پەیامێك بۆ ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان

Tuesday, 22/05/2012, 12:00

1567 بینراوە


کاتێك پرسیار لە کەسێك دەکرێت دەربارەی کەسێك کورد لە مێژە وتویەتی سەفەرت لەگەڵ کردوە؟ یان دراوسێیەتیت کردووە؟، چونکە بە ناسینی سەرپێی ناتوانرێت کەسەکان بدرێن لە قاڵی دادگەری و بڕیاریان بەسەردا بسەپێنرێت، لە ئێستەی کوردستانیشدا جگە لەو پێوەرە کۆنە کوردەواریانە بۆ دەرکەوتنی دیوی ڕاستی کەسەکان دەبێت بزانین تاچەند بەرژەوەندیان لەگەڵ دەستەڵاتدایەو کارەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی تاکی خۆیاندا دەخولێتەوە، ئەویش بە پشتگیری لە دەستەڵات و پاساوو بەهانە هێنانەوە بۆیان.
ممامۆستا ڕزگار عەبدول کەریم ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان، گومانم نی یە لەوەی گشت شتەکانتان لەبیرە، بەڵام بۆ زیاتر تەئکیدی و بۆ بەبیرهێنانەوەی خۆم و خۆت و زانینی خوێنەران و مێشووش لێرەدا بە کورتی باسیان دەکەم.
یەكەم جار کە یەکمان بینی ساڵی ٢٠٠٩ بوو لەسەفەرێکمدا بۆ کوردستان بە مەبەستی توێژینەوە لەسەر خوێندنی باڵا لە کوردستاندا، ئەو کات بابەتێکم لەسەر نوسی و بڵاوم کردەوە بەناوی (زانکۆکانی کوردستان توشی شۆکیان کردم) کە تێیدا باسی لاوازی ئاستی زانستی جگە لە زانکۆکان قوتابیشم تێدا کردبوو کە هەوڵیان زۆر لاوازە، ئەوەبوو تەلەفۆنت بۆ کردم و یەکترمان بینی لە پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان و دەستخۆشی بابەتەکەو توێژینەوەکەشت لێکردم و خۆشحاڵیت دەربڕی کە ماستەرەکەم تەواو کرد بگەڕێمەوە کوردستان و لە دەربەندیخان کار بکەم، منیش بەڵێم نەدا چونکە ئەوە یەکەمجار نەبو ئەو داوایەم لێ بکرێت، هەر لە هەمان سەفەرو لە زانکۆی سەلاحەدینیش هەمان داوام لێکرا نەك دوای ماستەرەکەم، بەڵکو وتیان ئەگەر بتەوێت هەر ئێستە هەوڵت بۆ دەدەین، بەڵام ئەو کاتە بۆ من نەدەکرا هێشتا سەرقاڵی نوسینی ماستەرنامەکەم بوم، بەهەرحاڵ پەیوەندی ئیتر لەو کاتەوە دەستی پێکردو تا ئەم کاتەش پەیوەندیەکانمان زۆر بەخۆشی و بەبێ گرفت بووە، هەرچەند زۆر شت دڵی بە تەواوی ئازار دام و زۆریشی بۆ تۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام تا ئێستا نەمویستوە هیچ شتێك بدەم لە ڕوت، تا ئەوەم بیست لەلایەن قوتابیەکانەوە کە وتوتانە پێیان مامۆستا عومەر عەلی خۆی تەحامولی نەبووەو ڕۆشتووەتەوە، ئا لێرەدا جێگەی هەڵوێستە کردنە لەسەری، وە بە بەڵگەوە تەحامولی خۆم و بێ تەحامولی ئێوە دەسەلمێنم. مامۆستا گیان تۆ خۆت چاکت لەبیرە من لەسەر قسەی ئێوە هاتمەوە کوردستان و لەبەر جەنابیشت ئەو پەیمانگایەم قبوڵ کرد، خۆشت هەستت دەکرد بەوەی کە ئاستی من لەسەروی ئەو پەیمانگاوەیە، هەربۆیە زۆرجار دەتوت پەیمانگاو زانکۆ جیاوازیەکی وایان نی یە، هەردووکیان سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵان و موچەیان وەکو یەکەو لەو جۆرە قسانە بۆ دڵدانەوەی من، بەڵام من زۆر بەلامەوە ئاسایی بوو ئەگەر ڕێگەیان بدایە بە مامۆستایەکی ئاسایی درێژە بە وانە وتنەوە بدەم و خزمەت بکەم، لەگەڵ تێبینی زۆر گەورەو زۆر زەقیشدا لەهەمان پەیمانگا، لەبیرتە پێکەوە بە سەیارەی پەیمانگا ڕۆشتن بۆ هەولێرو بە گۆڤەند شێروانیت وت کارەکانی مامۆستا عومەر عەلیم بۆ تەواو بکە چونکە مامۆستایەکی سەرکەوتوەو گشت قوتابیەکان لێی ڕازین و ئێمەش لێی ڕازین و هیچ سەر ئێشەی بۆ ئێمە تێدا نی یە، چونکە خۆی خەڵکی شارەکەیەو هەڵگری ماستەرەو خاوەن بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا بۆ ئێمە پەیدا نابێت، گۆڤەند شێروانیش بەجۆرێك لە توڕەییەوە لە جێگەکەی خۆی هەستاو وتی چۆن؟ وانە دەڵێتەوە! خۆ ئەگەر من کارەکەشی بۆ بکەم بەشێوەیەك دەیکەم کە نەتوانێت وانە بڵێتەوە!، منیش ئەوەبو پێم وت بە چ هەقێك بەشێوەیەك دەیکەن بۆم نەتوانم وانە بڵێمەوە؟ لە کاتێکدا من پیشەم هەر وانە وتنەوەیە! تایتڵ و ناوی ماستەرەکەشم هەر بەناوی مامۆستاوەیە، لەگەڵ تێبینی زۆریشم بۆ ئەو هەڵوێستەی گۆڤەند شێروانی لەو کاتەدا کە پێشتر بینی بوم و چاك دەیزانی کە من وانە دەڵێمەوە، نەك تەنها یەك وانە بەڵکو پێنج مادەی جیاواز دەڵێمەوەو خۆشی بەڵێنی دا کە کارەکانم بۆ بکات و پێی وتم نەگەڕێمەوە بۆ بەریتانیاو بەردەوام بم، لە ووتارێکی تردا درێژەی ئەوە باس دەکەم.
مامۆستا گیان تۆ خۆت چاك دەزانی کە من چەند هەوڵمداو چەند جار چومە هەولێر بۆ هەمان کاری ناوبراو، لە کاتێکدا هەقی من بوو بڵێم مامۆستا خۆ تۆ بەڵێنت بە من دا کوا بەڵێنەکەت؟!
بەڵام من ئەوە زوو تێگەشتم کە حسابت بۆ ناکەن! گوێت پێ نادەن، لەبری مندا مامۆستای عەرەب لە هەمان پەیمانگا دادەمەزرێنن بەڵام من کە کوردو خەڵکی شارەکەشم نا.
بەڕیزتان پێش هاتنەوەم ٢ هەفتەتان دانابوو بۆ دامەزراندنم! بەڵام زیاتر لە مانگێك کتابەکەم لە نێوان دەستەی تەکنیکی سلێمانی و دەربەندیخاندا خولی دەخوارد! تا خۆم هەستام بە کارەکان و زیاتر لە پێنج جاریش ڕۆشتمە دەستەی تەکنیکی سلێمانی دواجار ئەو جارە بوو کە سیدیەکەشم بۆ سەبریە خان برد.
وتان دەست بەکار بکەن تا مامەڵەکە تەواو دەبێت و ئاسانە، لە کاتێکدا من پێم خۆش نەبوو وانەیەك بڵێمەوە تا ئیشەکانم تەواو دەبێت بەڵام لەبەر دڵی ئێوەو هەستم دەکرد کە فعلەن زۆر پێویستە دەستم بە وانە ووتنەوە کرد، ئەوەبوو لەبری یەك مادە پێنج مادەم وەرگرت و لەبری دوازدە کاتژمێر نزیکی چل کاتژمیر وانەم دەوتەوە، لەبری تەنها یەك بەش بە گشت بەشەکانی پەیمانگاو بەیانی و ئێوارە وەك خول خولۆکە ئیسراحەتم نەبوو، شەوانیش لە ماڵەوە تا کاتژمێر دوو سێی شەو دەبوایە من وانەم حازر بکردایەو تایپم بکردایەتە سەر کۆمپیوتەرو گلەیم نەیەتە سەرو تا کاتی وازهێنانیشم کەسێك نەبو گلەیم لێ بکات و کەموکوڕیەك لەلایەن منەوە بەدەر بکەوێت، مەگەر لە فەوتانی چەند وانەیەك نەبێت کە ئەویش بەهۆی هاتوچۆی هەولێرەوە بو کە خۆتان باش دەزانن لە چ حاڵێکدا بوم، من هەقی خۆم بوو کە تەحامولم نەمێنێت لە کاتێکدا کە زۆر تەحامولم هەبو وە کێشەکە بێ تەحامولی من نەبو بەڵکو بێ ئەزمونی و بێ منەتی ئەو دەستەڵاتە بوو کە ئێوە پشتگیری لێ دەکەن و ڕاستی کێشەکە دەشارنەوەو پشتی منی بۆ بەخۆڵ دەدەن، هەقی من بو بڵێم دوو هەفتە تەواو بوو دوو مانگ تەواو بوو ساڵی تازە هات وا بەهارە ئیتر کوا کارەکانی من و کوا بەڵێنەکانی ئێوە، کەوا بەڵێنی ئەو بەرپرسانەی لە بەریتانیا پێیان دەوتین وەرنەوە ئێمە پێویستمان بە ئەزموونی ئێوەیە؟! بەڵام من هیچم نەوت و پەیوەندی ئێوەم لەکارەکە زۆر پێ گرنگتر بوو، ئەو ڕۆژەش کە وازم هێناو قوتابیەکان دەستیان بەخۆ پیشاندان کردو ئێوە زۆر بە توندی و بە قسەی ڕەق و توڕەی و ...کەوتنە ناو قوتابیەکان زۆر دڵم ئێشی دەکردو چاوەڕێی ئەو هەڵوێستە نەبوم! لە کاتێکدا قوتابی مافی خۆی بوو تاقی کردنەوە نەکات و هەرچی خۆی بڕوای پێی هەیە بیکات و بیڵێت نەك بەو شێوەیە سەرکوتیان بکەن، بەڵام بە هەڕەشەی فەسڵ و سفر! قوتابیتان هەرچۆنێك بێت بردە ژوورەوە، کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هاتن و من لێدوانم بۆیان داو دواتر هاتنە ژوورەوەو داوای لێدوانی تۆیان کرد من چاوەڕێی ئەوەم دەکرد کە زۆر بە توندی ڕەخنە لە حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا بگریت، کە ڕیزیان بۆ جەنابتان دانەناوە، چاوەڕێی ئەوەم دەکرد زۆر شەفاف بن، نەك ڕێگە لە قوتابی بگرن لێدوان بدات و بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیاندا بکەن، لە کاتێکدا جگە لە ناهەقی چ ناوێکی تری لێ دەنرێت کە لە هەمان پەیمانگادا هیچ سەرۆك بەشێك نی یە ماستەری هەبێت، من بە ماستەری بەریتانیاوە مامۆستاییەکی ئاسایشم پێ ڕانەبینرێت، دەبو تاقیکردنەوەش بە قوتابی نەکرایە مادام ناڕازی بوون لەوەی بیکەن، چ گرفتێك لەوەدا بوو ئەو ڕۆژە نەیان کردایەو گوێیان بۆ بگیریایە نەك بەو شێوەیە توندەو مێگەلانە بکرێنە ژوورەوە، خۆتان چاك دەزانن ئەوەندەی لە بەرژەوەندی پەیمانگاکەو قوتابیان و هەتا حکومەتیشدا بوو من لەوێ بوایەم ئەوەندە لە بەرژەوەندی خۆمدا نەبوو، من جێگەی پێنج مامۆستام پڕ کردبووەوەو ئامادەی بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانیش بووم کە ئەرکەکەم زۆر قورستر دەبوو، خۆتان چاك دەزانن قوتابیەکان چەند لە وانەکانم ڕازی بوون و مامەڵەی منیش چۆن بوو لەگەڵیاندا، نەدەبوو لەناو قوتابیاندا ئەوە بڵێن کە مامۆستا عومەر تەحامولی نەبوو ڕۆشتەوە، وەگەرنا کارەکانی بۆ دەکرا، لە کاتێکدا وەزارەت بە منیان وت مەلەفەکەت لە زووەوە داخراوە خۆت نەتبردووەتەوە!!! ئایا ئەمە چ پەیوەندی بە تەحامول نەبوونی منەوەیە؟! من تۆم نەشکاندەوە نەدەبوو تۆش من بە ناحەق بشکێنیتەوە لەناو قوتابیەکاندا کە من بە گریانەوە خواحافیزم لێکردن، ئەوەندە دڵم لایان بوو، تۆ هەر خۆت و خواو قوتابیەکان بووی من هەر لە ووڵاتیشدا نەمام دەبوو دڵی من و قوتابیەکانیش ڕابگریت کە هیچ تاوانێك لەلایەن ئێمەوە نەبوو، هیوادارم ئەم نوسینانەش بە سلبی وەرنەگرن چونکە خۆتان وتان هەرچیتان هەبوو دواتر بینوسن کاتێك کەی ئێن ئێن و سپێدە هاتن.
ئێستە خۆتان دەزانن نەمانی من چ فەراغێكی دروست کردووە لە پەیمانگاکەدا، لە بەرانبەردا خۆ من پەکم نەکەوتووەو کاری زۆر لە پەیمانگاکە باشترو بێ سەرئێشەترو بێ منەتترێكیشم هەیە، بەبێ هیچ سانسۆرێك کە لە دەرەوەی کۆلێژ چ دەکەم و چ ناکەم، وەك بەڕێزتان هەر لە سەرەتاوە مولاحەزەی ئەوەتان لا دروست بوو بوو کە من لە دەرەوەی پەیمانگا ووتاری ئاینیم داوە!. ئەگەر هەستی بەرپرسیاریەتی و حەزی خزمەتی من نەبوایە بۆ ووڵات و وەك زۆر کەسی تری ئەوێ بیرم بکردایەتەوە ئەوسا نە بەو پەیمانگا ڕازی دەبووم، نە بەوە ڕازی دەبووم کە ئەوانەی لەسەروی منەوەن وەك مەنسەب، لە زانست و بڕوانامەشدا لە خواری منەوەبن، بەڵام بە داخەوە زۆرکات شتەکان بە ئاوەژوو دەکرێنەوە.
وە ئێستەش من لە خزمەتی ووڵات و قوتابیان هەڵنەهاتووم و کارەکانی بەریتانیاشم زۆربەی لە خزمەتی ئەو وەزارەتەدایە کە ژووری مودیر عامی وای تێدایە لە دوکەڵدا چاو چاو نابینێت، بەڵام زۆر بەداخەوە لەبری ئەوەی دڵم بدەنەوەو توشی ئەو هەموو ئەزیەت و کێشەو مەسرەفەتان کردم لەولاشەوە بەو شێوەیە قسەم لەسەر دەکەن، وە من هەقی خۆمە لەمەو دوا بڵێم هەرگیز پەیمانگایەك قبوڵ ناکەم ڕاگرەکەی ماستەری کوردستانی هەبێت و من ماستەری بەریتانیا، هەرگیز بەشێك قبوڵ ناکەم سەرۆکەکانی بەکالۆریۆسیان هەبێت و من ماستەری بەریتانیا، هەرگیز من وەزارەتێکم قبوڵ نی یە قیمەت بۆ شەهادە دانەنێت و لێی تێ نەگات، هەرگیز دەستەڵاتێکیشم قبوڵ نی یە کارەکان بەو شێوەیە دابەش بکات.
عومەر عەلی
MA in English with TEFL
Education Development College UK
www.edc.ac

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە