یەکێتی لە ئەزمەدایە بۆیە بەرزانی هەڵدەبژێرێتەوە

Monday, 15/04/2013, 12:00

1688 بینراوە


 





یەکێتی بۆ وادەی ئیمارەتی بەرزانی درێژدەکاتەوە!

ئەوکاتەی پارتی هێشتا دو گەڕەکی دهۆکی بەدەستەوە بو فازیل مەتنی داوەتی شەوکەتی حاجی موشیری دەکرد بۆ سەردانی لق، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە پیاوێکی گەورە سەردانیان دەکات تاکو بتوانن وەکو ڕێکلام بۆ خۆیانی بەکاربێنن، چونکە ئەوکاتە لە بادینانیش یەکێتی باڵادەست بوو.
ئەو کاتەش کە پارتیەکان باسی مەسعود بەرزانیان دەکرد دەیانگوت سەرۆک!
لە کوردستان هیچ جۆرە کیانێک نەبوو کەچی بەرزانی سەرۆک بوو!
ئەو دەمە لە پارتیەکم پرسی سەرۆک کێیە، لە وەڵامدا گوتی سەرۆک بەرزانی یە.
دو گەڕەکی بەدەستەوە بو خۆی کردبو بە سەرۆک ئێستا کە بە هەر وەسیلەیەک بێت هەشت ساڵە بووە بە سەرۆکی هەرێمێکی لەتوپەتکراو و بریندار چاوەڕێی چی لێبکەین!
ئەوە هەشت ساڵە ئەو سەرۆکە.
ئەو هەشت ساڵەی چوو بەرکوڵێکە لە حوکمی سەرۆک بەرزانی.
لەو هەشت ساڵەدا ئەوەی پێچەوانەی خواست و ئاواتەکانی کورد بو لە شۆڕشەکاندا کرا.
لەو هەشت ساڵەدا مێخەکانی خۆقایمکردن داکوتراون.
ئەوانەی بە هیوای ئەوە بون ، یان بە هیوای ئەوەن لەرێگەی سازشەوە دڵی سەرۆک نەرم کەن و بیکەنە دیموکراتخواز و خۆیان و وڵات لە شەڕێکی قورس و گران دەربازبکەن دەبێت بزانن بەو سازشانە شەڕێکی توندتر دوچاریان دەبێت.
کە چەمبەرلین لە لای هیتلەر و دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی گەڕایەوە لەندەن کەسێک کە بەو ئاشتییە زۆر غەمباربوو چەرچڵ بوو چونکە پێی وابوو ئەو ئاشتییە چ نییە هێنەری ئەو جەنگە نەبێت کە لێی دەترسان!
کەس نییە ئەوەندە گەمژە بێت چاوەڕێی ئەوە بێت ئەو پیاوەی کە ناوی سەرۆکە هەروا بە ئاسانی دانیشێت. ئەوانەی سەر بەخۆیین زۆر چاک دەزانن و کاریشیان بۆ مانەوەی کردووە، خەڵکی دەزانن و یەقینیان هەیە کە هەروا بەخۆشی ناڕوات. یەکێتیش خۆی لە نێو قوڕگی نەهەنگەکەدایە و چاک دەزانێت ماجەرا چییە.
نوسینەکانی کاوە محەمەد سەرنجم ڕادەکێشن و ئەو دیارە هەر پابەندیشە بە یەکێتییەوە، یەکێتیش ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە ڕابردوەکەی ماوەتەوە.
ئەو دەیەوێت وەک یەکێتی کوردستان لە ئەزمەدا نیشانبدات و دەیەوێت، بە دڵی حیزبەکەشی و هاوتەریب بە تیڕوانینی حیزبەکەی، ئەو ئەزمەیە، لەرێگەی سازشەوە بۆ سەرۆک و بۆ پارتیەکەی سەرۆک، بۆ ماوەیەکی کاتی چارەسەر بکرێت ئەویش لە ڕێگەی درێژکردنەوەی سەرۆکایەتییەکەوە بۆ دوو ساڵی تر، بەڵام ئەو ئەزمە سیاسیانەی بە پینەوپەڕۆ چارەدەکرێن کۆتاییەکەیان هەر تەقینەوەیە و دوای هەر پینەوپەرۆکردنێکیش تەقینەوەکان بەهێزتر و ماڵوێرانکەرتردەبن.
لە ڕاستیدا ئەزمەی سیاسی لە ئارادا نییە و ئەوەی هەیە تەنیا هەوڵی پارتیە بۆ زیاتر خۆ فەرزکردن و لانەچونی بەرزانی.
یان چێترە بڵێم ئەوەی ئەزمەی هەیە یەکێتیشە کە لەبەردەم دوڕێیانی بە گرێدراوی مانەوە یان دەرباز بوون لە وابەستەیی دایە.
ئەم دووەش بونەتە کۆی ئەزمە سیاسیەکە لە کوردستان.
ئەو یەکێتیەی بەم رۆژە گەیشتووە لە ڕووی جەماوەرەوە هەمان یەکێتیەکەی هەشتاکان نییە، فرمێسک بۆ ڕشتن دادی نادات گەر هەر بەم جۆرە هەڵسوکەت بکات.

گەر دەیەوێت سەربەخۆیانە کار بکات دەبێت تەڵاقی سیاسی لە پارتی وەرگرێت و، بە هەموو شێوەیەک هەر لە ئێستاوە بڵێت کە دژی درێژکردنەوەی یان سێبارە خۆکاندیدکردنەوەی سەرۆکە و، ڕاشیبگەیەنێت کە بە لیستی جیا دەچێتە هەڵبژاردنەوە و، دوای هەڵبژاردنیش بە دور لە پارتی ئیختیاری تر بگرێتە بەر.
بێ سڵەمینەوەش گۆڕانکاری لە بونیادی خۆی و لە فەلسەفەی حیزبایەتی خۆیدا بکات. پەیکەری ڕێکخستنەوەی خۆی داڕێژێتەوە و خۆی لە هوتافی چەپێتی درۆینە و لە واقیعی گرێدراوی بە پارتیەوە ڕزگاربکات و، مەکتەب سیاسیەکەی هەڵوەشێنێتەوە و سەرکردایەتیەکەی کەمبکاتەوە و سکرتێری حیزبەکەشی کاری سەرەکی ڕێکخستنی حیزب بێت نەک دەمڕاست و بڕیاردەری یەکەم. سیاسیە بازرگانەکان خانەنشین بکات و لە ڕووی سیاسیەوە خوێنی نوێ بکات بە جەستەی خۆیدا. سزای هەموو ئەو ئەندامانەشی بدات کە لە ئاستی مەسئولیەتدان و دەستیان لە تاوانەکانی ١٧ ی شوباتدا هەیە، چونکە ١٧ ی شوبات چەند بەرۆکی پارتی دەگرێت دوو هێندە بەرۆکی یەکێتی دەگرێت.
واز لە دروشمی یەکێتی نێو یەکێتی و پاشخانە ڕوخێنەرەکانی تاڵەبانی بێنێت و، دنیابینیەکی نوێ دور لە دنیابینی تاڵەبانی بۆ خۆی گەڵاڵە بکات. دنیابینی تاڵەبانیش سەرەتا بە دژایەتی ماڵی مەلا دەستیپێکرد و دواتریش بە سازش و پەشیمانبونەوە تا گەیشت بەم ڕۆژە. ئەو میراتە هۆکاری گەورەترین سازشی ئەو حیزبەشە بۆ پارتی و سەرۆک کە بە ڕوکەش لەبەر خاتری کورسیە بەتاڵەکەی تاڵەبانیە لە بەغداد.
لە ڕووی ڕێکخستنیشەوە خۆی لە میراتی تاڵەبانی دەربازبکات، کە یەکەم و دوا پارۆلی یەکێتی نێو یەکێتی بوو کە یەکێتی نەبوو بەڵکو پەرتکردن و زاڵبون بوو، ئەم پارۆلەش پیویستی بە شیکاری و هەڵوێستە لەسەرکردن هەیە.
بە کورتی بڵێم یەکێتی هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە یەکێتی لە نێو لایەنەکانیدا نەبووە بەڵکو ئارەزومەندانە لەگەڵ یەک بوون، سەرەتا هەر لایەنە و وەک موزایکێک ئەو نیمچە بەرە شۆررشگێڕەیان پێک هێناوە کە جوانترین ڕوخساری قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵکە ڕاستگۆ و خۆنەویستەکەی بووە، ناشیرینترین لایەنیشی شەڕی براکوژیەکانی بووە، لە ئێستاشدا ئەو موزایکە ژەنگی لێنیشتووە و پارچەکانی یان باڵەکانی نێوی بە زۆر پێکەوە لکێنراون و جوانترین بەشەکانیان هەڵوەریون.
کە ویلایەتی بەرزانیش درێژدەکاتەوە لەبەر بونی ئەزمە نییە بەڵکو لەبەر ئەوەیە خۆی لە ئەزمەدایە!
هەڵنەبژاردنەوەی بەرزانیش لەلایەن یەکێتی مانای دژایەتیکردنی ئەو نییە بەڵکو بڕیاردانی دواڕۆژی خۆیەتی دور لە فشاری ئەو.
وازهێنان و دانیشتنی بەرزانی ئەزمە نییە بەڵکو ڕێڕەوی ڕاستەقینە و دروستی ئەو پرۆسەی بە دیموکراریزەکردنەیە کە ئیدعای بۆ دەکەن.
شایانی گوتنە کە چەند دەنگێک لەم کاتەدا لە نێو یەکێتی دەبیسترێن باشە گەر تەبەنی بکرێن و هان بدرێن و ڕاستگۆیەتیەکەیان تاقیبکرێتەوە لەوانەش نوسەری فەردە دۆلارەکان، بەڵام ئەو خۆی یەکێکە لەوانەی زۆر بانگەشە بۆ میراتەکەی تاڵەبانی دەکات و لەبەر ئەو میراتەش وابەستەی ڕێکەوتنە ستراتیژیەکەی پارتی و یەکێتییە و نایەوێت ئەو نەفرەتە ببینێت کە ئەو ڕیکەوتنە دەیبارێنێت و، لە هەمانکاتیشدا ئەو وابەستەییەشی گومان و نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر جدیەتی لەو باسانەی دەیانوروژێنێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە