بەرەو كاروان

Wednesday, 05/05/2010, 12:00

1394 بینراوە













دەبو لقێك لە درەختى سەوزى بنارى قەندیل بام
نەك وێڵى ئەشقێكى ئەفسانەیى لە خەیاڵى بێ هودەمدا
دەبوو قەڵغانێ بم لە ئاست رمى دوژمنانمدا
سەنگەرێ بم لە ئیرادەو گیان بازێ بم لە گۆڕەپانی خەباتدا
لە شاكارى شۆڕشمدا دەبوو شۆرەسواری داستانێك بم
ئاوزەنگ بدەم تا بە ئاواتی ئەم گەلەم دەگەم
نوسینەوەو داگیرسانی زاپێكی تر بم لە توڕەبونی بەفردا
نەك خولیایى ساكارە خەونێك لە سەرابی تەمتوماندا
دەبو منیش لەگەڵ گەریلادا هاوسۆزو هاوڕێ بم
تا چنگ لە خۆرى ئازادى گیركەم
دەبو هەرچى خۆشبەختییە بەلای وەنێم
خاكی بریندارو زەوی ئازارستانم هەتوان كەم
لە مەودای بینینا سنور سەراپا پڕ لە مەعشوقە
تۆ تەماشا كۆڕى خەبات چەندە گەرمە
خۆرەتاو كڕنوشیان بۆ دەبات
منیش بە چەپكێ گوڵەوە عەشقی كوردانەم باران ئاسا دا دەكات
بە دڵو گیان ئارەزومە بۆ لاى ئەوان بكەومە ڕێ
پڕ بە دڵ بۆن و بەرامەى گەردنى كەڤرو چیا بە ڕۆحی خۆمدا كەم
گەلێ ئاواتە خوازم لەگەڵ ئەواندا هەور ماچ كەم
بە رۆحى كوردانەوە دەست لە مل گەریلا كەم
واهاتم من لە ئێستاوە پەناگاى عەشقم هەر ئێوەن
تا لە ڕێى نیشتماندا بمرم
داری ئازادی بە خوێنم ئاو دەم
مێژوویەك جێهێڵم پڕاو پڕتر لە سەروەری
پیرۆزترین شەهیدبوون لەو ڕێگایەدا تۆمار بكەم
من لە مەڵبەندى چیادا چەند خۆشە بۆنى ئێوەم لێ بێ
ئەی نیشتمان
تەنیا گیانی خۆم شك دەبەم
گەر دەتەوێ لە پێناوی تۆدا دەیدەم
ناگەڕێمەوە تا گوڵى سەركەوتن بۆن نەكەم
ئەمە ئەوینى خوێنمە
ئەمە كەیلى باوەڕمە
دەسا كوڕگەل لەگەڵ مندا كاروان، كاروان بكەونە رێ
ئەم شۆڕشە بازووى پۆڵاینى وەك ئێوەشى حەتمەن دەوێ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە