ڕوونکردنەوەیەکی پێویست! لە سەر بابەتێکی (ئارام ئەحمەد عەلی)

Saturday, 10/03/2012, 12:00

1769 بینراوە


لە ٨ ی ٣ ی ٢٠١٢ کوردستانپۆست بابەتێکی (ئارام ئەحمەد عەلی) ی بڵاوکردۆتەوە لەسەر (د. سەروار یەحیا) باوکی (بەیار) ئەو خوێندکارەی مامۆستا ئەمریکیەکەی خۆی کە ناوی(جێرمایە) بو، لە پۆلەکەیدا دایە بەر گولە وکوشتی، چەند خولەکێک دواتر بە هەمان دەمانچە خۆیشی کوشت.
(ئارام ئەحمەد عەلی) بێ ئەوەی لە نزیکەوە (د. سەروار) بناسێ یا بە لای کەمەوە خۆی ماندوبکات و بڕێک زانیاری ورد و دروست لە سەری کۆبکاتەوە، لە نوسینەکەیدا بە (د.سەروار) دەڵێت:
(وەلێ ئێوە لە تاران و ئەوروپا هەڵوەدای ژیانی خۆتان بوون و بە ناز پەروەردە دەبوون، ڕەنگە لای جەنابت عەیادە دانان لە تاراندا خەبات بێت،...هتد).

(د.سەروار) پێش ئەوەی لە تاران نیشتەجێ بێ، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردوستان لە ساڵی ١٩٨٢ وە هەتا ١٩٨٧وەک دوکتۆری ددان خۆنەویستانە خزمەتی پیشمەرگە و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی کردوە. پیش بون بە پێشمەرگە (د.سەروار) لە ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٨٢ ئەوکاتەی کە دوکتۆری ددان بو لە ڕانیە ڕۆڵێکی سەرەکی و پیشڕەوانەی هەبو لە هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە، بەهۆی ئەو ڕۆڵە شٶڕشگێڕی و جوامێرانەیەوە کە لەو خۆپیشاندانانە بینیی، ڕژێمی سەدام گرتی و پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر ناردیان بۆ زیندانی (هەیئەی تەحقیق) لە کەرکوک، لەوێش بە خۆڕاگریەکی کەموێنەوە یەک وشەی نەدرکاند کە زیان بە هاوخەباتەکانی بگەیەنێ، بە ڕێکەوت بەر فەرمانێکی لێبوردنی گشتیی سەدام کەوت و وەک سەدان زیندانیی تر ئازاد کرا. (د.سەروار) کاتێک پێکەوە لە زانکۆی بەغدا خوێندکاربووین، نمونەی بەرزی نیشتمانپەروەری و خۆڕاگری بوو بەرانبەر گوشین و پەستانەکانی ڕژێمی بەعس. ئەبێت چی خراپە و خەوشێکی تێدابێت دوای چەندان ساڵ لە خەباتی شار و شاخ کاتێک (د. سەروار) وەک دەیان هەزار کوردی تر پەنا دەباتە بەر ئێران و لە تاران دەگیرسێتەوە و بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی لە وێ کلینیکی ددان دادەنێ و بە ڕەنجی شانی خۆی دەژی؟ ئەبێ چی خەوش و هەڵەیەکی تێدابێت کاتێک (د. سەروار) وەک چەند ملیۆن ئێرانیەکی پێش خۆی ئێران جێدەهێڵێت و لە گەڵ ژن و مناڵەکانیدا بۆ ئوسترالیا (نەک بۆ ئەوروپا) کۆچدەکات و لەوێش لە بواری ددانپزیشکیدا درێژە بە خوێندان و ڕاهێنان و کار دەدات؟ ئاخر بۆ عەیبە مرۆڤ هەڵوەدای ژیانی خۆی و خێزانەکەی بێت و هەوڵبدات بەناز و بە خۆشی بژی؟

دواتر (ئارام ئەحمەد) بە (د.سەروار) دەڵێت:
(ئێوە لە دەرەوە شاهانە دەژیان، کە شەقامەکەی پان بوو ئێوە هاتنەوە،هتد...).
هیچ کوردێکی ئاوارەی ئاسایی وەک(ئارام ئەحمەد) کە چەندین ساڵە لە ئەوروپا دەژی، و وەک (د. سەروار) لە هیچ وڵاتێکی دونیا(شاهانە) ناژی. خۆزگە هەمو کوردانی خاوەن پسپۆڕیە جیاوازەکانی زانین و زانست کە ئاوارەی وڵاتانی دونیا بون، بە پشتگیری و هاندانی دەسەڵاتی کوردی کە بەداخەوە تا ئێستا ئەمەی نەکردوە، وەک (د. سەروار) بگەڕێنەوە کوردستان و ژیانی تایبەتی خۆیان لە خۆشی و نازونیعمەتا بژین و خزمەتی کۆمەڵەکەشیان بکەن. (د. سەروار) ئەگەر بیویستایە بە هۆی ئەوەی کە زاوای (شێخ جەنگی)ی برای (جەلال تاڵەبانی)یە و پێشمەرگەیەکی دێرینی سەربەرزە و ئامۆزای شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان (سیروان تاڵەبانی و ٤ براکەی: غەریب و ئەیوبی و عومەر و خالید)ە، ئەوا دەیتوانی بە ئاسانی پلە وپایەی بەرز لە حوکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام ئەو وەک تاکێکی سەربەخۆ و هۆشیار و ئازا و ئازاد ئەمەی نەکرد و هەوڵی بۆ نەدا، ئەو وەک دکتۆرێکی ئاسایی کلینیکی خۆی کردەوە و یەکەم کەس بو لە سلەیمانیدا لە کلینیکی تایبەتی خۆی (تەکنیکی ددان چاندنی) ئەنجامدا. ئەوەی کە (د.سەروار) ناسناوی بنەماڵەکەی کە (تاڵەبانی)یە لە سەر تابلۆی کلینیکەکەی نەنوسیوە، بەڵگەیەکی ترە لەسەر ئەوەی نەیویستوە سودی تایبەتی لەو ناسناوە وەربگرێت، کە دەبەسترێتەوە بە دەسەڵاتی سیاسی و دراو و سودە مادییەکان تر.
ڕووداوی کوشتنی (جێرمایە) و خۆکوشتنی (بەیار) کارەساتێکە دەکرا نەهێڵرێت ڕوبدات، ڕووداوێکی فرەهۆ و فرەڕەهەندە کە هۆکارە دەرونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەکان پشکی خۆیان هەیە لە ڕوودانیدا. بە پێی زانیاریی هاوڕێکانی (بەیار)، (جێرمایە)ش بەشێکی گرنگ و بڕیاردەر بووە لە کێشەکە نەک ئەوەی تەنیا (قوربانی)یەکی بێ هەڵە بووبێت. لە کێشەیەکی ڕۆحی و ویژدانیی قوڵی درێژخایەنی نێوان خوێندکارێکی هەرزەکاری ١٧ ساڵە و مامۆستا تەمەن ٣٤ ساڵەکەی.
بەدڵنیاییەوە دەڵێم کە پشکی لێپرسراوەتیی مامۆستاکە زۆرترە هەتا هی خوێندکارەکە، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێ نابێت بکرێتە بەهانە بۆ ئازاردان یان کوشتنی مامۆستاکە. لەو کێشە قوڵە درێژخایەنەدا بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنگاکە و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلەیمانیش تەماشاکەرانێکی سارد و سڕ و بێباک و بێ وەڵام و بێ کاردانەوە بوون.
بە بەرچاوی میدیاکانەوە د. سەرواری جەرگبڕاو بە قوڵپی گریانێکی بەکوڵەوە باوکی جەرگبڕاوی (جێرمایە)ی لە ئامیز گرت و داوای لێبوردنی لێکرد، بەمە هەڵوێستێکی هیومانیستی و مێژویی جوانی تۆمارکرد. ڕووداوەکە دەبێت باوکان و دایکان و دەسەڵاتی کوردی و ئۆپۆسیسیۆن و پەرلەمان و دەزگا پەیوەندارەکانی حوکومەتی هەرێم و میدیای ئازاد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بهەژێنێ و ڕاچڵەکێنێ، لێکۆڵینەوە و چاودێری ورد بکەن دەربارەی بەشی ناوخۆیی و دایەنگا و خوێندنگا و زانکۆ (تایبەتی) و (ئەهلی)یەکانی کوردستان، نەهێڵن ئەم شوێنانە بکرێنە شوێنی داخراو و دوور لە چاوی خەڵک بۆ شتنەوەی مێشکی مرۆڤی کورد و ڕاهێنان و فێرکردنی توندڕەوانەیان لەسەر یەک ئاین و یەک ئاینزا و یەک ئایدیۆلۆجیای سیاسی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە