بۆ ئەوانەی ئێرانی ئەمڕۆیان لا پیرۆزە و بەشانازیەوە دەڵێن کوردێکی ئێرانیم وەڵامێک بۆ عیرفان قانعی فەرد

Monday, 09/04/2012, 12:00

2002 بینراوە


ماوەی چەند ساڵێکە ناوی عیڕفان قانعی فەرد هاتۆتە ناو ناوان و لە سەر هێندێک مەدیاکانی کوردی و فارسیدا بڵاو دەبێتەوە، وەک کەسێکی بەتوانای لێکۆلینەر و ڕەخنەگری سەردەم ناویکردوە. لێرەدا دورناڕۆین و لەسەر کەسایەتی و ژیان و لایەنێکی تری عیڕفان قانعی فەرد هەڵناسەنگێنن، تەنیا بە کورتی چاوپێکەوتنەکەی ئەو لەگەڵ تەلەفیزۆنی "شەبەکەی جهانی ئەندیشە"ی فارسی کە چەند ڕۆژپێش (نەورۆزی ٢٧١٢) کراوە شیرۆڤە دەکەین. ئەم چاوپێکەوتنە لە کوردستانپۆست لە بەشی ڤیدۆ و فیلم، لە یوتیوب دا بڵاوکراوەتەوە.

********************

*********************
عیڕفان قانعی فەرد دەڵێت: کورد نە نەتەوەیە و نە هۆزە (نە خەلقە و نە قەوم)، بەڵکو ئێرانیە و لە ناو خاکی پیرۆزی ئیرانیش دا هیچ نەتەوەیەک بونی نییە، بێجگە لە نەتەوەی ئێرانی.
کاک عیڕفان قانعی فەرد لەگەڵ فارسە ڕەگەزپەرستەکاندا هێشتا بە وشەکانی خەڵق وقەوم یاری بە ناسنامەی گەلێکی ٤٢ ملیۆنی دەکات، لەکاتێکدا کە فارسەکان تا ئێستا ئیزنیان نەداوە کە هیچ لە نەتەوەکانی ناو ئێران بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن، کە ئەو مافە وەک سەرەتایترین مافی ڕەوای هەرنەتەوەیەک ناسراوە، چ بگات بە هەبونی مافی هاوڵاتی یەکسان لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا. لەم خاکە پیرۆزەی ئێران کە کاک عیڕفان قانعی فەرد ناوی دەبات، کەسانێک مەگەربیرو باوەڕێکی ڕەگەزپەرستانەی ئیرانیان هەبێت و دەهۆڵکوتی فارسەکان بن، ئەگینا قەت مافی ئەوەیان پێنادرێت نەدەنگیان هەبێت و نە ڕەنگ.
مەگەر کوردێک مافی هەیە لە قوتابخانەکانی ئەو ئێرانە، کە کاک عیڕفان قانعی فەرد وەسفی دەکات و ناوی دەبات بە زمانی کوردی وانەیەک بڵێت یان بخوێنێت؟
مەگەر مامۆستا فەرزادی کەمانگەر بۆ زمانی کوردی وای نەوت، ئیتر بە تۆمەتی مرۆڤکوش ترۆریست لەقەڵم درا؟
کاک عیڕفان قانعی فەرد، نەخشەی ئەمڕۆی ئێرانی زۆر لا پیرۆزە و بەشانازیەوە دەڵێت من کوردێکی ئێرانیم و هەر کوردێکیش خۆی بەئێرانی نەزانێت و دژی یەکگرتوی خاکی ئێران کاربکات، بە مرۆڤکوش و خەراپکار ناوی دەبات.
هاتنە سەرکاری جەمهوری ئیسلامی بە سەرکەوتنێکی گەورەی ئێرانیەکان ناوزەد دەکات و دێموکڕات و کۆمەڵە بە گێرەشێوێن و بە تێکدەری سنورەکانی مەرزی ئێرانیان ناو دەبات.
بۆ زانیاری خەڵکی کورد تاکە فیشەکێکیشیان دژی کۆماری ئیسلامی ئیران نەتەقاندبو، تەنانەت ئەرتەشی فارسەکانی ئیران لە دوساڵ پاش ئازادی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە هێندێک بنکەکانی وەک شاری سەردەشت مابونەوە و کوردیش کێشەی لەگەڵ نەبون. بەڵام ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوای جهادی لەسەر گەلی کورد دەرکرد و بە سوپایەکەی وت " تا هەمو کوردستان پاکسازی نەکەن، پۆستاڵەکانتان دامەکەن". کەواتە لای کاک عیڕفان قانعی فەرد، کورد کوشتن بەدەستی فارس و ئازەریەکان و هەبونی سوپای ئیران لە کوردستان ڕەوایە، بەڵام بەرگری کردنی کورد لە شار و گوندەکانی و بونی سوپای پێشمەرگە ناڕەوایە!
وێنەکان دەدوێن و فەرمون شەڕی کۆمەڵکوژی کوردان بەدەست ئێرانیەکان ببینین.
http://www.facebook.com/video/video.php?v=183675428353384
جێگای زانینە کەسانێکی وەک ئەحمەدی نژاد، ڕەفسەنجانی، موسەوی، و... کە کاک عیڕفان قانعی فەرد لە لێکۆڵینەوەکاندا وەک سەرچاوەی باوەڕ پێکراو کەڵکی بۆ نوسراوەکانی لێوەرگرتون و لەم چاوپێکەوتنەشدا ئاماژەی پێکردونە و بەشانازیەوە وێنەی لەگەڵ گرتونە، هەمویان بڕیاری کوشتن و شکەنجەکردنی هەزاران لاوی کوردیان لە ناو زیاندانەکانی تاریکستانی ئێران دا واژۆکردوە.
کاک عیڕفان قانعی فەرد بۆ بەدواداچونی لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ سەرانی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەیان کوردی سیخوڕ، چاوپێکەتنی کردوە و بیرو باوەڕی نامرۆڤانەی ئەوانمان وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پێدەفرۆشێت.
کاک عیڕفان قانعی فەرد مێژوی ڕاستی ڕەوای گەلی کورد پشتگوێ دەخات و تەنانەت بۆ جارێکیش بێت لەگەڵ نیشتمانپەروەرێکی کورد، چاوپێکەوتنی نەکردوە. هەمو نوسراوەکانی لەچوارچێوەی چەند سەرکردەیەکی حیزبی وەک جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، کەماڵ بورکای و سیخوڕانێکی وەک عیسا پژمان، ڕێکخراوەکانی جاسوسی ئینگلستان، موساد:ی ئیسڕائیل، س.ی.ا: ئەمریکا دایە. چۆن دەکرێت تەنها کاری کەسانێکی سیخور و بیرەوەریەکانیان وەک سەرچاوەیەکی باوڕپێکراو باسبکرێن؟ ئەی کوا بۆ ئاماژە بە کەسانی کوردپەروەر نادات وەکو سەرچاوە؟
قانعی فەرد کە خۆی دەڵێت عیسا پژمان لە هەمو ژیانیدا بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی شای ئێران و دژ بە گەلی کورد جاسوسی کردوە، چۆن ئەمڕۆ بە پیری سەری ڕوداوەکان بەدروستی باس دەکات؟
هەمو باس و نوسراوەکانی پژمان و قانعی فەرد لەچوارچێوە بەرژەوەندی شەخسی و ناودەرکردنی خۆیان دایە. ئەگەر پشتگیری کۆماری ئیسلامی ئێران و جەلال تاڵەبانی نەبا، کاک عیڕفانی قانعی فەرد هەرگیز توانای ئەو هەمو کات و سەفەر و بەدواداچونانەی نەدەبوو!

کاک عیڕفان قانعی فەرد تاوانەکانی جەلال تاڵەبانی و برایم ئەحمەد کە لە ساڵی ١٩٦٦ تا ١٩٧٥ چەکداری ڕەسمی حکومەتی بەعسی ئێراق بون، دەشارێتەوە و بەشانازیەوە پشتگیری وتەکەی تاڵەبانی دەکات کە " ده‌وڵه‌تی کوردی خەونی شاعیرانە ".
لای هەموان ئاشکرایە کە قسەکانی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی زۆر حیسابیان لەسەر ناکرێت و لەبەرژەوەندی گیرفان و دەسەڵاتیان دەدوێن، تا بۆسەرچاوەیەکی لێکۆلینەوەی مێژویی کەڵکیان لێوەربگیرێت.
بۆ زانیاری خۆ جەلال تاڵەبانی ئەمەشی گوتوە " تا باکوری کوردستان ئازاد نەبێت، سەربەخۆی کوردستانی گەورە دروست نابێت". ئەم وتەیە لە بەرژەوەندی فارسە ڕەگەزپەرستەکان دا نیە، کە قەت کاک عیڕفان قانعی فەرد ئاماژەی پێنەکردوە؟
لیکۆڵەر دەبێت بێلایەن بێت و چاوتەنگ نەبێت.دەبێ بە دڵێکی گەورە سەیری ڕاستی ڕوداوەکان بکات، ئەگینا بەقەولی کاک عیڕفان قانعی فەرد دەڵێت "مێژو ڕوحم بەکەس ناکات " و ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانەش دەچێتە ناو زبڵدانی مێژو و کەسیش باوەڕیان پێناکات.
کاک عیڕفان قانعی فەرد لە گرمەی ڕۆژەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا ئەم چاوپێکەوتەنی کرد و پارتی کریکارانی کوردستان و پژاک:ی بە گروهەک وتیڕۆڕیست ناوزەدکردن. تاوانی فرۆشەری مادە سڕکەرەکانی دایە پاڵ پژاک و پ.ک.ک، بەڵام ئەو هەمو کوردەی کە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران گیرۆدە و هۆگری مادە سڕکرەکان دەکرێن، فەرامۆش دەکات و نابینیت.
سەرکردەیەکی مەزنی وەک ئاپۆ بە ناوی قاچاغچی مادەسڕکەرەکان و خۆبەدەستەوەدەری تورکیە و سیخوڕی سوریە ناودەبات، بەڵام نابینیت کە بەملوێنان کەس لە گەلی کورد خۆبەخشانە پشتگیری ئاپۆ دەکەن، چونکە دەزانن ئاپۆ نەتەنیا تەسلیم نەبوە، بەڵکۆ شۆڕشی باکوری لەچیاکان ڕا خستۆتە ناو شارەکانەوە.
کاک عیڕفان قانعی فەرد دەڵێت: ئاپۆ تورکە و تەنانەت کە گرتیان گوتی دایکم تورکە. بۆ ئاگاداری هەمو گەلی کورد، هەر لە سەفارەتی یونان لە کێنیای ئەفریقا دەرمانی "میدازۆلام" کرابووە ناو ئاو بۆ ئاپۆ و دو گریلایەکەی لەگەڵی دابون. میدازۆلام هۆشی مرۆڤ بۆ ٢ کاتژمێر پێش و ٢ کاتژمێر پاش خواردنی پاک دەکاتەوە و زیاتر لە نەخۆشخانە و زیندانەکاندا بەکاردێت. هەرشتێکی داواش بکرێت لە کەسێک کە ئەو دەرمانە خواردوە، زۆر ئاسای بەجێی دەگەێنیت. تورکەکان هەڵپەرستانە داوایان لە ئاپۆ کرد کە بڵێت من تورکم و دایکم تورکە و ئەمەیان بۆ سوککردنی نەتەوە کورد بەکار هێنا. هەرکەس تۆزەک بە وریایی لەو کاتەی گرتنی ئاپۆ بڕوانێت، کە چۆن دەموچاوی کاتی ڕفاندن و قۆڵبەستکردنی بێتەوە پێش چاو بزانێت کە ئاپۆ ئەوەندە میدازۆلامی پێدرا بو کە تا دو ڕۆژ هەر نەیدەزانی لە کوێشە تا بزانێت دەڵێت چی. ئاپۆ نە تەنیا لە ژێر گوشارەکانی تورکیە دا خۆی بەدەستەوە نەداوە، بەڵکۆ زۆر ژیرانە کار و خەباتەکەی شۆڕشگێڕانە پەرەپێداوە. هەر ئەمەش بۆتە شانازی کە بە ملوێنان کورد پشگیری بکەن. کەواتە کاک عیڕفان قانعی فەرد دەبێ داوای لێبورد لە ملوێنان کورد بکات بۆ ئەو وەتە ناڕيوایانەی کە دژی ئاپۆ و پژاک و پ.ک.ک بەکاری هێناون.
کاک عیڕفان قانعی فەرد ئەوەندە ئێرانیەکی بەرچاوتەنگە و نابینێ کە کوردەکانی بە قەولی خۆی ئێرانیش لە شارەکانی وەک سەردەشت، شنۆ و پیرانشار پیرۆزکردنی نەورۆزی ئەمساڵیان لێقەدەغەکرا.
لێکۆڵەر ئەگەر ڕاستگۆ بێت دەبێ نەورۆزی ئامەد کە بە هەمو ئاستەنگیەکانی پۆلیسی تورکیە، بە بەشداری زیاتر لە ملوێنێک کەس گیرا، وەک سەرچاوەی ڕاستیەکان ببینێت.
کاک عیڕفان قانعی فەرد، هەڵبژاردن بە باشترین و دێموکڕاتین شێوازی خەبات بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای نەتەوەکان دەزانێ و پێیوایە خەڵکی ئێران بەکوردەوە دەبوا چالاکانە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئیراندا بەشداریان کردبا. بۆ زانیاری لە ناو سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئیراندا کەسێک بیهەوێت خۆی بپاڵێوێت بۆ هەر پۆستێکی دەوڵەتی لە شۆڕای گوندێک بگرە تا شارەدار و ئەندامی پارلەمان، دەبێ ئەندامی بەسیج بێت و هەمو سیاسەتەکانی ئەم کۆمارەی پەسەند بێت، ئەگینە مافی کاندیدکردنی پێنادرێت. کەوابو ئەم هەڵبژاردنانەی کۆماری ئیسلامی چۆن دەکرێت ڕەوابن و ببنە دەرگای پێگەیشتن و ئازادی گەلی کورد؟ هەموجارێک لە ‌هەڵبژارتنی شاری ورمێ کوردەکان ٢ کورسی و ئازەریەکان ١ کورسی بەدەستدێنن، بەڵام مەلا حەسەنی کە نوێنەری وەلایەتی فەقیە، زۆر ئاسای ٢ ئازەری و کوردێک ڕەوانەی مەجلیس دەکات. کەواتە هەڵبژارتن تەنیا لە ناو سیستەمێکی ئازادیخواز دا مانای هەیە، ئەگینا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا ڕەسمیدانە بە گەندەڵکاران.

ئەم چاوپێکەوتنەی عیڕفان قانعی فەرد دەبێتە پشتگیری و ڕەوادانی فارسەکان و ئازەریەکان بۆ داپڵۆسەکان و داڕمانی زیاتری کوردستان. هاوکات لەسێدارەدانی هەزارانی وەک مامۆستا فەرزادی کە مانگەری لێدەکەوێتەوە.

هەڵسەنگاندنی هەمو وتووێژەکەی کاک عیڕفان قانعی فەرد زۆر هەڵدەگرێت و لێرەدا نام هەوێت زیاتر سەری خوێنەر بهێشێنم و تەنیا ئەوە دەڵێم، کە بەم زوانە پەڕتوکێک کە بەرهەمی ٢٥ ساڵ کار و لێکۆلینەوەیە لەم کوردستانپۆستەدا بڵاودەکەمەوە.

هاوڕێ قەندیل ١٧/١/٢٧١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە