ئەمە پلنیۆم بوو، ئەبێ تاڵەبانی لە كۆنگرە چ گوێزێك بشكێنێت؟!

Tuesday, 10/11/2009, 12:00

1661 بینراوە


تاڵەبانی بە هۆی نەبوونی هیچ حەداسەتێك بۆ حیزبەكەی لە پلنیۆمدا هێڕشكردنە سەر نەوشیروان مستەفای كرد بە ئەلتەرناتیڤی پاكسازیی و چاكسازیی و زوبانی گوڵیشی كرد بە كۆمەڵێك تۆمەتی نا مەنتیقی كە ئەو جۆرە ئاكارانە هەر لە خۆی دەوەشێتەوە و پیرۆزی بێت، پێشینان راستیان وتووە خویەك گرتت بە شیری تەركی نادەی بە پیری!
من لێرەدا بە هیچ شێوەیەك نامەوێت قسە لە سەر پلنیۆم و ئەو بێ متمانەییە بكەم كە ئەمڕۆ لە نێو مەهزەلەی ئەو حیزبەدا بەرجەستەیە، بەڵكو دەمەوێت قسە لەسەر كاراكتەری خودی تاڵەبانی و بە شێوەیەكی ئەكادیمیانە راڤەی باری دەروونی بكەم، چونكە بە بێ راڤەكردنێكی زانستیانە ناتوانین بگەین بە هیچ دەرەنجامێك.
پێشەكی پێم باشە ئەوە بخەمە پێش چاوی خوێنەرانی خۆشەویست، بە چ پێوەرێك ئەمڕۆ ئەوانەی وا خۆیان بە پەڕو باڵی خەتی گشتی دەزانن و بە زوبانی خۆیان ئەوان جەلالین نەك یەكێتی؟ ئەو هەموو تەنازولەی مامیانیان پێ هەزم دەكرێت كە سكرتێری حیزبەكەیان بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەیكات؟ ئایا ئەگەر كاراكتەری تاڵەبانی بریتی نەبێت لە كاراكتەری كەسێكی دوو فاقی؟ چۆن لە دوای ئەوەندە ساڵ لە شەڕ و پیلانگێڕی دژ بە بنەماڵەی بارزانی و سڕینەوەیان لە زیهنی تاكی كورددا بە شێوەیەكی سیستماتیك؟ خۆی بە كەسێكی بەختەوەر دەزانێت كە دەرچووی هەمان قوتابخانەیە؟! كەواتە لێرەوە دەگەین بە فاكتی كاراكتەری راستەقینەی ئەو و ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت كە ئەو لە گەڵ كەسی بەهێزدایە، بۆیە زۆر بەلایەوە ئاساییە ئەگەر عومر دەرفەتی بدات سبەینێ پارتی بەلاوازی ببینێت هەمدیسانەوە بكەوێتەوە ناشرینكردنیان! سەرۆكی پارتی بەچاكی لە فاكتی تاڵەبانی گەیشتووە، بۆیە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا لە یەكێك لە بەرە قێزەونەكانی شەڕدا كە كەوتبووە ژێر چنگی هێزەكانی پارتییەوە، ئا لەوێدا پەیامێكی ئاراستەی خودی تاڵەبانی كردو وتی:"لێرەوە بە جەلال تاڵەبانی دەڵێم، با ئیتر واز لەم وڵات و ئەو وڵات بهێنێو بێتەوە بۆ لای ئێمە، دوژمنان چەندی دەدەنێ، ئێمە دە ئەوەندە"؟!!!
خۆ ناكرێت سەرۆكی پارتی هێندە بێ ئاگا بووبێت لەوەی كە نەوشیروان لە پشت شەڕەكانەوەیە نەك جەلال! ئەمە بۆ خۆی جوانترین بەڵگەیە كە پێویست بە هیچ جۆرە روونكردنەوەیەك ناكات.
تاڵەبانی لە دووای ئەوەی لە گەڵ خەزوریدا تووشی هەرەس بوون و چەكی جاشایەتی لە گفتوگۆی ساڵی حەفتا پێیان رەوا نەبینرا، بەشێوەیەك بایدایەوە ئەگەر پارتی تووشی شكست نەبوایە رەنگ بوو خۆی بكردایە بە كوڕە گەورەی بارزانی، بۆیە لە دوای شكستەكەی پارتی بیرۆكەی ئەوە لە مێشكیدا گەڵاڵە بوو كە كار لە سەر ناشیرینكردنی پارتی بكات، بۆیە یەكێك لەو خالانەی كە بە بەردەوامی جەختی لێدەكرایەوە لە لایەن پێشمەرگەكانی ی ن ك ەوە لە كاتی دابەشبوونیان بۆ نان خواردن لە دێهاتەكانی كوردستان، ئەویش باسكردنی شۆڕشی ئەیلول بوو وەكو شۆڕشێكی بەكرێگیراو ناشیرینكردنی وێنەی بنەماڵەی بارزانی و نانەوەی جیا خوازی بوو لە نێوان سۆران و بادیناندا! بۆ پشت راستكردنەوەی وتەكانیشم، تا هەنووكە زۆرێك لە هەوادارانی ئەو حیزبە مەشحوونن بەو جۆرە بۆ چوونە نا مەنتیقیە.
تاڵەبانی بەو شێوە بیركردنەوەیەی لە بەرنامەیدا بوو رۆڵی ئیسلام ببینێت، بەڵام بۆی نەچووە سەر، نەك بۆی نەچووە سەر بەڵكو لە كۆتاییدا مێژووی پێش خۆی فەرزتر كرد بە سەر ئەو مێژووەی كە لە هەوڵی سڕینەوەیدا بوو؟!
پڕ ئاشكرایە كە یەكێتی لە سەردەمی شاخیدا هێندەی شەڕی پارتی و لایەنەكانی دیكەی دەكرد، مەبەستی نەبوو شەڕی حكومەت بكات، بۆیە ئەوەندەش ئیشی لە سەر شۆردەنەوەی ئەقڵی پێشمەرگەو لایەنگرانی دەكرد بۆ ناشیرینكردن و ناوزڕاندنی پارتی و سەر كردایەتییەكەی، تەنانەت لە مفاوەزاتی ساڵی هەشتاو چواردا ئەوەی داوە بە گوێی ئەفسەرێكی پلە داری لێژنەی تەنسیقی بەعسدا كە بەرزانییەكان لە بنەڕەتدا عێراقی نین بەڵكو ئێرانین! گریمان شەڕەكان نەوشیروان مستەفا لە پشتییانەوە بووە؟ بەڵام خۆ ناكرێت هەر خودی نەوشیروان لە پشت بیركردنەوە جنونییەكانی تاڵەبانیشەوە بوو بێتن؟!
تاڵەبانی لە هەمووان باشتر درك بەوە دەكات كە ئەوانەی وا لە ریزی ئەو ماونەتەوە، ئەو خەڵكانەن كە بە شوێن بەرژەوەندییانەوەن، چونكە ئەو خۆی باش ئەو راستییە دەزانێت ئەگەر ئەوانە خاوەن هەست بن لە گەڵ رێزی زۆرم بۆیان، هەر ئەو كاتەی وا تاڵەبانی لە بەردەم مارلین ئۆلبرایدا بۆ مەسعود بارزانی نوشتایەوە و پاشان لە دووای پرۆسەی ئازادیی بە بێ هیچ سڵەمینەوەیك خۆی بەوە بە بەختەوەر دەزانی كە دەرچووی قوتابخانەیەكە بەڵام بە درێژایی تەمەنی بێ نمەك بووە لە بەرانبەریدا!
تاڵەبانی یەكێكە لە سەركردە فاشیلەكانی جیهان، چونكە هەڵگری هیچ جۆرە پڕنسیپێك نە بووەو نییە لە ژیانیدا، ئەو هەمیشە بە شوێن بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیەوەیەتی، تاكە شتێك كە بێ لێپرسینەوە لێی دەربازی بێت لە مێژوودا، ئەو كورسیەیە وا لە سایەیدا لە هەواڵەكانی حیزبەكەی خۆی فەخامەتی وڵاتێكی مەهزەلەی لێ هاتە دونیاوە، چونكە تاكە شتێك كە بووە بە حەسرەت لە نێو دڵیدا، ئەویش ئەوەیەى كە تەمەن دەرفەتی نادات تا لە رێی سەرۆك بوونییەوە خۆی هەڵبژێرێت بۆ بە ئەندام بوون لە یەكێك لە پارتە سیاسییە عەرەبییەكاندا، تا ئەوانیش هەڵی بقووڕێنن!
رەنگە ئەگەر رۆژێك پرسیاری ئەوەی لێبكەن و بڵێن بۆ لە ساڵی نەوەدو یەك ئەملاو ئەولای سەددامی دیكتاتۆرت ماچ كرد، ئەویش بخاتە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا! تالچەبانی خۆی و حیزبەكەی بە ئاگر دەكەن، بۆیە ئەگەر ئاگر شتێك نەبێت بیخوات ئەوە خۆی ئەخوات؟ ئەو حیزبە لە ئاشتیدا ناتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، چونكە هەمیشە وەكو بەعس شەڕی كردووە بە تەواوكەری سیاسەت، بۆیە زۆر ئاساییە ئەگەر بۆی بكرێت ئەمجارەیان لە پێناو مانەوەی خۆی شەڕی گۆڕان و جێگرەوە كۆنەكەی خۆی بكات! بەڵام بە داخەوە بۆی ناكرێت، چونكە باش ئەو راستییە دەزانێت خۆی سەری تیا دەچێت! بۆیە ئاساییە ئەگەر ئەم رەوشە بەم شێوەیە درێژەی هەبێت، رەنگە بۆ كۆنگرە ئەمجارەیان نەك گوێز، بەڵكو تەقڵە بە فیل لێبدات؟!
ستۆكهۆلم
2009/9/11


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە