لەیلا زانا لە یەکەم شەوی خەڵوەتی بوکێنیدا هاوسەرەکەی دەستگیر کرا

Monday, 18/06/2012, 12:00

2033 بینراوە






ژیاننامە

لەیلا زانا لە خێزانێکی هەژاری گوندی (باخچە) ی ناوچەی ‌‌‌(سیلڤان) لە مانگی مایسی ساڵی 1961 هاتۆتە دونیاوە ، لە تەمەنی 14 ساڵیدا داویانە بە پورزایەکی خۆی کە ناوی (مەهدی زانا) یە ، ناوی ڕاستی لەیلا زانا (لەیلا داغلی) یە ، لەیەکەم شەوی خەڵوەتی بوکێنیدا ئاشنایەتی لەگەڵ سیاسەتدا پەیدا کردووە ، لەیلا زانا دەڵێت :

(لەسەر کورسێکەم هەڵسام و بەشێوەیەکی زۆر خوێن ساردانە بەرەوە مێزەکە ڕێم گرتە بەر ، پێش ئەوەی بگەمە مێزەکە ناڕەزایی دەربڕین دەستی پێکرد ، هاواریان دەکرد .. ئەو قردێلە شێوە ئاڵایە لەسەرت لادە .. من خوێن ساردی خۆمم پاراست و گەیشتمە سەر مێزەکە ، سوێندم خوێندەوە ، دوای ئەوەی تەواو بووم لە سوێند خواردنەکە بە زمانی کوردی ووتم من ئەم سوێندە لە پێناو پاراستنی گەلی کورد و تورک خواردووە ، ئەم قسەیەم وەک ئەوە وابوو کە من تیەنتیەکم لە پەرلەمان تەقاندبێتەوە ، بەسەر هەموویانەوە سلێمان دێمرال و هەموو پەرلەمانتارەکان زۆر بە توندی لەسەر مێزەکانی بەردەمی خۆیان دەدا ، لەڕاستیدا ئەگەر دەرفەتیان بدایە بە زمانی تورکیش ئەو پەیامەم دەخوێندەوە ) .

لە ڕاستیدا ئەم بەسەرهاتەی لەیلا زانا تەنها لەبەر ئەو قردێلە سێ رەنگیە بوو کەلە سەری دابوو ، لە 6 ی مانگی 10 ساڵی 1991 پێیان دەووتم (تێرۆریستەکان هاتنە ناو پەرلەمانەوە) ڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە پاککردنەوەی پەرلەمانتارە کوردەکانی ناو پەرلەمان ، بەم شێوەیە لەیلا زانا و 3 لە هەڤاڵانی پەرلەمانتارانی تر سزای 10 ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە ، تەماشای دەورانی زەمان کەن ، لەم ڕۆژانەی دوای ووتی : (من لەو باوەڕەدام کە ئەردۆغان کێشەی کورد چارەسەر دەکات ، ئەوەی پێویستە لەسەر هەموومان ئەوەیە دەبێت کارێکی وا بکەین کە ئەردۆغان وا هەست بکات کە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە هەموومان پاڵپشتی ئەوین ، پێویستە زیاتر هانی بدەین) .

لەیلا زانا ئازادە چی بڵێت ژنێکە قارەمان و چاونەترس هەمیشە داکۆکی لە مافی کورد کردووە ، خاوەن 4 خوشک و برایەکە ، وە خیزانێکی زۆر دەست کورت بوونە ، لەیلا زانا دەڵێ:

(کاتێک منداڵ بووم ئارەزووی ئەوەم دەکرد کە ببم بە دکتۆر .. خاوەن دەرمانخانە یان پارێزەر بەڵام لە هەموویان زیاتر حەزم دەکرد ببم بە سستەر واتە (مومەریزە) لەبەر ئەوەی لە گوندەکەمان و گوندەکانی چواردەوریش کەسێکمان نەبوو کە دەرزی لە خەڵکی بدات ، ئەمە زۆر کاریگەری تێکردبووم ، لەوکاتەدا دەرزییەکی کۆنم هەبوو لە سەرین و لێفەکانم دەدا ، هەموویم کون کون کردبوو بۆ ئەوەی فێری دەرزی لێدان ببم) .

لەیلا زانا لەگەڵ دەست پێکردنی قۆناغی یەکەمی سەرەتایی فێری زمانی تورکی دەبوو بەڵام ئەم خواست و ئارەزویەی هەر ساڵێکی خایاند ، کە تەمەنی گەیشتە 14 ساڵی لە ساڵی 1975 دایان بەشوو بە پورزایەکی خۆی بەناوی مەهدی زانا .

لەیەکەم خەڵوەتی شەوی بوکێنیدا هاوسەرەکەی دەستگیر کرا

لەیەکەم خەڵوەتی شەوی بوکێنیدا بەبێ ئەوەی ئاگای لە هیچ شتێک هەبێت چەندین کاتژمێر چاوەڕێی مێردەکەی کرد ، کاتێک مێردەکەی هاتەوە پۆلیس دایە سەریان و هاوسەرەکەیان دەست گیر کرد ، لەیلا زانا بەدرێژایی 35 ساڵی ژیانی هاوسەرگێریتی تەنها 5 ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی ژیانی بەسەر بردووە یان لەیلا زانا لە زیندان بووە یان هاوسەرەکەی ، ئەو زەمانە کچێکی تەمەن 14 ساڵ نەیدەزانی سیاسەت چییە ، بەڵام کە بە سیاسەت ئاشنا بوو هەرگیز دەستی لەیەخەی سیاسەت بەرنەدا ، بۆیەکەم جار لەو بارودۆخەدا لەتەمەنی 15 ساڵیدا ویستێکی خۆی بەجێهێنا و لەچکەکەی سەری فڕێدا ، لەساڵی 1980 دا مەهدی زانای هاوسەری کە ئەو دەم سەرۆک شارەوانی شاری (ئامەد) بوو دەستگیر کراو بە 35 ساڵ زیندانی حوکومدرا ، ئەوکاتە منداڵێکیان هەبوو لەم بارەیەوە لەیلا زانا دەڵێت :

(تەمەنم 20 ساڵ بوو ، کوڕێکم هەبوو وە دوو گیان بووم بە کچەکەمەوە ، کاتێک مەهدی هاوسەرم دەستگیر کرا بە درێژایی ساڵێک من گریام ، نەم دەزانی بۆ بژێوی ژیان چی بکەم ، خێزانەکەمان هەژار بوون ، نەدار بووم و رەوشەکە زۆر بێ ئومێد بوو) .

لەیلا زانا ژنێکی عینادە ، لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا فێری زمانی تورکی بوو ، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەدەرەوەی قوتابخانەی فەرمی تەواو کرد ، لە قۆناغی سەردانی هاوسەرەکەی لە زیندانەکانی شارەکانی وەک .. ئامەد . ئافێۆن . ئایدن و ئاکسی شەهیر .. فێری کوردایەتی بوو ، نا عەدالەتیەکی زۆری بینی وە فیر بوو کە چۆن سەربەرزانە بژی ، بۆیەکەمجار لە ساڵی 1988 دەستیگیر کرا ، لە ڕۆژێکی گەرمی مانگی تەموزدا کە دەیویست لە زیندان سەردانی هاوسەرەکەی بکات ، لەم بارەیەوە لەیلا زانا دەڵێت :

(کە چاوەڕێمان دەکرد زیندانێکان ببینین ئێمەیان بردە باخچەیەکەوە ، پێیان ووتین کە ناتوانین مەحکومەکانتان ببینن ، لە کونێکی دیوارەوە بینیمان کە لە زیندانێکانیان دەدا ، هەرئەو کاتە هەموو کەسوکاری زیندانێکان بەیەکەوە کەوتینە فیزاح و هاوارکردن و بەرد هاویشتن بۆ گیانی پۆلیسەکان) .

لەسەر ئەم کردارە لەیلا زانا 50 ڕۆژ زیندانی کرا و بەم شێوەیە لەگەڵ ئەشکەنجەی دەوڵەتی تورکدا ئاشنایی پەیدا کرد ، لەیلا زانا بۆ دوایی بڕیاریدا بە شێوەیەکی جدیانە بچێتە دەریای سیاسەتەوە ، سەرەتا لە ڕۆژنامەی (یەنی ئولکە) دەستی کرد بەکار ، بووبە یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری (کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئامەد) ، بەم شێوەیە کوردانیش ڕۆژ بە ڕۆژ لەیلا زانا یان خۆشویست و دەیانویست لەناو کاروباری سیاسەتدا بیبینن .

لەیلا زانا لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا وەک پەرلەمانتارێک لە 20 ی مانگی 1 ساڵی 1991 بوو بە یەکەمین ژنە کورد کە بچێتە ناو پەرلەمانی تورکیاوە ، لەم هەڵبژاردنەدا وەک پەرلەمانتارێکی شاری (ئامەد) 45 هەزار دەنگی بەدەست خست ، بەم شێوەیە لەیلا زانا بەهۆی سوێندخواردنە کوردێکەیەوە لە ساڵی 1994 بە 10 ساڵ زیندانی حوکومدراو بوو بە یەکەمین ژنە کوردی سیاسەتمەدار کە زیندانی بکرێت .

لەیلا زانا کە زیندان بوو بە تایبەتی ئەوروپا ئینجا دونیا سەرقاڵی ئەو بوون ، بۆ ئازاد کردنی کەمپانیایان سازدەکرد .. بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبل پاڵێورا .. لە پاریس شەقامێکیان کرد بە ناویوە و پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی (ساکهارۆڤ) یان پێ بەخشی ، بەڵام لەیلا زانا لە زیندان بەردەوام سەرقاڵی نووسین بوو ، کاتێک لە ساڵی 2004 ئازاد کرا بیری لە کاری سیاسەتکردن نەکردەوە ، بەڵام نەشی دەتوانی دەست بەرداری مافەکانی کورد ببێت ، درێژەی بە کاروانی خەباتی خۆیدا .

لەیلا زانا ئەو ڕۆژەی داواکارێکی گشتی لیکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدا بوو بەم شێوەیە دەیهێنێتە زمان :

(داوا کاری گشتی پێی ووتم باشە لە تورکیا ئەگەر ماف بدرێت بە کورد ئەی میللەتەکانی تر چییان بەسەر دێت ؟ ئەوانیش داوای مافی خۆیان دەکەن ؟ لەبارەی ئەم پرسیارەوە ووتم بەڵێ .. مافی هەموو گەلێکە ببێت بە خودانی ناسنامە و کولتوری خۆی ، کاتێک وام ووت داوا کاری گشتی ویستی لێم بدات بەڵام یاریدەدەرەکەی دەستی گرت) .

لە تورکیا ڕۆژانێک ئەوانەی بە لەیلا زانایان دەووت جوداخواز و هاوکاری تێرۆریستان ئەمڕۆ داوای مەدەت لە لەیلا زانا دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە