانن و زۆر جاریش حیزبەكان هانى پێشمەرگە ئەدەن هەڕەشە لەوانە بكەن كە بە مێلیشیا ناویان ئەبەن . بەڵام بۆ ئاگادارى هەموو لایەك وشەى میلیشیا سوكایەتى نییە بەرامبەر بە كەس و هێزى چەكدارى حیزبى پێی ئەڵێن مێلیشیاو هێزى حكومەت پێی ئەڵێن سوپا.
لە هەرێمى كوردستان یاسا سەروەر نییەو هاولاتیان یەكسان نین لە بەرامبەر یاسادا . بەرپرسەكان لە سەروى یاساوەن . سامانى وڵات لە لایەن حیزبەكانەوە دەستى بەسەردا گیراوەو بە ئارەزوى خۆیان لە 23 ساڵى ڕابوردودا تەخشان و پەخشانیان كردوە , ئێستاش خەزێنە بەتاڵە . ئەگەر باسى عەدالەتى كۆمەلایەتیش بكەین ئەمە ئەكەینە نمونە : هات و هاوارى زۆر كرا لەسەر كڕینى سەیارە بۆ ئەندامانى پەڕلەمان و ئێستاش ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاكانیشى هاتە سەرو ئەڵێن نابێ بۆیان بكڕن لەبەر ئەوەى ئەمە بەهەدەر دانى سامانى وڵاتە , منیش هەمان بۆچونم هەیە .
ئەى بۆچى كەس قسە لەسەر قافڵەى سەیارە تاهوە جام ڕەشەكانى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت ناكات , خۆ ئەوانە بە پارەى كرێكارى خۆیان نەكڕاوەو لەسەر گیرفانى هاوڵاتیانەو ئەى ئەوە بە هەدەر دانى سامانى وڵات نییە ؟؟ یان بانێكەو سەد هەوا؟؟ ئا ئەمەیە سیماى دێموكراسیەتى هەرێمى كوردستان و ئەتانەوێ وڵاتانى تریش چاوى لێبكەن ؟؟ قوڕ بەسەر ئەوانەى لاسایی ئێوە ئەكەنە.
ئەگەر باسى دێموكراسییەتیش بكەین ئەوە ڕوداوەكانى 17 شوبات و شەهید كردن و بریندار كردنى هاوڵاتیان و شەهید كردن و زیندانى كردن و سزادانى رۆژنامە نوسان , ڕأستییەكان ئەسەلمێنن . ئەگەر باسى هەڵ بژاردنیش بكەین ئەلبیسەكەى سلێمانى و تەزویرە ئاشكرەكەى كار بەدەستان شاهیدى ڕاستیەكانن .
لە چاوپێكەوتنى كەناڵى ڕوداو كە هیوا جەمال پێشكەشكاری بوو جەلال پەریشان ئەندامى ئەنجومەنى پاریزگاى هەولێر لەسەر لیستى پارتى و ژینۆ محمد لەسەر لیستى یەكێتى بەشدار بوون , ژینۆ محمد ڕەخنەى لە نێچیر بارزانى گرت لەسەر ئەوەى كەسێكى بە پلەى بەڕێوەبەرى گشتى دامەزراندوە بەبێ گەرتەوە بۆ ئەنجومەنى پارێزگا. جەلال پەرێشان هاتە دەنگ و وتى ئەوەى ناوى نێچیر بارزانى بهێنێت ئەبى َ دەستوێژى هەبێت .
جارێكى تریش ئەندام پەرَلەمانێكى خولى پێشوى پەٍڕلەمان لەسەر لیستى گوڕان لەگەڵ ئەندام پەڕلەمانێكى ترى پارتى لە میانى گفتوگوى نێوانیاندا , ئەندام پەرَلەمانەكەى پارتى ئەڵێت : مەسعود بارزانى وەكو محمدى مەهدى وایە . هەر كەسێك ئەندامى حیزبێك بێت ئەو حیزبە هەرچۆنێك بێت مرۆڤ ئەتوانێت جارێك لە جاران ڕەخنەیەك بگرێت یان بۆچونێكى هەبێت . بەڵام ئەمانە قۆناغى حیزبایەتیان تێپەڕاندوەو ئێستا بون بە دەروێش و كۆیلەى تەواو .
بەلاى كەسەوە گرنگ نییە جەلال پەرێشان وەكو كۆیلەیەك خۆى نمایش ئەكات كورد ئەڵێت چەم بێ چەقەڵ نابێت , بەڵام واوەیلا بۆ عەقڵ و سەقافەت و تێگەیشتنى ئەوانەى دەنگیان بە جەلال پەرێشان داوە بۆ ئەوەى ببێتە نوێنەریان . ئاخر چۆن و لە چ زەمانێكدا كۆیلە دەبێتە نوێنەرى خەڵك؟؟؟.ئیوەش خۆتان هەڵسەنگاندنێك بۆ داهاتوى ئەم میللەتە بكەن .
من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدانیم بێڕێزى بەسەركردەكانى كورد بكرێت و هەرچۆنێك بێت خزمەتیان بەم میللەتە كردوە ئەگەر وەكو پێویستیش نەبووبێت , بەڵام نابى ئەوەندە لە قەبارەى خۆیان گەورەتر بكرێن كە ببنە دیكتاتۆرو ئەمیان بكەینە محمدى مهدى و ناوى ئەوى تریش بهێنین دەست نوێژمان ئەشكێ . ئەوانەى وا ئەزانن ئەگەر ئەم سەركردانە نەمێنن كورد لەناو ئەچێ و دنیا وێران ئەبێت , زۆر هەڵەن و من ئەڵێم ئەگەر ئەمانە نەمێنن بارودۆخەكە زۆر باشتر ئەبێت .ٍ
نێچیر بارزانى لەبەر ئەوە نەكراوەتە سەرۆكى حكومەت چونكە سیاسەتمەدارێكى بێهاوتایە , یان ئابورى ناسێكى شارەزایە , یان كەسایەتییەكى خاوەن یڕوانامەى بەرز و ئەزمونى حوكمرانی باشى هەیە , بەڵكو لەبەر ئەوەى كوڕەزاى مەلا مستەفایە . لە خوا بەزیاد بێ و بێچاوى نەبن نەوەكانى مەلا مستەفا هەر كە لە دایك ئەبن ئەندامى مەكتەبى سیاسین , سەركردەى حیزبی و سەربازین و بە كۆڵێك نەجمەوە لە دایك ئەبن ٍ . ئەگەر ێچیر بارزانى كوڕەزاى مەلا مستەفا نەبوایا , لە برى ئەوەى بكرێتەوە بە سەرۆكى حكومەت دەبوایە دادگایی بكرایا لە سەر بە هەدەر دانى ئەو هەموو سامانەى هاولاِتیان و دروستكرنى قەیرانى دارایی .
هەموو ئەو بارودۆخەى هەرێمى كوردستان لە نەبونى موچەوە تا وێرانكردنى ژیِرخانى ئابووورى هەرێمى كوردستان هۆكارەكەى ئەوە , كە بە ئارەزوى خۆى پارەى ئەم میللەتەى تەخشان و پەخشان ئەكرد . ئەى ئەوە بەڕێزیان نەبوو بە یەك لیست 254 كەسى خانە نشین كرد بە پلەى بەڕێوەبەرى گشتى بى ئەوەى موستەحەقى ئەوە بن . ئەوەو هەزاران كارى ترى لەو شێوە بونە هۆكارى ئەم نەهامەتیانە . ئەرێ پێم ناڵێن سەرۆكى حكومەتى كار بە ڕێكەر چۆن حەق بە خۆى ئەدات بچێت بۆ توركیاو گرێبەستى 50 ساڵە ئیمزا بكات ؟؟ بە بۆچونى من چۆن مالیكى عێراقى خستە سەر ساجى عەلى , بە هەمان شێوەش نێچیر بارزانى كوردستانى توشى هەمان كارەسات كرد. سەیرە بارودۆخێكیان ڕەخساندوە ناویرى ناوى ببەى ئەڵێن دەستنوێژت شكاوە .
سەیركەن چۆن كۆیلەو بەندەكانى ئەم میللەتە كەسایەتییەكان لە قەبارەى خۆیان گەورەتر ئەكەن و وایان پیرۆز ئەكەن كە نابى ڕەخنەیان لێ بگیرێت و ئەوانیش وا خۆیان لێ بایی ئەبێت ئەڵێن بەبێ ئێمە دنیا وێرا ئەبێت . لێرە بە دواوە ئەبێ تێیان بگەیەنین كە ئێوەن دنیاتان وێرانكردوەو ئەگەر ئێوە نەمێنن دنا عەیبى نییە . ئەگەر دەوڵەت دارى بریتى بێـت لە بەشینەوەى پارەو سەیارەو پێدانى موچەى بەرز و پلەو پایە, كام لە ئێمە هەیە لەم وڵاتە ئەمەى پێنەكرێت ؟؟؟. دەوڵەت دارى ئەوەبوو ئێستا پاشەكەوتى ساڵێكى هاوڵاتیان لە خەزینەدا بوایە.
ئەگەر چى ئێستا لە هەرێمى كوردستان پەڕلەمان هەیەو حكومەتى بنكە فراوان هەیە و خەڵكى ئومێدى هەیە بارودۆخەكە باشتر ببێت بەڵام ئاماژەكان ئەوەمان پێ ئەڵێنٍ جارى زۆرى ماوە دێموكراسیەت بچەسپێ و تا ئێستاش هەرێمى كوردستان لە ژێر هەیمەنەى حیزب و بنەماڵەكاندایەو دێمو كراسیەت بەناو هەیەو ئەوەى هەیە مكیاج كراوە .ٍ چونكە لە كاتى هەڵبژاردنەكاندا بینیمان كە زانییان شكست ئەهێنن , چون كەوتنە گیانى هاوڵاتیان و سوكایەتیان پێكردن و دەستییان كرد بە تەزویر .
ئەوەتا خەریكە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنەكاندا گوزەر ئەكات و تا ئێستا حیزبەكانى ئۆپۆزسیۆن حەقى خۆیان وەرنەگرتوەو دەستى دەستیان پێ ئەكەن و نایانەوێت دەستاو دەست كردنى دەسەڵات بكەن و پێ ئەچێت چاوەڕوانى فرسەتێكى گونجاو بكەن و بارو دۆخەكە تێك بدەن . كاتى ئەوە هاتوە دەنگى ناڕەزایی بەرز بكرێتەوەو لاپەڕەى گ ەندەڵیەكانى ڕابوردوى ئەمانە هەڵدرێتەوەو بۆ هاوڵاتیان ئاشكرا بكرێت
كاتى ئەوەیە هۆكارى بێ موچەیی و بێ بازاڕى و هەموو نەهامەتییەكان بۆ ڕاى گشتى ئاشكرا بكرێت كە ئەمانە هۆكارى بون و لێی بەر پرسیارن . كاتى ئەوەیە هەهاولاِتیان داوابكەن و بپرسن سەرەڕاى ئەو هەموو پارەى لە بەغداوە هەتوەو بونى ئەو هەموو داهاتانەى ناوخۆ لە باج و پارەى گومرگ و پارەى فرۆشتنى نەوت ,ٍ بۆچى حكومەت قەرزدارەو چى لەو پارەیە كراوەو ئەبێ ڕونى بكەنەوە ئایا لە ژێر زەمینەكانى بەرپرساندایە یان براوەتە دەرەوەى وڵات و ئەوە پارەى خەڵكەو تا زوە بۆ خاوەنى خۆى بگێڕنەوە .
ئەبێ هەموو هاوڵاتیان باش بزانن بەِراستى هەرێمى كوردستان لە ژێر هەڕەشەى زۆر مەترسیداردایە . داعش وەكو مەترسییەكى گەورەى ئەم هەرێمە . كێشەى دارایی و نەبونى پارەو بێكارى و وەستانى بازار و نەبونى ژیِرخانى ئابورى هەرێمى كوردستان و نەبونى هێزێكى چەكدارى نیزامى و كێشكانى ناو یەكیتى ئەگەر لێكترازان ڕوبدات مەترسى ئەوە هەیە پارتى ببێتە خاوەنى دەسەڵاتى یەكەم ئەگەرچى ئێستاش زوربەى بڕیارەگرنگەكان و جومگە باڵاكانى دەسەڵات لە دەستى ئەواندایە . بۆیە ئەركى هەموومانە بەرپرسیارانە هەڵس و كەوت بكەین و نەترسین و بێینە دەنگ و هەرچى لە ژێر بەڕەیە بیخەینە سەر بەڕە . دوایی گلەیی نەكەن ئەبى هەر بە ڕێی مزگەوتەوەبن بۆ دەستنوێژ گرتن . ئەمەش لە ڕوداوە دەگمەنەكانى ساڵى 2015 یە تا ئێستا دەستنوێژ هەر لە نامەحرەمەكان ئەشكا ئێستا بە ناو هێنانى پیاویى گەورەش ئەشكێ , بۆیە لێرە بە دواوە زۆر بە وریاییەوە قسە بكەن.ٍ
ساڵەح ژاژڵەیی
یەك شەممە 25--1-2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە