روونكردنەوەیەك بۆ ڕاى گشتى: هەڵبەتە ئەو تۆڕە ئازادن كە خۆیان بێبەری بكەن لە پشتیوانی ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە .

Saturday, 12/03/2011, 12:00

1243 بینراوە


شەوی 10 /11 لە یەكێك لەكەناڵەكانی سەربە دەسەڵات بە ناوی تۆڕی ژنانەوە هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە لە 8 ی مارسدا كە بە "سێشەممەی ژنان" لە مەیدانی ئازادی ناسێنرا، ناوی ئەو تۆڕە بێ راوێژی خۆیان هێنراوە بەوەی پشتگیریان هەبووە بۆ سێشەمەی ژنان لە مەیدانی ئازادی. ئێمەش روونی دەكەینەوە كە بانگەشەیەكی وەها راست نییە و ئەو هەواڵە بەدرۆ دەخەینەوە.
ئێمە وەك پرەنسیپێكی سەرەكی ژنان و خودی ئەنجومەنەكەشمان بێ هیچ جیاوازی و دابەشكارییەك بە مەبەستی بەشداری و هاوبەشانە خستنە رووی داخوازەكانی ژنان لە مینبەری مەیدانی ئازادییەوە پەیوەندیمان بە هەموو رێكخراوەكانی ژنانەوە كردوە و بانگێشتی ئەو كۆبوونەوەیەمان كردوون كە بەو مەبەستە لە 5/ 3 دا ئەنجاممان داوە.
چوار لە ئەندامانی تۆڕەكە كە ناوەكانیان هەیە و ئەگەر پێویست بكات دەتوانین بیاندەین، هاتوون و لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون. دواتر شەوی 7/8 كاتژمێر 10 ی شەو لە رێی پەیوەندییەكی تەلەفونییەوە لەلایەن ئەندامێكی ئەو تۆڕەوە بە لیژنەی ئامادەكاری 8ی مارسەوە راگەیانراوە كە"ئێمەی ئەندامانی تۆڕ هەموومان دێین و وتاریشمان دەبێت." خودی ئەم رستەیە ناڵێت ئێمە وەك تاك دێین، بەڵكو وتەی "هەموومان دێین" بە واتای ئامادەبوون و پشتگیری هەر 21 رێكخراوەكەی تۆڕەكە دێت. ئێمەش هەر لەسەر ئەو بنەمایە پشتگیری 21 رێكخراوەكەی تۆرمان لەوێ وتووە.
هەڵبەتە ئەو تۆڕە ئازادن كە خۆیان بێبەری بكەن لە پشتیوانی ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە و نەیانەوێت وەك ژنانی ئازادیخواز دەنگیان بیستراو بێت، لە كاتێكدا ژنان وەك توێژێكی كۆمەڵایەتی قوربانی زۆرێك لەو سیاسەتە نادیموكرات و دژەئازادیانەی دەسەڵاتن، كە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا پیادەكراوە. ئەركى ئەوانە ڕاشكاوانە هەڵوێستى خۆیان بۆ ژنانى كوردستان ڕابگەیەنن.

لیژنەی ژنانی ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی
2011/3 /12

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە