منیش پشتیوانى لە نان بڕینەكەى عەلى مەحمود دەكەم

Saturday, 06/06/2009, 12:00

2543 بینراوە


بەڕێز عەلى مەحمود، نووسەرو روناكبیر، چالاكڤان و هەڵسوڕاوى سیاسى، رەخنەگرو شارەزا لە بوارى جینوسایدو بە دادگایى گەیاندنى تاوانبارانى. بابەتێكى لەژێر ناونیشانى(من پشتیوانى لە نان بڕین دەكەم) نوسیوە... جوان و بابەتیانە تیشكى خستوەتە سەر موچە و مەعاش بڕینى ئەو كادیرو كەسە حزبیانەى ئەمڕۆ لە ى.ن.ك هەڵگەڕاونەتەوە بەتایبەتى و هى هەمو حزبیەكان بەگشتى، بە بەهانەى چاكسازى و ریفورم و بونى گەندەڵى و ...هتد. دەرئەنجامیش ى.ن.ك بڕیارى سڕكردن و بڕینى موچەكەیانى داوە.
من دژى كردارو رەفتارى حزبیانە و ئیداریانەى (ینك و پدك)م دژى حكومەتە فاشیلەكەیانم، دژى گەندەڵكاران و دزو جەردەكانى وڵاتم كە هەموویان لە پەناى ئەم دوو حزبەوە خوڵقاون و فێركراون و سەپاون، هەر ئەم دوو حزبە سەرچاوەى هەموو خراپەكاریەكانن و بون. بۆیە دەمەوێت قسەیەكیش لەسەر ئەو كەسانە بكەم كەوا لە گردەكە، تەپۆڵكەكە، بەرزاییەكە، كۆبونەتەوەو بانگەوازى میللەت و كادرو نووسەرو چى و چى دەكەن بۆ پشتیوانیان و دەنگدان بە لیستەكەیان كە ناوى گۆڕانە..
ئەم ریفۆرمخوازانەى پەیدابون، هەمان ئەو كەسانەن شانبەشانى هەڤاڵەكانیان لەناو ی.ن.ك دا بە شەریكە بەشى پارتى، میللەت و حكومەت و حزبەكەى خۆشیان بەم رۆژە گەیاند. كام و كێ لەو كەسانەى بانگەشەى گۆڕان و ریفۆرم دەكەن، باس لە گەندەڵى و دزى و بە فێڕۆدانى سەروەت و سامانى خەڵك دەكەن، پۆستیان نەبوەو وەرنەگرتوە؟ چى لەناو حكومەت بەتایبەتى؟ و لەناو حزب؟ تواناى خۆیان تاقى نەكردوەتەوەو گەندەڵ نەبوەنە؟؟؟ كام لەوان زۆرترین خزم و كەسى خۆیان دانەمەزراندوە؟ كام لەوان یەك خانوى هەیە؟ یان یەك پارچە زەوى وەرگرتوە؟ یاخود كام لەوان بەو موچەیە دەژێت كەوا ئێستا مامیان بڕیوێتى؟
سەیرم پێ دێت خەڵكى دواى وشەى زل و بریقەدار و رەنگاو رەنگ دەكەوێت و دەخەڵەتێت؟. وەكو ئەوانەى ئەم برادەرانە ناسراو نەبن و كەس دەسەڵاتیانى نەدیبێت و لە ئاسمانە هاتبێتن..
من سەد لە سەد پشتیوانى لە گۆڕانكارى دەكەم، بە مەرجێك هەوڵێكى جدى بێت بۆ گۆڕانێكى ریشەیى و رادیكاڵى، نەك پینەو پەڕۆى ریفۆرم و ئەوەى پێى دەڵێن چاكسازى. پاشان دەبێت بزانین ئەو كەسانەى دەخوازن گۆڕان بكەن و بانگەوازى بۆ دەكەن كێن؟ و چى هاندەر بوە بۆ ئەو كارەیان؟
كێ لە ئێمە هەیە ئەو برادەرانە نەناسێت كەوا داواى گۆڕان دەكەن؟ دەسەڵاتى هەمویان بینراوە و تاقیكراوەتەوە، چى حزبى چى حكومى، من پێم شەرمە پشتیوانیان بكەم، كە ئەمەش دەڵێم لایەنگرى (ینك و پدك)نیم، شەهیدو تێكۆشەرە راستەقینەكانیانى لێدەرچێت، نەعەلەتیان لێدەكەم.. جەماعەتى گۆڕان و گردەكە، تا دوێنێ هەموو شەریكە بەش بون لە بەفیڕۆدانى سەروەت و سامانى خەڵكى و هەمویان بونە سەرمایەدار و فیرعەون و شتى زل، كەچى پاش ئەوەى مامیان لە دەسەڵات و موچەكەیان و بەخشیشەكەیانى كەمكردەوەو بینیان كۆمەڵێك زیاتر دەخوات و دەبات، بۆیە كەوتنە بانگەشەى بونى گەندەڵى و قۆرخكردنى سامانى حزب و حكومەت لە لایەن دەسەڵاتى هەردوو بنەماڵە و دارو دەستەكەیانەوەو بانگەوازى گۆڕانیان كرد.. ئەى هەژدە ساڵە ئێوە لەكوێ خەوتبون؟ باشە ئێستاش بە ئاگا هاتون.!!
بۆ پرسیارێك لە خۆتان ناكەن و بڵێن كێ تاڵەبانى كرد بە كوێخاى حزب؟ كێ ئەو هەموو دەسەڵاتەى پێدا دارایى ى.ن.ك داگیر بكات؟ هەر ئێوە نەبون؟ هەر زەعیفى ئێوەو كۆیلەیەتى ئێوە نەبوو لە بەرانبەر تاڵەبانى؟ جوانترین وتە، باشترین كارێك، دروستترین پێشنیاریك، جواترین رەخنەیەك، گەر هى خۆتان یا هى هەر ئەندامێك بایە دەتانكردە هى تاڵەبانى و بەناوى ئەوەوە بە خەڵكیتان دەگەیاند. ئەوەندە بچوكبون لە ئاستى تاڵەبانى تاوەكو كردتانە ئاغاى خۆتان و هەموشتان بونە بەڵایەك بۆسەر خەڵكى رەشوروت و هەژارو دەرئەنجام خۆشتان كۆتاییەكەیتان پێ قەبوڵ نەكرا. ئەى میللەت چى بكات هەژدە ساڵە ئێوە زوخاویان دەرخوارد دەدەن و ئازیزەكانیان لە پێناو سەروەت و سامانى خۆتاندا بە كوشتدا.
چۆن بڕواتان پێ بكەم؟ كە پێش هەمو ئازارەكانى میللەت، بەر لە هەموو دەردەسەریەكانى خەڵك و بێ كارى و بێ خزمەتیان، هاوارتان ڵى هەستاوە ئەمە چیە موچەكانتان بڕاوە.!! سایتى سبەى راپرسى بۆ دەكات و دەڵێت: تۆ لەگەڵ ئەوەداى موچەى كادیرەكانى باڵى ریفۆرم ببڕدرێت؟
بەڵى و هەزارو یەكجار بەڵى دەبێت خەڵكى هۆشیارو بە ئاگا، تێكۆشەرى راستەقینەو خەڵكى بەشمەینەت هەموو لەگەڵ ئەو رایەى كاك عەلى دا بن، كەوا نەك هەر مەعاشى ئێوە بەڵكو دەبێت هى هەموو حزبیەكان ببڕدرێت، ئێوەو ئەوانى دى لە پاى چى و لە پارەى كێ كارناكەن و موچەتان پێ بدرێت؟ بۆ نازانن تا ئێستا ئەوەى خواردوتانە، ئەوەى كۆتان كردۆتەوە، ئەوەى بەخشیوتانە، ئەوەى هەتانەو پێى رادەبوێرن هەمووى پارەى میللەتە؟ گشتى قوتى ئەو خەڵكە هەژارەیە كە ئێوە هەژدە ساڵە لێیان دەدزن و دەڕفێنن.
دەڵنیام و ئاشكرایە كەوا(ینك و پدك) گەندەڵتر و خراپتر دەبن و تا دێت خەڵكیان بە دەورەوە نامێنێت و ئێستا لەشكرێك گەورەى جەماوەرى ناڕازى هەیە لە كوردستان، رۆژێك دێت هەردوو بنەماڵە لەبەر شەرمەزارى وڵات جێدەهێڵن و هەڵدێن، بۆیە دەتانەوێت لە ئێستاوە خۆتان لێیان بێ بەرى بكەن و بە خەڵكى بڵێن ئێمە راستین و ئامانجمان گۆڕان و باشكردنەوە، كە ئەگەر وایە بۆ ئەوەى منیش و ئەوانەى وەكو من بیر دەكەنەوە بڕواتان پێ بكەین و جەماوەرتان بین، بفەرمون ئەم گۆڕانكاریە سەرەتاییانەمان لە خۆتاندا بۆ بكەن:
1) سەروەت و سامانەكانتان لە راگەیاندنەكانەوە ئاشكرا بكەن بۆ خەڵك. كە ئەگەر ئێوە جیاوازن لەوانى دیكە، چونكە پێشتر ئەم داوایە لە گەندەڵكاران كراو گوێیان پێ نەدا.
2) ماڵ و منداڵ و خێزانەكانتان لە هەندارن بێننەوە با لەگەڵ خێزان و منداڵى ئێمەدا بژێت.
3) دەستبەردارى ئیقامەو مافى پەنابەرێتیتان بن لە وڵاتانى دەرەوە.
4) بگەڕێنەوە ناو جەماوەرو لە كۆشك و تەلارەكاندا كوێخا مەبن خەڵكى زیارەتتان بكات.
ئەمانە بچوكترین گۆڕانە ئێوە بیكەن بۆ ئەوەى هەمووان بڕواتان پێبكەن كە ئێوە بەراستى خواستى گۆڕان دەكەن لە بەرژەوەندى خەڵكیدا... ئەگەر نا ئەوا ئێوەش بە دەردى ئەوانەى پێش خۆتان دەچن و شینى هەریسەكەتانەو قور بەسەر میللەتە داماوەكەم.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە