کاندیدی پەرلەمان ماجستێر لە ...

Wednesday, 22/01/2014, 12:00

2216 بینراوە


لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنمدا بۆ پەرلەمانی کوردوستان وەستایەکی خانوبەرەم ناسی، پێی وتم (دوکتۆر گرنگ نیە تۆ بڕوانامەت هەیە یا نیتە، خوای ئەکرد شوانێک دەبویت، گرنگ ئەوەیە لە پەرلەماندا خزمەتی خەڵک بکەیت). لە بزوتنەوی گۆڕاندا ئەوە ڕاست و باش بو کە یەکێک لە مەرجەکانی خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردوستان ئەوە بو کەسەکە بتوانیت بخوێنێتەوە و بنوسیت، کەواتە مەرج نەبو هیچ بروانامەیەکی هەبێ.لە کوردوستانا ئەم مەرجانەی خوارەوە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە ئەندام پەرلەمان یا ئەندامی ئەنجومەنی شار یا هەر ئاستێکی تری سەرکردایەتی و بەرپرسیارێتی لە حوکومەت و حیزب و ڕێکخراوە ناحوکومەتیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی: تەندروست و پڕوزە و توانابێت، ئەزمونی ژیان و ڕۆشنبیریی گشتی و ڕۆشنبیریی پسپۆڕی لە بوارێک یا چەند بوارێکدا هەبێت. لە ژیانی پێش کاندیدکردنیدا بەرامبەر هەمو پەستان و گوشین و گەڤ و هەڕەشەکان بوێری و خۆڕاگریی پیشاندابێت یا بە لای کەمەوە لە پێناو ئازادی و دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی قوربانیی مادیی یا مەعنەوی یا هەردوکیانی دابێت. کەسێتیەکی بەهێز و ئارام وهاوسەنگ بێت ،خاوەن ناو و ناوبانگێکی باش بێت،ڕابوردوی پاک بێت.لەم سەردەمەدا کە پارە و سامانە مادیەکانی تر بونەتە خودا و دەپەرسترێن، بڕێک خۆنەویستی و دڵسۆزی لە کارەکاندا و نەبونی تەماعی پارە و سامان زۆرگرنگن. زۆرێک لە کاندیدی حیزبەکان لە ژێر وێنەکانیان نوسیبویان (ماستەر یا دبلۆم یا دوکتۆرا) لە یارۆ پسپۆڕیدا ،لە زانکۆکانی کوردوستانا زۆر بە ئاستەم دەتوانی خاوەن بەکالۆریۆس و ماستەر و دوکتۆرا و پرۆفیسۆرێک بدۆزیتەوە کە بڕوانامەکانیان لە دەرەوەی کوردوستان بە ڕەسمی بناسرێن.لای ئێمە بڕوانامە بۆ خزمەتی خەڵک و زانست نیە، بەڵکو بۆ پلە و پایە و پارەیە. گریمان بڕوانامەی کاندیدەکان تەواو و دروست و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بون،ئەمە شتێکی باشە و پەسەندە، بەڵام هێشتا هەر نابێ بڕوانامە فاکتەرێکی بڕیاردەر بێت بۆ وەرگرتنی کەسێک بە کاندید بۆ هەر پۆستێکی حوکومەتی و حیزبی. لە سەردەمی (هێتلەر)دا کە لە ١٩٣٣ وە تا ١٩٤٥ حوکمی ئەڵمانیای کرد، دەیان هەزار خاوەن بەکالۆریۆس و ماستەر و دوکتۆرا و پرۆفیسۆر، سەدان زانا و دەیان فەیلەسوف خزمەتی ڕژێمەکەیان کرد و هەمو مەکینە زل و ترسێنەرەکانی شەڕی جیهانی دوهەم (١٩٣٩ تا ١٩٤٥) خاوەن بڕوانامە پسپۆڕەکان هەر یەک لە بواری خۆیدا نەخشەداڕێژ و وەستا و بەڕێوەبەری بون، کار گەیشت بەوەی بە فەرمانی دوکتۆرانی سەربە ڕژێم، بۆ پاراستنی خوێنی پاکی (ڕەگەزی ئاری) نازیەکان دەیان هەزار نەخۆشی دەرونی و بیرکۆڵ و مەنگۆلیان بە گازی ژەهراوی کوشت و لەناوبرد. ئەڵمانە مرۆڤدۆست و پێشکەوتنخوازەکانی ئیمڕۆ شەرمیان بەخۆیان دێت کە ئەمانیش وەک ئەو دوکتۆر و پسپۆر و تەکنۆکرات و خاوەن بڕوانامە و زانا و فەیلەسوفە گوێڕایەڵانەی سەربە نازیەکان ئەڵمانین، بۆیە پێیان دەڵێن (Fachidiot) بە واتای (پسپۆڕە گێل و گەلحۆکان)!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە