مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


پشتئاشان، لە بیرەوەریی پێشمەرگەیەکی ٢١ ساڵییەوە

Tuesday, 24/04/2012, 12:00

7158 بینراوە


چەند ڕۆژێکی تر یادی ٢٩ ساڵیادی ڕووداوەکانی پشتئاشانە ١٩٨٣
ڕەنگە لە مێژووی شەڕەناوخۆییەکانی کوردستاندا، کوشتارەکەی پشتئاشان زۆرترین قسەی لەسەرکرابێت، شانسی ئەوەی هەبووە کە هەموو بەرە و لایەنەکانی شەڕەکە لەیادوەری و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەدا بەشداربن .. سەرکردە و کەسە مەیدانیەکانی شەڕەکەش لەهەردوولاوە، یەکیەتی (نەوشیروان مستەفا) و شیوعی (محەمەد ڕەسوڵ هاوار) بەشی خۆیان باسیان کردووە. جگە لەو دەیان کتێب و وتارانەی ئەنسارەکان بە زمانی عارەبی بڵاویان کردۆتەوە.
لێرەدا من نامەوێت بچمەوە سەر وردەکاریەکانی هۆکار و چۆنیەتی شەڕەکە ، بەڵام وەک بەشداربویەکی تەمەن بیست و یەک ساڵانەی شەڕەکە، چەند دیمەنێک هەیە وەک شایەت حاڵێک لە یادوەریمدا بۆ هەمیشە دەمێننەوە . خۆشحاڵانە ئەوکاتانەی ژیانی خەباتی چەکداری چیاکان ، وەک ئارەزوویەک خاتیرەکانی خۆم دەنوسیەوە ، لەپاش ٢٩ ساڵ کە سەیری وێنەکانی ئەوکاتە و ڕۆژەکانی شەڕەکە دەکەمەوە، ئەو رۆژگارە دەخەمەوە ژێر پرسیارەوە. هەناسەساردی و ئەسەفەکانی شێوازی ئەو خەباتەم بیردەخاتەوە کە بەسەر چیاکانەوە فێریان دەکردین چۆن ببینە دوژمنی یەکتر . 
یوسف توڕەیە و برایم جەلایش دەڵێ شتێک دەقەومێت!
سەرلەبەیانی ١٨ی نیسانی ١٩٨٣، بە یاوەری برایم جەلال کە ئەوکاتە ئەندامی مەڵبەندی سێ ی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بوو ، من و شەهیدمستەفا سوڵتانەدێی و سمایل وەرتی، لە بنکەی مەڵبەندەوە لە وەرتێ بەرەو دۆڵی خانەقا بەڕێ کەوتین . بە دەم ڕێگاوە سەردانی هەندێ شوێن و کەسایەتیمان کرد ، لەوانە شەهید حەسەن کوێستانی کە فەرماندەی تیپی ١٢ی سۆران بوو ، پاشان چوینە دیدەنی قادر خەبات کە سەرتیپی ٧٤ ی باڵەک بوو، تا پاش نیوەڕۆکەی گەیشتینە زارگەلی و شەوەکەی گەڕاینەوە لە کەرتی ڕێکخستنی چۆمان لاماندا.
کاک یوسف بەرپرسی کەرتی ڕێکخستن بوو، ئەو شەوە کاک یوسف سەرسەختانە ڕەخنەی لە شێوازی خەباتکردنی شاخ دەگرت، نەیدەتوانی توڕەبوونەکەی بشارێتەوە کە بە دەنگی بەرز لە گفتوگۆدابوو لەگەڵ برایم جەلالدا. ئەو بەرپرسەی کەرتی ڕێکخستن دەیگوت : ئەو پەیڕە و پرۆگرامەی ئێمە لە شار خۆمان پێ گۆش کردەوە ، هانمان ئەدات بێینە شاخ و گیانفیدایی بۆ بکەین، لێرە چ مانایەکی نامێنێت ، ئێرە دونیا و واقیعێکی ترە جیاواز لەوەی لەشارەوە خۆمان لەسەر ڕاهێناوە. 
برایم جەلال بۆ ئەوەی هەڵچوون و توڕەییەکەی کاک یوسف هێوربکاتەوە و پێشمەرگەکانی تریش گوێبیستی هەموو گرژیەکە نەبن، لەگەڵ یوسفدا چونە ژوورەکەی ئەودیو و درێژەیان بە گفتوگۆکەیاندا.
بۆ سبەی گەڕاینەوە بۆ وەرتێ، بەدەم ڕێگاوە لە کاک برایمم پرسی: هۆکاری ئەم سەردانە خێرایەمان چی بوو؟
بە ئەسپایی گوتی: لای کەس مەیدرکێنە ، لەم ماوەیەدا شەڕێکی گەورە لەم ناوچەیە ڕوودەدات. 
دیاربوو پلانی شەڕەکە داڕێژرابوو، سەرکردایەتی یەکیەتی نەخشەکەیان بۆ ئامادەکردبوو و نەوشیروان مستەفاشیان ڕاسپاردبوو سەرکردایەتی شەڕەکە بکات. 
سەدیقە لەدودەکانی یەکیەتی نیشتمانی!
لە زمانی عارەبی و کوردیشدا، دوژمنی سەرسەخت هەیە کە دەکاتە (عدو لدود)، بەڵام جەلال تاڵەبانی بۆ هەندێک لە شیوعیەکان ئەم پەندەی هەڵگەرانبوویەوە و ناوی نابوون هاوڕێ سەرسەختەکان (سدیق لدود) وەکو بەهادین نوری و فەخری کەریم و کەریم ئەحمەد، بەڵام وەک لەناو یەکیەتیەکاندا باوبوو بە باقی شیوعیەکانی تریان دەگوت لە پارتی، پارتی ترن.
لە ٢٦ ی نیساندا جارێکی دیکە گەڕاینەوە بۆ دۆڵی خانەقا ، ناوچەکە ئاڵۆسکابوو و بۆنی شەڕی لێدەهات. هەموومان بەهۆی هەواڵی گیرانی مەڵبەندی چوارەوە لە دۆڵی بالیسان توڕە و شێتگیربوو بوین کە لە لایەن بەرەی جودەوە گیرابوو . ئەمەش باشترین هەلێک بوو بۆ ئەوەی پلان و نەخشەکەی سەرکردایەتی یەکیەتی بکەوێتەوە بواری جێ بەجێ کردنەوە، چونکە شیوعی سەدیقە لەدودەکانی یەکیەتی چووبونە بەرەی جوودەوە کە پارتی سەرپەرشتی دەکردن. بەهۆی شەڕی بەرەی جوود و یەکیەتیەوە مەڵبەندی سێ و چوار پەیوەندیەکانیان بە سەرکردایەتیەوە پچڕابوو ، هێزێکی گەورەش لە سەرکردایەتیەوە بەرەو بناری قەندیل و دۆڵی قەڵاتووکان جوڵەی پێکرابوو، هیچ ڕێگەیش نەبوو کە بتوانین لە سنووری دۆڵی پشتئاشانەوە ڕەت بین چونکە ناوچەی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بوو.
شەڕ بێ جیهازی لاسلکی ناکرێت! 
لە ٢٧ ی نیساندا جیهازی بێ تەلەکەی مەڵبەندی سێ پەکی کەوت، لەو ساتە هەستیارانەدا بە تەواوی پەیوەندیەکان پچڕابوون. کاک برایم جەلال، شەهید محەمەدی حەسەنە گەورەی برامی ڕاسپارد بەهەر شێوەیەک بووە بگاتە سەرکردایەتی و لەوێوە جیهازی بێ تەلێکیان فریا بخەن . شەهید محەمەد و شەهید حەسەنی ئامۆزا و بەندە، تەنیا ڕێگەیەکمان بۆ مابوویەوە کە پیایدا بگەیەنە سەرکردایەتی، ئەویش بەناو هێزی هەزاران جاش و سوپای حکومەتدا بوو کە لە ڕانیەوە بەرەو دەشتی سەنگەسەر بڕۆین، هەمان شەوی ٢٧ لەسەر ٢٨ی نیسان لە دۆڵی پڵنگانەوە بەبناری کێوەڕشدا پەڕینەوەبۆ سەنگەسەر، لەبەر ئەوەی نەخۆشی زۆری بۆ هێنا بووم نەیانهێشت من ڕێگەکەیان لەگەڵ تەواو بکەم من بەتەنیا گەڕامەوە بۆ دۆڵێ . شەهید محەمەد و شەهید حەسەن شەوێک دواتر گەیشتبوونە سەرکردایەتی و جیهازەکەیان و وەرگرتبوو و گەڕابوونەوە، لەولاشەوە بێ تەلەکەی سەرکردایەتیش پەکی کەوتوبوو و هاوکات لە نزیک قەڵاتوکانەوە کەوتبوونە بەر هێرش و بۆردمانی تۆپەکانی ڕژێم چەند پێشمەرگەیەک شەهید بوون کەناوەکانیانم بیر نەماوە.
ملازم عومەر، شەهید محەمەدی ڕاسپاردوو کە ئەو جیهازەی وەریگرتووە بیگەیەنیتە بناری قەندیل، لەهەمان کاتدا لە ئێستگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە ، بانگەوازیان کرد (ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ محەمەدی حەسەنە گەورەدان بگەڕێنەوە بنکەکانی خۆیان) بۆیە منیش لەگەڵ بیستنی بروسکەکەدا خۆم پێچایەوە و بەرو گوندی وەرتێ بەڕێ کەوتم . ئێوارەکەی گەیشتمەوە مەڵبەند. چەند پێشمەرگەیەکی کەم لە بارەگای مەڵبەند مابووین ، بۆیە ئەوشەوە بەدەوری مەڵبەنددا دابەش بووین.
بۆ سبەی بەڕێ کەوتم بەرە دۆڵی خانەقا، کە مەڵبەند بۆ سەرپەرشتی شەڕەکە چووبونە ئەوێ، شەهید محەمەد لەسەر ڕاسپاردەی ملازم عومەر بێ تەلەکەی گەیاندبوویە هێزەکەی نەوشیروان مستەفا، پاشان لە ڕێگەی بەستەسێن و ڕانیەیەوە گەڕایەوە دۆڵێ .
هیوا و وریا .. وەک کوڕەکانی یەعقوب 
ئەوکاتانەی شەڕەکانی شاخ، هەمیشە سەرگورشتەی کوڕەکانی یەعقوبم دەهاتەوەبیر کە چۆن دەستیان دەچێتە خوێن و گیانی یوسفەکانی برایان. هیوای مام مەغدیدی کۆیی و وریای مام قادر، دووهاوڕێ و دووبرای گیانی بەگیانی بوون. لەبەر ئەوەی هەردووکیان پێکەوە لە پۆستی سەنگەسەر پێکەوە فەرمانبەربوون ئێمە پێیان ئاشنابووین. ڕۆژگاری سیاسی و حیزبی هەریەکەیانی گەیاندبوو بە لایەنێکی دژبەیەکی شەڕەکە. کاتێک شەڕ دەکەوێتە قەڵاتوکان هیوا لەمەقەڕی حیزبی شیوعی بەرگری دەکات و وریاش لەگەڵ هێزەکانی یەکیەتیدا هێرش دەکەنە سەریان. وریا بانگیان ئەکات خۆیان بدەن بەدەستەوە و تەسلیمیان بن و هیواش قبوڵی ناکات. لەو شەڕەدا هەدوو هاوڕێ یەکتر دەکوژن. هیوا تاقانە کوڕی مام مەغدید بوو کە ساڵی ١٩٧٤، مام مەغدید بەهەڵە لە تاپڕەکەیەوە کوڕێکی تری خۆی شەهید کردبوو .. 
ئەوسەردەمانە ئەوەندەی فێری یەکتر کوژی، ڕق بونەوە لە یەکتری، چەککردن و چاڵ بۆ هەڵکەندنی یەکتریان دەکردین، نیوئەوەندە فێری دوژمن ناسیان نەکردین .
هەموومان بووبوینە کوڕەکانی حەزرەتی یەعقوب و ڕاوە یوسفەکانی ناوخۆمان دەکرد، کە هەمان ئەزموون و مەکتەبی یەکترکوژیەکی شاخیشیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە ناو شارەکان و تائەمڕۆش کوردستان جگە لەپارچەبوونی نێودەوڵەتی، لەناوخۆشیدا دەیان پارچە و هەلاهەلای دەستی سیاسەتی حیزبایەتی و خێڵە سیاسییەکانە . 

لە ژیر ئەم وێنەیە نوسرابوو ٥/٦/١٩٨١ الزورا بغداد عند یوم خگبوبه‌

پشتئاشان گیرا
هێزەکەی سەرکردایەتی لە پشتئاشان نزیک ببونەوە، لە قۆڵی خۆرئاواشەوە هێزێک لە تیپەکانی مەڵبەندی سێ یەوە ئابڵۆقەی سەر دۆڵەکەیان توند کردبویەوە . 
ئەو هێزەی ئێمەی تیادا بەشداربووین کەمترین ڕووبەڕووبونەوەمان توش بوو . 
لە چواری ئایاردا هەواڵمان پێگەیشت کە بیست پێشمەرگەمان لە نێوان چیای کارۆخ و هەندرێندا لە زینووی سەڵان لەلایەن هێزێکی هاوبەشی حسک و شیوعیەوە گەمارۆ دراون.. ئێمەیان ڕاسپارد بچین بەهانایانەوە ، کۆمەڵێک پێشمەرگەی مەڵبەندی ٣ کە بریتی بووین لە (من و ڕۆستەم و سەید ئەحمەدو کەمال و شۆڕش کۆیی و عیزەدین و ئازاد... بەرەو گوندی دەرگەڵە بەڕێ کەوتین. ئێمە لە ڕێگادا بووین هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت کە پشتئاشان گیرا، .لە زینووی سەڵان نزیک بوینەوە، لە دوورەوە دەنگی شەڕە تەقەمان دەبیست، کاتێک نزیک بوینەوە دایانینە بەر دەستڕێژ، ئێمە سەرەتا نەمانزانی پێشمەرگەکانی یەکیەتی لەچ قٶڵیکن، پێمان وابوو ئەوان بەهەڵە تەقەمان لێدەکەن، هاوارمان لێکردن کە تەقەمان لێ نەکەن، بەڵام سوودی نەبوو زیاتر دایانگرتینەوە، دیاربوو هێزە هاوبەشەکەی بەرەی جوود کە پێکهاتبوون لە حسک و شیوعی جێگەکانی خۆیان قایم کردبوو. ئێمەش دامەزراین و لەوکاتەدا هیزێکی تری یەکیەتی لە مەڵبەندەوە بە فەرماندەی ملازم فوادچەلەبی هاتن بەرەوشەڕەکە، ملازم فوئاد یەکی پەڕۆیەکی سپی بەسەرماندا دابەشکرد کە بیبەستین لە باڵمان تا یەکتر بناسینەوە، بەهۆی بێ تەلەوە توانیمان شوێنی بیست پێشمەرگەکەی خۆشمان بدۆزینەوە کە گەمارۆدرابوون . تا سەعات سێ ی پاش نیوەڕۆ شوێنەکانی خۆمان دیاری کرد و ئامادەبوین بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکەی بەرەی جوود. لە کاتانەدا تەنیا چەکێکی قورس کە پێمان بوو (ژێ سی) یەک بوو کە بەمن بوو، لەوکاتەدا پێشمەرگەیەکی زاخۆیی کە ناوی یەکترمان نەدەزانی بە ناوی چەکەکەمەوە بانگی دەکردم ، وەرە ژێ سێ با هەڵکشێین بەرەوبەرزاییەکەی زینوو، بەهەر شێوەیەک بوو خۆمان گەیاندە بەرزاییەکەی زینووی سەڵان کە هێزەکەی جوود سەنگەریان تیا قایمکردبوو. ئەوان پاشەکشەیان کرد و ئێمەش لە شوێنیان دامەزراین. ئێمە بیست کەسێک دەبووین کەسەرکەوتین جگە لەو بیست پێشمەرگەی تر لەو شەڕەدا بی زیان بووین، ئێوارە داهات و کزەبایەکی ساردی ئەو کوێستانەش گیانمانی هێندەی تر شەکەت کردبوو، بێ تفاقی و بێ خۆراکیمان پێوەدیاربوو. بەهۆی سەختی شەڕەکەو درێژ خایەنی زوربەی پێشمەگەرکانی سەر زینوو هەبوو تەنیا چەند فێشەکێکی پێ مابوو، دەبوایە خۆشمان بۆ شەڕی سبەی ئامادەبکەین . هێزەکەی جوودیش لەوناوەمابوونەوە و خۆیان نەدا بەدەستەوە، هەرچی بانگمان لێ کردن کە سەرکردایەتیان گیراوە و ئەوانیش دەبێت تەسلیم بن ، بەڵام بە تەقە وەڵامیان دەداینەوە. چارمان نەمابوو دەبوو هەرچۆنێک بووە خواردن و فیشەک فریای هێزەکەمان بخەین، لەگەڵ ملازم فوئادا پێک هاتین, کە پێشمەرگەیەکم لەگەڵدا بنێرێت، بگەڕێینەوە بۆ مەڵبەند تا خواردن و فیشەک بهێنین. بەهەر سەرچڵی و ماندووبونێک بێت بە نشێوەکەدا لە سەعات دوانزەی شەودا گەیشتینە گوندی دەرگەڵە .بۆ بەیانی تفاق و ئازووقەکە ئامادەکرا ، لەبەر ئەوەی ئێمە زۆر ماندووبوین بە چەندکەسێکی تردا بەڕێ کرا بۆ ‌هێزەکەی زینووی سەڵان.
بەعسیش هەروای لێدەکردین
تا شەڕەکە لە کۆتایی نزیک بایاتەوە، ئاسەوارەکانی زیاتر دەردەکەوتن، ژمارەی کوژراو و دیلەکانی ڕونتر دەبویەوە . قەبارەی کارەساتەکە گەورە و گەورەتردەبویەوە.
ئەوبەیانیە لە دەرگەڵە کاک برایم جەلالم دیەوە ، هەواڵی محەمەدی برامی پرسی، منیش هەرئەوەندەم لێ بیستبوو کە لە ئیستگەکەوە بیستبووم. هەرچەندە پاشتر زانیمان ئەو شەوە لەگەڵ حەسەنی ئامۆزا گەیشتبوونەوە خانەقا . 
هەواڵی دیلکردنی ئەحمەد بانیخێڵانیمان بیست، ئەرکی گواستنەوە دیلەکان کەوتە سەرشانی پێشمەرگەکانی مەڵبەند.. لەبەر ئەوەی هەر هێزە و ژمارەیەک دیلی خۆیان لابوو و ئەرکی گواستنەوەشیان کەوتە سەرشانی ئێمە دەبوو بەجیا بڕۆین کۆیان بکەینەوە .. یەکێک لەو دیمەنەدڵتەزێن و وێژدان هەژێنانەی هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە دیمەنی ئەو چوار خانمە دیلە بوو چووم بیانهێنم تا لەگەڵ دیلەکانی تردا بیانبەین بۆ وەرتێ .. خانمێکیان سەر و قژ خوێناوی، سەرتاپای گیانی پەڵەخوێنی برا و دەستگیرانە شەهیدەکەی پێوەبوو، لەچاوانیان نەفرەت و بێز و توڕەیی دیاربوو، لێیان نزیک بوومەوە و سڵاوم لێ کردن کەهاتووم لەگەڵ خۆم بیانبەم بۆ وەرتێ. ئەوانیش هیچیان نەگوت و بە بێدەنگی لەگەڵمدا هاتن.. بەدەم ڕێگاوە نەمدەزانی چی بڵێم ، داوای لێبوردنیان لێ بکەم یان بۆیان روونبکەمەوە کە ئێمە لەسەرحەقین یان ئەوان .. سەرخۆشیان لێ بکەم و هاوبەشی کۆستەکەیان بم یان وەک هەر سەربازێکی مەیدانی جەنگ وای نیشان بدەم کە من فەرمانەکانی ژەنەراکەم بەجی دەهێنم .. هیچ قسەیەک، هیچ روونکردنەوەیەک، هیچ دڵناوایی و هاوخەمیەک هێندەی ئەو غەمباری و گریانە بێدەنگە نەبوو کەلەچاویاندا دەمدی .. یەکێکیان هەستی دەکرد کەمنیش حەزم لەو بەشداری و دیتنی ئەو دیمەنە جەرگبڕانە نەبوو کە ڕوویاندا، هەر ئەوەندە دواندمی کە ووتی: ئەوەی ئێوە بە ئێمەتان کرد هەر ئەوەیە، کە بەعس پێمان دەکات و تاکۆتایی ڕێگەکە بە بێدەنگیەکەیان هێندەی تر ئازارم چەشت. 
کاک نەوشیروان و مامەڕیشەش گەیشتن
لە حەوتی ئایاردا هەموو هێزەکەی سەرکردایەتی گەیشتنە مەڵبەندەکەی ئێمە . . بۆ یەکەم جار بوو من مامە ڕیشە ڕووبەڕووببینم. کۆی هێزەکان هێندە زۆر بوو ئەو ناوە جمەی دەهات. مامە ڕیشەش لەناو ئاپۆرای پێشمەرگەکان و گوندنشینەکانی هەر بابا بوو وێنەی لەگەڵ دەگرت. پێشمەرگەکانی گەرمیان بەجۆرێک پۆشتەو پڕ چەک بوون کەخەڵک سامی لێ دەکردن . 
بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی کە بەدیل گیرابوون لە ژوورێکی مەڵبەنددا زیندان کرابوون. لەپاش ئەوەی نەوشیروان مستەفا چویە لایان و کۆبونەوەیەکی داخراویان کرد ، هەر ئەوڕۆژە ئازادکران و پاشتریش ئەو دیلانەی لەلای ئێمەبوون لە مەڵبەند ئەوانیش ئازادکران. وردە وردە هێزەکان بلاوەیان دەکرد و دەگەڕانەوە مەڵبەند و سنوورەکانی خۆیان. جگە لەو هێزەی لە گەرمیانەوە هاتبوون کە چەند ڕۆژێک لای ئێمە مانەوە هەر بەشە و بەرو سنووری خۆیان گەڕانەوە ئەو هێزەشی لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا بوون بەرەو مەڵبەندی چوار لە دۆڵی بالیسان بەڕێ کەوتن. 
شەهیدێکمان بەخاک سپێردرا، پاشتر زیندوو بوویەوە لەبەر ئەوەی شەڕەکە لەمەڵبەندەکەی ئێمەوە نزیک بوو، وەک کۆکردنەوەی دیلەکان، کۆکردنەوەی ناسنامە ی کوژراوەکان کەوتەوە لای ئێمە. جۆرەها وێنە و دەفتەخدمەی سەربازی و ناسنامەی باری شارستانی کەوتنە لای من تا تۆماریان بکەم و لیستێکی لێ ئامادەبکەم. ژمارەی ئەو کورژراوانەی لە لیستەکەی مندا تۆمارم کردم ١٧٣ قوربانی بوون . بەدەم جیاکردنەوەی ناوەکان و شوێنی لەدایک بوون و ڕەگەزەکانیانەوە، بەناو وێنەکانیاندا دەکەوتمە ناو یادوەری و هیوا و خۆزگەکانیانەوە. لەناویاندا دەفتەرخدمەی هاوڕێ و هاوسێیەکی خۆمان بەرچاوکەوت، کە بایزی مام مەولود بوو دەفتەر خدمەکەی بایزم لای خۆم گلدایەوە کۆڵێک خەمم بۆی خوارد، لەچەند ساتێکدا هەموو بیرەوەری منداڵیمان هەر لەهەڵماتێن و مەلە کردنی نیووەڕۆیانمان لە ڕوباری گافرێن و هتد، هاتەوە پێش چاو دوای چەند ڕۆژێک کەسوکاری بایز هاتن بۆ مەڵبەند بۆ سۆراخی بایز، ئێمەش هەواڵەکەمان پێ راگەیاندن و سەرخۆشیمان لێ کردن دەفتەر خدمەکەشی باشترین بەڵگە بوو 
تەرمی بایز لە پشتئاشانەوە برایەوە بۆ سەنگەسەر هەر لەوێش بەخاکیان سپاردبوو، دوای ماوەیەک هەواڵی بایز لە ئێرانەوە هات کەماوە و هیچی بەسەر نەهاتووە ئەوەشی کە ڕوویداوە بەم شێوەیە بووە کۆمەڵێک پێشمەرگە توانیان لەڕیگای قەندیلەوە ئاودیوی ئیران بن بایزیش یەکیک بوو لە چەند پێشمەرگانە، بایز باڵتۆکەی خۆی دەداتە هاوڕێیەکی برینداری کاتێكیش پێشمەرگەکانی هەویەی کوژراوەکان دەردەهێنن، دەفتەر خدمەکەی بایز لەگیرفانی ئەو باڵتۆیەدا دەبێت.
پاش ماوەیەک کاک بایز لە ئێرانەوە زیندوو بویەوە و گەڕابوویەوە ناوکەس و کاری، ئەو جەنازەیەشی وەریاگرتبوویەوە، تەرمی شەهیدێکی دیکەبێت وەک سەربازی ون لەشوێن کاک بایز بەخاکیان سپاردبوو!
شەهید بوونی دوو ئەندامی سەرکردایەتی پەکەکە
هەواڵی شەهید بوونی محەمەد قەرە سونگوڵ و هەڤاڵیکی تری گەیشتە مەڵبەند، من و کاک برایم و چەند پێشمەرگەیەکی تر چووین بۆ مەراسیمی ناشتنەکەیان، کەدوو هەڤاڵی تریان لەگەڵدا بوو.. توڕەیی ئەوان وەک توڕەیی حیزبی شیوعی نەبوو...
بە هێمنی چوومە لای یەکێکیان پرسیم ئەوان چی دەکەن لێرە و چۆن هاتبوونە ناو حیزبی شیوعی و چۆن هەڤاڵەکانی شەهید بوون ..
یەکێک لە ڕزگار بووەکان ووتی: ماوەیەک بەر لەئێستا هەرچوارمان میوان بووین لای حیزبی شیوعی، کاتێک شەڕەکە دەستی پێکرد ئێمەش ڕامان کرد، پاشان خۆمانکرد بەماڵێکدا پێشەمەرگەکانی یەکێتی بەدوامانەوە بوون، خاوەن ماڵەکە وای زانی ئێمەش پێشمەرگەی حیزبی شیوعین و نەی هێشت بچینە ژووەرە، هەرچەندە پێمان ووت کە ئێمە میوانین و خەڵکی کوردستانی تورکیان کەچی فایدەی نەبوو، ناچار ڕوومان لە ماڵیکی تر کرد لەناوەدا موحەمەد قەرە سونگوڵ و هەڤاڵەکەی ترمان کەوتنە بەردەسترێژی گولەو شەهید بوون.
بەووتەی ئەم هەڤاڵەی مەحەمەد قەرەسونگوڵ یەكیک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەو بەجۆرێک توڕەو بیزاربوو لێمان بە ئاشکرا جوێنی پیدەداین، دوای ناشتنیان لەسەر گۆڕەکانیان نووسیان (مردن بۆ ئیمپریالیزم و نۆکەرانیان لە ناوچەکە)، زۆرمان هەوڵدا بێن لەگەڵماندا بۆ مەڵبەدن بەڵام نەهاتن...ساڵی ١٩٩٢ کاتێک هەڤاڵانی پەکەکەم ناسی ڕووداوەکەم بۆ گێڕانەوە و شوێنی ناشتنیانم پێ ووتن، ئەوەی ئاگادار بم دواتر ئیسک و پروسکەکانیان بردبۆوە لەبناری قەندیل لە گۆڕستانی شەهیدەکانی خۆیان ناشتویانن...
ئەو هەڵانەی هەرگیز راست ناکرێنەوە 
هەموو ئەو جەنگانەی لەسەر جەستەی یەکتر و لەسەر لەشی ئەم نیشتمانە بێنازە ئەنجام دران، هەرگیز برینەکانی سارێژنابین، ئەگەر بەخشندەیی و لێبوردنیشی بەدوادا بێت، ئەگەر هەستی تۆڵەسەندەوە و کینەکان ساردببنەوە، بەڵام ئازارەکان وەک خۆیان دەمێننەوە، جەرگی سوتاوی دایک و خوشک و دەزگیرانەکانمان بەهەمان سوێ وە گێگڵیان پێ ئەدات. کۆستێک کە کەوت هیچ کۆڵەکەیەک ڕاستی ناکاتەوە . 
دوو نمونەی ئەو سەدان و هەزاران غەدرانەی بە حەق یان ناحەق بەرانبەر یەکترمان کرد گەواهی بۆچوونەکەمن. یەکێکیان شەهیدکردنی پێشمەرگەیەکی یەکیەتی خۆی بوو بەناوی شەهید عیزەدینەوە کەلەکاتی هێرشەکەی زینووی سەڵاندا بەهەڵە شەهیدکرا ، پێشمەرگەکانی تر پێیان وابوو پێشمەرگەی بەرەی جوودە و شەهیدیان کردبوو .. ئەوەی تریان وێنەی ئەو دوو دەستگیرانە عەرەبەی ئەنسارەکان بوون یان پێشمەرگەی شیوعیەکان کە لەناو سەدان وێنەتردا زیاتر سەرنجی ڕاکێشام، بەداخەوە بەدەم هەڵهاتن و جێگۆڕکێ و حەشارگە گۆڕینەوە زۆری ئەو وێنانەی هەڵمگرتبوونەوەو فەوتان، ئەم وێنەیان لە هەموویان سەلامەت تر دەرچوو ، ئەم دوو هاوسەرەی کە بە خەونی ئاشقانەیانەوە هاتبوونە پشتئاشان تا وەتەنی حور و شەعبی سەعیدەکەیان (نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار) بهێننەدی ، بونە قوربانی شەڕەکانی بەرەوبەرەکاریەکانی کوردستان.
سڵاو لە گیانی پاکی هەموو قوربانیەکانی شەڕەکانی ناوخۆ کە لەپێناو ئارەزووەکانی سەرکردەکانی ئەمڕۆدا بێباکانە بوونە سوتەمەنی ناکۆکی و یاریەکانی ئەوان . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە